زمانی کوردی له ئاستانه‌ی سه‌رده‌مێکی تازه‌دا (2)
فه‌رهاد شاكه‌لی, هه‌ولێر پۆست (15/12/2008)
یه‌که‌م: ڕێنووس و ئه‌لفوبێ
ئهلف: ڕێنووس یا ڕاستنووسی (Orthography)
پاشخانێکی مێژوویی، به کورتی
زمانی کوردی له ئاستانه‌ی سه‌رده‌مێکی تازه‌دا (2)
فه‌رهاد شاكه‌لی, هه‌ولێر پۆست (15/12/2008)
یه‌که‌م: ڕێنووس و ئه‌لفوبێ
ئهلف: ڕێنووس یا ڕاستنووسی (Orthography)
پاشخانێکی مێژوویی، به کورتی
کێشه‌ی ڕێنووس له زمانی کوردی‌دا یه‌کێکه له‌و کێشانه‌ی که هه‌ر له زۆر زووه‌وه زمانزانانی کورد هه‌ستیان پێ کردووه و هه‌وڵیان داوه چاره‌سه‌ری بۆ بدۆزنه‌وه، به‌و ئامانجه‌ی که بتوانرێ وشه‌ی کوردی به شێوه‌یه‌کی ڕاستی وا بنووسرێت که له‌گه‌ڵ شێوه‌ی گۆکردنی وشه‌کاندا و له‌گه‌ڵ ده‌نگه‌کانی زمانی کوردی‌دا بگونجێت. دیاره کێشه‌ی ڕێنووس ته‌نیا پێبه‌ستی ده‌نگ (لێره‌دا مه‌به‌ستم فۆنه‌تیکه) نییه، به‌ڵکه پێوه‌ندییه‌کی زۆریشی به ڕێزمانه‌وه، به مۆرفێمی وشه‌کانه‌وه و به سینتاکسیشهوه، هه‌یه.
چاره‌سه‌ری کێشه‌کانی ڕێنووسی کوردی به کۆمه‌ڵێ قۆناغی جیاوازدا تێپه‌ڕیوه و کارێکی یه‌کده‌ست و یه‌کگرتوویش نه‌بووه، چونکه نه ده‌ستگایه‌کی سیاسی و کارگێڕی و نه ده‌سگایه‌کی فه‌رهه‌نگیی ناوه‌ندی نه‌بووه تا ئه‌م هه‌وڵدان و چاره‌سه‌رانه یه‌ک بخات. وا پێ ده‌چێت زمانزانانی کورد، یا ئه‌و که‌سانه‌ی سه‌روکاریان له‌گه‌ڵ نووسینی کوردی‌دا هه‌بووه، له پێشدا چاره‌سه‌ریان بۆ کۆنسونانته‌کان دۆزیوه‌ته‌وه و دواتریش بزوێنه‌کان (ڤاوڵ یا ڤۆکال). من چاپی یه‌که‌می فه‌رهه‌نگه‌که‌ی شێخ یووسوف زیائوددین پاشای خالیدیی مه‌قدسی(1842-1906)م لایه که ساڵی 1894 چاپ کراوه. له‌وێدا نووسه‌ر بۆ ده‌نگه‌کانی (پ، چ، گ، ژ) تیپ یا نیشانه‌ی تایبه‌تی داناوه. ڕه‌نگه ئه‌مانه زۆر گرنگ نه‌بن چونکه پێشتر لای فارس ئه‌م تیپانه هه‌بوون و کوردیش چاوی له‌وان کردووه، به‌ڵام سێ نیشانه له‌و فه‌رهه‌نگه‌دا به لای منه‌وه یه‌کجار گرنگن؛ ده‌نگه‌کانی (ڤ) و (ۆ) و (ێ) که نیشانه‌ی تایبه‌تی خۆیان هه‌یه. ئێمه ده‌زانین ده‌نگی (ڤ) له زمانی فارسییشدا هه‌یه، به‌ڵام ئه‌وان هه‌ر به (و) ده‌ینووسن چونکه به هۆی به دوای یه‌کداهاتنی بزوێن و نابزوێنهکانهوه ده‌کرێ بێههڵه بخوێنرێته‌وه. گرنگیی کاره‌که‌ی یووسوف پاشا ئه‌وه‌یه که بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌رکێکی زۆر نه‌خاته سه‌ر تیپی (و) هاتووه تیپی (ڤ)ی بۆ ده‌ربڕینی ئه‌و ده‌نگه به کار بردووه. پێم وایه ئه‌وه یه‌که‌مین چاپه‌مه‌نیی کوردییه که تیپی (ڤ)ی تێدا به کار برابێت. یووسوف پاشا بیری له‌وه‌یش کردووه‌ته‌وه که بزوێنه‌کانی (ۆ) و (ێ) ده‌بێ نیشانه‌ی تایبه‌تی خۆیان هه‌بێت، هاتووه ئه‌و دوو تیپه‌ی به‌و شێوه‌یه نووسیوه که له‌جێی ئه‌و کڵاوه‌ی، یا ئه‌و (حه‌وت)هی، ئێمه ئه‌مڕۆ له‌سه‌ر ئه‌و دوو تیپه‌ی داده‌نێین، ئه‌و (هه‌شت)ێکی له ژێریاندا داناوه.
نموونه‌یه‌کی دیکه ئینجیل (بایبڵ)ی مارقۆسه که ته‌رجه‌مه کوردییه‌که‌ی ساڵی 1909 چاپ کراوه و له‌وێدا وه‌رگێڕ تیپی (ڵ)ی به کار بردووه. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و به‌شه‌ی ئینجیل کراوه به کوردیی موکریانی و له‌و دیالێکتهیشدا، وه‌ک ده‌زانین، به (خودا) ده‌گوترێ (خوڵا)، کابرا هاتووه (حه‌وت)ێکی چکۆله‌ی له‌سه‌ر تیپی لام (ل)ه‌که داناوه و کردوویه‌تی به نیشانه یا نوێنه‌ری فۆنێمی (ڵ). پێم وایه ئه‌وه‌یش یه‌که‌م جاره له چاپکراوێکی کوردی‌دا تیپی یا نیشانه‌ی (ڵ) به کار هاتبێت.
ئه‌مه‌ی لێره‌دا باسم کردووه زیاتر پێوه‌ندیی به فۆنێمه‌کان و ئه‌و نیشانانه‌وه هه‌یه که بۆ نوێنه‌رایه‌تیکردنیان له ڕێنووسی کوردی‌دا دانراون. به‌شێکی دیکه‌ی گرنگی ڕێنووس پێوه‌ندیی به مۆرفێم و سینتاکسه‌وه هه‌یه. ڕاستییه‌که‌ی ئه‌وه‌یه ڕێنووس یا ڕاستنووسی تا ڕاده‌یه‌کی زۆر به‌ستراوه به زانین و تێگه‌یشتنی ڕێزمانه‌وه. ئه‌و که‌سانه‌ی که له نووسیندا هه‌ڵه ده‌که‌ن و ڕاست نانووسن و ته‌نانه‌ت دوای ڕه‌خنه‌گرتنیش لێیان هه‌ر له‌سه‌ر هه‌ڵه‌کانیان ده‌ڕۆن و ناتوانن چاره‌ی بکه‌ن، له‌به‌ر ئه‌وه‌یه که شاره‌زای ڕێزمانی کوردی نین.
ڕه‌نگه ئێمه به‌ته‌واوی ئاگاداری ئه‌و هه‌وڵدان و ڕیفۆرمانه نه‌بین که به درێژاییی مێژووی به کوردی نووسین کاریان بۆ کرابێت. هه‌ندێ له‌و بنه‌ما و نیشانانه له ڕێگه‌ی ده‌ستنووسه کۆنه‌کانه‌وه به ئێمه گه‌یشتوون و به هۆی ئه‌وانه‌وه تێگه‌یشتووین که که‌سانێک هه‌بوونه بیریان له‌وه کردووه‌ته‌وه کوردی ده‌بێ چۆن بنووسرێت. دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی کتێب و ڕۆژنامه به زمانی کوردی ئیتر وێنه‌یه‌کی ڕوونتری ئه‌و پرۆسێسی ڕیفۆرمکارییهمان بۆ ماوه‌ته‌وه، وێنه‌یه‌کی چاپکراو، که ده‌گاته ده‌ست خه‌ڵکێکی زۆرتر. دواتریش کاتێ له کوردستانی باشوور زمانی کوردی پله و ستاتووسی زمانێکی نیوچهڕهسمی یا ڕه‌سمیی وه‌رگرتووه و کۆمه‌ڵێ گۆڤار و ڕۆژنامه‌ی پێشه‌نگ بڵاو کراونه‌ته‌وه، هه‌وڵدانه‌کان چوونه‌ته چوارچێوه‌یه‌کی ڕه‌سمی و فراوانتره‌وه و بنه‌ماکانی ڕێنووس به شێوه‌یه‌کی ڕوونتر ڕۆ نراون، تا ده‌گاته ساڵانی دامه‌زرانی کۆڕی زانیاریی کورد له به‌غدا و چه‌ند ده‌ستگایه‌کی دیکه‌ی زانستی و فه‌رهه‌نگی. له ئه‌نجامی ئه‌و چاکسازی و ڕیفۆرمانه‌دا ڕێنووسی کوردی له سه‌ره‌تای حه‌فتاکانی سه‌ده‌ی ڕابوردوودا تا ڕاده‌یه‌کی باش ڕێک خرا و جێی خۆی گرت و تا ساڵانێکیش دواتر له‌ناو به‌شی هه‌ره زۆری خوێنه‌وار و نووسه‌ر و ڕووناکبیرانی کوردستاندا پێڕۆیی ده‌کرا.
له سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌کانه‌وه فه‌رهه‌نگی کورد و زمانی کوردی و وشه‌ی کوردی پێی نایه سه‌رده‌مێکی تازه‌وه که له هه‌موو ڕوویه‌که‌وه له ڕابوردووی هه‌زارساڵه‌ی جیاوازه. له‌م سه‌رده‌مه تازه‌یه‌دا بووین به ئاشنای ئازادی، بووین به دۆستی سه‌ربه‌خۆیی و بووین به خاوه‌نی نیشتمانێک، به‌ڵام زمانه‌که‌مان، زمانی کوردیمان، دۆڕاند و فه‌رهه‌نگی کوردمان دزێو کرد و وشه‌ی کوردیمان له ده‌ست ده‌رچوو. ئێمه ئه‌گه‌ر له تایبه‌تمه‌ندییه فه‌رهه‌نگییه‌کانی ئه‌م سه‌رده‌مه ورد ببینه‌وه ده‌توانین به درێژی قسه‌یان له‌سه‌ر بکه‌ین و به‌پێی ژماره و ئامار زۆر شت بڵێین و لێکۆڵینه‌وه پێشکه‌ش بکه‌ین. ئه‌گه‌ر به‌وردی سه‌رنج بده‌ین ده‌بینین ئه‌مه سه‌رده‌می ڕووخانی فه‌رهه‌نگی کورد و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی زمانی کوردییه. ده‌کرێ له‌م ڕووه‌یشه‌وه به شێوه‌ی جیاواز دیارده‌کان بخوێنینه‌وه و ئه‌نجامگریی جۆراوجۆریان لێ هه‌ڵینجێنین. من ئێستا، له‌م نووسینه‌دا، ئه‌و هه‌موو لایه‌ن و دیارده ناته‌ندروستانه ناکه‌مه بابه‌تی لێکۆڵینه‌وه و به‌راوردکردن، به‌ڵکه ده‌مه‌وێ له پله‌ی یه‌که‌مدا باسی ڕێنووس بکه‌م.
من نازانم له کوردستانی ئه‌مڕۆدا ژماره‌ی گۆڤار و ڕۆژنامه و حه‌فته‌نامه و مانگنامه و وه‌رزنامه‌کان چه‌نده، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له بیرم مابێت، له جێگه‌یه‌کدا خوێندمه‌وه، له سێسه‌د به‌ره‌و ژوووره. من نازانم ساڵانه چه‌ند کتێب چاپ ده‌کرێت، به‌ڵام به‌پێی ژماره‌ی په‌خشخانه و نووسه‌ران و دهنگوباسی ناو ڕۆژنامه‌کان بێت، ده‌بێ له دووهه‌زار که‌متر نه‌بێت. له‌مانه‌یش بترازێ ژماره‌ی ئه‌و کتێبانه‌ی ساڵانه له خوێندنگه‌کاندا، له سه‌ره‌تاییه‌وه بگره تا دواناوه‌ندی، و له زانستگه و په‌یمانگه‌کاندا ده‌خوێنرێن ناکرێ له دوومیلیۆن که‌متر بێت. ئێستا ئه‌م هه‌موو کتێب و ڕۆژنامه و گۆڤار و چاپه‌مه‌نییه بهێنه پێش چاوی خۆت، ئه‌وجا بزانه چۆن زمانێکی لاواز و نه‌خۆش، فه‌رهه‌نگێکی ساده و ڕووتوڕه‌جاڵ و ڕێنووسێکی خوار و گێڕ، وه‌ک چۆن ئاگر به‌ر ده‌بێته پووش و په‌ڵاش، ئاوه‌ها به‌ربوونه‌ته ئاوه‌ز و هۆش و بیره‌وه‌ری و وزه‌ی داهێنانی مرۆڤی کورد، له خوێندکارێکی پێنج شه‌ش ساڵانه‌وه بگره تا ده‌گاته نووسه‌رێکی حه‌فتا ساڵان. ئه‌مه کاره‌ساتێکی نه‌ته‌وایه‌تییه، ئه‌مه تاعوونێکی فه‌رهه‌نگییه و په‌تایه‌کی زمانه‌وانییه. ئه‌گه‌ر جاران هه‌موو دواکه‌وتنی زمان و هه‌ژاریی فه‌رهه‌نگیی خۆمان ده‌کرده تاوانی دوژمنان و داگیرکاران، ئه‌مڕۆ هه‌موو پاساودانێکی ئه‌م لێقه‌ومانه بیانووهێنانه‌وه‌یه‌کی درۆزنانه و هه‌ڵخه‌ڵه‌تێن و فریوده‌رانه‌یه. من گه‌لێ جار و له زۆر ده‌رفه‌تدا وتوومه و ئێستایش ده‌یڵێمه‌وه، بێ ئه‌وه‌ی ناههقییهکم کردبێت، ئه‌مڕۆ له کوردستاندا یه‌ک تاکه کتێب، یه‌ک تاکه گۆڤار، یه‌ک تاکه ڕۆژنامه و حه‌فته‌نامه و مانگنامه و وه‌رزنامه نییه که به کوردییه‌کی ڕاست و به ڕێنووسێکی ڕاست نووسرابێت.
من خۆم که له ماوه‌ی یانزده ساڵدا گۆڤاری ”مامۆستای کورد”م بڵاو کرده‌وه، له سه‌ره‌تاوه نا، به‌ڵام هه‌ر نه‌بێ له ناوه‌ڕاستی ئه‌و ماوه‌یه‌دا له‌باره‌ی ڕێنووسه‌وه کۆمه‌ڵێ ئهنجامگریم لا گه‌ڵاڵه بووبوون که له ڕووی زانستییه‌وه ده‌متوانی به‌رگرییان لێ بکه‌م و به نووسه‌رێکی کورد، که به‌رهه‌مێکی ده‌نارد له گۆڤاره‌که‌دا بڵاو بکرێته‌وه، بڵێم من ڕێنووسه‌که ده‌ستکاری ده‌که‌م و له‌گه‌ڵ ڕێنووسی گۆڤاره‌که‌دا ده‌یگونجێنم. ئێستا ئه‌گه‌ر ته‌ماشایه‌کی ژماره‌کانی مامۆستای کورد بکه‌یت، ده‌بینیت به‌رهه‌م و نامه‌ی زانا و نووسه‌رانی گه‌وره و ناوداری وه‌ک مه‌سعوود محه‌مه‌د، که‌مال مه‌زهه‌ر ئه‌حمه‌د، مارف خه‌زنه‌دار، محه‌مه‌دی مه‌لا که‌ریم، سه‌یید محهمهدتاهیری هاشمی، شێرکۆ بێکه‌س و له‌تیف هه‌ڵمه‌ت و زۆری دیکه‌یان تێدا بڵاو کراوه‌ته‌وه.
که نووسه‌رێکی ئه‌زمووندار و شاره‌زا و زمان‌زان بیه‌وێ ده‌ست به‌و بنه‌مایانه‌ی ڕێنووسه‌وه بگرێت، که له ئه‌نجامی ساڵانێکی دووردرێژی نووسین و لێکۆڵینه‌وه‌دا پێیان گه‌یشتووه، من ڕێزی ئه‌و ویسته‌ی ده‌گرم، به‌ڵام پێیشم خۆشه گوتوبێژێکی زانستیی له‌گه‌ڵدا بکه‌م، بۆ ئه‌وه‌ی تێبگه‌م له‌و ڕووه‌وه چۆن بیر ده‌کاته‌وه و به چ شێوه‌یه‌ک به‌رگری له‌و بنه‌مایانه ده‌کات. ئێسته بووه به نه‌ریتێک که ته‌نانه‌ت کۆلکهخوێنهوار وزڕهنووسهرهکانیش خه‌وش و نه‌زانیی خۆیان به‌وه ده‌شارنه‌وه که گوایه ئه‌وانیش بیری تایبه‌تی خۆیان له‌باره‌ی زمانه‌وه هه‌یه و ڕێنووسی تایبه‌تی خۆیان پێڕۆیی ده‌که‌ن و ده‌بێ ڕۆژنامه‌کان ڕێزی ڕێنووسه‌کانیان بگرن و ده‌ستکاریی نه‌که‌ن. ئه‌م ده‌رده‌یش به‌شێکه له‌و ئاژاوه‌یه‌ی ده‌ستگاکانی ڕاگه‌یاندنی کوردی دروستیان کردووه. له کوردستاندا ئێستاکه زیاتر له 300 ڕۆژنامه و گۆڤار و مانگنامه وه‌رزنامه بڵاو ده‌کرێته‌وه، به‌ڵام به هه‌موویانه‌وه دوو که‌سی زمانه‌وان یا زمانزانیان نییه زمانی ئه‌و هه‌زاران وتار و ڕیپۆرتاژ و شیعر و چیرۆک و لێکۆڵینه‌وانه‌یان بۆ بکاته کوردی و ڕێنووسه‌که‌یان به جۆرێک بۆ ڕاست بکاته‌وه که نه‌کرێ ڕه‌خنه‌ی لێ بگیرێت.
قه‌یرانی ڕێنووس و ئه‌و سه‌دان و هه‌زاران هه‌ڵه‌یه‌ی له تێکستێکی ئاسایی‌دا به‌رچاو ده‌که‌ون هه‌ستێکی وا لای من، وه‌ک خوێنه‌رێک و کوردیزانێک، دروست ده‌کات وه‌ک بڵێی نووسه‌ره‌کان ده‌یانه‌وێ پله‌ی وریایی و ژیریی خوێنه‌ر تاقی بکه‌نه‌وه و ناچاری بکه‌ن خۆی لوغزی وشه هه‌ڵه‌کان هه‌ڵبێنێت، یا ناچاری ئه‌وه‌ی بکه‌ن په‌نا بباته به‌ر هێزێکی نه‌په‌نی (هێزێکی غه‌یبی) تا بێت به هانایانه‌وه و ده‌ستیان بگرێت و وشه ڕاسته‌کان به په‌رجوو (موعجیزه)یه‌ک بخاته مێشک و دڵ و ده‌روونیانه‌وه. دیاره منیش ده‌زانم و خۆیشیان، نووسه‌رانی ههڵهنووس، ده‌زانن که مه‌سه‌له‌که ئه‌وه نییه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی که ئه‌وان نایزانن و ناشیانه‌وێ پێ له نه‌زانینه‌که‌ی بنێن، ئه‌وه‌یه که ئه‌وان شاره‌زای ڕێزمان و ڕێنووسی کوردی نین و ئه‌و کوردییه‌ی ده‌ینووسن کوردییه‌کی ڕاست نییه و کوردییه‌کی هه‌ڵه‌یه.
~-~-~-~-~-
كۆتاهی به‌شی 2