نوسه‌ر: میر جه‌لاده‌ت عالی به‌درخان
وه‌رگێڕانی: عه‌لی شێخۆ – كورده‌وان فاروق
كاتێك كه پیاوێكی زیره‌ك و به‌هێز په‌یداده‌بێت، ده‌توانێت به ته‌نیا زمانێكی پارچه پارچه سازبكات، ئه‌وكات دورنییه زمانێكی مردوش زیندو بكاته‌وه.
ئێمه ئێستا باسی پیاوێكی له‌وشێوه‌یه ده‌كه‌ین كه په‌یدابوه و زمانێكی مردوشی تازهكردوهتهوهو ئه‌و زمانه‌شی خستوه‌ته ناو زمانه زندوهكانهوه، ناو ئه‌و زمانانه‌ی كه مرۆڤ قسه‌ی پێده‌كه‌ن و مه‌به‌ستی خۆیانی پێ ده‌رده‌بڕن.
ئێمه وتمان زمانه زیندوه‌كان و زمانه مردوه‌كان، بێگومان له‌بواری ژیاندا زمانیش وه‌كو مرۆڤ و وه‌كو هه‌ر زینده‌وه‌رێك زاوزێ ده‌كات، ده‌ژی و ده‌مرێت.
هه‌ندێك له زمانه مردوه‌كان هه‌ن بزر ده‌بن و دوای خۆیان هیچ شتێك به‌جێناهێڵن، نه نوسینێك، نه په‌رتوكێك، هه‌ندێكیش له‌دوای خۆیان پاشماوه‌ی گه‌وره و كتێبی هێژا به‌جێده‌هێڵن، ئه‌و كتێبانه‌ش تائێستا ده‌خوێنرێنه‌وه، به‌ڵام ئه‌و زمانانه بۆ خۆیان مردون، له‌به‌رئه‌وه‌ی زمانی قسه‌كردن نین و هیچ كه‌سێكیش قسه‌یان پێناكات.
له ئه‌وروپا زمانی لاتینی، له خۆرهه‌ڵاتیش زمانی عیبری زمانی مردوبون، لاتینی تائێستاش زمانێكی مردوه، به‌ڵام عیبری ئیدی زمانێكی مردونییه، به‌ڵكو زمانێكی زیندوه.
به‌ڵێ ئه‌و پیاوه به‌توانایه له‌نێوان جوله‌كه‌كاندا ده‌ركه‌وت و زمانی عیبری نۆژه‌ن و تازه‌كرده‌وه، عیبری خۆی زمانێكی سامی كۆنه، هاوڕێی زمانی عه‌ره‌بییه، ته‌ورات یه‌كێكه له‌و چوار كتێبه گه‌ورانه‌ی كه به عیبری وتراوه و نوسراوه، به ته‌نیا زاناكان دهیانزانیو له كڵێساندا ته‌ورات به‌م زمانه ده‌خوێنرایه‌وه.
جوله‌كه‌كان به زمانی دیكه‌ی ئه‌و وڵاتانه‌ی كه تێیدا نیشته‌جێبون، قسه‌یان ده‌كرد، واته زمانێكی میللی سه‌ربه‌خۆ بۆ جوله‌كه‌كان نه‌بو، له‌به‌رئه‌وه به زمانه بیانییه‌كان قسه‌یان ده‌كرد.
له ساڵی 1877دا توركیا له شه‌ڕی به‌رامبه‌ر روسیادا شكستی خوارد، به‌وهۆیه‌وه میلله‌تانی به‌لكان له بنده‌ستی توركه‌كان رزگاریان بون، رزگاركردنی گه‌لانی به‌لكان به یارمه‌تیی روسیا ئه‌نجامدرا، روسیا زۆر خه‌ریكی ئه‌و كاره بو، هه‌روه‌ها رۆژنامه‌كانی روسیش زۆر باس له تێكۆشینی میلله‌ت و وڵاتانی بهلكانی تازه‌ی ده‌كرد.
له‌و سه‌رده‌مه‌دا له روسیا گه‌نجێكی جوله‌كه به ناوی ئهلیێزهر بن یه‌هودا هه‌بو، كوڕه‌كه‌ی یه‌هودا وه‌كو هه‌ركه‌سێك خه‌ریكی ئه‌و شه‌ڕه بو، ته‌ماشای ده‌كرد كه میلله‌ته‌كانی بنده‌ست وه‌كو سربی و بولگاری و ئه‌وانی دیكه له‌ژێر نیری داگیركهرهكهیان رزگار ده‌بن و ئامانجه‌كه‌یان به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆبون به‌دیده‌هێنن. یه‌هودا له‌گه‌ڵ ئه‌م روداوانه‌دا له بارودۆخی میلله‌تی خۆشی ئاگاداردهبو، به‌و بارودۆخه زۆر خه‌مبار ده‌بو.
یه‌هودا تێبینی ده‌كرد كه ره‌وشی میلله‌ته‌كه‌ی له ره‌وشی هه‌ر میلله‌تێكی دیكه خراپتره، چونكه جوله‌كه نه‌ك به ته‌نیا بێ وڵات و بێ حكومه‌ت بون، به‌ڵكو زمانیشیان نییه و به زمانی خه‌ڵكانی دیكه قسه‌ده‌كه‌ن.
جوله‌كه‌ی گه‌نج بایاری خۆی دا‌و له‌دڵی خۆیدا وتی ده‌بێت جوله‌كه‌كان بگه‌ڕێنه‌وه وڵاته دێرینه‌كه‌ی خۆیان، وڵاتی كوڕه‌كانی ئیسرائیل، هه‌روه‌ها ده‌بێت جوله‌كه‌كان وه‌كو خه‌ڵكی زمانیان هه‌بێت و هه‌مویان قسه‌ی پێبكه‌ن، ئه‌م زمانه‌ش زمانی پێشتریان، زمانی عیبرییه.
یه‌هودا فێری زمانی خۆی بو، ساڵی 1878 به‌ره‌و پاریس، ئه‌و شاره هاوینه‌هه‌واره به‌ڕێكه‌وت، له‌وێ ئهلیێزهر بن یه‌هودا تێكه‌ڵاوی جوله‌كه‌كانی پاریس بو، ئهلیێزهر له‌لایه‌كه‌وه زمانه‌كه‌ی به‌ره‌وپێشه‌وه ده‌برد، له‌لایه‌كی دیكه‌وه هزری میللی خۆی بڵاوده‌كرده‌وه، به‌ڵام میلله‌ته‌كه‌ی خۆی له به‌رامبه‌ری ده‌وه‌ستان و پێیان ده‌وت ئه‌مه مرۆڤێكی شێته، به‌ڵام یه‌هودا گوێی له قسه‌یان نه‌ده‌گرت و له‌پێناوی هیوای گه‌وره‌دا خۆی به هه‌ستێكی جوان و به‌رز خه‌باتی ده‌كرد. یه‌هودا له‌به‌رچاوی خۆی دانابو له میلله‌تی بێ زمانی خۆی، میلله‌تێكی خاوه‌ن زمان دروستبكات.
یه‌هودا خۆی فێری زمانه‌كه‌ی، زمانی عیبری بوه‌و ئێستا ئه‌و ده‌یه‌وێت عیبری له‌نێوان كۆمه‌ڵگای میللهتهكهشیدا بڵاوبكاته‌وه، بۆ چاندنی تۆوه‌كه‌ی پێویستی به زه‌وییه‌ك هه‌بو. له ساڵی 1881دا ئهلیێزهر كچی مامۆستاكه‌ی خۆی هێناو به‌ره‌و فه‌له‌ستین به‌ڕێكه‌وتن، به‌مشێوه‌یه ژنێك، گه‌وره خانمێك له‌به‌رده‌ستی په‌یدابو، یه‌هودا له رێگای گه‌شته‌كه‌یدا وانه‌ی به ژنه‌كه‌ی ده‌وت، هه‌تا گه‌یشتنه خاكی فه‌له‌ستین ژنه‌كه‌ی فێری چه‌ند وشه‌یه‌كی عیبری بو.
كاتێك پێیان نایه خاكی پێشوی خۆیانه‌وه، یه‌هودا به ژنه‌كه‌ی وت: “له‌مه‌ودوا ئێمه ته‌نیا به عیبری قسه ده‌كه‌ین”، ژنه‌كه زۆر كه‌م عیبری ده‌زانی، له‌به‌رئه‌وه زۆر هه‌وڵی دا، به‌ڵام مێرده‌كه‌ی له بڕیاری خۆی پاشگه‌ز نه‌بوه‌وه، پێویستی به ئاماژه كردنیش نییه كه منداڵه‌كانی یه‌هودا تا گه‌وره‌ش بون جگه له عیبری زمانێكی دیكه‌یان نه‌ده‌زانی، له‌به‌رئه‌وه له‌ناو خه‌ڵكدا وه‌كو كه‌سانی لاڵ له‌قه‌ڵه‌م ده‌دران، به‌ڵام به‌م هه‌وڵه گه‌لی جوله‌كه وه‌كو میلله‌تانی دیكه بوه‌ته خاوه‌نی زمانێكی سه‌ربه‌خۆ.
یههوداو خێزانه‌كه‌ی له گه‌مارۆدا ده‌ژیان، به‌ڵام بێ‌باك بون، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئامانجی گه‌وره پێویستی به فیداكاریی گه‌وره هه‌یه، خواردنی یه‌هودا نانی وشك بو، به‌ڵام كاتێك كه ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌ی به عیبری قسه‌یان ده‌كرد، خۆی به به‌ختیارترین مرۆڤ له جیهان ده‌زانی.
دواتر یه‌هودا رۆژنامه‌یه‌كی به عیبری بڵاوكرده‌وه و خوێنه‌ریشی بۆخۆی په‌یداكرد، ورده‌ورده له چه‌ند خوێندنگایه‌كی جوله‌كه‌كان ده‌ست به خوێندنی عیبری كرا، له‌لایه‌كی دیكه‌وه یه‌هودا فه‌رهه‌نگێكی بۆ میلله‌ته‌كه‌ی سازكرد، ئه‌و وشانه‌ی كه له زمانه مردوهكاندا نین، بۆ فه‌رهه‌نگه‌كه‌ی زیاد ده‌كرد، زمانی عیبریش له‌ناو جوله‌كه‌كاندا بڵاوده‌بوه‌وه. له ساڵی 1922دا كاتێك كه ئهلیێزهر مرد، زمانی عیبری كه پێش (30- 40) ساڵ زمانێكی مردوبو، ببوه زمانی میلله‌ته‌كه‌ی. ئه‌م زمانه ئێستا (١) له فه‌له‌ستین هاوشانی عه‌ره‌بی و ئینگلیزی زمانێكی فه‌رمییه، زمانی ده‌وڵه‌ت و حكومه‌تیشه.
ئه‌ی گه‌لی كورد ئه‌مه‌یه پیاوێك و زمانێك و ئه‌وه‌ی كه به توانای پیاوێك ده‌كرێت.
له‌ئاكامی كاری ئه‌م پیاوه‌دا په‌ند و شیره‌تی گه‌وره هه‌یه، هه‌ر میلله‌تێكی بنده‌ست و بێ زمان یان بێ زمانی نوسین، ده‌بێت په‌ندی لێوه‌رگرێت، ئێمه‌ی كورد زمانێكی نازدارمان هه‌یه و قسه‌ی پێده‌كه‌ین، زۆربه‌مان جگه له‌م زمانه، زمانێكی دیكه نازانین، ئه‌وه‌نده به‌سه كه ئێمه فێری خوێندن و نوسینی زمانی خۆمان ببین.
ئه‌مڕۆ فێربونی خوێندن و نوسینی زمانی دایك بۆ هه‌ر میلله‌تێك نه‌ك كارێكی كه‌سییه، به‌ڵكو ئه‌ركێكی میللیشه، هه‌ركه‌سێك ئه‌م ئه‌ركه‌ی جێبه جێنه كردوه، ئه‌ركی میللیی خۆشی جێبه جێنه كردوه و به‌كه‌ڵكی میلله‌ته‌كه‌شی نایه‌ت، مرۆڤ تا خۆی سه‌ر به میلله‌تێك بزانێت، ده‌بێت به‌كه‌ڵكی میلله‌ته‌كه‌ی بێت.
دوای ئه‌وه‌ی ئێمه‌ی كوردیش وه‌كو میلله‌تانی دیكه بوینه‌ته خاوه‌نی ئه‌لفوبێیه‌كی سه‌ربه‌خۆ، خوێندن و نوسینی زمانه‌كه‌مان زۆر ئاسان بوه، ئه‌زمونمان ئاشكرای ده‌كات كه مرۆڤی كورد توانای هه‌یه له‌ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌ك تا چوار هه‌فته‌دا فێری خوێندن و نوسینی زمانی خۆی ببێت.
به‌ڵێ زۆربه‌ی كورده‌كان ته‌نیا زمانی دایكی خۆیان ده‌زانن، له‌به‌رئه‌وه چ له ماڵ بێت چ له ده‌ره‌وه، ته‌نیا به كوردی قسه‌ده‌كه‌ن، به‌ڵام هه‌ندێك له كورده‌كان هه‌ن له وڵاتانی بیانی له‌دایكبون یان له‌و وڵاتانه ده‌ژین، ئه‌وه‌ی كه بۆ ئه‌وانه پێویسته ئه‌گه‌ر زمانی خۆیان نازانن، پێش هه‌مو شتێك فێری زمانی خۆیان ببن و دواتر له ماڵی خۆیان له‌گه‌ڵ خزم و كه‌سوكاریان هه‌روه‌كو ئهلیێزهر ته‌نیا به كوردی قسه‌بكه‌ن.
به‌ڵێ ده‌بێت ئه‌م كوردانه كاتێك له ده‌ره‌وه دێنه‌وه بۆ ماڵه‌وه، وه‌كو چۆن جلوبه‌رگی ده‌ره‌وه به جلوبه‌رگی ناوماڵ ده‌گۆڕن، زمانی خۆشیان به‌وشێوه‌یه بگۆڕن و به زمانی شكستی له ماڵه‌وه قسه نه‌كه‌ن و زمانی ماڵ، زمانی دایك وه‌كو شتێكی پیرۆز بپارێزن.
١. وه‌رگێڕ: میر جه‌لاده‌ت ئه‌م گوتاره پێش دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل له ساڵی 1942دا نوسیوه.
سه‌رچاوه: ئازیزان، هه‌ره‌كۆل، (1942) (پیاوێك‌و زمانێك)، (هاوار) ژماره (40).
Em wutare le mallperrí Sibey wergirawe ú bo karberaní KAL hínirawete ser rénúsí Yekgirtú