دوکتور ئه‌میری حه‌سه‌نپوور؛ شۆڤینیزمی سۆرانی و ئه‌فسانه‌کانی؛ بە شی دو
سۆرانی‌خوازان به چه‌ند گوتار یان ئیستیدلال بانگه‌شه بۆ ڕه‌سمیکردنی سۆرانی ده‌که‌ن. یه‌کیان گوتارێکی سیاسییه که یه‌کگرتوویی نه‌ته‌وه‌ی کورد ده‌به‌ستێته‌وه به ڕه‌سمیکردنی سۆرانی. یه‌کی دیکه باسی زۆرێتی و که‌مێتیی ئاخێوه‌ران و گرێدانی ڕهسمیکردن به مافی زۆرینه‌یه(ده‌ڵێن له کوردستانی عێراقدا ژماره‌ی سۆرانیاخێو زۆرتره). گوتارێکی دی ئه‌وه‌یه که سۆرانی له کورمانجی پێشکه‌وتووتره و کورمانجی دواکه‌وتووه و ناتوانێ هاوشانی سۆرانی ببێته له‌هجه‌یێکی ڕه‌سمی.
دوکتور ئه‌میری حه‌سه‌نپوور؛ شۆڤینیزمی سۆرانی و ئه‌فسانه‌کانی؛ بە شی دو
سۆرانی‌خوازان به چه‌ند گوتار یان ئیستیدلال بانگه‌شه بۆ ڕه‌سمیکردنی سۆرانی ده‌که‌ن. یه‌کیان گوتارێکی سیاسییه که یه‌کگرتوویی نه‌ته‌وه‌ی کورد ده‌به‌ستێته‌وه به ڕه‌سمیکردنی سۆرانی. یه‌کی دیکه باسی زۆرێتی و که‌مێتیی ئاخێوه‌ران و گرێدانی ڕهسمیکردن به مافی زۆرینه‌یه(ده‌ڵێن له کوردستانی عێراقدا ژماره‌ی سۆرانیاخێو زۆرتره). گوتارێکی دی ئه‌وه‌یه که سۆرانی له کورمانجی پێشکه‌وتووتره و کورمانجی دواکه‌وتووه و ناتوانێ هاوشانی سۆرانی ببێته له‌هجه‌یێکی ڕه‌سمی.
لێره‌دا، پێشکه‌وتوویی پێوانه‌ی مافه و سه‌رچاوه‌ی ده‌سه‌ڵاته. کورمانجی، به هه‌ر هۆیێک بێ، له کاروانی شارستانه‌تی دواکه‌وتووه و، کورمانجیاخێوان ده‌بێ قایل بن به نزمێتیی پله‌وپایه‌ی له‌هجه‌که‌یان و ڕازی بن به وه‌ی که کورمانجی خزمه‌ت به زمانی نه‌ته‌وه‌یی، سۆرانی، بکا و به وشه‌کانی خۆی ده‌وڵه‌مه‌ندی بکا.
له به‌شی هه‌وه‌ڵی ئه‌و زنجیره نووسراوه‌دا باسی وهم کرد که ئیدیعای پێشکهوتووتربوونی سۆرانی و دواکه‌وتوویی کورمانجی له ئه‌فسانه نزیکتره هه‌تا له واقعییه‌ت. من له درێژه‌ی ئه‌و باسه‌دا، ڕاستی و ناڕاستیی گوتاری پێشکه‌وتوویی لێک ده‌ده‌مه‌وه و هه‌ڵیده‌سه‌نگێنم.
پێداچوونه‌وه به‌و گوتاره‌دا به نووسراوه‌یێکی هه‌ره به‌پێزی لایه‌نی سۆرانی‌خواز ده‌ست پێ ده‌که‌م. کاک فه‌رهاد شاکه‌لی له نووسراوه‌یێکی خۆی، له‌ژێر سه‌ردێڕی "زمانی کوردی له ئاستانه‌ی سه‌رده‌مێکی تازه‌دا"، پێنج کۆمه‌ڵه "به‌ڵگه‌ی مێژوویی و زانستی" وه‌ک شایه‌د دێنێته‌وه بۆ سه‌لماندنی ئه‌وه‌ی که سۆرانی "باشترین و گونجاوترین" و "ده‌وڵه‌مه‌ندترین" شێوه‌زمانه (له‌هجه) بۆ دابینکردنی "زمانی ڕه‌سمیی کوردستان".1 با له زمانی خۆی بیگێڕمه‌وه:
"به‌شی زۆری نووسه‌ر و ڕووناکبیرانی شاره‌زای کورد به‌گشتی له‌سه‌ر ئه‌وه کۆکن که ئه‌و شێوه‌زمانه‌ی ئێستا له کوردستانی عێراق و تا ڕاده‌یه‌کیش له کوردستانی ئێران‌دا ڕۆڵی زمانی ستاندارد(و ڕه‌سمی) ده‌بینێت، تاکه شێوه‌یه‌کی زمانی کوردییه که ده‌توانێت و ده‌بێ بکرێ به زمانی ڕه‌سمیی کوردستان…2
"کاتێ نووسه‌ر و ڕووناک‌بیری کورد ئه‌و شێوه‌زمانه به باشترین و گونجاوترین شێوه داده‌نێن بۆ ئه‌وه‌ی بکرێته زمانی ڕه‌سمیی کوردستان، دیاره کۆمه‌ڵێ به‌ڵگه‌ی مێژوویی و زانستی ده‌هێننه‌وه بۆ پشتگیریی هه‌ڵوێسته‌که‌یان. ئێمه ده‌توانین ئه‌و به‌ڵگانه‌ی لای زۆربه‌ی نووسه‌ران دووباره ده‌بنه‌وه به‌م جۆره کورت بکه‌ینه‌وه. (هێڵی ژێر وشه‌کانم لێ زیادکردووه)
دوای ئه‌و سه‌ره‌تایه، نووسه‌ر پێنج "به‌ڵگه"کان له پێنج خاڵدا ڕێز ده‌کا. من ئه‌و خاڵانه یه‌ک به یه‌ک له زمانی خۆی ده‌گێڕمه‌وه و هه‌ڵیان ده‌سه‌نگێنم. له پێشدا ده‌بێ بڵێم که هیچ کام له‌و پێنج خاڵانه به‌ڵگه نین. ئه‌وانه بۆچوون، ئیدیعا، بڕوا، یان تێگه‌یشتنی کاک فه‌رهادن نه‌ک "به‌ڵگه‌ی مێژوویی و زانستی". له خاڵی یه‌که‌مه‌وه ده‌ست پێ ده‌که‌م که ده‌ڵێ:
1 – کوردیی خواروو ده‌وڵه‌مه‌ندترین شێوه‌زمانی کوردییه، چونکه هه‌م له قۆناغی کلاسیک‌دا و هه‌میش له قۆناغی تازه‌دا ئه‌ده‌بییاتێکی فراوان و ده‌وڵه‌مه‌ندی پێ نووسراوه و کۆمه‌ڵێک له نووسه‌ر و شاعیره هه‌ره گه‌وره‌کانی کوردستان به‌م شێوه‌یه به‌رهه‌مه‌کانی خۆیان نووسیون.
ئه‌و وشانه که له ڕستهیێکدا ڕێکخراون به‌ڵگه نین و بایه‌خی به‌ڵگه‌ییان نییه. ئه‌و وشانه، ئه‌گه‌ر زۆر به گه‌شبینی هه‌ڵیان بسه‌نگێنین، ده‌کرێ بڵێین ئیستیدلالێک پێک دێنن. له مه‌نتیقدا، ئیستیدلال ڕێکخستهیێکی دوو به‌شییه که به‌شێکی "دانراو" یان "فه‌رز"ه (بۆ وێنه سۆرانی "ئه‌ده‌بییاتێکی فراوان و ده‌وڵه‌مه‌ندی پێ نووسراوه…") و به‌شه‌که‌ی دی "نه‌تیجه"یه (که‌وابوو سۆرانی "ده‌وڵه‌مه‌ندترین شێوه‌زمانی کوردییه"). به‌ڵام ئیستیدلال چاک و خراپی هه‌یه و ئه‌و ئیستیدلاله چاک نییه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نه‌تیجه‌که له دانراوه‌که ههڵنههێنجێندراوه.
ئه‌گه‌ر سۆرانی هه‌م "له قۆناغی کلاسیک‌دا و هه‌میش له قۆناغی تازه‌دا ئه‌ده‌بییاتێکی فراوان و ده‌وڵه‌مه‌ندی" پێ نوووسرابێ و ئه‌گه‌ر "کۆمه‌ڵێک له نووسه‌ر و شاعیره هه‌ره گه‌وره‌کانی کوردستان به‌م شێوه‌یه به‌رهه‌مه‌کانی خۆیان" نووسیبێ، له‌و دانراوانه(فهڕزانه) ناتوانین به‌و نه‌تیجه‌یه بگه‌ین که سۆرانی "ده‌وڵه‌مه‌ندترین شێوه‌زمانی کوردییه". لێره‌دا من باسی وه‌ی ناکه‌م که ئه‌و ئیستیدلاله پشتی به به‌ڵگه ئه‌ستوور نییه(ئه‌وه باسێکی دیکه‌یه که له به‌شه‌کانی داهاتوودا ده‌یکه‌م). باسی من ئه‌وه‌یه که نه‌تیجه‌که له فه‌رزه‌که ده‌رنایه و هه‌ر بۆیه ئیستیدلالێکی زۆر کزه. با وای دابنێین سۆرانی ئه‌ده‌بییاتێکی فراوان و ده‌وڵه‌مه‌ندی هه‌بێ، به‌ڵام له‌و فه‌رزه‌وه (ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به به‌ڵگه بسه‌لمێندرێ) ئه‌و نه‌تیجه‌یه ده‌رناکه‌وێ که سۆرانی "ده‌وڵه‌مه‌ندترین شێوه‌زاری کوردییه"(ده‌کرێ بڵێی شێوه‌زارێکی ده‌وڵه‌مه‌نده). هه‌روه‌ها، له فه‌رزی دووهه‌م، واته "کۆمه‌ڵێک له نووسه‌ر و شاعیره هه‌ره گه‌وره‌کانی کوردستان به‌م شێوه‌یه به‌رهه‌مه‌کانی خۆیان نووسیوه"، به‌و نه‌تیجه‌یه ناگه‌ین که سۆرانی ده‌وڵه‌مه‌ندترین له‌هجه‌ی کوردییه چونکه ده‌کرێ بڵێین کۆمه‌ڵێک له نووسه‌ر و شاعیره هه‌ره گه‌وره‌کانی کوردستان به‌رهه‌مه‌کانی خۆیان به کورمانجی و هه‌ورامی نووسیوه. ئه‌گه‌ر قه‌رار بێ ئه‌و ئیستیدلاله که‌مێک خۆڕاگر یان به‌هێز بکرێ ده‌بێ نه‌تیجه‌که‌ی ئه‌وه بێ که سۆرانی "شێوه‌زارێکی ده‌وڵه‌مه‌ندی کوردییه".
من تا ئێسته ته‌نیا باسی پێکهاته‌ی ئیستیدلالهکهم کردووه و کوتوومه که خاڵی یه‌که‌م به‌ڵگه نییه و ئیستیدلاله و، ئیستیدلالهکهش ته‌واو کزه. له داهاتوودا به به‌ڵگه ڕوونی ده‌که‌مه‌وه که هه‌م فه‌رزی ئیستیدلاله‌که هه‌ڵه‌یه و هه‌م نه‌تیجه‌که‌ی. جارێ ده‌چمه سه‌ر خاڵی دووهه‌م که ده‌ڵێ:
2 . به پێچه‌وانه‌ی دیالێکته‌کانی دیکه‌ی زمانی کوردییه‌وه که هه‌ر یه‌کێکیان له سه‌رده‌مێکدا زمانێکی ئه‌ده‌بیی ناوچه‌یه‌کی کوردستان بووه و دواتر به هۆی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ئه‌و ده‌سته‌ڵاته سیاسییه‌وه که بووبووه پاڵپشتی، ئه‌وانیش ڕۆڵی خۆیان له ده‌ست داوه، کوردیی ناوه‌ڕاست هه‌ر له سه‌ره‌تای دامه‌زرانیه‌وه وه‌ک زمانێکی ئه‌ده‌بی و تا ئه‌مڕۆیش، بێ ناوبڕ، ئه‌و نه‌خشه‌ی هه‌بووه. ئه‌مه وا ده‌کات که ببێته تاکه شێوه‌یه‌ک که مێژوویه‌کی بێ ڕاوه‌ستان و بێ ناوبڕی له پشته‌وه‌یه.
ئه‌و ڕسته‌یه هیچ به‌ڵگه‌یێك ناخاته به‌رده‌ست به‌ڵام ئه‌گه‌ر وه‌ک ئیستیدلال چاوی لێ بکه‌ین و له ڕوانگه‌ی مه‌نتیقه‌وه هه‌ڵیبسه‌نگێنین، ئیستیدلالێکی یه‌کجار کزه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که نه‌تیجه‌که‌ی و فه‌رزه‌که‌ی یه‌کن. نه‌تیجه‌که ئه‌وه‌یه: سۆرانی "تاکه شێوه‌یه‌که" که "مێژوویه‌کی بێ ڕاوه‌ستان و بێ ناوبڕی له پشته‌وه‌یه". بۆ؟ چونکه "هه‌ر له سه‌ره‌تای دامه‌زرانییه‌وه وه‌ک زمانێکی ئه‌ده‌بی و تا ئه‌مڕۆیش، بێ ناوبڕ، ئه‌و نه‌خشه‌ی هه‌بووه". لێره‌دا، نه‌تیجه له فه‌رز وه‌رگیراوه و فه‌رز له نه‌تیجه: سۆرانی تاقه شێوه‌ی بێ ناوبڕه چونکه له سه‌ره‌تاوه تا ئێسته بێ ناوبڕ بووه. له‌وه‌ش خراپتر ئه‌وه‌یه که نووسه‌ر بۆ داڕژتنی فه‌رزه‌که هه‌ڵه‌ی مێژوونووسانه ده‌کا و ده‌ڵێ که له‌هجه‌کانی دی (مه‌به‌ستی هه‌ورامی و کورمانجییه) تووشی ڕاوه‌ستان و ناوبڕی بوون و "ڕۆڵی خۆیان له ده‌ست داوه".3
نووسه‌ر خاڵی دووهه‌میش وه‌ک "به‌ڵگه" داده‌نێ، به‌ڵام ناوه‌ڕۆک و شکڵی ڕسته‌که به‌ڵگه‌یێک به ده‌سته‌وه ناده‌ن. من له به‌شه‌کانی داهاتوودا ئه‌وه ڕوون ده‌که‌مه‌وه که گوتاری ڕاوه‌ستاوی و به‌رده‌وامی یان بهناوبڕی و بێ ناوبڕی پێوه‌ندی به باسی ڕهسمیکردنهوه نییه و، نه سۆرانی مێژوویێکی نه‌پساوه‌ی هه‌یه و نه هه‌ورامی و کورمانجیش تووشی دابڕانێکی وا بوون که به ناچاری گۆڕه‌پانی مێژوو بۆ سۆرانی به جێ بهێڵن.
له خاڵی سێهه‌مدا، نووسه‌ر ده‌ڵێ سۆرانی زمانی ڕه‌سمیی حکوومه‌تی شێخ مه‌حموود و کۆماری کوردستان و "ده‌سه‌ڵاتی شۆڕشی ئهیلوول" و حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان بووه و، له‌و فه‌رزه به‌و نه‌تیجه‌یه ده‌گا که سۆرانی له "رووی زاراوه‌سازییه‌وه ده‌وڵه‌مه‌ندتر بووه":
3. کوردیی ناوه‌ڕاست یا خواروو له سه‌رده‌می پاشایه‌تیی شێخ مه‌حموودی حه‌فیددا زمانی ڕه‌سمیی حوکوومه‌تی کوردستان بووه، هه‌روه‌هایش له سه‌رده‌می کۆماری کوردستاندا به سه‌رکردایه‌تیی قازی محه‌مه‌د دیسان زمانی ڕه‌سمیی کۆماری کوردستان بووه. له سه‌رده‌می ده‌سته‌ڵاتی شۆڕشی ئه‌یلوولدا (1961-1975) به سه‌رکردایه‌تیی مه‌لا مسته‌فای بارزانی و له سه‌رده‌می شۆڕشی تازه‌یشدا دیسان هه‌ر کوردیی خواروو زمانی ڕه‌سمیی ده‌ستگاکانی شۆڕش بووه له سه‌رتاسه‌ری کوردستانی عیراقدا، چ ئه‌و کاتانه‌ی خه‌باتی چه‌کدارانه کراوه و چ ئه‌و ساڵانه‌یش که سه‌رکردایه‌تیی سیاسیی بزووتنه‌وه‌که ده‌سته‌ڵاتی سیاسی و کارگێڕیی به ده‌ست بووه. ئێستایش له ساڵی 1992 ه‌وه که هه‌رێمی کوردستان عێراق به شێوه‌یه‌کی ڕه‌سمی حوکوومه‌تی فێده‌رالییه، دیسان هه‌ر ئه‌و شێوه‌زمانه زمانی ڕه‌سمیی حوکوومه‌ت و سیاسه‌تمه‌دار و سه‌رکرده‌کانی کوردستانه، هه‌ر به‌و هۆیه‌یشه‌وه له بواری سیسته‌می کارگێڕی و ڕۆژنامه‌گه‌ری و دیپلۆماسی و سیاسی‌دا به شێوه‌یه‌کی فراوان گه‌شه‌ی کردووه و له ڕووی زاراوه‌سازییه‌وه ده‌وڵه‌مه‌ندتر بووه.
لێره‌دا، ڕه‌سمیبوونی سۆرانی له سێ حکوومه‌تی کورد و له "شۆڕشی ئهیلوول"دا کراوه‌ته سه‌رچاوه‌ی گه‌شه‌کردنی فراون له بواری کارگێڕی، ڕۆژنامه‌گه‌ری، دیپلۆماسی و سیاسی‌دا و، ده‌وڵه‌مه‌ندتربوونی له ڕووی زاراوه‌سازییه‌وه. ئه‌و ڕستانه‌ش پێکهاته‌ی ئیستیدلالیان هه‌یه و ئیستیدلالێکی خراپیش نییه: ئه‌گه‌ر زمانێک له سێ حکوومه‌تدا ڕه‌سمی بووبێ، ده‌کرێ چاوه‌ڕێ بین که به لای که‌مه‌وه له زاراوه‌سازی له‌و بوارانه‌دا ده‌سکه‌وتی هه‌بووبێ یان پێش که‌وتبێ. دروستبوونی ئه‌و ئیستیدلاله له‌وه‌دایه که نه‌تیجه(ده‌وڵه‌مه‌ندیی به‌رهه‌می زاراوه‌یی) و فه‌رز (ره‌سمیبوون و دهوڵهتیبوون) یه‌ک نین و ده‌کرێ نه‌تیجه‌که له فه‌رزه‌که وه ده‌ربخرێ.
تا ئێسته ته‌نیا باسی پێکهاته‌ی ئیستیدلاله‌که، واته پێوه‌ندی فه‌رز و نه‌تیجه‌م کردووه و، لێره‌دا پێویسته زۆر به کورتی سه‌یرێکی ئه‌و ڕووداوانه له بڕگه‌ی مێژوویی خۆیاندا بکه‌ین:
ئهلف) حکوومه‌تی شێخ مه‌حموود، ته‌نیا له ناوچه‌ی سلێمانی ده‌سه‌ڵاتی هه‌بوو و گشت ناوچه سۆرانیاخێوهکانی له به‌رده‌ستدا نه‌بوو و له ناوچه کورمانجیاخێوهکانیش دوور بوو. ئه‌و زه‌مانیش زۆربه‌ی خه‌ڵک له گونده‌کاندا ده‌ژیان، به‌سترابوونه‌وه به زه‌وی، هاتووچۆ که‌م بوو و، زۆربه‌ی خه‌ڵک، له شار و له دێ‌دا، نه‌خوێنده‌وار بوون. که‌وابوو، بارودۆخی مێژوویی وه‌ها بوو که له‌و حکوومه‌ته‌دا، کێشه‌ی دوولههجهیی و چهندلههجهیی زمانی کوردی نه‌یده‌توانی بێته گۆڕێ. هه‌روه‌ها، ئه‌و حکوومه‌ته ده‌زگایێکی ده‌وڵه‌تیی وای نه‌بوو که بتوانێ زمانی کارگێڕی و سیاسی و دیپلۆماسی، چ کوردی و چ زمانی دیکه، زۆر ده‌کار بێنێ. تۆفیق وه‌هبی بۆ داڕشتنی زمانی کارگێڕی چه‌ند نامێلکهیێکی عه‌سکه‌ریی به کوردی بڵاو کرده‌وه، به‌ڵام ئه‌و زمانه‌ی بۆ کاری سیاسی و کارگێڕی ده‌کار ده‌هات زۆرتر به‌کوردیکردنی تورکیی عوسمانی و عه‌ره‌بی بوو.
ب) کۆماری کوردستانیش، که ته‌مه‌نی یازده مانگ بوو، له موکریانی سۆرانیاخێودا دامه‌زرا و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ناوچه کورمانجیاخێوهکانی باکووری شنۆش سه‌ر به کۆمار بوون، حکوومه‌ت زۆرتر له مه‌هاباد و بۆکان ده‌ستی ده‌ڕۆیشت و ده‌موده‌زگای کارگێڕی له ناوچه کورمانجیاخێوهکاندا، که زۆرتر عه‌شیره‌یی بوو، وه ڕێ نه‌که‌وت. له‌و حکوومه‌ته‌شدا، بارودۆخی مێژوویی ڕێی نه‌ده‌دا کێشه‌ی دوولههجهیی بێته گۆڕێ. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، له مه‌هاباد کومیتهیێک بۆ دانانی زاراوه پێک هات، ده‌رفه‌تی گه‌شه‌پێدان به زمانی کارگێڕی و سیاسی و قانوونیی نه‌بوو.
ج) له یه‌كێتیی سۆڤێت، که نووسه‌ر باسی ناکا، کورمانجی، وێڕای زمانی ڕووسی و زمانی ئه‌و کۆماره‌ی که کوردزمانی تێدا ده‌ژیا، بۆ نووسین و خوێندن ده‌کار ده‌هات. له‌و وڵاته‌شدا، که کورده‌کان به سه‌ر چه‌ند کۆمار‌دا دابه‌ش ببوون، ته‌واوی کورده‌کان کورمانجیاخێو بوون و کێشه‌ی دوولههجهیی زمانه‌که نه‌هاته گۆڕێ. کورمانجی له یه‌کێتیی سۆڤێت بۆ باسی سیاسه‌ت و دیپڵۆماسی و، له چاپه‌مه‌نی و ڕادیۆدا ده‌کار هات.
د) له دوو ده‌وڵه‌تی شێخ مه‌حموود و کۆمار‌دا، مه‌ڵبه‌ندی جوغرافیایی و له‌هجه‌یی هاوبهربوون و ڕابه‌رایه‌تیی (شێخ مه‌حموود و قازی محه‌مه‌د و کابینه‌که‌یان) و جه‌ماوه‌ری خه‌ڵک سۆرانیاخێو بوون. به‌ڵام له ده‌موده‌زگای سمایل ئاغای سمکۆدا، که هاوچه‌رخی شێخ مه‌حموود بوو، ئه‌ونده‌ی که به‌ڵگه به ده‌سته‌وه‌یه ده‌رده‌که‌وێ که زمانی کارگێڕیی کورمانجی بووه، به‌ڵام وێده‌چێ ڕۆژنامه‌که‌ی زۆرتر به سۆرانی بووبێ. پهتهیێکی "ادارهء گمرکات ارومی" که تاریخی 1340ی له‌سه‌ر نووسراوه به کورمانجی و فارسی چاپ کراوه و نووسیوێتی: "خدانی اوی پتی کو مالی تجاره‌تی هیه ………. چه کس مزاحم نبت".4
هـ) ئه‌وه‌ی که نووسه‌ر پێی ده‌ڵێ سۆرانی "زمانی ڕه‌سمیی ده‌ستگاکانی شۆڕش" بووه ته‌واو ڕاست نییه و وه‌ک فاکت لاوازه و وه‌ک لێکدانه‌وه ناڕاسته. له‌و ساڵانه‌دا، له 1961 هه‌تا 1975، باسی سۆرانی وه‌ک زمانی ڕه‌سمی نه‌کراوه. به پێچه‌وانه، هه‌ردوو له‌هجه ده‌کار ده‌هاتن دیاره به شێوه‌یێکی نابه‌رابه‌ر. کاتێکی دوای 14ی ته‌مووزی 1958، ڕادیۆ به‌غدا بۆ هه‌وه‌ڵ جار به‌شێک له به‌رنامه‌ی به‌شی کوردیی کرد به سۆرانی، هێندێک له سۆرانیاخێوهکان ئه‌وه‌یان وه‌ک سیاسه‌تێکی دابه‌شکه‌رانه‌ی دژی کورد له قه‌ڵه‌م دا.
به‌ڵام دوای ساڵی 1961 که به‌شێک له کوردستانی عێراق له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی به‌غدا هاته ده‌رێ و که‌وته ده‌ستی پارتیی دێمۆکراتی کوردستان و ڕادیۆی "ده‌نگی کوردستان" دامه‌زرا و به‌رنامه‌کانی له ته‌واوی کوردستان و له ناوچه‌دا ده‌بیسترا، هه‌ردووک له‌هجه ده‌کار هاتن.5 له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا زۆربه‌ی چاپه‌مه‌نی و به‌رنامه‌ی ڕادیۆیی به سۆرانی بوو، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که ڕابه‌رایه‌تی و ناوچه‌که و زمانی ئاخاوتن به سه‌ر دوو لههجهکهدا دابه‌ش ببوو، به پێجه‌وانه‌ی حکوومه‌تی شێخ مه‌حموود و کۆمار، کێشه‌ی دوو له‌هجه‌که تا ڕاده‌یێک هاته گۆڕێ و به ده‌کارهێنانی هه‌ردوو له‌هجه‌که، ئه‌گه‌رچی به شێوه‌یێکی نابه‌رابه‌ر، چاره‌سه‌ر کرا. که‌وابوو، ئه‌زموونی ساڵانی 1961-1975 ئه‌وه ده‌رده‌خا که بارودۆخی مێژوویی له گۆڕاندا بوو و ده‌وری بادینان و خه‌ڵکه‌که‌ی و له‌هجه‌که‌ی له بزووتنه‌وه‌ی سیاسیی کوردستاندا له سه‌ره‌خۆ، به‌ڵام به به‌رده‌وامی، قورس‌تر ده‌بوو.
و) له سوورییه، که وه‌ک یه‌کێتیی سۆڤێت ته‌واو کورمانجیاخێون، ئه‌وه‌نده‌ی ڕۆژنامه‌گه‌ری و به‌رنامه‌ی ڕادیۆیی (له ساڵانی شه‌ڕی دووهه‌می جیهانیدا) هه‌بوو له‌هجه‌ی کورمانجی ده‌کار ده‌هێندرا. له چاپه‌مه‌نی و به‌رنامه‌ی ڕادیۆیی ئه‌و ساڵانه‌دا حه‌ولێکی زۆر درا بۆ دانان و ده‌کارهێنانی زاراوه‌ی سیاسی و دیپلۆماسی و عه‌سکه‌ری.
ز) وه‌پێشکه‌وتنی سۆرانی له زاراوهڕۆناندا نابێ وه‌ک وه‌دواکه‌وتنی کورمانجی دابندرێ چونکه له بواری وشه و زاراوه‌دا دوو له‌هجه‌کان ناته‌با نین و زۆربه‌ی زاراوه‌یێکی که به یه‌کێک له‌و دوو له‌هجانه دابندرێ بۆ له‌هجه‌که‌ی دیش به کار دێت.
به کورتی، نووسه‌ر ده‌سته‌وداوێنی مێژوو بووه بۆ ئه‌وه‌ی بیسه‌لمێنێ که هه‌ورامی و کورمانجی پهنگاویان خواردۆته‌وه، به‌ڵام خوڕاوی سۆرانی به هاژه‌هاژ و گڤه‌گڤ له چیاکان به‌ره‌و ده‌ریای شارستانێتی خوڕ بۆته‌وه و، قه‌ڵبه‌زه و قه‌ڵه‌مبازه‌کانی بواری له ئاخێوه‌ری گشت له‌هجه‌کان بڕیوه. به‌ڵام ئه‌و خوێندنه‌وه‌ی مێژووی زمانی کوردی خوێندنه‌وه‌یێکی سیاسی و ئیده‌ئۆلۆژییه که وه دوای یه‌ک نه‌ته‌وه و یه‌ک زمان و یه‌ک له‌هجه ده‌که‌وێ و مێژوو وا داده‌ڕێژێ که له خزمه‌ت ئه‌و پڕۆژهیهدابێ. با بێمه سه‌ر خاڵی چوار که نووسه‌ر باسی کێشه‌ی گرینگی په‌روه‌رده ده‌کا:
4. کوردیی خواروو له ماوه‌ی 90 ساڵی ڕابوردوودا زمانی ڕه‌سمیی خوێندن و په‌روه‌رده بووه له خوێندنگه‌کانی کوردستانی عیراقدا، له پله جیاوازه‌کانی خوێندندا، له سه‌ره‌تاییه‌وه تا ده‌گاته زانستگه، سا ئیتر ئه‌و سیسته‌می په‌روه‌رده‌یه له ناوچه‌یه‌کی سنوورداردا بووبێت یا سه‌رتاسه‌ری کوردستانی عیراقی داپۆشیبێت. ئێستایش سیسته‌می خوێندن و په‌روه‌رده نزیکه‌ی سه‌رتاسه‌ری کوردستانی گرتووه‌ته‌وه و هه‌ر به‌و شێوه‌زمانه‌یش داڕێژراوه.
ئه‌و دوو ڕستانه‌ش بایه‌خی به‌ڵگه‌ییان نییه. "سیسته‌می خوێندن و په‌روه‌رده"ی نوێ به هه‌ردووک له‌هجه داڕێژراوه، هه‌م له ڕاده‌ی سه‌رانسه‌ری کوردستاندا و هه‌م له کوردستانی عێراقدا. ئه‌گه‌ر ده‌کارهێنانی کوردی وه‌ک زمانی په‌روه‌رده له نه‌وه‌د ساڵی ڕابردوودا له به‌رچاو بگرین، کورمانجی له یه‌کێتیی سۆڤێت هاوکات له‌گه‌ڵ کوردستانی عێراق بوو به زمانی په‌روه‌رده و، بۆ ماوه‌یێک، له زۆر باره‌وه له په‌روه‌رده‌ی سۆرانی له پێشتر بوو. هه‌روه‌ها، له ناوچه‌ی بادیناندا له ماوه‌ی پازده ساڵی ڕابردوودا کورمانجی به‌ره‌به‌ره له خوێندنگه‌ی سه‌ره‌تاییه‌وه هه‌تا زانکۆ وه‌ک زمانی خوێندن و لێکۆڵینه‌وه ده‌کار هێندراوه و ده‌بێ بڵێین ئێسته "سیسته‌می خوێندن و په‌روه‌رده" به هه‌ردوو له‌هجه‌یه و، خێراتر له جاران به‌ره‌و دوولههجهیی ده‌ڕوا. با بێینه سه‌ر "به‌ڵگه‌ی" پێنجه‌م:
5. له بواری ڕۆژنامه‌گه‌ری و کتێب و وه‌رگێڕاندا، کوردیی خواروو تا ڕاده‌یه‌کی یه‌کجار زۆر پێش که‌وتووه و شاکاری زۆر گه‌وره و گرنگی پێ نووسراوه و زۆر له شاکاره ئه‌ده‌بی و زانستییه‌کانیش ته‌رجه‌مه‌ی ئه‌م شێوه‌زمانه کراوه.
ئه‌گه‌رچی کوردیی خواروو ئێستایش نه‌خشی زمانێکی ڕه‌سمی و ستاندارد ده‌بینێت، به‌ڵام ده‌کرێ به‌وه ده‌وڵه‌مه‌ندتر بکرێت که وشه و زاراوه و ده‌ربڕین له دیالێکته‌کانی دیکه‌ی زمانی کوردییه‌وه وه‌ربگرێت، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌یان که پاشخانێکی ئه‌ده‌بی و فه‌رهه‌نگییان هه‌یه، وه‌ک کوردی (کرمانجی)ی سه‌روو و هه‌ورامی…
لێره‌شدا پێشکه‌وتنی "تا ڕاده‌یێکی یه‌کجار زۆر"ی ڕۆژنامه‌گه‌ری و کتێب و وه‌رگێڕانی سۆرانی ئیدیعایێکی بێ به‌ڵگه‌یه. ده‌کرێ بپرسین ئه‌و پێشکه‌وتنه له چیدایه؟ چه‌ندێتیی بڵاوکردنه‌وه‌ی کتێب و ڕۆژنامه‌یه یان چۆنێتیی ئه‌و چاپه‌مه‌نییه؟ سۆرانی کام "شاکاری زۆر گه‌وره و گرنگی پێ نووسراوه" که له‌هجه‌کانی دی وه دوا بخا؟ بۆ ئه‌و "شاکارانه" مافی سه‌روه‌ری ده‌ده‌ن به سۆرانی؟ ئاخۆ به له‌هجه‌کانی دی "شاکار" نه‌نووسراوه؟ یان شاکاری ئه‌ده‌بی و زانستی وه‌رنه‌گێڕدراوه‌ته کورمانجی؟ من له به‌شه‌کانی داهاتوودا، وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه و پرسیاری وا ده‌ده‌مه‌وه. ئێسته هه‌ر ئه‌وه‌نده ده‌ڵێم که پڕۆسه‌ی گه‌شه‌کردنی سۆرانی و کورمانجی وه‌ک له‌هجه‌ی ئه‌ده‌بی، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به هۆگه‌لی سیاسی، یه‌کسان و له ئاستی یه‌کتر نه‌بووه، ده‌کرێ بڵێین سۆرانی، وه‌ک زمانی نووسین و خوێندنه‌وه‌ی ژیانی مۆدێرن، له ئاستی کورمانجیدایه و هیچ سنوورێکی تێنه‌په‌ڕاندووه که بتوانێ کورمانجی وه‌پاش بخا. له دانان و وه‌رگێڕانی به‌رهه‌می زانستیدا هه‌ردوو له‌هجه هاوشان و هاوده‌ردن و وه‌ک یه‌ک پێش که‌وتوون و تووشی دواکه‌وتوویی و ئاسته‌نگی بوون. به‌ڵام به بۆچوونی سۆرانی‌خوازان، مێژووی هه‌ورامی و کورمانجی کۆتایی هاتووه و ئه‌گه‌ر ده‌ورێکیان له مێژوودا مابێ خزمه‌تکردنیان به سۆرانییه، ئه‌ویش به دانی وشه و زاراوه‌ی خۆیان بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندکردنی سۆرانی که مێژوو کردوویه‌ته "زمانی هه‌ڵبژارده" و تاقانه.
درێژه‌ی هه‌یه
1 زمانی کوردی له ئاستانه‌ی سه‌رده‌مێکی تازه‌دا http://wwww.kurdishacademy.org/?q=node/415
2 ئه‌و ئیدیعایه جێی سه‌رسووڕمانه. تا ئێستا، هیچ لێکۆڵینه‌وه‌یێکی بیروڕای ئه‌و نووسه‌ر و ڕووناکبیرانه نه‌کراوه. ئه‌وه‌نده ئاشکرایه که ئه‌گه‌ر توێژی "نووسه‌ر و ڕووناکبیرانی شاره‌زای کورد" ته‌نیا سۆرانی-ئاخێو نه‌بن و کورمانجی-ئاخێوان و هه‌ورامی-ئاخێوان و ئاخێوه‌ری له‌هجه‌ی دیشی تێدابێ، له‌وانه‌یه که "به‌شی زۆری به‌گشتی" له‌سه‌ر ئه‌وه کۆک نه‌بن که سۆرانی "تاکه شێوه‌یه‌کی زمانی کوردییه که ده‌توانێت و ده‌بێ بکرێ به زمانی ڕه‌سمیی کوردستان." لێره‌دا، ڕه‌نگه کاک فه‌رهاد پێشبینی ڕه‌خنه‌یێکی وای کردبێ و وا ده‌گه‌یێنێ که ئه‌و نووسه‌ر و ڕووناکبیرانه‌ی که بڕوایان به پڕۆژه‌ی "ته‌نیا سۆرانی" نه‌بێ شاره‌زا نین.
3 کورمانجی و هه‌ورامی زمانی ڕه‌سمیی هیچ ئه‌ماره‌تێک نه‌بوون. هه‌ورامی له ئه‌ماره‌تی ئه‌رده‌ڵاندا یه‌کێک له زمانه ئه‌ده‌بییه‌کان بووه که بۆ به‌رهه‌می شێعری ده‌کار هاتووه به‌ڵام نامه‌نووسین و کارگێڕی به فارسی و عه‌ره‌بی بووه. پێوه‌ندی کورمانجی و ئه‌ماره‌ته کورمانجی-ئاخێوهرهکانیش هه‌ر وا بووه. له بواری ئاییندا، کورمانجی و هه‌ورامی زۆرتر له سۆرانی ده‌کار ده‌هاتن چونکه یه‌کیان زمانی ئیزه‌دییه‌کان و ئه‌وی دیکه زمانی ئه‌هلی حه‌ق بووه. دوای ڕووخانی ئه‌ماره‌ته‌کان، هه‌ردوو له‌هجه ژیانی ئه‌ده‌بی خۆیان، هه‌رکام له شه‌رت و مه‌رجی جیاوازدا، درێژه پێ دا. من له به‌شه‌کانی داهاتوودا ئه‌و باسه زۆرتر شی ده‌که‌مه‌وه.
4 بۆ دیتنی وێنه‌ی ئه‌و به‌ڵگه‌یه بڕوانه: محمد تمدن، اوضاع ایران در جنگ اول یا تاریخ ڕضائیه، ارومیه، موسسه مطبوعاتی تمدن، 1350، صفحه 372.
5 بۆ نموونه‌ی وتار و گۆشه‌ی ڕادیۆ به کورمانجی بڕوانه: ده‌نگی کوردستان، ژماره 1، کانوونی دووه‌می 1975، ئه‌مانه‌تی گشتی ی ڕۆشنبیری و ڕاگه‌یاندن و لاوان – ئیستگه‌ی ده‌نگی کوردستانی عیراق، ، چاپخانه‌ی "خه‌بات" – کوردستانی عیراق، 246 لاپه‌ره.
نموونه‌ی زمانی کارگێڕی کوردستانی عێراق: کۆڤاری هه‌تاو، ساڵی 3، ژماره‌ی 71، 31ی ئابی 1956
نموونه‌ی زمانی کارگێڕی حکوومه‌تی شێخ مه‌حموود: امید استقلال. ساڵی 1، ژماره‌ی 19، 15ی شعبانی 1343، لاپه‌ڕه‌ی 4
نموونه‌ی زمانی کارگێڕی کۆماری کوردستان: سه‌رچاوه: ده‌وڵوتی جمهوری کوردستان، نامه‌و دۆکومێنت، به‌رگی دووه‌م، مه‌حمود مه‌لا عززه‌ت، سلێمانی 2003، چاپی دووه‌م، لاپه‌ڕه‌ی 802
——————————-
تێبیبی: ئه‌م وتارە له ژماره‌ی 24ی هه‌فته‌نامه‌ی فه‌رهه‌نگ لە 31ی مارسی 2010 بڵاو بووه‌ته‌وه
به‌شی یه‌كه‌می ئه‌م وتاره لێره‌دایه