ئه‌نوه‌ر سوڵتانی؛ سه‌ره‌تای ساڵی 2009
ئه‌بولقاسم لاهووتی کرماشانی (1887 – 1957) ڕوخسارێکی ناسراوی بزووتنه‌وه‌ی کۆمۆنیستی ئێران سۆڤیه‌تی سه‌رده‌می ستالینه. لاهووتی هه‌روه‌ها شاعیرێکی ناودار و خاوه‌ن دیوانی فارسییه و به یه‌ک له گرنگترین شاعیرانی چینی کرێکاری ئێران و تاجیکستان هه‌روه‌ها به یەکەم پێشره‌وی نوێ کردنه‌وه‌ی شیعری فارسی و ئازادکردنی له به‌ند و به‌ستی عه‌رووزی ده‌ناسرێت.
ئه‌نوه‌ر سوڵتانی؛ سه‌ره‌تای ساڵی 2009
ئه‌بولقاسم لاهووتی کرماشانی (1887 – 1957) ڕوخسارێکی ناسراوی بزووتنه‌وه‌ی کۆمۆنیستی ئێران سۆڤیه‌تی سه‌رده‌می ستالینه. لاهووتی هه‌روه‌ها شاعیرێکی ناودار و خاوه‌ن دیوانی فارسییه و به یه‌ک له گرنگترین شاعیرانی چینی کرێکاری ئێران و تاجیکستان هه‌روه‌ها به یەکەم پێشره‌وی نوێ کردنه‌وه‌ی شیعری فارسی و ئازادکردنی له به‌ند و به‌ستی عه‌رووزی ده‌ناسرێت.
کۆمه‌ڵه‌ی شیعره فارسییه‌کانی لاهووتی چه‌نده‌ها جار له ئێران و سۆڤیه‌ت چاپ کراون، گه‌رچی به‌هۆی هه‌ڵوێستی توند و تیژی شاعیره‌وه به‌رانبه‌ر به ده‌ره‌به‌گ و سه‌رمایه‌دار و شا و مه‌لا و ئایین، جگه له هه‌ندێك بڕگه‌ی مێژوویی، هه‌رگیز به ئازادی له‌به‌ر ده‌ستی خوێنه‌رانی ناوخۆی ئێران‌دا نه‌بوون.
لاهووتی له کرماشان له دایك بووه و لە مۆسکۆ کۆچی دوایی کردووە؛ دایکی له هۆزی سه‌نجابی و باپیرانی باوکی خه‌ڵکی باشووری ئێران بوون، کە له شاری "بیهبه‌هان" ه‌وه په‌ڕیوه‌ی "تویسرکان" و لەوێوە کرماشان ببوون. باوکی لاهووتی (میرزا ئه‌حمه‌د ئیلهامی) شاعیر بووه و دوو کۆمەڵە لە شیعره فارسییه‌کانی له کرماشان و تاران چاپ کراون. خۆیشی رێچکه‌ی باوکی هەڵگرتووه و به فارسی شیعری گوتووه.
ژیان له کرماشانی سه‌ره‌تاکانی سه‌ده‌ی بیسته‌م و هات و چۆی نێو خاڵوان و به‌ڕێوه‌بردنی هه‌ندێك ئه‌رك و کار بۆ سه‌ره‌ك هۆزانی سه‌نجابی کورد(1)، کاتێك له‌گه‌ڵ زه‌وقی شاعیرانه‌ی لاهووتیدا پێکه‌وه داده‌نرێت، ئەو پرسیارە لەبەردەمی لێکۆڵه‌ره‌وه‌ی ژیانی لاهووتی قوت دەکاتەوە که چۆن ده‌بێ گه‌نجێکی هه‌ستیاری له باوه‌شی کوردان‌دا گه‌وره بوو، شیعرئ ته‌نیا به فارسی گوتبێت و زمانی زگماکی بە تەواوەتی وه‌لا نابێت.
کاتێك که منیش٦-٧ ساڵێک پێش ئێستا ده‌ستم به کۆکردنه‌وه‌ی به‌ڵگه بۆ نووسینی کتێبێك له‌مه‌ڕ لاهووتی کرد، گەڕان بەدوای وەڵامی ئه‌م پرسیارە بەشێکی گرنگی کارەکەمی پێک دەهێنا ولەخۆم دەپرسی:
منداڵی بنه‌ماڵه‌یه‌کی هه‌ژار له گه‌ڕه‌کی ‘ئاوشۆران’ ی کرماشان که له شه‌ڕه گه‌ڕه‌کی منداڵاندا "ره‌جه‌ز" واته شیعری شه‌ڕ و ئازایه‌تی بۆ هاندانی منداڵانی هاوگه‌ڕه‌کی خۆی گرتووه و دره‌نگتر، له سه‌رده‌می لاویه‌تیدا لاسایی شیعری ئایینی – ده‌روێشی حهیرانعهلیشای کورد (٢) ی کردۆتەوە، دواتر له سلێمانی و که‌رکووك و ئه‌سته‌موڵ ژیاوه و هات و چۆی شێخی به‌رده قاره‌مانی کردوه که ئه‌وده‌م له به‌ندی ئینگلیزییه‌کاندا یه‌خسیر کرابوو(٣)، چۆن ده‌کرێت و ده‌گونجێت به کوردی شیعری نه‌گوتبێت؟
ئه‌م پرسیاره، وه‌ك مه‌نتیق، دەبوایە وەڵامی ئەرێ یی پێ بدرێتەوە، به‌ڵام وه‌ك گه‌لێك راستەقینەی دیکه‌ی مێژووی کورد، ئه‌گه‌ر به‌ڵگه‌ی له پشت نه‌بوایه، له لایه‌ن نەیارانهوه وهرنهدهگێرا و ئه‌وه به‌شی ئه‌سته‌می کاره‌که‌ی منی بو ناساندنی لاهووتی وه‌ك شاعیری کورد، پێک دەهێنا.
ئه‌م گری کوێره‌یه سه‌ره‌تا به ده‌ستی مامۆستای به‌ڕێز محه‌مه‌دی مه‌لا که‌ریم کرایه‌وه، که سه‌رنجی دابووه ژماره‌کانی گۆڤاری ژین چاپی ئه‌سته‌موڵ و له‌وێدا پارچه شیعرێکی کوردی "لاهووتی خان"ی دۆزیبوه‌وه و بۆی ناردبووم. (٤)
هه‌نگاوی دووهه‌م له‌م بواره‌دا کاك محه‌مه‌د عه‌لی سوڵتانی هه‌ڵیهێنایه‌وه. مامۆستا سوڵتانی له به‌رگی سێهه‌می کتێبی "حه‌دیقه‌ی سوڵتانی" دا – که کۆمه‌ڵه‌ی شیعری شاعیرانی ناوچەی کرماشانه، پارچه‌یه‌کی دیکه‌ی شیعری کوردی ‘لاهووتی خان کرماشانی’ چاپ کرد. (٥)
من ئه‌و دوو پارچه شیعره‌م له کتێبه‌که‌مدا لەمەڕ لاهووتی بڵاو کرده‌وه و ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر بنه‌مای هەر ئه‌و دوو به‌ڵگه گرنگه، توانیم ناوی کتێبه‌که بێنم "لاهووتی کرماشانی، شاعیری شۆڕشگێڕی کورد"(٦) و به بێ ترسی ڕه‌خنه و ناڕه‌زایی دەربڕینی ناحه‌زان، لاهووتی بهێنمە ناو مێژووی شیعری کوردییه‌وه. کتێبه‌که به‌و دوو پارچه شیعره‌وه بڵاو کرایه‌وه و منیش پاڵم لێ دایه‌وه به هیوای ئه‌وه‌ی له دواڕۆژێکی دوور یا نزیك دا نموونه‌ی زیاتری شیعری کوردی لاهووتی بدۆزرێته‌وه. گه‌لێکیش به‌دوای ئه‌وه که‌وتم به‌ڵکوو بتوانم چاوم به ئه‌ندامانی به‌جێماوی بنه‌ماڵه‌ی لاهووتی بکه‌وێت و بزانم گەلۆ شاعیر له ماوه‌ی ژیانی سۆڤیه‌تیدا هیچ شیعرێکی به کوردی گوتووه یان نا – له‌به‌ر ئه‌وه‌ی شیعره دۆزراوه‌کان تەنێ هی سه‌رده‌می ژیانی ئێران و ئه‌سته‌موڵی لاهووتی بوون. به‌داخه‌وه تا ئێستا هه‌لێکی وام بۆ نه‌ڕه‌خساوه و هیوادارم کوردانی دانیشتووی سۆڤیه‌تی پێشوو، یا که‌سانێك که به سۆراغی "عطیه" خانمی کچی لاهووتی له فه‌ڕه‌نسه یا وڵاتێکی دیکه‌ی ڕۆژئاوا ده‌زانن، شوێنی وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره گرنگە و شوێنەوارەکانی لاهووتی هه‌ڵبگرن.
هه‌رچۆنێك بێت، مه‌سه‌له‌که له‌و دۆخه‌دا مایه‌وه، هه‌تا کۆتاییه‌کانی ساڵی ٢٠٠٨. لێره‌دا برای به‌ڕێزم کاك حه‌سه‌نی قازی – که به ژماره‌کانی هه‌مان گۆڤاری ژین چاپی ئه‌سته‌موڵ دا چووبۆهوه، پارچه شیعرێکی دیکه‌ی لاهووتی دۆزیبوەوه و بۆی ناردبووم. ئه‌م پارچه شیعره‌ش کوردییه و هی سه‌رده‌می ژیانی لاهووتییه له ئه‌سته‌موڵ. من به‌وپه‌ڕی سپاسه‌وه بۆ کاك حه‌سه‌ن، لێره‌دا ئه‌و شیعره ده‌خه‌مه به‌رچاوی خوێنه‌ر و هیوادارم برایانی به‌ڕێزی بنکه‌ی ژینی سلێمانی له چاپی دووهه‌می کتێبی "لاهووتی کرماشانی شاعیری شۆڕشگێڕی کورد" دا ئه‌م پارچه شیعره‌ش له‌گه‌ڵ دوو شیعره‌که‌ی پێشوودا بڵاو بکه‌نه‌وه، خۆ ئه‌گه‌ر به‌ڵگه‌ی نوێتریش په‌یدا بێت، ئەوا کوێر چی ده‌وێت؟ دوو چاوی ساغ!
به پێویستی ده‌زانم خوێنه‌ر پێش خوێندنه‌وه‌ی شیعره‌که، ئه‌م زانیارییانه‌ی له‌به‌ر ده‌ست دا بێت :
پارچه شیعری یه‌که‌م له ژماره ٢٥ی ساڵی پێنجه‌می گۆڤاری ژین دا بڵاو کراوه‌ته‌وه، واته هی ئه‌و بڕگه‌یه‌ی ژیانی لاهووتی لە ئەستەمووڵ و دەوروبەری ١٩١٩ و ١٩٢٠ ە؛
پارچه شیعری دووهه‌م که مامۆستا محه‌مه‌د عه‌لی سوڵتانی (لە ساڵی ٢٠٠٠ دا) بڵاوی کردۆته‌وه، ڕێکه‌وتی بۆ دیاری نه‌کراوه و هێوادارم مامۆستای بەڕێز دواتر، بە مەزندەش بێت، دەست نیشانی ڕیکەوتی هۆنرانەوەی هەڵبەستەکە بکات؛
پارچه شیعری سێهه‌م له ژماره ٢٣ی گۆڤاری ژین چاپی ٢٨/٨/١٩١٩ ی ئه‌سته‌موڵ دا بڵاو کراوه‌ته‌وه.
تایبەتمەندی شیعرەکان:
١. دیارە پارچه شیعری یه‌که‌م به ماوه‌یه‌کی که‌م دوای شیعری سێهەم چاپ کراوە دوورنییە دوای ئەویش گوترابێت؛ ئەم دوو شیعرە، به گوێره‌ی ناوه‌ڕۆک گه‌لێك له یه‌کتر نزیکن – واته هی سه‌رده‌مێکن که شه‌ڕی یه‌که‌می جیهانی تازه کۆتایی هاتبوو و لاهووتی – وه‌ك لایه‌نگری به تاو و تینی ئا‌ڵمانیا و عوسمانی، به قه‌ڵه‌م و تفنگ دژایه‌تی ئینگلیزییه‌کانی کردبوو و له ئه‌نجامدا کرماشانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئەوانی به‌جێ هێشتبوو و دوای مانهوهیك له سڵێمانی و که‌رکووك و مووسڵ، له ئه‌سته‌موڵ نیشته‌جێ ببوو.(٧)
له‌و سه‌رده‌مه‌دا، لاهووتی ئێرانیچییهکی توند و تیژ و لایه‌نگری پاراستنی یه‌کیه‌تی گه‌لانی ئێران و یه‌کپارچه‌یی خاکه‌که‌یه‌تی و هه‌ر ههنگاوێکی گه‌لانی دانیشتووی ئێران له پێناو سه‌ربه‌خۆیی نەتەوایەتی، به فیتی ئەمپڕیالیزم ده‌زانێت و ڕێبه‌رانی بزووتنه‌وه‌یه‌کی ئه‌وتۆ به داره‌ده‌ستی ئینگلیزییه‌کان داده‌نێت. ئه‌م حوکمه، کوردیش ده‌گرێته‌وه و لاهووتی له هه‌ردوو پارچه شیعره‌کانی گۆڤاری ژین‌دا بانگی کورد ده‌کات له‌گه‌ڵ گه‌لانی دیکه‌ی ئێران یه‌ك بگرن و فریوی ‘بێگانان’ نه‌خۆن، که بەگوێرەی قسەی ئەو، دهیانەوێت له به‌ژنی "وڵاتی دایك" جیایان بکه‌نه‌وه – هه‌ڵوێستێك که له سه‌رده‌می ژیانی سۆڤیه‌تی لاهووتیشدا به‌رده‌وام مایه‌وه و گەیشته ئه‌نجامی نووسینی وتارێك به ڕووسی که تێیدا بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی کوردی وه‌ك به‌شێك له سیاسه‌تی ئه‌مپریالیسته‌کان بۆ بنیات نان و هاندانی بزووتنه‌وه‌ی ناسیۆنالیستی گه‌لانی بچووك، مه‌حکووم کرد و ڕێبه‌رانی نیشتمان په‌ره‌ستی کوردی به فریوخواردووی ئه‌و سیاسه‌ته ناساند.(٨) به گوێره‌ی بۆچوونی ڕێزدار د. جه‌بار قادر، ئه‌و وتاره گەلێک زوو وه‌رگه‌ڕایه سه‌ر زمانانی دیکه‌ی جیهان و شوێنی گه‌لێك نه‌رێ یی دانایه سه‌ر ڕەوت وهه‌ڵوێستی حزبه کومۆنیسته‌کانی وڵاتانی نزیك به سیاسه‌تی سۆڤیه‌ت بەرانبەر بە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کورد و جووڵانەوەی نه‌ته‌وایه‌تی کوردیان له پشت چاویلکه‌ی ڕه‌شی ئه‌و وتاره‌وه ده‌دیت.(٩)
بەداخەوە، ئەو "ئێڕان"ە خۆشەویستەش وا لاهووتی و خەڵکانیتری وەک ڕەشیدی یاسەمی بانگاشەیان بۆ دەکرد، نە مافێکی سیاسی بە کورد ڕەوا دیت و نە ئاوەدانی و پێشکەوتێکی بە دیاری هێنایە کوردستان. لە سیاسەتی ئێرانییەکاندا ئەوەی بەشی کورد بوو، پەت و سێدارە و زیندان و ئەوی بۆ کوردستان بڕایەوە، وێرانی و شەڕ و دواکەوتوویی ئابووری بوو. ئەو ‘ڕەزاخان’ ەی وا بە ماوەی سێ ساڵێک دوای گوترانی ئەم شیعرەی لاهووتی، بوو بە "ڕەزاشای کەبیر"ی ئێرانییەکان، جگە لە یاساخ کردنی زمانی نەتەوایەتیی کوردان، گۆڕینی بە زۆرەملەی جل وبەرگ و کڵاو و پێڵاو وپشتێن و تاسکلاوی ژن و پیاوی کورد و بە فارسیکردنی ناوی گوند و شار و چیا‌و ڕووباری کوردستان و ئیعدام و زیندانی و شاربەدەرکردنی کەسایەتییە ناسراوەکانی کورد لە لوڕستان و ئیلامەوە تا جەلالییەکانی ماکۆ، هیچ دیارییەکی دیکەی بۆ کورد نەهێنا. خۆ لاهووتیش نەماوە لێی بپرسین و بڵێین برالە! تۆ دەتەویست "کرمانج" ی ناو خاکی عوسمانیش بەهەڵەداوان بێن و ببنە ئێرانی بۆ ئەوەی ڕەزاشا و کوڕەکەی و پاشان خومەینی ومەلای لابەلای قوم هەڵیاندێرنە خۆراسان و سمنان و وەرامین و لەوێ وەک هۆزی گەورەی چەمشگەزەک لەناو "برا" فارسەکانیاندا بیانتوێننەوە؟ ئیتر سەردەمی هۆشیاریی گەلی کوردە و ئەو دۆستایەتییەی مام ورچ ئەستەمە کارامەیی مابێت!
پارچه شیعری دووهه‌م که کاك محه‌مه‌د علی سوڵتانی چاپی کردووه، به گوێره‌ی ناوهڕۆك هی ساڵانێکی پێشتر، واتە سه‌رده‌می ژیانی لاهووتی له کرماشانه، رووی قسه‌شی له که‌سایه‌تییه‌کی هه‌مان ناوچه، واتە ‘سڵیمان خانی زەنگەنهی مووسا نارنجی'(١٠) یە. ناوه‌ڕۆکی ئایینی شیعره‌که گومان له‌وه‌دا ناهێڵێت که له ساڵانی پێش چوونی لاهووتی بۆ تاران و ناسیاوبوونی له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی جه‌نگه‌ڵ و مەشرووتە و بیرۆکه‌ی سوسیال دیموکڕاسیدا گوترابێت و به‌م هۆیه‌وه، دوور نییه هی نێوان ساڵانی ١٩٠٠ و ١٩٠٤ بێت، کە بەشوێنیدا لاهووتی چوو بۆ تاران و لەگەڵ کەسانی وەک ‘حەیدەرعەمووئۆغڵی’ و ‘کۆلۆنێل محەممەد تەقی خانی پەسیان’ ناسیاوی پەیداکرد و سەری لە "جەنگەڵ"ی ‘کوچک خان’ و ‘ئیحسانوڵلاخان’ و "شۆڕشی سوور" ی ژاندرمە لە تەورێز دەرهێنا و ئایینی بە تەواوەتی بە تاقەوە نا.
شیعری دووهەم – کە بێگومان کۆنترینی ئە سێ یە و هی سەردەمی ژیانی لاهووتی لە کرماشانە، ڕەنگ وڕووی شیعری ناوچەی گۆران و کەلهوڕی پێوە دیارە؛ ناوەرۆکی ئایینی –سۆفییانەی هەیە و لە خانەی لاسایی کردنەوەی شیعرە کوردییەکانی "حەیرانعەلیشا" (پێشتر) دا جێی دەبێتەوە واتە ئەو سەردەمەی کە لاهووتی لە کرماشان دەروێشی خانەقای سەفیعەلیشا بوو. شیعرەکە بۆ ‘سلێمان خانی مووسا نارنجی’ (پێشتر) گوتراوە کە بە گوێرەی ناوەرۆکی قسەکانی لاهووتی، دەبێ دەروێشێکی هەمان خانەقا و شاعیرێکی خاوەن توانا بووبێت، لەبەر ئەوەی بە ‘سەعدی دووهەم’ و ‘دووهەم شاعیری دوای نیزامی’ ناوی لێ دەبات. گرنگایەتیدان بە ‘کەلام’ و بە ‘هۆکاری خوڵقانی مرۆڤ’ و ‘وەدیعەی جەهان ئافەرین’ زانینی، هزری شاعیر لە بیری فەلسەفیی ڕێرەوانی ئەهلی حەق نزیک دەکاتەوە. ئەوەش شتێکی سەمەرە نییە. لاهووتی لاو لەو ساڵانەدا بەشوێن وەلامی پرسیارە سەرەکییەکانی لە پێناو ناسینی ‘بوون و نەبوون’ و ‘ژیان و مەرگ’ و ‘حەقیقەت و مەجاز’ و ‘ڕاست و ناڕاست’ دا، وێڵ بوو، بۆ دۆزینەوەی وەڵامی پرسیارەکان سەری بە هەموو شوێنێکدا دەکرد، و پەلی بۆ هەموو لایەک دەهاویشت: فەقێی مزگەوت و شیعەی ئیمام حوسەین بوو و لە مانگی محەڕڕەمدا بۆ مەرگی حوسەین زنجیری لە شان و پشتی خۆی دەکوتا(١١)؛ دەروێشی حەیرانعەلیشای کورد بوو و بە شان وباڵی ئەو و خانەقا و شێوازی فیکرییەکەیدا هەڵدەگوت(١٢)؛ دەبوو بە بەهایی و دەیەویست بەهائوڵلا موعجیزە بۆ دەم وددانی باوکی بنوێنێت(١٣)، دەچووە ناو مەحفیلی ‘ماسۆن’ ەکانەوە و بە پیتاکی ئەوان دەچوو لە تاران دەرس بخوێنێت(١٤). بە کورتی، لاهووتی خەریکی ئەزموونکاریی و ڕێباز دۆزینەوە بوو و ئاشکرایە ئایینی ئەهلی حەق لەو سەردەمە و بە تایبەت لە ناوچەکانی دەوروبەری کرماشان‌دا ‘ڕۆحێکی شامیل’ بوو، کە بە تان و پٶی بەشێکی زۆری ناوچەکە و هەست ونەستی خەلکانێکی زۆردا گەڕابوو و شوێن هەڵگرتنی لاهووتی لەوان و تەنانەت شوێن کەوتنی ئەوان، نەک هەر لە هەستیارێکی وەک لاهووتی و ڕٶحی تینووی حەقیقەتی ئەو دەوەشایەوە، تەنانەت ئەگەر وا نەبوایە، سەیر و جێگەی پرسیاری ئەمڕۆی ئێمە دەبوو.
زمانی بەکارهاتووی ناو شیعرەکە پاراو و بێ گرێ وگۆڵە، بەڵام دارماڵی ووشە و زاراوە و تەعبیری سۆفییانەی عەرەبییە. فۆڕمی شیعرەکە عەرووزی و خاوەن ڕیتمێکی خۆشە و زیاتر لە شیعرێکی فۆلکلۆریی بڕگەیی کوردی دەچێت، کە لەوێشدا کێش و تەنانەت هەندێک جار، سەرواش ڕەچاو دەکرێت و هەر بەم بۆنەیەوە شان لە شانی شیعری عەرووزی دەدات ودەبێتە ئەو. (١٥)
٢. پارچە شیعری یەکەم و سێهەم هی سەردەمی ژیانی ئەستەمووڵی لاهووتین – سەردەمێک کە شاعیر لە کرماشانەوە چووبووە تاران و ببوە ناسیاوی بیری پێشکەوتنخوازی ئەو ساڵانە و خۆی لە دەست مۆتەکەی ئایین ڕزگار کردبوو، ئینجا گەیشتبووە ناو ڕیزی ژاندرمەی ‘یەپرم خان’ و پاشان ژاندرمەی ‘پەسیان’ەوە، دوای تاوانبارکران بە کوشتنی دووکەس لە نزیک شاری ‘قوم’ یش، هەڵاتبوو و لە ئەستەمووڵ گیرسابووەوە و لەوێ لەگەڵ کوردانی باکوور و ڕووناکبیرانی کۆمەڵەی ‘اتحاد و ترقی’ دا پەیوەندی بەستبوو. لەو سەرەتایەی وا گۆڤاری ژین بۆ چاپی شیعرەکەی نووسیوە و ئەو ڕێزەی وا لە شاعیری گرتووە و بە ‘ئەدیبی بەڕێزی کوردستانی ئێران’ و ‘شاعیری شوهرەت شوعار’ ی ناو بردووە، هەروەها ئەو داواکارییەی وا بۆ ناردنی شیعری دیکە لێی کردووە، دەردەکەوێت کە پەیوەندێکی باشی لەگەڵیاندا بووبێت. تەنانەت لاهووتی پێش چوونە ئەستەمووڵێش، لە سلێمانی و کەرکووک لەگەڵ بزووتنەوەی نەتەوایەتیی کورد ناسیاویی پەیدا کردبوو و چاوی بە شێخ مەحموودی نەمر کەوتبوو. بەڵام سەرەڕای هەموو ئەوانە، نەک هەر دڵی بۆ کوردستان و خواستە نەتەوایەتی- سیاسییەکانی گەلی کورد لێی نەدەدا، بەڵکوو دژی ناسیۆنالیزمی کورد دەوەستا و بە پێچەوانە، ئێرانیچییەکی بە تاووتینی وای لێ دەرهاتبوو، کە ‘لە دەردا’ ئێران ‘جەرگی بریان’ ببوو، و نەک هەر دەیەویست بگەڕێتەوە باوەشی ‘ئێرانی دایک’، بەڵکوو بە شیعر هانی کوردانی تورکیاشی دەدا بە هەڵپەڕکی و چەپڵەڕێزان خۆیان بخەنە باوەشی ئێرانەوە و چیتر ‘یەتیم’ نەمێننەوە!
٣. پارچە شیعری سێهەم کەم و زۆر هەمان ناوەرۆکی شیعری یەکەمی هەیە بەو جیاوازییەوە کە بۆ منداڵانی کورد نووسراوە و لە عەینی ئەوەدا بانگیان لێدەکات بچنە قوتابخانە و دەرس بخوێنن، بەرەو ئێران و ئێرانیچییەتیشیان ڕادەکێشێت و هەمان قەوانیان بۆ لێدەدات کە دواتر لە پاڕچە شێعری سێهەمدا دەیخاتە بەرگوێی بەسالاچووان. پەیامی ناو شیعرەکە گەلێک ساکارە: "ئیران وەتەنی کوردە و کورد میللەتی ئیران"!.
سەبارەت بە لایەنی تەکنیکی شیعری یەکەم و سێهەم دەبێ بڵێم هەردوکیان عەرووزی و خاوەن کێش و سەروای دیاریکراون. لە ڕاستیدا لاهووتی تا ئەودەمەی لە ئێران و ئەستەمووڵ ژیاوە شیعری ‘سپی’ واتە بێ کێش و سەروای نەگوتوە یا ئەگەر گوتبێتی چەشنە ئەزموونکارییەک بووە و وەک لە کتێبی لەمەڕ لاهووتیدا دەست نیشانم کردووە (١٦)، رووکردنە ئەو شیعرە ‘ناعەرووزی’ یانە لە لایەن لاهووتییەوە، لەژێر کارتێکەریی شیعری بڕگەیی فۆلکۆریی کوردی‌دا بووە و زۆر واهەیە هەر ئەو دیاردەیەش بووبێتە هۆی پێشوازی کردنی دواتری لاهووتی لە شیعری سپی ئورووپایی.
بە کورتی، ئەو دوو شیعرانە هی سەردەمێکی دوای ژیانی کرماشان و فەقێیەتی و دەروێشایەتی لاهووتین و تێیاندا ‘نەتەوە پەرستی ئێرانی’ مڵق ئەداتەوە. شیعرەکان لەچاو پارچە شیعری دووهەم ‘کوردانە’ تر نووسراون واتە زمانیان پاراوترە. لە شیعری دووهەمدا زوربەی ڤوکابیولەرییەکە عەرەبییە و لەژێر کارتێکەریی سۆفیایەتی ئیسلامی‌دا، زاراوە لەکارکراوەکان لە زمانی عەرەبی خوازراونەتەوە؛ بەڵام لە دوو شیعرەکەی ئەستەمووڵدا، شاعیر وەک بیرۆکەی ئایینی وەلاناوە، ووشە و زاراوەی پەیوەندیدار بەو فیکرەشی کەم و زۆر فڕێداوە یا کەمتری کەڵک لێ وەرگرتوون. ڵێرەدا لاهووتی عەرب و ڕۆمی (تورک) ی بە یەک چاو سەیر کردوون و بە یەک دارەدەست لێیداون ("لە شەڕا عەرەب، لە زوڵم ڕۆمیان" یا: "هەم تورک هەم عەرەب لەخەوفا ڕاکەن")، کە تەواو ڕەگەزپەرستانەیە و لەگەڵ باوەڕی ئینتڕناسیۆنالیستی ساڵانی دواتری ژیانیدا یەک ناگرێتەوە.
زمانی شیعری سێهەم، کە بۆ منداڵی کورد گوتراوە، جیاوازییەکی لەگەڵ زمانی شیعری یەکەم نییە، واتە ؛ووشەگەل’ ی نە جیاواز لەویترە و نە ساکارتر. دەڵێی شاعیر شیعرەکەی بەزمان منداڵانەوە بۆ گەورەتر و بەساڵاچووان گوتووە و ئەوەش بەو ڕاستییەدا دەردەکەوێت کە تێیدا بانگی "ئەی میللەتی کورد" دەکات نەک زارۆکی کورد و لە "کرمانج" بەگشتی دەخوازێت نەک زارۆکی کرمانج کە "ئیلحاق بە ئێران"ەوە بکەن!
بەکورتی بڵێم، وەک زمانی فارسی ناو شیعری لاهووتی لە ساڵانی ژیانی ئەستەمووڵدا پاکردەتر و خاوێنتر بۆتەوە و بەرەو ئەوە دەئاژوێت خۆی لە بەندی زمانی عەرەبی ڕزگار بکات، لە شیعرە کوردییەکانیشدا هەوڵێکی ئەوتۆ دەبینرێت بەلام کەمتر و لاوازتر. حەماسەت، مێژوو، نەتەوەپەرستی ئێرانی، و خەباتی سیاسی ئەو دیاردانەن کە لە شیعری یەکەم و سێهەمدا شوێنی دەروێشایەتی، سەرسپردەیی موراد و بەگشتی ‘ئایین’ ی ناو شیعری دووهەمیان گرتۆتەوە.
لە شیعری دووهەمدا شاعیر هەڵگری هەندێک بیر وبۆچوونە کە دواتر بۆی دەبن بە ‘بڤە’ و ‘کفر’ و نەک لە شیعرە فارسییەکانی ساڵانی دواییدا دووپاتیان ناکاتەوە، بەڵکوو بەتوندی دژیشیان دەوەستێت. بۆ نموونە لە شیعری دووهەمدا خەڵکی ئاسایی بە ئاژەڵ دەشوبهێنێت (عوام کالانعام) و قسەی شاهان بە شای هەموو قسەیەک دادەنێت (کلام الملوک، ملوک الکلام) و ئەوانە بۆ خوێنەری شیعری دواتری لاهووتی شتێکی سەمەرە و دوور لەباوەڕن. لاهووتی لەناو شاعیرانی فارس‌دا واهەیە تیژترین زمانی هەبێت بۆ بەربەرەکانی دین و ئایین و مەلا ومزگەوت و شا وحکوومەتی چینی چەوسێنەر و ئاغا و دەرەبەگ و دەوڵەمەند و سەرمایەدار. شاعێر کەم و زۆر لە هەموو شیعری دیوانەکەیدا بە هیچ شتێک ڕازی نابێت جگە لە فەوتان و لەناوچوونی چەوسێنەران و دامەزرانی حکوومەتی کرێکار و ڕەنجبەران و سەقامگیر بوونی کۆمەڵگای یەکسانی بێ چێنی چەوسێنەر لە ئێران و هەموو جیهان. لە کۆتاییدا نموونەی غەزەلێکی فارسی لاهووتی بۆ ئەو کەسانە دێنمەوە کە کەمتر لاهووتی دەناسن و ناسیاوی بیر وبۆچوون و هەڵوێستی سیاسی- کۆمەڵایەتی ئەو نین. شیعرەکە هی سەردەمێکە کە دڵی گەلێک کەس لە جیهان، بە تایبەت لە ووڵاتانی جیهانی سێهەمدا بەو هیوایە گەرم بوو کە سۆسیالیزم ببێتە دیاردەیەکی جیهانگیر و چەوسانەوە و بێعەداڵەتی و هەژاری و نابەرانبەری جێگەی خۆیان بدەنە یەکسانی و دادپەروەری. زمانی شاعیر لەم شیعرە و زۆربەی زۆری شیعری دیوانەکەیدا تیژ و مووقەڵێش و لە حاند چەوسێنەران و دارەددستەکانیان، گەلێک بێ بەزەییە. بۆ خوێندنەوەی شیعرە فارسییەکە، بڕوانە پەراوێزی ژمارە ١٧.
*****
دوای ئەو سەرەتایە، ئه‌وه‌ش پارچه شیعری سێهه‌م که له ژماره 23ی گۆڤاری ژین چاپی ئه‌سته‌مووڵ، ساڵی 1919 دا بڵاو کراوه‌ته‌وه و ڕێزدار حه‌سه‌نی قازی له‌به‌ری نووسیوه‌ته‌وه و به سه‌ره‌تایه‌که‌وه بۆی ناردووم و من به‌وپه‌ری ڕێزمه‌وه بۆئه‌و زاته بەڕێزە، شیعرەکە و سەرەتاکەی ئەو، لێره‌دا بڵاوی ده‌که‌مه‌وه:
"شیعرێکی ئه‌بولقاسمی لاهووتی
له گۆڤاری "ژین" ی ئه‌سته‌نبووڵ دا
ئه‌و گۆڤاره به کوردی – تورکی ژماره‌ی یه‌که‌می له 7/11/1918 و دوا ژماره‌ی، واته ژماره 25 ی له 2/10/1919 دا ده‌رکه‌وتووه. گۆڤاره‌که ئورگانی ناڕه‌سمی "کۆمه‌ڵا پێسکهتنا کوردستانێ" و ساحیب ئیمتیاز و مودیری مه‌سئوولی "حه‌مزه" و پاشان مه‌مدووح سه‌لیم بووه.
ژین، عه‌ده‌د 23، 28 ئاغستۆس 1335
ژماره‌ی 23، 28/8/1919
کردستانی ایرانی ادبای محترمه سندن شاعری شه‌رت شعار "لاهوتی خان کرماشاهی" طرفندن مجموعه مزه اهدابیورولان اشبوشعری دلارایی درج صحیفه‌ی مفهرت ایلرو بو گیبی ملی آثاری عالی لرینه، کمالی خواهشله انتظار ایدهرز.
وه‌رگێڕاوی کوردی :
ئه‌م شیعره له به‌ر دڵانه که له لایه‌ن شاعیری ناودار "لاهووتی خانی کرماشانی" [یه‌ك] له ئه‌دیبانی به‌ڕێزی کوردستانی ئێرانه‌وه به دیاری بۆ کۆمه‌ڵه‌کان نێرراوه، به شابازییه‌وه له‌سه‌ر لاپه‌ره‌ی [گۆڤاره‌که‌مان دا] چاپی ده‌که‌ین و به‌و په‌ڕی تکاوه چاوه‌ڕوانی گه‌یشتنی ئه‌م چه‌شنه به‌رهه‌مه نه‌ته‌وه‌ییانه‌ی لێ ده‌که‌ین:
له‌به‌ر ڕوحی کورده بچووکان *
خه‌ڵقی کورد بۆ که‌سبی شه‌ڕه‌ف حازر جه‌نگه
ئه‌ی میلله‌ت کورد! هه‌ڵسه، که ئه‌م نووستنه نه‌نگه
فه‌رموویه نه‌بی: حوببی وه‌ته‌ن مایه‌ی دینه
مونکیر به خودا ، کافر و مه‌لعوون و مه‌له‌نگه
هه‌ر قه‌ومێ که ئه‌سڵ و نه‌سه‌بی خۆی نزانت
ڕوی ڕه‌وشه‌نی ئه‌لبه‌تته سیا وه‌ك شه‌وه‌زه‌نگه
هه‌م ته‌نبه‌ڵی و غه‌فڵه‌ت و هه‌م عیززه‌ت و ئیقباڵ!
ئه‌م کاره محاڵاته و ئه‌م قافیه، له‌نگه
کوردان که هه‌موویان "مهدی" و ئه‌سڵی کیانن
له‌م فکره چلۆن غه‌فڵه‌تیان کرد، ئه‌مه "ڕه‌نگه"
ئه‌ی کوردی بچووکان! هه‌موو تاریخ بخوانن
تا بابی خوه‌تان زوو بشناسن، که دره‌نگه
ئیران وه‌ته‌نی کورده و کورد میلله‌تی ئیران
خه‌سمی له‌گه‌ڵ خاکی وه‌ته‌ن زیلله‌ت و نه‌نگه
هه‌رکه‌س که ده‌ڵێ کورد له ئیران لێ جیا بوو،
یا خائینی کوردانه، وه یا شێت و جه‌فه‌نگه
تاریخی مهد و کورد – که ئه‌ولاد کیانن،
سابیت له ته‌کی خه‌ڵقی ئورووپا و فه‌ڕه‌نگه
کرمانج! ئه‌دی ئیلحاق به ئیران بکه‌ی ئاخر
ده‌ست وه‌قتێ که مولحه‌ق وه ته‌ن خۆهبوو، قه‌شه‌نگه
ئه‌سڵی مهد و ساسانی و، بیگانه له ئیران!
ئه‌م مه‌سئه‌له که‌یفییه‌تی ئائینه و سه‌نگه
ڕێگه‌ی ته‌ڕه‌ب و مه‌یکه‌ده لاهووتی ده‌زانێت
ئه‌مما له فیراقی وه‌ته‌نی حه‌وسه‌له ته‌نگه
"لاهوتی"
*زارۆکان، منداڵان. ئه‌م شیعره بۆ منداڵانی کورد گوتراوه.
په‌راوێزه‌کان
بڕوانه: سنجابی، عه‌لی ئه‌کبه‌رخان (سه‌ردار موقته‌دیری سه‌نجابی)؛ "ایل سنجابی و مجاهدت ملی ایران"، تحریر و تحشیه دکتر کریم سنجابی، فارسی، نشر شیرازه، تهران 1380[= 2001]
"سەید ساڵح حەسەنی نیعمەتوڵڵاهی کە ناسناوی ‘حەیرانعەلیشا’ ی بووە، لە ١٣١٣ ی کۆچی مانگی لە مایدەشتی کرماشان لە دایک بووە، لە گەورەپیاوانی ئەهلی تەسەووف و عیرفانە… لە شیعری کوردی‌دا پسپۆڕییەکی تەواوی بووە و کۆمەڵەی شیعرەکانی بە ناوی ‘کنزالعرفان’ لە ساڵی ١٣٣٦ ی کۆچی مانگی لە چاپخانەی شەرافەتی ئەعمەدی کرماشان چاپ کراوە و گوایە یەکەم کتێبی کوردییە کە لە ئێران چاپ کرابێت… لە ١٣ ی جمادی الثانی ١٣٢٣ کۆچی مانگی لە کرماشان کۆچی دوایی کردووە…" (محەممەد عەلی سوڵتانی، حدیقە سڵطانی، جلد اول، ناشر: کلهر، ١٣٦٤ [١٩٨٥]، ص. ٢٠٦). ىۆ ناسینی زیاتری حەیرانعەلیشا، بڕوانە: محممد علی سلطانی، "کنز العرفان – دیوان حضرت میر محمد صالح الحسنی النعمة الله‌ی الماهیدشتی"، کردی – فارسی، تهران١٣٦٢ [١٩٨٣].
بڕوانە سەرەوەتر، پەراوێزی ژمارە ١
گۆڤاری ژین، ژماره 25، ساڵی پینجه‌م، چاپی ئه‌سته‌مووڵ، لاپه‌ڕه ١٨ تا ٢١
سوڵتانی، محه‌مه‌دعه‌لی؛ "حدیقه سلطانی"، جلد سوم، نشر سها تهران، ١٣٧٩ [= ٢٠٠٠]، ص‌ص.٦٧ تا ٧١.
سوڵتانی، ئه‌نوه‌ر؛ "لاهووتی کرماشانی: شاعیری شۆڕشگێڕی کورد"، بنکه‌ی ژین، سلێمانی، ٢٠٠٦.
سەنجابی، عه‌لی ئه‌کبه‌رخان؛ پێشوو
ئه‌م وتاره‌ی لاهووتی که ڕێزدار د. جه‌بار قادر کردوویه‌ته کوردی، جارێك وەک نامیلکەی سەربەخۆ و به‌م ناونیشانه له هۆڵه‌نده بڵاو کرایه‌وه: لاهووتی، ئه‌بولقاسم؛ "کورد و کوردستان"، دوکتۆر جه‌بار قادر له رووسییه‌وه کردوویه به کوردی و پێشه‌کی و تێبینی بۆ نووسیوه، چاپه‌مه‌نی گلارا، هۆڵه‌نده، ١٩٩٨. ئینجا وه‌ك پاشکۆ له کۆتایی کتێبه‌که‌ی مندا بڵاو بووه‌وه. بڕوانه سەرەوەتر، په‌راوێزی ژماره ٦.
هه‌مان سه‌رچاوه، سەرەتای وەرگێڕ.
"سلیمان خانی زەنگەنەی مووسانارنجی ناسراو بە ‘امیرالعشائر’، نازناوی شیعریی ‘سولەیمان’ و ‘فەقیر’ و لە گەورەپیاوانی عیلی زەنگەنە … بوو کە پشتاوپشت نیابەتی ناوچەی مایدەشت و دەوروبەری ئەوێیان هەبوو و بە شاعیری…. ناسراو بوو…. لەگەڵ گەورەپیاوانی وەک…… لاهووتی خانی ناودار … هەڵس وکەوتی بووە و شارەزای زانستە ئەدەبییەکان بووە…. ئەم شیعرانەی لە وەڵامی ئەبولقاسم خانی لاهووتی کرماشانیدا هۆندۆتەوە:
سەهبای تەوحید مەست، سەهبای تەوحید مەست
ڕۆی ئەزەل دڵ وە سەهبای تەوحید مەست ….
یاوەنا وەپیم ‘مەولانانامە’ ت
نکات ئەشعار، ئەرقام خامەت …
فیردەوسی تووسی، جامی، جەوهەری،
نیزامی، حافز، ڕازی، ئەنوەری،
شەمس و موحتەشەم، جوودی، قائانی،
مەولەوی، ویسال، تووسی، سوڵتانی
یەکسان خۆشەچین وە ئەشعارتەن
سەرگەشتەی ئەلفاز گوهەربارتەن …
‘مەولانا’ سەدجار وە فیدای نامت
چاکر قابیل نیم وە هام کەلامت
‘سلیمان’ بەس کەرۆی دەعوای عەبەس
‘خلق الانسان من’ تەفاوت هەس
ئەر ژ جەفای دوست دڵت غەمبارەن
مەدح ‘لاهووتی’ پێت ئیفتیخارەن
لاهووت مولحەقەن وە نوور سەرمەد
یاهوو، یامەنهوو، یا عەلی مەدەد!
محەممەد عەلی سوڵتانی، "حدیقە سلطانی"، جلد پنجم، نشر سها، تهران ١٣٨٦ [٢٠٠٧]، ص‌ص. ٣٦٠ – ٣٦٤
(10بڕوانە ووتاری "سەبارەت بە خٶم’ ی لاهووتی، کە سەرەتا لەم گوڤارە ڕووسییەدا چاپ کرا:
Soviet Literature, No. 9, 1954, pp. 138 – 142
پاشان لەم سەرچاوەیەدا چاپ کراوەتەوە:
Abdulkasim Lahuti, “About Myself”, Critical Perspectives on Modern Persian Literature, Edited and Compiled by Thomas M Ricks, Washington DC, Three Continents Press, 1984, pp. 373- 377.
من ئەم ووتارەم لە سەرچاوەی دووهەم وەرگرت و وەرمگێڕایە سەر کوردی و لە ژمارە ٢٨ ی گۆڤاری گزینگ چاپی سوئید (هاوینی ساڵی ٢٠٠٠)، ئینجا لە کتێبی سەبارەت بە لاهووتیدا (بڕوانە سەرەوەتر، پەراوێزی ژمارە ٦) بڵاوم کردەوە.
(11 بڕوانە: "کلیات ابوالقاسم لاهوتی"، با کوشش بهروز مشیری، انتشارات توکا، تهران ١٣٥٧ [١٩٧٨]، ص‌ص ٧٥٠ و ٨٣٨.
(12بڕوانە ووتاری "سەبارەت بە خۆم"، سەرەوەتر، پەراوێزی ژمارە ١٠
(13هەمان.
(14هەندێک کەس لایان وایە دەکرێت بڕگەکانی هەموو شیعرێکی فۆلکلۆری بکرێن بە ئەفاعیلی عەرووزی و بخرێنە چوارچێوەی یەک لە بەحرە ناسراوەکانی عەرووزییەوە. بە هەمان شێوە بۆچوونی ئەوەش هەیە کە هەموو شیعرێکی عەرووزی دەکرێت ‘تەقطیع’ بکرێن و بڕگەکانی بژمێررێن.
(15 بڕوانە سەرەوەتر، پەراوێزی ژمارە ٦
(16بۆ نموونە، بڕوانە ئەم پارچە شیعرە فارسییەی لاهووتی وهەڵوێست گرتنی لە بەرانبەر ئایین و دەوڵەتی چینایەتی و کرێکار و ڕەنجبەر دا:
سازندە جهان
دهقان خوراک و فعلە جهان را بپا کند
بیجا گمان مبر تو کە این را خدا کند
بی شک و شبهە نیست خدائی، اگرکە هست
مظلوم را مسخر ظالم چرا کند؟
اللە و شاه آلت صنف ستمگرند
زاهد ریا پرستد و کار ریا کند
سرمایە گر فنا شود، اول امام شهر
دست خدا و دامن دین را رها کند
دارا بە بزم بادە و سرگرم سادە است
فرصت کجا کە فکر بەحال گدا کند؟
باید کە داس رنجبر و پتک کارگر
مظلوم را ز پنجە ظالم رهاکند
کو انقلاب سرخ؟ کە دارای بیشرف
بالا بە پیش تودە زحمت دوتا کند!
نصر‌ت ز اتحاد و و ز علم است و انقلاب،
با کارگر بگوی کە ترک دعا کند!
تبریز، شرفخانە، ژانویە ١٩٢٢
وەرگیراو لە دیوانی لاهووتی (سەرەوەتر، پەراوێزی ژمارە ١١)