مارۆگولۆف و ئه‌لفوبێ لاتینیه‌که‌ی
چیا مازی،
مارۆگولۆف کێیه؟
مارۆگولۆف و ئه‌لفوبێ لاتینیه‌که‌ی
چیا مازی،
مارۆگولۆف کێیه؟
ئیسحاق مارۆگولۆف،پێشه‌نگی ئه‌لفوبێی کوردی لاتینییه. وه‌لێ کوردانی باکوور شتێکی ئه‌وتۆیان له‌سه‌ر به‌رهه‌مه‌کانی و ئه‌لف و بێیه‌که‌ی نه‌بیستوه. بۆیه ویستم ده‌رباره‌ی ئه‌م زاته هه‌ندێک زانیاری کۆ بکه‌مه‌وه و شاره‌زای ژیان و تێکۆشانی بم. به‌ڵام به‌داخه‌وه له‌ئه‌نته‌رنێتدا ته‌نێ چه‌ند نوسراوێک هه‌بوون که ئه‌وانیش به‌تورکی نووسرابوون. نوسینه‌کانیش له‌کتێبێک به‌ناوی (سیانزه لاپه‌ڕه‌ی سه‌رنج راکێش له‌مێژووی گه‌لی کورد ”Kurt Halk Tarîhînden 13 ilginç yaprak”) وه‌رگیرابون. واته کتێبی نووسه‌ر و رۆشنبیر جه‌لیلێ جه‌لیل که له وه‌شانخانه‌ی ئه‌ڤره‌نسه‌ل چاپکراوه و ساڵی 2007 حه‌سه‌ن کایا ته‌رجومه‌ی کردوه. به‌ڕای من پێویسته زمانزانه‌کان کار له‌سه‌ر ئه‌مه بکه‌ن و بیخه‌نه گفتوگۆوه.
له‌گه‌ڵ خۆمدا وتم با جارێک منیش سه‌رنج رابکێشمه سه‌ر ئه‌م بابه‌ته و ئه‌م مرۆڤه رێزداره له‌تۆی بابه‌تێکی کوردی‌دا بگونجێنم.
ده‌ڵێن؛
ئیسحاق مارگولۆف کوڕی فه‌رهاده و به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ک ئا‌شوورییه. له‌سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌مدا بنه‌ماڵه‌که‌یان کۆچبه‌ری ئه‌رمه‌نستان بوون و له‌گوندی ”دڤین” که سه‌ر به ”ئه‌ریڤان”ه نیشته‌جێ بوون. مارگولۆف ساڵی 1868 له‌دایکبوه و دوای ئه‌وه‌ی خوێندنی مامۆستایه‌تی ته‌واو کردوه، له‌ساڵی 1888ه‌وه سه‌ره‌تا له‌گوندی ”شاته‌خت”ی نه‌خجه‌وان و ئینجا له‌گوندی ”قه‌مه‌رلی” مامۆستایه‌تی کردوه. به‌هۆی ئه‌وه‌ی ساڵانه له‌گه‌ڵ ماڵباته‌که‌ی ده‌چنه هه‌واری ”ئه‌له‌گه‌ز” بۆ ناو خانه‌واده کورده‌کان، له‌ڕێی مناڵانی کورده‌وه فێری ئه‌و زمانه ده‌بێت و وه‌کوو زمانی زگماکی خۆی قسه‌ی پێده‌کات و به‌کاری دێنێت.
ده ساڵی 1905دا بۆ مامۆستایه‌تی ره‌وانه‌ی گوندی ”زۆرێ” ده‌کرێت که‌دانیشتوانی کوردن. هه‌ر وه‌ک کوڕه‌که‌ی ده‌گێڕێته‌وه له‌وێ ئه‌لفوبێی زمانی کوردی ئاماده ده‌کات. هه‌روه‌ک ده‌زانین ساڵانی 1920 قۆناغی وشیاربوونه‌وه و پێشکه‌وتنی کوردانی سۆڤییه‌ته. هه‌ر له‌و ساڵانه‌دا، ده‌وڵه‌ت ده‌یه‌وێت ئه‌لفوبێ بۆ زمانی که‌مینه‌کان چێ بکات. بۆ چاره‌سه‌رکردنی ئه‌م پرسگرێکه، یه‌کێتی سۆڤییه‌ت ده‌وڵه‌تی قه‌فقازیا راده‌سپێرێت و له‌وێ لێژنه‌یه‌ک له‌که‌سانی پسپۆڕ پێکدێت که خه‌بات ده‌که‌ن بۆ ئاماده‌کردنی ئه‌لفوبێ بۆ که‌مینه زمانییه‌کان. بڕیاری ئه‌لفوبێی لاتینی بۆ گه‌له‌ک زمانی وه‌ک (تورکی، کوردی، ئاشووری، ئۆسه‌ت) ده‌درێت و داوا له‌زانایانی ئه‌و نه‌ته‌وانه ده‌کرێت له‌به‌رامبه‌ر هه‌ر ده‌نگێکدا تیپێکی لاتینی بدۆزنه‌وه‌و وه‌ک راپۆرتێک پێشکه‌ش به لێژنه‌که‌ی بکه‌ن.
سه‌ره‌تا که‌سانی وه‌ک ”ئۆربه‌للی” و ”ن. مار” که‌وتنه خۆ، به‌ڵام سه‌رکه‌وتنیان به‌ده‌ست نه‌هێنا. له‌و کاته‌دا مارگولۆڤیش که‌وته ناو هه‌وڵدانێکی چڕوپڕه‌وه بۆ دانانی ئه‌لفوبێیه‌ک به‌زمانی کوردی. له‌ساڵی 1928دا مارگولۆف به‌گوێره‌ی فۆنه‌تیکی زمانی کوردی ئه‌لفوبێیه‌ک داده‌نێت و راده‌ستی لێژنه‌که‌ی ده‌کات که لێژنه‌که‌ش په‌سندو پێشکه‌شی ده‌وڵه‌تی قه‌فقازیای ده‌کات. له‌ساڵی 1929دا ده‌وڵه‌تی قه‌فقازیا به‌شێوه‌یه‌کی فه‌رمی ئه‌لفوبێی مارگولۆف ده‌په‌ژرێنێ. به‌دوای ئه‌مه‌دا مارگولۆف هه‌وڵی ناساندنی ئه‌لفوبێیه‌که‌ی ده‌دات، مامۆستایانی کورد له‌ده‌وری یه‌ک کۆ ده‌کاته‌وه و فێری ئه‌لفوبێی تازه‌یان ده‌کات. به‌ناو کورده‌کاندا ده‌گه‌ڕێت و پێیان ده‌ناسێنێ.
به‌ڵام له ساڵی 1930دا ئه‌م ئه‌لفوبێیه له‌لایه‌ن وڵاتانی سۆڤییه‌ته‌وه هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه، له‌ساڵی 1941دا له‌ئه‌رمه‌نستان و به‌پێی بڕیارێكی ئه‌و وڵاته ئه‌لفوبێی كوردی به‌تیپی كریلی داده‌نرێت و دانی پیا ده‌نرێت. نه‌ته‌نێ ئه‌لفوبێی كوردی، به‌ڵكه هه‌موو ئه‌وانه‌ی به‌لاتینی ئاماده كرابون، هه‌ڵوه‌شێنرانه‌وه و كران به‌تیپی كریلی. ئه‌مه‌ش بێ ئیراده‌ی كورد‌و نه‌ته‌وه‌كانی تر پێكدێت.
مارگولۆف تا له‌ژیاندا بوو (6ی ره‌زبه‌ری 1933 كۆچی دوایی كردوه) كاری له‌سه‌ر ئه‌لفوبێی و زمانی كوردی كرد. له‌گۆڤارێكی روسی زماندا به‌ناوی ”وێژه‌و چاندی رۆژهه‌ڵات” بابه‌تێكی زانستی له‌سه‌ر ئه‌لفوبێی كوردی بڵاو ده‌كاته‌وه‌و ئه‌م نوسینه‌ش ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی زۆری ده‌بێت. دواتر چه‌ندین دۆسیه و به‌رهه‌می تریش هه‌ر له‌مباره‌وه ئاماده ده‌كات.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌خه‌باته‌كه‌ی مارگولۆفدا جێگه‌ی داخه ئه‌وه‌یه كه هه‌وڵه‌كانی هاوكاتن له‌گه‌ڵ خه‌باتی جه‌لاده‌ت به‌درخان و هاورێیانی، ئه‌مه‌ش تا راده‌یه‌ك ماندوبونی ئه‌وی شاردۆته‌وه. به‌ڵام چی كردوه كه ئاگایان له‌یه‌كتر نه‌بووه و سودیان له‌یه‌كتری وه‌رنه‌گرتوه. ئه‌وه‌ی ئاشكرایه ئه‌لفوبێیه‌كه‌ی مارگولۆف له 37 پیت پێكدێت.
ژێده‌ر: 13 لاپه‌ڕه‌ی سه‌رنج راكێش له‌مێژووی گه‌لی كورد، (Kurt Halk Tarîhînden 13 ilginç yaprak)، جه‌لیلێ جه‌لیل، وه‌شانخانه‌ی ئه‌ڤره‌نسه‌ل، له‌وه‌رگێڕانی؛ حه‌سه‌ن كایا، 2007.
تێبینی: ئه‌م وتاره له‌لاین ماڵپه‌ڕی ڕێنێسانس نیوز له كوردی سه‌روو به پیتی لاتینی وه‌رگێراوه و هێنراوه‌ته سه‌ر كوردی ناوینی به پیتی عره‌بی