كورته‌ی ڕێزمانی زاراوه‌ی موكری
ئۆسكار مان (Oskar Mann)
وه‌رگێڕ: هێدی
ئه‌و كورته ڕێزمانه‌ی زاراوه‌ی موكری كه له خواره‌وه پێشكێش ده‌كرێ، به تایبه‌ت به مه‌به‌ستی تێگه‌یشتنی باشتر و هاسانتر له ڕێزمانی ده‌قه كۆكراوه‌كان نووسراوه. سه‌ره‌ڕای وه‌ش ده به‌رگی دووهه‌مدا، كه ده‌قه‌كانم وشه به وشه تێدا وهرگێڕاونهوه، له‌و باره‌وه تێبینیی زیاتر به‌دی ده‌كرێ. ئه‌و بابه‌تانه‌ی ده نووسراوهكهمدا پشتم پێ به‌ستوون، له لایه‌كه‌وه له خودی ده‌قه‌كانه‌وه و له لایه‌كی دیكه‌وه له كۆكراوه‌كانی دیكه‌مه‌وه، كه ده سه‌ره‌تاكه دا باسمكردوون و شێوه و نموونه‌ی ڕێزمانیی ده‌گرنه‌وه، سه‌رچاوه ده‌گرن.
كورته‌ی ڕێزمانی زاراوه‌ی موكری
ئۆسكار مان (Oskar Mann)
وه‌رگێڕ: هێدی
ئه‌و كورته ڕێزمانه‌ی زاراوه‌ی موكری كه له خواره‌وه پێشكێش ده‌كرێ، به تایبه‌ت به مه‌به‌ستی تێگه‌یشتنی باشتر و هاسانتر له ڕێزمانی ده‌قه كۆكراوه‌كان نووسراوه. سه‌ره‌ڕای وه‌ش ده به‌رگی دووهه‌مدا، كه ده‌قه‌كانم وشه به وشه تێدا وهرگێڕاونهوه، له‌و باره‌وه تێبینیی زیاتر به‌دی ده‌كرێ. ئه‌و بابه‌تانه‌ی ده نووسراوهكهمدا پشتم پێ به‌ستوون، له لایه‌كه‌وه له خودی ده‌قه‌كانه‌وه و له لایه‌كی دیكه‌وه له كۆكراوه‌كانی دیكه‌مه‌وه، كه ده سه‌ره‌تاكه دا باسمكردوون و شێوه و نموونه‌ی ڕێزمانیی ده‌گرنه‌وه، سه‌رچاوه ده‌گرن.
نابێ چاوه‌ڕوان بكرێ كه ئه‌و كورته نووسراوه‌یه‌م هه‌موو خاڵه‌كانی ڕێزمانیی بگرێته‌وه. بۆ نووسینی بابه‌تێكی وا ئه‌و كاته‌ی بۆم دیاریكراوه به‌ش ناكا. به پێی چۆنێتیی شیكردنه‌وه‌ی ئه‌و كورتهباسه خۆم له لێكدانه‌وه‌ی قووڵی ئه‌و باسانه‌ی مێژووی ڕێزمان ده‌گرنه‌وه ده‌بوێرم. بۆیه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه له‌و بابه‌تانه ناكۆڵدرێنهوه:
1. زانستی ده‌نگ كه به پێی شێوه‌ی باو ده بابه‌ته‌كانی دیكه دا، باسی مێژووی ده‌نگ ده‌گرێته‌وه. ئه‌وه‌ش ده‌بێ دابندرێ بۆ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی بنه‌ڕه‌تیی له‌سه‌ر ته‌واوی زاراوه كوردییه‌كان، چونكه له باسی ده‌نگ دا ده‌بێ زۆر زاراوه‌ی ناوچه‌یی له‌به‌ر چاو بگیرێن كه ده‌گه‌ڵ شێوه كۆنه‌كان جیاوازییان هه‌یه و ئاڵوگۆڕی تازه‌یان به‌سه‌ر داهاتووه؛ هه‌روه‌ها ده‌بێ ته‌ئسیری زمانه‌كانی دیكه و ته‌ئسیری زاراوه‌كان ده نێو خۆشیاندا بكه‌ونه به‌ر سه‌رنج. دێره دا جارێ ئه‌و كۆمه‌ڵه زانیارییانه‌ی نێو "ڕێزمانی كوردی"، به‌رهه‌می "یوستی"(1)، به‌سن. هه‌موو خاڵه گرینگه‌كانی زاراوه‌ی موكری ده‌گه‌ڵ ئه‌و زاراوه كوردییانه‌ی تا ئێستا ناسراون، له باری ده‌نگه‌وه، هاوچه‌شنی ده‌نگه كۆنه‌كانی ئێرانین. به‌ڵام ئه‌من به گرینگی ده‌زانم دێره دا هه‌ر ئاماژه به گۆڕانی ئه‌و ده‌نگانه بكه‌م كه ده چوارچێوه‌ی ئه‌و زمانه دا، كه ئێستا قسه‌ی پێده‌كرێ، به‌دی ده‌كرێن. بۆ شیكردنه‌وه‌یه‌كی ڕێزمانیی ئه‌و ده‌قانه‌ی دێره دا چاپ كراون ئه‌و زانیارییه پێویسته. دابه‌شكردنی وشه‌كان به پێی تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ڕێزمانی، وه‌ک جوێكردنه‌وه‌ی هه‌ر چه‌شنه پێشگر و پاشگرێک و نیشاندانی ئه‌و گۆڕانانه‌ی كه به هۆی گهردانكردنهوه تووشی وشه ده‌بن و له‌به‌رچاوگرتنی خاڵه گشتییه‌كان، له به‌شی " گۆڕینی ده‌نگه‌كان" دا ده‌كه‌ونه به‌ر باس.
2. سازكردنی دوو ڕه‌گی كردار كه بۆ گه‌ردانكردن ته‌رخان كراون، ڕه‌گی ئێستا و ڕابردوو؛ كه ئه‌وه‌ش هه‌ر ڕێزمانی مێژوویی ده‌گرێته‌وه.
3. سازبوونی وشه. ئه‌وه‌ش ئێستا به بێ لێوردبوونه‌وه و لێكدانه‌وه‌یه‌كی ڕێكوپێک له‌سه‌ر وشه‌كان ناگونجێ. سازبوونی وشه‌ش هه‌ر ڕێزمانی مێژوویی ده‌گرێته‌وه.
ئه‌گه‌ر جاروبار كه‌ڵک له شێوه كۆن و ناوه‌ندییه‌كانی ئێرانی وه‌رده‌گرم، له‌به‌ر ئه‌وه‌یه كه هێندێک جار ده شێوه‌ی موكری دا پرسیاری نوێ سه‌ر هه‌ڵده‌ده‌ن كه ده‌بێ وه‌ڵام بدرێنه‌وه، یان له‌و كاتانه دایه كه بابه‌تی به‌ر باس به ئاماژه‌كردن به شێوه كۆنه‌كان زووتر ڕوون ده‌بێته‌وه.
مانه‌وه‌ی ده‌نگ و گۆڕینی ده‌نگه‌كان
سه‌ره‌تای تێبینی
بۆ ده‌ربڕینی ده‌نگه‌كان ئه‌وه‌نده‌ی پێمكراوه شێوه‌یه‌كی هاسانم هه‌ڵبژاردووه. ئه‌و وردهجیاوازییه زۆرانه، به تایبه‌ت له كاتی ده‌ربڕینی ڕاوێژی وشه‌كان دا- وه‌ک ده كاره‌كانی ئه‌و دوایانه دا، كه له‌سه‌ر زاراوه ئێرانییه‌كان كراون، ئاماژه‌یان پێ كراوه- بۆ من هه‌میشه پڕ گیروگرفت هاتوونه به‌ر چاو؛ كاتێک بۆخۆشم له‌و شوێنانه بووم، له نیزیكه‌وه هه‌ستم به‌و گیروگرفتانه كردووه و بۆم ده‌ركه‌وتووه بۆچوونه‌كه‌م به‌جێ بووه. دیاره ناكرێ ڕاوێژی تاكهكهسێک، كه ده‌نگناس حه‌ز ده‌كا به باشی وه‌ریگرێ، بكرێته بنه‌مایه‌كی گشتی بۆ هه‌موو زاراوه‌كه. به تایبه‌ت ئه‌گه‌ر بۆ ئه‌و كه‌سه زمانه‌كه، زمانی زگماكیی نه‌بێ. به‌ڵام كاری زۆربه‌ی لێكۆڵه‌ره‌وه‌كان هه‌ر وایه، هه‌ر زانیاریی وانیشه كه تا ئێستا سه‌باره‌ت به كوردی پشتیان پێ ده‌به‌سترێ. دیاره كاره‌كانی لێرش(2) و شۆدزكۆ(3) وا نین و ئاوارته‌ن. قه‌ت نابێ ده‌ربڕینی كوردیی جوولهكهیهک، هه‌رمه‌نییه‌ک یان سورییه‌ک بكرێته به‌ڵگه بۆ لێكۆڵینه‌وه‌كانی ده‌نگناسی له‌سه‌ر كوردی.
ته‌نانه‌ت ده نێو ئه‌و كه‌سانه دا كه به ڕه‌گه‌ز كوردیشن، هه‌میشه ڕاوێژی تایبه‌تی هه‌ست پێده‌كرێ و هه‌ر كه‌سه ڕاوێژی خۆی هه‌یه. نووسینه‌وه‌ی زمانی ئه‌و تاكه كه‌سانه، ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ له‌باری فۆنێتیكییهوه ڕاست بێ، پێویستی به سه‌رنجێكی زۆر ورد هه‌یه هه‌تا هه‌ست به وردهجیاوازییهكان بكرێ. هه‌تا پیاو زیاتر گوێ بۆ خه‌ڵكی جیاواز هه‌ڵده‌خا ئه‌و ڕاستییه‌ی زیاتر بۆ ڕوون ده‌بێته‌وه كه ده‌ركه‌وتنی وێنه‌یه‌كی ده‌ربڕینی تایبه‌تی و هاوبه‌ش زۆر هاسانتر ده‌بێته‌وه. جا هه‌ر ده‌رخستنی ئه‌و هاوبه‌شییه ده‌توانێ ئه‌ركێک بێ بۆ تۆمار كردنی زاراوه‌یه‌كی تا ئێستا نه‌ناسراو. به‌و پێیه ئه‌و ده‌نگه كوردییانه‌ی له لایه‌ن منه‌وه تۆمار كراون، له نیزیكه‌ی بیست كه‌سی به ڕه‌گه‌ز كوردم بیستوون و وه‌ک ده‌ربڕینی هاوبه‌ش بۆم سه‌لماون.
به‌ڵام بۆ من ئه‌و پرسیاره زۆر گرانتر ده‌نوێنێ كه چۆن ده‌نگێک بناسێنین كه كه‌سێک، ده شوێنێكی یه‌ک وشه و ڕسته دا، هه‌ر جاره‌ی به چه‌شنێکی جیاواز ده‌ریده‌بڕێ. ئه‌وه زۆر جار دووپات ده‌بێته‌وه – هه‌ركه‌س سه‌رنج بداته ڕاوێژی خۆی ئه‌وه‌ی بۆ ده‌رده‌كه‌وێ- ، ئێمه ئه‌وه‌مان له ده‌ربڕیندا بۆ ده‌ركه‌وتووه و ده‌كرێ ده‌و جێیانه دا وه‌ک "جۆلانه‌ی هێز"(schwebenden Accent) بیناسێنین. به گشتی ده حاڵه‌تی وا دا ئه‌و ڕاوێژه‌ی بیستوومه تۆمارم كردووه و خۆم له ڕاستكردنه‌وه‌ی "ڕێنووس" پاراستووه. له كاتی باسكردنی ده‌نگه‌كان دا، له‌و باره‌وه زیاتر ده‌دوێم.
——————————————
(1): Kurdische Grammatik, Ferdinand Justi, petersburg 1880
تێبینیی وه‌رگێڕ: چاپخانه‌ی Saendig Reprint Verlag له "لیشتێنشتیاین Liechtenstein " ساڵی 1995 ئه‌و كتێبه‌ی "یوستی"(ڕێزمانی كوردی) وه‌كوو خۆی چاپ كردۆته‌وه. ئه‌و ڕێزمانه كه 123 ساڵ له‌وه‌ی پێش نووسراوه، بۆ زمانی كوردی، سه‌رچاوه‌یه‌كی به نرخه. سه‌رجه‌م 256 لاپه‌ڕه‌یه.
(2): Forschungen ueber die Kurden, P. Lerch, Petersburg 1857- 58
(3): Etudes philologiques sur la Langue Kurde, in: Journal Asiatique 1857, p. 297ff., A. Chodzko
——————————————
تێبینیی وه‌رگێڕ: ئه‌و كتێبه به « توحفه‌ی موزه‌فه‌رییه» ناسراوه و مامۆستا هێمن "ساغیكردۆته‌وه" و هێناویه‌ته‌وه سه‌ر ڕێنووسی كوردی. " كورته‌ی ڕێزمانی زاراوه‌ی موكری" كه سه‌رجه‌م 76 لاپه‌ڕه‌یه، به‌شێكی گرینگه له‌و كتێبه. "ناجی عه‌باس"، كه پێشه‌كییه ئاڵمانییه‌كه‌ی ئه‌و كتێبه‌ی كردووه به كوردی، خۆی له وه‌رگێڕانه‌وه‌ی ئه‌و ڕێزمانه بواردووه!
—————————————–
A . كۆنسۆنانتهكان
1. ئه‌و شێوه‌یه‌ی بۆ نووسینه‌وه‌ی كۆنسۆنانتهكان هه‌ڵبژێردراوه به‌و چه‌شنه‌ی خواره‌وه‌یه:
[ ئۆسكار مان ئه‌و كۆنسۆنانتانهی، وێڕای ڕێنووسه عه‌ڕه‌بی- فارسییهكهیان، به ڕێنووسێكی لاتینیش(ئه‌لفوبێی فۆنێتیكی) نووسیونه‌وه كه بۆخۆی، بۆ نووسینه‌وه‌ی به‌یته‌كان، دایهێناوه. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بۆ خوێنه‌ری كورد نووسینه‌وه‌ی ئه‌و ڕێنووسه لاتینییه كه‌ڵكی نییه، خۆم لێ بواردووه. – وه‌رگێڕ-]
{ ا ، ب ، پ ، ت ، ج ، چ ، ح ، خ ، د ، ر ، ز ، ژ ، س ، ش ، ع ، غ ، ف ، ق ، ک ، گ ، ل ، م ، ن ، و ، ه ، ی}
هه‌روه‌ها: ڵ ، ن [ مه‌به‌ستی ئۆسكار مان له‌و "ن"ه، "ن"ێكی گنه كه بۆ وێنه ده "ئه‌نگۆ" دا هه‌ست پێده‌كرێ. – وه‌رگێڕ-]
" ث"، " ص" ی عه‌ڕه‌بی وه‌ک " س" ده‌گوترێن.
" ط" ی عه‌ڕه‌بی وه‌ک " ت" ده‌گوترێ.
" ذ"، " ض"، " ظ" ی عه‌ڕه‌بی وه‌ک " ز" ده‌گوترێن.
2. تێبینییه‌كان:
له‌سه‌ر "ح"، "ع"، " ق":
كورده‌كان زۆر چاک ده‌توانن ئه‌و ده‌نگه گهروویییانه ده‌رببڕن. به‌ڵام زۆر جاران خه‌ڵكی ئاسایی ده‌نگه‌كانی وشه عه‌ڕه‌بییه‌كان ده‌گۆڕن و ئه‌وه‌ش ده‌ریده‌خا كه ئه‌و ده‌نگانه له كۆندا ده كوردیدا نه‌بوون. به‌و پێیه جاروبار "ح" به "خ" ده‌رده‌بڕن، بۆ وێنه هه‌میشه "زحمت"ی عه‌ڕه‌بی وه‌ک "زه‌خمه‌ت" ده‌رده‌بڕن.
"ح"، به تایبه‌ت له سه‌ره‌تای وشه دا، له‌باتی "ع" ده‌گوترێ:
حاجز و عاجز، به عه‌ڕه‌بی: عاجز؛
حهمرهكهم و عهمرهكهم، به عه‌ڕه‌بی: عمر؛
حه‌زره‌ت و عه‌زره‌ت، به عه‌ڕه‌بی: حضرت؛
حۆری و عۆرییهكان(كۆ)، به عه‌ڕه‌بی: حۆری؛
حه‌جه‌م و عه‌جه‌م، به عه‌ڕه‌بی: عجم.
جاروبار له‌باتی "ح"، "ئـ"ش ده‌گوترێ: ئاڵقه، به عه‌ڕه‌بی: حلقه.
ده‌نگی قووڵی "ع" له كۆتایی بڕگه‌یه‌كی داخراو دا ده‌بێته "خ":
ئیختیبار، ئیختوبار، به عه‌ڕه‌بی: اعتبار.
" ق"ش له دوادهنگی بڕگه‌یه‌كی داخراو دا ده‌بێته "خ":
ته‌خسیر، به عه‌ڕه‌بی: تقصیر (به فارسیش هه‌ر وایه).
به پێچه‌وانه‌وه: مهقلووق (له‌باتی مه‌خلووق)، به عه‌ڕه‌بی: مخلوق.
چه‌ند شێوه‌ی دیكه‌ی گۆڕانی ده‌نگه‌كان كه ده كوردیدا باون:
"خ" له‌باتی "غ" داده‌ندرێ: مشخوول، به عه‌ڕه‌بی: مشغول؛ خه‌م، به عه‌ڕه‌بی: غم.
به پێچه‌وانه‌وه: غه‌یان، به عه‌ڕه‌بی: خیان.
سه‌یر ئه‌وه‌یه كه " قاقه‌ز" له باتی " كاغذ" ی عه‌ڕه‌بی ده‌گوترێ.
"ع" به تایبه‌ت له سه‌ره‌تا دا زۆر به‌هێز ده‌رده‌بڕدرێ. زۆر خۆشه ئه‌گه‌ر ئه‌و ده‌نگه گهروویییه، بۆ وێنه ده ڕسته‌ی باوی "عه‌یبی نییه" دا ده‌بیسرێ. جاروبار ده ده‌نگه قووڵه‌كاندا، له سه‌ره‌تای بڕگه دا، دوای بڕگه‌ی داخراو "هه‌مزه"، كه لاوازتره، جێی "ع" ده‌گرێته‌وه، كه‌چی به پێچه‌وانه‌شه‌وه "هه‌مزه" وه‌ک "ع" ده‌رده‌بڕدرێ. به‌و پێیه زۆر جار " قوڕعان" ده‌بیسرێ. دوای بڕگه‌یه‌كی داخراو "ع"، وه‌ک له سه‌ره‌وه نیشان درا، زۆر جار جێی خۆی ده‌دا به "خ" یان "غ"(1).
وادیاره " ق" ده هێندێک وشه‌ی ڕه‌سه‌نی كوردیشدا هه‌یه، به تایبه‌ت له‌سه‌ره‌تای وشه دا، له‌باتی " ک"ی فارسی. بۆ نموونه له‌و باره‌وه بڕوانه كتێبی "ڕێزمانی كوردی" به‌رهه‌می "یوستی"، لاپه‌ڕه (46). زۆرتر له‌و وشانه دا به‌دیده‌كرێ كه ده‌نگێک ده‌رده‌بڕن: " قیژه قیژ"، " قرپ"، " قڵپه قڵپ"، " قوڵته قوڵت" و هتد. ده وشه‌ی " قوڕقوڕۆچكه"ش دا هه‌روه‌تر.
له‌سه‌ر " ک" و " گ":
" ک" و " گ" پێش"ی"، "یی" و "ێ" زۆر مه‌ڵاشوویی ده‌رده‌بڕدرێن، ده فارسیشدا هه‌ر وایه.
له‌سه‌ر " و":
هه‌میشه زۆر تیژ، به یارمه‌تیی دوو لێو، ده‌رده‌بڕدرێ، به چه‌شنێک كه زۆر جاران دوودڵ بووم كه وه‌ک "وو" بنووسرێته‌وه یان نا.
له‌سه‌ر " ی":
نیوهبزوێن؛ باشتر بوو به "یی" بنووسرێته‌وه؛ له‌به‌ر هۆیه‌كانی پیتچنین "ی" هه‌ڵبژێردرا. ئه‌و ده‌نگه زۆر جار بۆ به‌رگری له دووپاتبوونه‌وه(Hiatus) به شێوه‌یه‌كی نائاسایی تێههڵدهكێشرێ:
"ئه‌و كورده‌یه"، له: "كورده + ـه"؛
"ئه‌وه‌یه"، له: "ئه‌وه + ـه"؛
"بۆ یێخدهخانێ"، ئاواش ده‌گوترێ: "ئێخدهخانه"؛
"به‌جێ یێشت"، ئاواش ده‌گوترێ: "(هـ)ێشتن"؛
"یێلچی" هه‌روه‌ها "ئێلچی"؛
"دهیێنم"(وێڕای ئه‌و شێوه‌یه كه زۆرتر باوه: "دێنم")، بۆ "ده – ێنم".
"ی" زۆر جار پێش ئه‌و بزوێنه‌ی خواره‌وه له "یی"ش پێكدێ؛ بڕوانه خواره‌وه.
"هـ" زۆر جار به شێوه‌یه‌كی نائاسایی وه‌ک "ی" له‌سه‌ره‌تای بزوێن دا سه‌رهه‌ڵده‌دا: "هێنا" بۆ "یێنا" (بڕوانه "ڕێزمانی كوردی" به‌رهه‌می "یوستی"، لاپه‌ڕه 45 به‌ندی 18).
له‌سه‌ر" ڵ":
ده‌نگێكی گه‌روویی " ل"یه كه ده زمانه سڵاڤییهكانیشدا هه‌یه. وادیاره له كۆندا له " ل" كه‌وتبێته‌وه؛ ئێستا ته‌نانه‌ت یه‌ک كه‌س هه‌ر ده یه‌ک وشه دا زۆر جار ده‌گه‌ڵ " ل" لێی ده‌گۆڕدرێ. به‌ڵام هێندێک وشه هه‌میشه " ڵ"یان تێدایه، بۆ وێنه "ده‌ڵێم". ئێستا ده وشه بێگانهكانیشدا، كه عه‌ڕه‌بین، جاروبار ده‌رده‌بڕدرێ. ئه‌من ده ده‌قه‌كاندا له هه‌موو شوێنێكدا ئه‌و گۆڕانه‌م ده ده‌ربڕیندا پاراستووه. سه‌رنجڕاكێش ئه‌وه‌یه كه مه‌لا كورده‌كان له كاتی خوێندنه‌وه‌ی ئایه عه‌ڕه‌بییه‌كاندا "ض"ی عه‌ڕه‌بی هه‌میشه وه‌ک " ڵ"یه‌كی زۆر به‌هێزی گه‌روویی ده‌رده‌بڕن. بۆ وێنه " فی الارض"(فیلئهڕڵ). به‌و پێیه میرزا جه‌وادیش، كه له‌سه‌ر داوای من خه‌ریک بوو جیاوازیی نێوان " ل" و " ڵ" ده وشه كۆكراوه‌كانی خۆیدا دیاری بكا، " ڵ"ی به "ض" ده‌نووسییه‌وه. به‌و هۆیه‌ی كه پاشان بۆخۆی ده ده‌ربڕیندا هه‌ستی به‌و گۆڕانه كرد وازی له جوێكردنهوهیان هێنا.
"ن"، گه‌روویی لووتییه و هه‌میشه پێش ده‌نگێكی مه‌ڵاشوویی گه‌روویی دێ. ئه‌گه‌ر له كاتی تێكپهستانهكانی وشه دا بڕگه‌یه‌كی ددانیی لووتیی ده‌گه‌ڵ ئه‌و ده‌نگه مه‌ڵاشوویی گهروویییهی به دوایدا دێ تێكههڵهنگوون ده‌نگه لووتییهكه ده‌ربڕینه ددانییهكهی ده‌پارێزێ.
——————————————-
(1): ده‌ربڕینی "ئهخدهلقهندههار" (بۆ وێنه ده لاپه‌ڕه 178، دێڕی 20 دا*) بۆ وشه‌ی عه‌ڕه‌بیی "واحدالقهار" ده‌ریده‌خا كه چۆن وشه عه‌ڕه‌بییه‌كان ده زاری كورداندا ده‌گۆڕدرێن. یان "وێسب" له‌باتی "یوسف"؛ ئه‌و ئایه‌تانه‌ی قوڕعانیش كه له لایه‌ن ڕه‌حمانه‌وه گوتراون به‌راورد بكه‌ن.
*: تێبینیی وه‌رگێڕ: ئه‌و ده‌ربڕینه ده به‌یتی " شێخ فه‌رخ و خاتوون ئه‌ستی" دا هاتووه و ئۆسكار مان به‌و چه‌شنه‌ی نووسیوه‌ته‌وه: "بیابانه، ئهخدهلقهندههاره". مامۆستا هێمن ئاوای لێكردووه: "بیابانه واحیدهلقهندههاره"! هیچ تێبینیشی له‌سه‌ر نه‌نووسیوه! – بڕوانه لاپه‌ڕه 548 ی توحفه‌ی موزه‌فه‌رییه- ؛ ده به‌یتی "مهم و زین" دا ئه‌و ده‌ربڕینه به شێوه‌ی "ئهحدهلقهندههار"یش هاتووه: "بورجی به‌ڵه‌ک چۆڵ و ئهحدهلقهندههار بوو، به سه‌فه‌ر ڕۆیی بۆ شاری چزیرێ". – بڕوانه زاراوه‌ی كورده موكرییهكان، به‌شی یه‌كه‌م، لاپه‌ڕه 41 ، دێڕی 5 – ؛ ده توحفه‌ی موزه‌فه‌رییه دا ئه‌و دێڕه‌ی به‌یتی "مهم و زین" به‌و چه‌شنه نووسراوه‌ته‌وه: "بورجی به‌ڵه‌ک چۆڵ و ئهحدهلقهندههار بوو به سه‌فه‌ر ڕۆی بۆ شاری چزیرێ"؛ مامۆستا هێمن ده‌وێدا ئه‌و تێبینییهی له‌سه‌ر "ئهحدهلقهندههار" نووسیوه: "ئهحدهلقهندههار، واحیدهلقههاره، چونكه به هه‌ردووكیان تۆمار كراوه." – بڕوانه لاپه‌ڕه 253 ی توحفه‌ی موزه‌فه‌رییه –
—————————————–
3. گۆڕانی ده‌نگ
ده ڕاوێژی خه‌ڵكدا به هه‌راوی هه‌ست پێده‌كرێ كه ئه‌و كۆنسۆنانتانهی له كاتی به‌په‌له قسه‌كردندا تێكههڵدهنگوون كار ده‌كه‌نه سه‌ر یه‌كتر.
ئا) ده‌بێ ئاماژه به‌و تایبه‌تمه‌ندییه گشتییه بكرێ كه هه‌ر ده‌نگێكی به‌ئاواز كه ته‌واو له دوادهنگی ڕسته دا بێ، ده‌بێته بێئاواز. ئه‌وه هه‌م بۆ ئه‌و ده‌نگانه‌یه كه به‌ر له تهواودهربڕینیان وهستانێكیان تێدا هه‌ست پێدهكردێ، هه‌م بۆ ئه‌و ده‌نگانه‌یه كه خشۆكن؛ هه‌روه‌ها بڕوانه ئه‌و وتانه‌ی ده تێبینیی بهههمهكهمدا(كورته‌یه‌كی زاراوه‌كانی لوڕی) ده‌رمبڕیون، كه ده .SBA ی 1904 دا(1)، لاپه‌ڕه 1174، بڵاو كراونه‌وه(2).
ب) دوادهنگی "- د (- ت)" پاش "ن" ده‌كه‌وێ:
"پشتێن" له‌باتی "پشتێند"؛
پارتیسیپی ڕابردووی كرداری كاوزاتیڤ: "په‌ڕان"( لاپه‌ڕه 165، دێڕی 1)(01)؛ ده جێی دیشدا هه‌روه‌تر.
له‌وانه به‌ده‌ر، به پێچه‌وانه‌ی ڕۆژئاواییترین زاراوه‌كانی كرمانجی(3)، جووته كۆنسۆنانتی هاوچه‌شن له دوادهنگ دا خۆی ڕاده‌گرێ، بۆ وێنه: "كرت" و هتد.
ج) زۆربه‌ی حاڵه‌ته‌كانی گۆڕینی ده‌نگه‌كان خۆگونجاندنی ده‌نگێكه ده‌گه‌ڵ ده‌نگه‌كه‌ی دوای خۆی.
1- ئه‌گه‌ر بهئاوازهكان ده‌نگێكی كپیان به دوا دا بێ ده‌بنه بێئاواز، بۆ وێنه: " كوتی" كه شێوه‌ی ڕابردووی " گوت"ه. ده‌ربڕینی به‌هێزی دوایین بڕگه له‌وانه‌یه ببێته هۆی تا ڕاده‌یه‌ک ونبوونی ته‌واوی ئه‌و بزوێنه‌ی ده بڕگه‌ی سه‌ره‌كی دایه: " كـ (و) تی". دوایه زۆر جاران ده‌نگه كپهكه ده‌هێڵدرێته‌وه، ته‌نانه‌ت ئه‌و كاته‌ش كه (جۆلانه‌ی) هێز دیسان بڕگه‌ی سه‌ره‌كی بگرێته‌وه: " كوتی، كوتیان". به بێ پاشگر هه‌میشه ده‌بێته " گوت"، "ده‌یگوت".
"ناسک"، به فارسی: "نازک"؛ زاراوه كوردییه‌كانی دیكه‌ش ده‌نگی خشۆكی بهئاوازیان هه‌یه؛ بڕوانه (cf. Justi, Wb.(4 .
"چپكهم"، شێوه‌یه‌كی وێكهاتووی "چ بكه‌م"ه.
"هاته زک فیسقهكهی"(161، 15)(02)، به شێوه‌ی دیكه: "زگ"، "زگم".
2- بێئاوازهكان پێش بهئاوازهكان، كه تێكههڵدهنگوون، به‌ئاواز ده‌بن. ئه‌وه شێوه‌یه‌كی هه‌ره باوی كاركردنه سه‌ر ده‌نگانه.
"ده – د – بڕم"[سه‌رت ده‌بڕم]، به‌ڵام: "ده – ت – كوژم"[ئه‌تۆ ده‌كوژم](128، 23)(03).
"خهجاڵهد – بار"، فارسی: "خجالتبار"؛
"خه‌مناگ ماوه"، فارسی: "غمناک"؛
"دهژڵێم"، له‌باتی "ده – ش – ڵێم"، (" – ش" له‌باتی "هم"ی فارسی دێ)؛
"ئهمنیژ دێم"؛
"ڕاز گه‌ڕاوه"، له‌باتی "ڕاس"(فارسی: راست)؛
له پاژ مهم"، له‌باتی "پاش".
كه‌م هه‌ڵده‌كه‌وێ كه "ڕ" به نه‌رمی كار بكاته سه‌ر بێئاوازهكهی پێش خۆی: " له بۆ خاتوونێد (له‌باتی "- ت") ڕاخستبوو".
نموونه‌ی دیكه ده ده‌قه‌كاندا زۆرن. دیاره ئه‌و ده‌ركه‌وتنانه‌ی Sandhi زۆر به وردی له‌به‌ر چاو نه‌گیراون(04)؛ هه‌رچه‌ند قسه‌كه‌ر خوێنده‌وارتر بێ، به‌و پێیه كه‌متر ئه‌و نهرمبوونهوانهی لێ ده‌بیسرێ. دیار بوو ڕه‌حمان زۆری حه‌ز لێیانه. ئه‌و جاروبار هه‌روا به بێ هۆیه‌كی تایبه‌تی ده‌ریده‌بڕین، بۆ وێنه: "مزد" له‌باتی "مست"(فارسی: مست[ده‌بێ مه‌به‌ستی ئۆسكار مان "مشت" بێ.- وه‌رگێڕ-])، لاپه‌ڕه 151، دێڕی 14: "مزد فه‌رخی"(05).
"دهزد (له‌باتی "ده‌ست") ئاویتهبام"(117، 1)(06). دێره‌دا وا ده‌رده‌كه‌وێ كه ئه‌و بزوێنه‌ی به دوایدا دێ بووبێته هۆی نهرمبوونهوهكه، وه‌ک چۆن بزوێنێكی سه‌ره‌تای وشه زۆر جار به‌رگریی له‌وه ده‌كا كه جێی دوادهنگی بڕگهسازكهر ده وشه‌ی پێشوو دا به بێئاوازێک بگیرێته‌وه:
"نانی خوارد و …"(295، 22)(07)، ده حاڵه‌تی دیكه دا: "خوارت".
شێوه‌یه‌كی دیكه‌ی گۆڕینه‌وه‌ی ده‌نگ، كه تاق و لۆق هه‌ڵده‌كه‌وێ و هۆیه‌كه‌شی ڕوون نییه، ده "ته‌گبیر" دا ده‌رده‌كه‌وێ، كه له‌باتی "تدبیر"ی عه‌ڕه‌بی دێ. ده به‌رهه‌می "یوسف ضیاالدین الخالدی"(5) دا ئاوایه: "تكبیر".
هه‌روه‌ها به بێ وێكچوون "خزمه‌ت" له‌باتی "خدمت"ی عه‌ڕه‌بی ده‌گوترێ، به‌ڵام شێوه عهڕهبییهكه له ته‌واوی ئێران‌دا له‌سه‌ر زاری خه‌ڵكییه.
————————————–
(1): SBA. = Sitzungsberichte der Koeniglich Preussischen Akademie der Wissenschaften
(2): ئه‌من به‌داخه‌وه له نووسینه‌وه‌ی ده‌قه‌كاندا زۆر ورد نه‌بووم. بۆ وێنه پیاو نایه‌وێ بنووسێ "كرت"، هه‌رچه‌ند شێوه‌ی دروستی ده‌ربڕینیش ده‌رده‌خا، چونكه له‌و شێوانه دا كه گیره‌كه بزوێنه‌كان(vokalische Affixe) سه‌رهه‌ڵده‌دن "كرد" خۆی وه‌ک شێوه‌ی بنه‌ڕه‌تیی ده‌رده‌خا، به‌ڵام یاسای دوادهنگ(Auslautgesetz) كه ده‌و شێوه‌یه‌ی سه‌ره‌وه‌دا هاتووه ده‌مێنێته‌وه، عاده‌تی میرزاجهوادیش كه له كاتی نووسینه‌وه‌ی به‌یته كوردییه‌كاندا زۆر جار، بۆ وێنه "كرت"ی ده‌نووسی، سه‌لمێنه‌ری ئه‌وه‌یه. هه‌رچه‌ند ڕۆژهه‌ڵاتیی له چاو زمان‌ناسی ئوڕوپایی زۆرتر هه‌وڵده‌دا ده‌نگه‌كان به‌و شێوه‌یه بنووسێته‌وه كه دهیانبیسێ، نه‌ک به‌و شێوه‌یه‌ی كه سه‌رچاوه‌كه بگرنه‌وه.
(3): "- ت(- د)" ده زۆربه‌ی پارتیسیپهكاندا كه‌وتووه، وه‌ک ده "كێشا" و "فه‌رموو" دا. به‌ڵام ده زمانهكهشدا ئه‌وه قه‌ت سه‌ر هه‌ڵناداته‌وه. ئه‌و نووسراوه‌یه هه‌ر ئاوڕ له‌و دهنگگۆڕانانه ده‌داته‌وه كه ده‌و زاراوانه(Idioms) دا، كه ئێستا ده‌رده‌بڕدرێن، سه‌ر هه‌ڵده‌ده‌ن؛ ئه‌وه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و چوارچێوه‌یه دا بێ ڕێزمانی مێژوویی ده‌گرێته‌وه.
(4): Justi, Wb. = Auguste Jaba, Dictionnaire Kurde- Francais, Publie Par Ferd. Justi. Petersburg
(5): یوسف ضیاالدین الخالدی: الهدیه الحامدیه فیاللغت الكردیه، 1310(هجری)، Konstantinopel –
————————————–
په‌راوێزی وه‌رگێڕ:
(01): ئه‌و شوێنه‌ی ئۆسكار مان ئاماژه‌ی پێده‌كا به‌و چه‌شنه‌یه: "ئامۆژنی لێی ده‌دا، ئێستری وه‌سه‌ر په‌ڕاند، پێی بریندار بوو، خوێنی لێ ده‌بوو جارییه." – بڕوانه به‌یتی " شێخ فه‌رخ و خاتوون ئه‌ستی"-. مامۆستا هێمن ئه‌و دێڕه‌ی ئاوا لێكردووه: "ئامۆژنی لێی ده‌دا، ئێستری وه‌سه‌ر ده‌په‌ڕاند، پێی بریندار ده‌بوو، خوێنی لێ ده‌بوو جارییه." – بڕوانه توحفه‌ی موزه‌فه‌رییه، لاپه‌ڕه 524-
(02): " فه‌رخ هاته‌وه زک فیسقهكهی بیكوژێ" – بڕوانه به‌یتی " شێخ فه‌رخ و خاتوون ئه‌ستی"- ؛ " فیسقه" باڵنده‌یه‌كی بچووكی خرپنهیه. "چۆلهكهمشكه" و " فیڕنه‌گوله" و "كهڵهفنده"شی پێده‌گوترێ. – بڕوانه " فه‌رهه‌نگی باڵنده"، ئه‌حمه‌د به‌حری، لاپه‌ڕه 102 ، بڵاوكراوه‌ی ئاراس، هه‌ولێر، 2001 –
(03): "ده‌ڵێ: نه ده‌تكوژم، نه دهدبڕم، نه دهددهمێ خه‌ڵاتی؛" – بڕوانه به‌یتی "برایمۆک"- ؛ مامۆستا هێمن ئه‌و دێڕه‌ی ئاوا لێكردووه: "ده‌ڵێ: نه ده‌تكوژم، نه ده‌تبڕم، نه ده‌تده‌مێ خه‌ڵاتی؛" – بڕوانه توحفه‌ی موزه‌فه‌رییه، لاپه‌ڕه 375-
(04): Sandhi: دهنگگۆڕانێک كه ده ده‌نگی سه‌ره‌تا یان دوادهنگی وشه‌یه‌كدا، به هۆی دوادهنگ یان ده‌نگی سه‌ره‌تای وشه‌یه‌كی دراوسێ، پێكدێ؛[ وشه‌یه‌كی سانسكریتییه].
(05): به‌یتی " شێخ فه‌رخ و خاتوون ئه‌ستی": "هێنایان، سیپارهیان ده مزد فه‌رخی ناوه". مامۆستا هێمن ئاوای نووسیوه‌ته‌وه: "هێنایان سیپارهیان ده مست فه‌رخی ناوه" – بڕوانه توحفه‌ی موزه‌فه‌رییه، لاپه‌ڕه 499 –
(06): به‌یتی "ناسر و ماڵ ماڵ": "یه‌كی جارێكیان دهزد ئاویتهبامه سه‌ر بژ و یاڵان،". مامۆستا هێمن ئاوای نووسیوه‌ته‌وه: "یه‌كی جارێكیان ده‌ست ئاویتبامه سه‌ر بژ و یاڵان" – بڕوانه توحفه‌ی موزه‌فه‌رییه، لاپه‌ڕه 456 –
(07): به‌یتی " قهر و گوڵه‌زه‌ر": " قهر نانی خوارد و هه‌ڵستا".
————————————–
B. بزوێنه‌كان
4. بزوێنه درێژه‌كان: " ا" (01)، " ێ"، " یی"، " ۆ" (02)، " وو"، " و" (03).
" ا" ده زۆربه‌ی زاراوه كوردییه‌كاندا، زۆر ڕوون ده‌رده‌بڕدرێ، به پێچه‌وانه‌ی شێوه‌ی باوی نێو زاراوه فارسییه‌كان كه لێڵبوونهوهیهكه به‌ره‌و " ۆ".
" ێ" زۆر جار ئاوازێكی كورتی به دواوه‌یه، تا ڕاده‌یه‌ک وه‌ک: " ێه".
" یی" ئه‌گه‌ر بزوێنێكی به دوا دا بێ، زۆر جاران دوای خۆی نیوه بزوێنی "ی" پێكدێنێ، كه به‌و شێوه‌یه به‌رگری له دووپاتبوونه‌وه ده‌كا. بۆ وێنه: " كوتیان" وه‌ک " كوتییان" ده‌رده‌بڕدرێ. به‌و شێوه‌یه ده‌ركه‌وتنی چه‌ند بزوێن به دوای یه‌کدا ده نووسینهوهكهی مندا وه‌به‌ر چاو نایه، وه‌ک "دایان" = "داییان"، "ماڵه‌كه‌یان" = "ماڵهكهییان" و هتد. ئه‌گه‌ر به‌و شێوه‌یه نه‌كرابێ به‌رگری له دووپاتبوونه‌وه بكرێ، كه هه‌میشه هۆیه‌كی ئێتیمۆلۆژیی هه‌یه، به دانانی نیشانه‌ی Spritus lenis ( ‘ ) خۆم لێ بواردووه.
سه‌باره‌ت به " وو"ش هه‌روایه، كه پێش بزوێنی دوای خۆی نیوه بزوێنی " ئو u" یان "و w"ی به‌هێزی دوولێویی(bilabial) پێكدێنێ، وه‌ک چۆن به پێچه‌وانه‌وه "و w" بۆ وێنه پاش وه‌یكه " ا"ی كه‌وته پێش به شێوه‌یه‌ک ده‌رده‌بڕدرێ كه له یه‌كێک له‌و جووتهبزوێنانه " ا و (au)" نیزیكه. به‌و چه‌شنه "ئه‌وه" وه‌ک "ئه‌ووه" ده‌رده‌بڕدرێ.
" و" پێش" ێ" یان " یی"، به هۆی بزوێنێكی تایبه‌تییه‌وه(Umlaut)، له " وو" پێكدێ، بۆ وێنه ده دۆخی ئێستای كرداری كاوزاتیڤ دا، ده‌و كردارانه دا كه ده‌نگی ڕهگهكهیان به " وو" كۆتایی دێ: "ده‌دوێنم" له "دواندن"ه‌وه. هه‌روه‌ها "ده‌بوێرم" له "بواردن"ه‌وه. ئه‌و بزوێنه (Umlaut) ده وشه‌ی "خوێن"یشدا[ فارسی: خون] ده‌بیندرێ.
5. بزوێنه كورته‌كان: " ا" (04)، " ه"، " ـه" (05)، " ی"، " ی" (06)، " ۆ" (07)، " و".
ده‌ربڕینی كورته بزوێنی " ا" هه‌ر جاره‌ی به چه‌شنێكه. یه‌ک كه‌س ده یه‌ک وشه‌ی نێو یه‌ک ڕسته دا جارێک وه‌ک " ا"یه‌كی ڕوون و جارێک وه‌ک "ه"یه‌كی نیزیک به "ی" ده‌ریده‌بڕێ و ده جاری سێهه‌میشدا ده‌ربڕینێكی نێوان ئه‌و دوانه‌ی بۆ ده‌بینێته‌وه. كه‌م وشه و شێوه‌كانی وشه هه‌ن كه هه‌میشه به یه‌ک ده‌ربڕین بیستبێتمن، بۆ وێنه پێشگری دۆخی ئێستا "ده -" كه قه‌ت وه‌ک "دا" ده‌رنابڕدرێ؛ وێده‌چێ ده‌و وشانه دا كه له عه‌ڕه‌بی وه‌رگیراون جیرانه‌تیی ده‌نگه مه‌ڵاشوویی گهروویییهكان ده‌ربڕینی " ا" بخوازێ. ئه‌من هه‌وڵم دا ئه‌و به‌رزی و نزمییه نیشان بده‌م، به شێوه‌یه‌ک كه "ه"م ده‌و جێیانه دا نووسیوه كه پێموابووه هه‌میشه "ه"(هه‌روه‌ک ده‌ربڕینی ئه‌وڕۆی فارسی له زمان خوێندهوارهكانهوه) ده‌بیسم، " ا"ش ده‌و جێیانه دا كه " ا"یه‌كی ڕوون بیسراوه. پیتی " ـه" نیشانده‌ری ئه‌وه‌یه كه ئه‌و ده‌نگه‌ی مه‌به‌ست بووه جارێک وه‌ک " ا" و جارێک وه‌ک "ه" ده‌ربڕدراوه(1).
" ا" به گشتی ده دوادهنگی به‌یت دا، ده بڕگه‌ی كورتی كۆتایی به‌یته‌كاندا، ده‌رده‌بڕدرێ. دێره دا وێده‌چێ زۆر جاران ئه‌و " ا"یه‌ی ته‌واو نائاسایی پێوه بلكێندرێ، به تایبه‌ت ده بڕگه درێژه‌كاندا، وادیاره هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌یه كه به‌یته‌كه‌ی پێ ببڕدرێته‌وه.
" ی"م بۆیه به‌كار هێناوه هه‌تا ده‌ربڕینێكی داخراوتر و كولتر، وه‌ک ئه‌و ده‌نگه بڕگهسازكهره لێوییهی كه به تایبه‌ت ده بڕگه كورتهكاند پێكدێ، ده‌ربخه‌م؛ وه‌ک " e "ی فه‌ڕانسه‌یی، بۆ وێنه ده ئامرازی ناسیاویی " le " دا. ئه‌و بزوێنه زۆرتر هه‌ر ده "بی ـ" پێشگری كردار دا، به‌كار دێ. له‌جیاتی "شێوا Shewa" ی عیبریی دێ و ده‌خرێته سه‌ر شێوه‌ی بزوێنی بڕگه‌ی دوای خۆی.
" ی" [مه‌به‌ست بزرۆكهیه( i )- وه‌رگێڕ-]. ده‌ربڕینی " ی"ی كورت به پێی كۆنسۆنانتی ده‌وروبه‌ری جاری وایه ڕوونتر و جاری وایه تاریكتره؛ به‌ڵام تاریكییه‌كه هێنده نییه كه نیشانه‌یه‌كی تایبه‌تیی بۆ نووسینه‌وه‌ی دابندرێ، وه‌ک " y" كه ده زمانه سڵاڤییهكاندا باوه. هه‌ر نه‌بێ بۆ ڕاوێژی باوی سابڵاغێ پێویست نییه.
" ۆ" و " و" وه‌ک " o " و " u "ی ئاڵمانی ده‌رده‌بڕدرێن.
6. جووته بزوێنه‌كان
ده جووته بزوێنی ڕاسته‌قینه دا "ئه‌ی" و "ئه‌و" سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن. دهربڕینهكهیان به ته‌واوی به ڕێنووسێكی تایبه‌تی نووسراوه‌ته‌وه. ده‌ربڕینی "ئه‌ی" له سه‌ره‌تا دا وه‌ک " ا" ده‌ست پێناكا، به‌ڵكوو وه‌ک "ئه" ده‌ست پێده‌كا؛ به‌شی دووهه‌م ته‌واو درێژه. ئه‌و جووته بزوێنه هه‌میشه له وێكهاتنه‌وه‌ی "ه+ یی" پێكهاتووه. به‌ڵام "ئه‌و(au)" زۆر جار ڕهقبوونهوهیهكی "ئاو(aw)" ده‌رده‌خا، به تایبه‌ت ده دوادهنگ دا. به ده‌گمه‌ن "ئه‌و" له وێكهاتنه‌وه‌ی " ا+ و(a+u)" پێكدێ، وه‌ک ده "ڕاسته‌و" دا، كه ئاوا بووه: "ڕاسته وو"، به فارسی ده‌بێته: "راست است و". له‌جیاتی "ئه‌و(au)"، " ۆ وو(ou)"ش ده‌گوترێ، بۆ وێنه هه‌م "شه‌و(shau)" ده‌بیسرێ، هه‌م "شۆوو(shou)" ( دۆخی خاوه‌نێتیی: "شه‌وێ").
ده‌سته‌كانی دیكه‌ی بزوێنه‌كان، كه ده نووسینه‌وه دا به بێ " ـ " ده‌نووسرێنه‌وه، جووته بزوێن نین؛ ده‌ربڕینی هه‌ر به‌شێک سه‌ربه‌خۆ پێكدێ. به تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی جووته بزوێنی درێژیان پێده‌گوترێ، بۆ وێنه: " ئاو"(دۆخی خاوه‌نێتیی: "ئاوێ")؛ "تاو"(تاوێ)؛ "چاو"(چاوێ)؛ پاشان "ێ یی" و هتد(08).
——————————–
(1): به‌داخه‌وه چاوخشاندنێک به ده‌قه چاپكراوهكاندا بۆم ده‌رده‌خا كه ئه‌و ویسته‌م هه‌میشه بۆ نه‌لواوه.
———————————
په‌راوێزی وه‌رگێڕ:
(01): مه‌به‌ست " ا"یه‌كی درێژه كه ده‌نگی " ئا" ده‌دا.
(02): مه‌به‌ست " ۆ"یه‌كی درێژه كه ده‌نگی " ئۆ" ده‌دا.
(03): مه‌به‌ست " و"یه‌كی تیژه كه ده‌نگی " ئوێ" ده‌دا.
(04): مه‌به‌ست " ا"یه‌كی زۆر كورته.
(05): ده‌نگێكی سووكتر له " ه"ی هه‌یه.
(06): بزوێنێكی كورته كه ده ڕێنووسی كوردیی كرمانجی( لاتینی) دا به « i » نیشان ده‌درێ؛ "بزرۆكه"ی پێده‌گوترێ.
(07): مه‌به‌ست " ۆ"یه‌كی زۆر كورته.
(08): ئه‌و ڕێنووسه‌ی ئۆسكار مان بۆ ده‌ربڕینی ده‌نگه‌كان دایهێناوه زۆر نیشانه‌ی تایبه‌تیی تێدایه كه نووسینه‌وه‌یان دێره دا ناگونجێ. بۆ وێنه "دانانی دوو خاڵ له‌سه‌ر یان له‌بن a" ، "دانانی دوو خاڵ و چوكڵهیهک و ویرگولێک له‌سه‌ر u و a"، زۆر نیشانه‌ی دیكه‌ش كه ئه‌وڕۆ باویان نه‌ماوه. جار و بار بۆ زیاتر ڕوون بوونه‌وه به پێویستم زانیوه ڕێنووسه لاتینییهكهش له به‌رامبه‌ر وشه‌كاندا بنووسم، هه‌رچه‌ند ته‌واو به‌و شێوه‌یه‌ش نه‌بن كه ئۆسكار مان نووسیونی؛ بۆ وێنه له به‌رامبه‌ر "شۆوو" دا "Shou"م نووسیوه، به‌ڵام "o" و "u" ده‌بێ چوكڵهیهكیان له‌سه‌ر بێ. یان ئه‌و نیشانه‌یه‌ی كه ئۆسكار مان بۆ "جووته بزوێنه‌كان"ی داناوه ئاوا(" ـ ") نییه، به‌ڵكوو كهوانهیهكه كه ڕووی ده سه‌رێیه و له بن جووته بزوێنه‌كان داده‌ندرێ.
7. گۆڕانی بزوێنه‌كان
ئا) وێكهاتنه‌وه
له‌سه‌ر وێكهاتنه‌وه‌ی ئه‌و بزوێنانه‌ی كه ئاكامه‌كانیان جووتهبزوێنی ڕاسته‌قینه‌ن، هه‌ر ئێستا دوام. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه ئه‌و تێبینییانهی خواره‌وه‌ش پێویستن:
1- بزوێنێكی كورت له لایه‌ن بزوێنێكی درێژی پێش یان پاش خۆی به شێوه‌یه‌ک قووت ده‌درێ. ئه‌گه‌ر هێز له‌سه‌ر بزوێنه كورته‌كه بێ، ئه‌وه هێزه‌كه‌ی ده‌كه‌وێته سه‌ر بزوێنه درێژه‌كه. بۆ وێنه:
"مێشێک" له‌باتی "مێشه – ێک"،
"زڕێک" له‌باتی "زڕه – ێک".
هه‌روه‌ها به‌راوردی بكه ده‌گه‌ڵ "لێكی دی" له‌باتی "له یێكی دی"(204، 35) (01).
دیاره له په‌نا وانه شێوه وێكنههاتووهكانیش ده‌رده‌كه‌ون، وه‌ک "كوڕهێک"(له په‌نا "كوڕێک")، " قسه‌ێک"(له په‌نا " قسێک"، زۆر جاران بۆ به‌رگریی له دووپاتبوونه‌وه، "ی" تێههڵدهكێشرێ: "سهركردهیێک".
2- "ێ" زۆر جاران "ی"یه‌كی سه‌رهه‌ڵداو قووت ده‌دا، به تایبه‌ت ده شێوه‌ی "ئیزافه"ی ناوه‌كاندا، كه به ده‌نگی " – ێ" كۆتایی‌یان دێ:
"ڕێ تارانێ"، له‌باتی "ڕێی"؛
"سوێ مهم و زینان"، له‌باتی "سوێی"؛
"پێیان"، "لێیان"، له‌باتی "پێ + ییان"، "لێ + ییان"؛
"بهخێرێوه"(65، 29) (02)، له‌باتی "به خێرێیهوه، فارسی: "به خیر باز آئی".
3- بزوێنه هاوچه‌شنه‌كان وێكدههێندرێنهوه:
"لێی پرسی"، له‌باتی "پرسیی"؛
"له زینو بانوانی"(95، 3) (03)، له‌باتی "زینو و بانوانی".
ب) كورتكردنهوهكان و لهبهریهکكێشانهوهكان
1- له‌باتی "ئه‌ی"، كه به‌رهه‌می وێكهێنراوهی " ـه+ ی"یه، زۆر جار "ێ" ده‌رده‌كه‌وێ:
"ئه‌و ئه‌سپێ"(131، 20) (04)، له‌باتی "ئه‌و ئه‌سپه‌ی"؛
"باڵه‌خانێ"(كه دۆخی خاوه‌نێتیی "باڵه‌خانه"یه)، له‌باتی "باڵه‌خانه‌ی".
2- دهستهبزوێنی "ێ یی"، كه به هۆی هاتنه گۆڕی پاشبه‌نده‌كانی گه‌ردانكردن و پاشگرهكانهوه سه‌ریهه‌ڵداوه، زۆر جاران به شێوه‌ی "ئه‌ی" كورت ده‌كرێته‌وه:
"شه‌مه‌ی هێنابوو"(81، 29) (05)، له‌باتی "شه‌مێی"؛
"بانگ له سه‌ر بانگه‌ی لێ ده‌داوه"(78، 24) (06)، له‌باتی "بانگێی".
3- به گشتی ده درێژیی و ماوه‌ی بزوێن دا به‌رزی و نزمییه‌ک هه‌ست پێده‌كرێ، ته‌نانه‌ت به بێ وه‌یكه ده‌ركه‌وتنه‌كانی Sandhi ده گۆڕێ‌دا بن(1).
به‌و پێیه له په‌نا یه‌كتر دا ئه‌وانه سه‌ر هه‌ڵده‌ده‌ن:
"یه‌ک" و "یێک"؛
"ئهخسیر" و "ێخسیر"، عه‌ڕه‌بی: "اسیر"؛
"ده‌كوژم" و دهكووژم".
4 – ئه‌وه‌ی به‌رچاوه لهبهریهككشانهوهی ڕیزێک له بزوێنهكانه، به تایبه‌ت ده وشه بێگانه‌كاندا (ده وشه عه‌ڕه‌بییه‌كاندا):
ئا) وشه كوردییه‌كان: "شێست"؛ "سێ"؛ "هیندی"؛ "ئیشق"[ئۆسكار مان به ئاڵمانیی مانای "ئیشک(trocken)"ی بۆ ئه‌و وشه‌یه نووسیوه. – وه‌رگێڕ-]؛ "مێردین"(كوردی؟)[ وادیاره ئۆسكار مان له كوردیبوونی ئه‌و وشه‌یه دڵنیا نه‌بووه بۆیه ده كه‌وانه دا نیشانه‌ی پرسیاری بۆ داناوه. – وه‌رگێڕ-].
ب) وشه بێگانه‌كان: "زموڕوود"، عه‌ڕه‌بی: "زمرد"؛ "نیگار"، فارسی: "نگار"؛ "كیمخوا"، فارسی: "كمخا"؛ "ئیخلاس"، عه‌ڕه‌بی: "اخلاص"؛ "ئیختییار"، عه‌ڕه‌بی: "اختیار"؛ "جانفیدا"، عه‌ڕه‌بی و فارسی: "جان فدا"؛ " قاسید"، عه‌ڕه‌بی: " قاصد"؛ "هیلاک"، عه‌ڕه‌بی: "هلاک"؛ "وارید"، عه‌ڕه‌بی: "وارد"؛ "سادیر"، عه‌ڕه‌بی: "صادر"؛ "ساحێب"، عه‌ڕه‌بی: "صاحب"؛ "كه‌لیمه"، عه‌ڕه‌بی: "كلمه"؛ "ئیزن"، عه‌ڕه‌بی: "اذن" و ئیدیكه‌ش. خوێنده‌واره‌كان ئه‌و لهبهریهككشانهوانه ده وشه عه‌ڕه‌بییه‌كاندا ده‌رنابڕن، به‌ڵام ده‌یسه‌لمێنن كه خه‌ڵک ئه‌و وشانه به بزوێنه درێژه‌كان ده‌رده‌بڕن.
5- سه‌رواش(قافیه) ده‌بێته هۆی هێندێک گۆڕان ده درێژیی و ماوه‌ی بزوێن دا؛ بۆ وێنه ده لاپه‌ڕه 221، دێڕی 28 (07) دا "وه‌ره"، كه زۆر باوه، به شێوه‌ی "واره" له‌به‌ریه‌ک ده‌كێشرێته‌وه.
——————————-
(1): له باری زانستی بهیتیشهوه (Metrik) هۆیه‌ک ده گۆڕێ‌دا نییه.
سه‌ره‌ڕای وه‌ش شێوه‌یه‌ک سه‌رهه‌ڵده‌دا كه " ا"ی تێدایه: "ئه‌و ناوه"، بۆ وێنه ده لاپه‌ڕه 74، دێڕی 19 (08) و لاپه‌ڕه 231، دێڕی 13 (09) دا. دێره دا وا وێده‌چێ كه بۆ خاتری سه‌روا(قافیه) شێوه‌ی زاراوه‌یه‌ی دراوسێ هه‌ڵبژێردرابێ؛ ده كوردستانیی(زاراوه‌ی سنه) دا "ناو" به مانای "نێوه‌ڕاست"ه.
هه‌روه‌ها "ناو"، كه ده لاپه‌ڕه 145، دێڕی 17 (010) دا وه‌ک سه‌روا ده‌ركه‌وتووه، له زاراوه‌ی كوردستانیی وه‌رگیراوه؛ ده موكریی دا: "نێوت چیه؟".
——————————-
په‌راوێزی وه‌رگێڕ:
(01): به‌یتی "مه‌حمه‌ڵ و برایمی ده‌شتیان": "نهمدییه، نهمناسییه؛ بچۆ، پرسیاری بكه لێكی دییه!". ده "توحفه‌ی موزه‌فه‌رییه"، لاپه‌ڕه 596، دا ئاوا نووسراوه‌ته‌وه: "نهمدییه نهمناسییه، بچۆ، پرسیارێ بكه لێكی دییه".
(02): به‌یتی "مهم و زین": "میر مهم، بهخێرێوه له سه‌فا و سه‌یرانێ."؛ مامۆستا هێمن ئاوای لێكردووه: "میرمه‌م به‌خێرێیه‌وه له سه‌فا و له سه‌یرانێ." – بڕوانه "توحفه‌ی موزه‌فه‌رییه"، لاپه‌ڕه 302 –
(03): به‌یتی " لاس و خه‌زاڵ": " لاس له زینو بانوانی ده‌كرد ڕه‌شه‌ڕاوه."؛ مامۆستا هێمن ئاوای لێكردووه: " لاس له زینوێ و بانووانی ده‌كرد رهشهڕاوه." – بڕوانه "توحفه‌ی موزه‌فه‌رییه"، لاپه‌ڕه 359-
(04): به‌یتی "برایمۆک": "سێ ڕۆژان ئه‌و جوانوو ئه‌سپێ ئاو نه‌دا، هه‌ر كاو جۆ و وێنجه‌ی دایه؛"؛ مامۆستا هێمن ئاوای لێكردووه: "سێ ڕۆژان ئه‌و جوانووئهسپهی ئاو نه‌دا، هه‌ر كاو جۆ و وێنجه‌ی دایه؛" – بڕوانه "توحفه‌ی موزه‌فه‌رییه"، لاپه‌ڕه 381-
(05): به‌یتی " لاس و خه‌زاڵ": "چوار ساڵ بوو شه‌مه‌ی هێنابوو، ئیلاقه‌ی نهدهكرت."؛ مامۆستا هێمن ئاوای لێكردووه: "چوار ساڵ بوو شه‌مێی هێنابوو، ئیلاقه‌ی نه‌ده‌كرد." – بڕوانه "توحفه‌ی موزه‌فه‌رییه"، لاپه‌ڕه 334-
(06): به‌یتی "مهم و زین": "بانگ له سه‌ر بانگه‌ی لێ ده‌داوه"؛ مامۆستا هێمن ئاوای لێكردووه: "بانگ له سه‌ر بانگی لێ داوه" – بڕوانه "توحفه‌ی موزه‌فه‌رییه"، لاپه‌ڕه 328-
(07): به‌یتی " قۆچ عوسمان": "ده‌یگوت: پیر سوار، به قورباند بم، ئه‌و جار به هیمدادم واره[ وه‌ره]."؛ ده "توحفه‌ی موزه‌فه‌رییه" دا ئاوایه: "ده‌یگوت: پیرسوار، به قوربانت بم، ئه‌وجار به هیمدادم واره(وه‌ره)." – بڕوانه لاپه‌ڕه 627 –
(08): به‌یتی "مهم و زین": "میر بۆخۆی هه‌ڵستا بۆ خۆی هاته ئه‌و ناوه."
(09): به‌یتی " قۆچ عوسمان": " شه‌یتانیش هاته ئه‌و ناوه."
(010): به‌یتی "شیخ فه‌رخ و خاتوون ئه‌ستی": "كوتی: براله، ئه‌دی چد ناوه؟"؛ مامۆستا هێمن ئاوای لێكردووه: "كوتی: براله ئه‌دی چت ناوه؟" – بڕوانه "توحفه‌ی موزه‌فه‌رییه"، لاپه‌ڕه 489 –
ج) گۆڕانی بزوێنه جیاوازه‌كان
1- زۆر جاران هه‌ڵده‌كه‌وێ كه وشه‌یه‌ک جارێک به " ۆ" و جارێک به "و ، وو" بگوترێ:
" تو" و " تۆ"،
"چۆ" و "چوو"، بۆ وێنه ده لاپه‌ڕه 82، دێڕی 17 (01) دا، ده‌و جێیه دا كه هه‌ردووک شێوه له په‌نا یه‌كن. به‌ڵام جاریوایه " ۆ" له ئاكامی وێكهاتنه‌وه‌ی "وو+ ه" دا پێكهاتووه:
"چۆوه" له‌باتی "چوو+ ه‌وه"،
"بنۆڕه" له "نوواڕین"ه‌وه.
یان سه‌رهه‌ڵدانی " ـه"، "وو"ی دوادهنگ ده‌گۆڕێ و ده‌یكاته " ۆ": "چۆه…"، له په‌نا "چووه…".
2- ده‌و نموونانه‌ی خواره‌وه دا گۆڕانی "ێ" و "یی" ده‌رده‌كه‌وێ:
"نیوه‌ڕۆ"، "نیوه‌شه‌و"؛ "نیوه"؛ له په‌نا "نێوه‌ڕاستی شاری".
نموونه‌ی دیكه بۆ گۆڕانی "ێ" و "یی" ئاوا لێكده‌درێنه‌وه كه – زۆر جار بۆ خاتری سه‌روا – شێوه‌كانی "یی" له زاراوه دراوسێكان وه‌رگیراون. به‌و پێیه له‌باتی "هێنان"ی موكری زۆر جاران "هینان" به‌كار ده‌هێندرێ كه شێوه‌ی باوی نێو مه‌نگوڕانه(ده نێو زاراوه ڕۆژئاوایییه‌كانی كرمانجییشدا باوه، بڕوانه ڕێزمانه‌كه‌ی یوستی، لاپه‌ڕه 208)، بۆ وێنه: "ده‌هینا"، لاپه‌ڕه 30، دێڕی 3 (02) و لاپه‌ڕه‌كانی دیكه‌ش؛ "هینا"(245، 28) (03)؛ "ده‌ر – ینه"(29، 29) (04)؛ "بینه"(14، 1) (05). هه‌روه‌ها "بستینه"(14، 2) (06)، له‌باتی "بستێنه"ی موكری؛ "كوینه"(96، 4) (07) له‌باتی "كوێن"ی موكری(به مانای پارچه‌ی ڕه‌شماڵ)؛ "خوینم"(76، 16) (08) له‌باتی "خوێن". دێره دا ده‌بێ باس بكرێ كه، وه‌ک بۆخۆم بۆم ده‌ركه‌وتووه، هه‌ر ده زاراوه‌ی مه‌نگوڕاندا، ده سێهه‌م كه‌سی تاک، دۆخی ئێستا دا، "یی" له‌باتی "ێ"ی موكری ده‌گوترێ، بۆ وێنه: "بگری"(68، 13) (09)؛ "بمری"(68، 15) (010) بۆ "بگرێ"، "بمرێ"؛ بڕوانه خواره‌وه، به‌ندی 64. – دیاره زه‌حمه‌ته بڕیار بدرێ كه ئایا ده‌و شوێنانه دا شێوه هه‌ره كۆنه‌كان له‌به‌ر چاون، كه ده‌گه‌ڵ به‌یته‌كان سینگاوسینگ له نیشتمانی به‌یته‌كانه‌وه، كه ڕۆژئاواییتر هه‌ڵكه‌وتووه، هاتوونه نێو موكری، یان شێوهگهلێكن كه به هه‌ڵكه‌وت وه‌رگیراون، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه باشتر ده‌گه‌ڵ سه‌روا ده‌گونجێن؛ به بڕوای من بۆچوونی یه‌كه‌م زۆرتر وێده‌چێ. شێوه ئه‌سڵییه‌كان به هۆی سه‌رواوه باشتر خۆیان پاراستووه، ئه‌گه‌ر ده نێوه‌ڕاست به‌یته‌كان دابان وا نه‌ده‌پارێزران و زوو له لایه‌ن بهیتبێژێكهوه جێگه‌یان به شێوه‌یه‌كی ئاشناتر پڕ ده‌كراوه.
هه‌ر به‌و چه‌شنه‌ش شێوه‌ی "هانی"م له‌باتی "هێنا"، كه هه‌ر جارێک وه‌به‌ر چاو دێ(234، 24) (011)، بۆ لێكده‌درێته‌وه. –
سه‌باره‌ت به گۆڕانی "ێ" و "یی" ده پاشبه‌ندی دۆخی خاوه‌نێتیی ناویشدا بڕوانه خواره‌وه، به‌ندی 14.
هێز
8. سێ هێز ده‌بێ لێک جوێكرێنهوه، "پروم" و "سۆسین"یش هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و بڕوایه بوون: 1- ئاوازی ته‌واوی ئه‌و هێزه‌ی كه ده وشه‌یه‌ک دا هه‌یه، كاتێک كه سه‌ربه‌خۆ به پێوه‌ندییه‌كی ڕسته‌یی ده‌رده‌بڕدرێ؛ 2- هێزی وشه‌یه‌ک ده ڕسته دا؛ 3- هێز ده‌و شێعرانه دا كه به گۆرانی ده‌گوترێن.
هێزی دوایی ده‌كه‌وێ، چونكه به هه‌وا، وێڕای هه‌وای ڕسته‌ی په‌خشان، ده‌رده‌بڕدرێ، هه‌ر دوو بڕگه‌ی كۆتایی شێعره‌كه دوا هێزیان تێدایه، ته‌نانه‌ت دژی ئاوازی ڕسته و وشه‌ش.
هێزی وشه‌یه‌كی ته‌نیا هه‌میشه ده‌كه‌وێته سه‌ر دوایین بڕگه، ناوه‌كان ده دۆخی بانگكردن دا هێزه‌كه هه‌تا بڕگه‌ی یه‌كه‌م ده‌گێڕنه‌وه. پاشبه‌نده‌كانی گه‌ردانكردن و پاشگره‌كانی دیكه، وه‌ک پاشگری ڕاناوه كه‌سییه‌كان، شێوه‌كانی ناوه كردارییه‌كان كه پاڵ وه وشه‌ی به‌هێزی پێش خۆیانه‌وه ده‌ده‌ن و هتد، به گشتی به بێ هێز ده‌مێننه‌وه. ئه‌وانه‌ی ئاوارته‌ن ده باسی گه‌ردانكردن(Flexion) دا ئاماژه‌یان پێده‌كرێ، به تایبه‌ت ده‌بێ له خواره‌وه دا وردتر باسی چۆنێتیی تایبه‌تیی هێزه‌كان ده شێوه‌كانی كردار دا بكرێ.
وشه‌گه‌لی وه‌ک "چاوو"، "ئاو‌و" و هتد، ئاوارتهبوونیان به‌رچاوه، كه دووبڕگه‌یی ده‌رده‌بڕدرێن، به‌ڵام ده‌وانه دا بزوێنی بڕگه‌ی دووهه‌م هه‌ر ڕهقبوونهوهیهكی ده‌نگی خشۆكیی لێوییه(بۆ "چاو"، "ئاو").
هێز ده ڕسته دا به‌ستراوه‌ته‌وه به نێوه‌رۆكی ئه‌و بیره‌ی ده‌رده‌بڕدرێ و هه‌ر به‌و پێیه‌ش ده‌گۆڕدرێ. دێره دا "جۆلانه"ی هێز سه‌ر هه‌ڵده‌دا، بڕوانه نووسراوه‌ی "سۆسین" ده "بنه‌مای فیلۆلۆژیی ئێرانی" (GIPH.I, Abt.II) دا(1)، لاپه‌ڕه 270 و لاپه‌ڕه‌كانی دواتر، دیاره ده‌و وتاره دا هه‌ر ئاوازی ڕسته له‌به‌ر چاو گیراوه. به‌رزی و نزمی هێز ده ڕسته دا ئه‌وه‌نده‌یه كه ته‌نانه‌ت هه‌ركام له وشه‌كان ده هه‌مان ڕسته دا له لایه‌ن هه‌مان كه‌سه‌وه به مه‌ودایه‌كی كه‌م به دوای یه‌كدا هه‌ر جاره‌ی به هێزێكی جیاوازه‌وه ده‌رده‌بڕدرێن. ئه‌من ده ده‌قه‌كاندا ئه‌وه‌نده‌ی بۆم گونجاوه ئاوازی ڕسته‌م نیشان داوه، كه وه‌ک ئێستا كوتم به زه‌حمه‌تیش دیاری ده‌كرێ.
———————————-
(1): GIPh. = Grundriss der iranischen Philologie, Strassburg, 1895 – 1901
———————————–
په‌راوێزی وه‌رگێڕ:
(01): به‌یتی " لاس و خه‌زاڵ": "چۆ نێو عێلی مهموودینیان، چاوی به خه‌زاڵێ بكه‌وێ، ئه‌گه‌ر چوو له‌وێ دابه‌زی. جڵه‌ویان گرت و وڵاغهكهیان به‌سته‌وه."؛ مامۆستا هێمن ئاوای لێكردووه: "چوه نێو عێلی ماموودینان، چاوی به خه‌زاڵێ بكه‌وێ، ئه‌گه‌ر چوو له‌وێ دابه‌زی، جڵه‌ویان گرت و وڵاغهكهیان به‌سته‌وه." – بڕوانه "توحفه‌ی موزه‌فه‌رییه"، لاپه‌ڕه 335 –
(02): به‌یتی "مهم و زین": ئه‌وه، داخوڵا، چ قهرهكوڵهیێكه ده‌گه‌ڵه خۆد ده‌هینا؟"؛ مامۆستا هێمن ئاوای لێكردووه: "ئه‌وه، داخوڵا، چ قهرهكوڵایهكه ده‌گه‌ڵه خۆت ده‌هێنا؟" – بڕوانه توحفه‌ی موزه‌فه‌رییه"، لاپه‌ڕه 231 –
–
(04): به‌یتی "مهم و زین": "سه‌ر له كه‌وڵ و سێقهڵاتان ده‌رینه".
(05): به‌یتی "دمدم": "زوو كه، شوغڵهم بۆ پێگ بینه"؛ مامۆستا هێمن ئاوای لێكردووه: "زووكه، شوغڵم بۆ پێکبینه" – بڕوانه "توحفه‌ی موزه‌فه‌رییه"، لاپه‌ڕه 204 –
(06): به‌یتی "دمدم": "دمدمم له بۆ بستینه".
(07): به‌یتی " لاس و خه‌زاڵ": "یای خه‌زاڵ ده‌ڵێ: چپكهم، ئه‌من سه‌ربه‌تاڵ و مل به كوینه!"؛ مامۆستا هێمن ئاوای لێكردووه: "یای خه‌زاڵ ده‌ڵێ: چبكه‌م، ئه‌منی سه‌ر به‌تاڵ و مل به كوێنه!" – بڕوانه "توحفه‌ی موزه‌فه‌رییه"، لاپه‌ڕه 361 –
(08): به‌یتی "مهم و زین": "له پڵینگهكانی چه‌نگ به خوینم".
(09): به‌یتی "مهم و زین": "تهدارهكێكی له بۆ میر مهمی بگری".
(010): به‌یتی "مهم و زین": "نایێڵم میر مهم به چ ده‌ردان بمری"؛ ده "توحفه‌ی موزه‌فه‌رییه" دا ئاوایه: "نایه‌ڵم میرمه‌م به چ ده‌ردان بمری" – بڕوانه لاپه‌ڕه 308 –
(011): به‌یتی "جوڵندی": "سه‌د هه‌زاری له‌شكر هانی".
گه‌ردانكردن
A . ناو
9. ده زاراوه‌ی موكری دا، هه‌روه‌ها ده هێندێک له زاراوه‌كانی دیكه‌ی كوردییشدا كه پێشتر ناسراون، دوو پاشگر بۆ ده‌ربڕینی ڕیشه‌ی په‌ره‌پێدراو و ئامرازه‌كانی نه‌ناسیاوی ده ناو دا به‌دیده‌كرێن كه هێشتا باش نه‌ناسراون.
بۆ په‌ره‌پێدانی ڕیشه، پاشگری " ـه‌كه"، كۆ: " ـه‌كان"، به‌كار ده‌هێندرێ، كه هه‌میشه به شێوه‌ی دیاریكراو هێزی ده‌خرێته سه‌ر. ده دوادهنگی ناو دا( ـ ه، ـ ا) هه‌ر " ـ كه، ـ كان" ده‌رده‌كه‌وێ؛ بۆ وێنه "ئاغاكهتان"(76، 6)، له "ئاغا"، ده حاڵێكدا ئه‌و بزوێنانه‌ی ده دوادهنگی ناو دان نیوهبزوێنهكانی خزمیان وه‌ک ده‌نگی لكێنه‌ر تێههڵدهكێشرێ: "جووانوهكه"، یان "جووانوووهكه" له "جووانوو".
نموونه‌كان: بكه‌ر: " قهرهواشهكه ده‌ڵێ"(145، 2)؛ له " قه‌ره‌واش"؛
"ده‌عباكه گوللهكهی… گرته‌وه"(3، 11)؛ له "ده‌عبا"؛
"كوێستانهكهش گاگه‌ش باوئۆمهر بوو"(99، 33).
ناوی كۆ: "دێوه‌كان په‌یدا بوون"(9، 26). "كچه‌كان چوون"(100، 8)، له "كچ".
كه وایه ئه‌و " ـ كه"یه پاشگرێكی سازكه‌ری به‌ركاری ڕاسته‌وخۆ نییه، وه‌ک "هـ . شیندلێر"، ده لاپه‌ڕه 97 دا(1) پێیوایه.
دۆخی خاوه‌نێتیی: "مارێک له به‌رده‌كه‌ی هاته ده‌رێ"(127، 3)، له "به‌رد"؛
"له سه‌ر پشتی شێره‌كه‌ی نووست"(81، 34)، له "شێر"؛
"چوونه جزیره‌كه‌ی"(10، 8)، له "جزیره"؛
"ئه‌نگوستیله‌كه‌ی بده‌ن به من"(10، 23)، له "ئه‌نگوستیله"؛
ده‌گه‌ڵ براكان وو خوشكه‌كان"(134، 17)، له "برا"، "خوشک".
به پێی وته‌ی میرزا جه‌وادی ده‌بێ له لایه‌ن مهنگوڕهكانهوه ئه‌و شێوه‌یه‌ی په‌ره‌پێدانی ڕیشه‌ی ناو له‌سه‌ر " – ـه‌كه" هه‌میشه به‌كار بهێندرێ، كاتێک پاشگرێكی ڕاناوه كه‌سییه‌كان به مه‌به‌ستی خاوه‌نێتیی بخرێته سه‌ر ناو. نموونه زۆرن:
"جێگاكهن(287، 16)، "جێگا+ ـه‌كه+ ن"؛
"شوانهكهن، مهڕهكهن"(149، 9)؛
"كچه‌كه‌م"(146، 24)؛
"ئاغاكهتان".
10. دووهه‌مین پاشبه‌ندی په‌ره‌پێدانی ڕیشه " – ـه"یه، كه هه‌ر به ناوێكی گرێ‌دراو به ڕاناوی ئیشاڕهوه ده‌لكێندرێ؛ واته هه‌ر ناوێک كه به هۆی ڕاناوێكی ئیشاڕهوه دیاریكرابێ به‌و پاشبه‌نده ده‌رده‌كه‌وێ، له كاتێكدا ئه‌و " – ـه‌كه"ی ئێستا باسمان كرد جاروبار ده جێیه‌كدا ده‌كه‌وێ كه چاوه‌ڕوانین بكه‌وێ. زۆر به ده‌گمه‌ن ئاوارته هه‌ڵده‌كه‌ون، هه‌ر ده‌وانه دا هه‌ڵده‌كه‌وێ كه بوونه ئاواڵكردار: "ئه‌وڕۆ"، "ئه‌وشه‌و".
نموونه یه‌كجار زۆرن:
"ئه‌و پیاوه"، (پیاوو)؛ "ئه‌و به‌زمه‌ی"؛ "ئه‌و خه‌رجه‌ت"(3، 36).
ده‌و ناوانه دا كه دوادهنگیان بزوێنه ده‌نگی لكێنه‌ری " ـ ی ـ" سه‌ر هه‌ڵده‌دا: "ئه‌و خوڵایه".
به بێ وهپێشكهوتنی ڕاناوی ئیشاڕه زۆر به ده‌گمه‌ن پاشگری په‌ره‌پێدانی ڕیشه ده‌بیندرێ؛ پێموایه ده‌و نموونه‌یه دا ده‌رده‌كه‌وێ: "ئاره‌قه شێت كردبام"(84، 10) (01).
دیاره به بێ ڕاناوی ئیشاڕه هیچ له‌سه‌ر ئه‌و "- ه"یه ڕوون نابێته‌وه، چونكه وێده‌چێ ڕیزێک له‌و ناوانه‌ی كه به كۆنسۆنانت كۆتایی‌یان دێ شێوه‌یه‌كی لاوه‌كییان هه‌بێ كه به هۆی خستنه سه‌ری "- ـه" په‌ره‌ی پێده‌درێ، به شێوه‌یه‌ک كه ده زۆربه‌ی حاڵه‌ته‌كاندا ناكرێ بڕیار بدرێ كه ئه‌وه یان كامه ڕێكخستن له‌به‌ر چاوه. به‌و پێیه ئه‌و شێوانه ده‌بیندرێن: ده "كوڕهێكی"(86، 28) (02) دا شێوه‌ی لاوه‌كی "كوڕه"، ده‌نا "كوڕ" ده‌بیندرێ؛
"غه‌ریبه" له په‌نا ""غه‌ریب"؛
"سواره" له په‌نا "سوار" (ده‌گه‌ڵ "سواره"ی فارسییش به‌راوردی بكه)؛
"بازنه" له په‌نا "بازن"(46، 15 و 20)؛
ده "مهم و زین" دا ناوی "به‌نگینه" جاری وایه له‌باتی "به‌نگین" ده‌بیندرێ؛ ده ئهوانیدیكهشدا هه‌روه‌تر.
11. بۆ ده‌ربڕینی ئامرازی ناسیاویی وشه‌ی (بێهێزی) ژماره "- ێک" وه‌ک پاشگر به ناوه‌وه ده‌لكێندرێ. ئه‌گه‌ر دوادهنگی ناو بزوێن بێ، "ی" یان له نێوان ناو و پاشگر دا سه‌ر هه‌ڵده‌دا: "غهڵهبهیێک" له "غهڵهبه+ ێک"؛ یان بزوێنه كورته‌كه له لایه‌ن "ێ"وه قووت ده‌درێ: "مێشێک(بڕوانه به‌ندی 7 – أ-)؛ یان تێكههڵهنگووتنهكه (Hiatus) ده‌مێنێته‌وه: "پادشهێک".
ئه‌و ناوانه‌ی به "وو" كۆتایی‌یان دێ ده‌بنه هۆی وه‌یكه پێش "ێ" پاشگری "و" بۆ "وو" سه‌ر هه‌ڵبدا: "چاوێک" له "چاوو".
نموونه یه‌كجار زۆرن.
هه‌ر به ده‌گمه‌ن ده زاراوه‌ی موكری دا كورتكردنه‌وه‌ی ئه‌و "ێ"یه‌ی ده زاراوه‌كانی دیكه‌ی كوردیدا باسمان كرد، سه‌ر هه‌ڵده‌دا؛ ئه‌من ده ده‌قه‌كاندا هه‌ر ئه‌و تاقه نموونه‌یه ده‌بینم: "كه‌روێشكی"(92، 25) بۆ "كهروێشێكی"[ده‌بێ مه‌به‌ستی ئۆسكار مان "كه‌روێشكێكی" بێ. – وه‌رگێڕ-].
ماناكه‌ی ته‌واو ئامرازی نهناسیاویی ئێمه ده‌گرێته‌وه، بۆ وێنه: "له زه‌مانی قه‌دیم دا پادشاێگ بوو…"(8، 28).
بۆ ده‌ربڕینی وشه‌ی ژماره‌ی "یه‌ک eins"، "یه‌ک" ده‌خرێته پێش ناو؛ هه‌ر ده هێندێک پێوه‌ندیی زۆر باو دا پاشگری " ـ ێک" مانای وشه‌ی ژماره ده‌گه‌یه‌نێ، بۆ وێنه ده "ساڵێكی دی" دا، ڕاست وه‌ک فارسییهكهیه: "یک سال دیگر" كه هه‌میشه له‌باتی "uebers Jahr"ی خۆمان به‌كار ده‌هێندرێ. لێكدانه‌وه‌ی "هـ . شیندلێر" هه‌ڵه‌یه: "ساڵ ی كی دی"( لاپه‌ڕه 50، بڕوانه وشه‌ی "ئیدیكه"، كه دیسانیش به هه‌ڵه ده‌گه‌ڵ ڕاناوی نیسبیی هێناویه).
ماناكه، ئه‌وه‌نده‌ی ئامرازی ناسیاوی بگرێته‌وه، ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێ كه ئه‌و شێوه ناوه‌ی به " ـ ێک" په‌ره‌ی پێدراوه دوای وشه ناسیاوییهكانی ژماره‌ش، وه‌ک "چه‌ند" و "زۆر"، "هه‌ر"، "هه‌موو"، به‌كار ده‌هێندرێ.
نموونه‌كان: "چه‌ند دێوێک پێیدا["په‌یدا" – وه‌رگێڕ-] بوون"(9، 1)؛
"هه‌موو كارێكی ده‌كه‌م"(103، 22).
ده نێوه‌ڕاست ڕسته‌شدا ئاوایه: "خێرێكی زۆریان كرت"(103، 27) (2).
————————————–
(1): H. – Schindler = A. Houtum-Schindler, Beitraege zum kurdischen Wortschatze, in: Zeitschrift der Deutschen Morgenlaendischen Gesellschaft, Bd. XXXVIII, pag. 43ff
(2): پیاو ده‌بێ به‌راوردی بكا، كه چۆن دێ مۆرگان(de Morgan) ئه‌و ڕاستییه ڕوونانهمان لێ هه‌ڵده‌گێڕێته‌وه (لاپه‌ڕه 59): "Le kurde ne connait pas l’article, de meme que les autres langues iraniennes; l’article designant l’unite est represente par l’unite elle-meme que l’on place dans la plupart des cas en suffixe du nom. Exemples
نموونه‌كان:
موكری: "پیاو"؛ "پیاوه‌ک" 1).
موكری: "كوڕ"؛ "كوڕه‌كه".
موكری: "ڕۆژ"؛ "ڕۆژكه".
موكری: "گوڵ"؛ "گوڵه‌كه".
Ce suffixe, ayant perdu pour les Kurdes sa valeur numerique, s’emploie meme au pluriel. Exemples
نموونه‌كان:
موكری: "ساغان"؛ ساغه‌كان".
موكری:" پیاوان"؛ پیاوه‌كان".
موكری: "گورگان"؛ "گورگه‌كان".
موكری: "ده‌ران"؛ "ده‌ركیان" 2).
Dans tous les autres cas, l’article est remplace, quand il en est besoin, par les suffixes de la declinaison ou par des prepositions."(03).
———————————-
1): هه‌ڵه‌یه: یان "پیاوێک"، یان "پیاوه‌كه" راسته.
2): ئه‌وه‌ش بێعه‌قڵییه: "ده‌ر" وشه فارسییهكهیه؛ وشه موكرییهكه "ده‌رک"ه، وه‌ک دێ مۆرگان بۆخۆی ده وشه‌كاندا ( لاپه‌ڕه 146) به دروستی ده‌ریده‌خا. "ده‌ركیان" یانی: ده‌ركی وان" = "ده‌رک+ یان"(پاشگری ڕاناو ده سێهه‌م كه‌سی كۆ دا.)!
——————————–
په‌راوێزی وه‌رگێڕ:
(01): ئه‌و دێڕه ده به‌یتی " لاس و خه‌زاڵ" دا ئاوایه: "ئاره‌قه شێت و شه‌یدای كردبام".
(02): به‌یتی " لاس و خه‌زاڵ": "هه‌ر یه‌كی حه‌زیان له كوڕهێكی ده‌كرت"؛ مامۆستا هێمن ئاوای لێكردووه: "ههریهكی حه‌زیان له كوڕێكی ده‌كرد" – بڕوانه "توحفه‌ی موزه‌فه‌رییه"، لاپه‌ڕه 343 –
(03): هێندێک نیشانه‌ی تایبه‌تی بۆ ڕێنووسی فه‌ڕانسه‌یی پێویست بوون كه دێره دا بۆم نه‌گونجا دایاننێم.
گه‌ردانكردنی ناو
12. له گه‌ردانكردنی ئێرانیی كۆندا كه له باری شێوه‌وه زۆر ده‌وڵه‌مه‌نده، هه‌روه‌ک ده زمانه ئێرانییه مۆدێرنه‌كانی دیكه دا، هه‌روه‌ها ده كوردییشدا، پاشماوه‌یه‌كی كه‌م پارێزراوه. سه‌ره‌ڕای وه‌ش ئه‌وانه‌ی ده زاراوه‌ی موكری دا ماونه‌وه و له‌به‌ر ده‌ست دان بڕێک به‌رچاوترن له‌وه‌یكه ئه‌مه وه‌كی دی ده‌یبینینه‌وه؛ وێنه‌یه‌كی ته‌واویش له چۆنێتیی گه‌ردانكردنی ناو ده سه‌رده‌مه هه‌ره كۆنه‌كانی په‌ره‌سه‌ندنی زمانی ئێرانیی ناوه‌ندیدا ده‌رده‌خه‌ن. كاره ههراوهكهی "یوستی"(ڕێزمانی كوردی، لاپه‌ڕه 124 و لاپه‌ڕه‌كانی دیكه‌ش) ده‌ریده‌خا كه بێجگه له بكه‌ر و له‌و ڕه‌گه‌ی نیشانه‌ی دۆخه‌كه‌ی دزراوه، دۆخێكی ڕه‌سه‌نی سازكراو به هۆی گیرهكهكانهوه(Affixe) پارێزراوه، كه هاوكات مانای به‌ركاری ڕاسته‌وخۆ و به‌ركاری ناڕاسته‌وخۆ ده‌گه‌یه‌نێ. "یوستی" شێوه‌ی ئه‌و دۆخه ده‌گێڕێته‌وه سه‌ر دۆخێكی كۆن(Instrumentalis).
ده زاراوه‌ی موكری دا ئه‌وه له ڕێگای پێوه‌لكاندنی شێوه دۆخێكه‌وه، كه به "ێ"، "ی" سازكراوه، ده‌رده‌كه‌وێ و وه‌ک جێگری دۆخی خستنهپاڵیشه. بۆ وێنه ئه‌و ڕسته‌یه به‌راورد بكه‌ن كه ده به‌رهه‌مه‌كه‌ی "هـ . شیندلێر"، لاپه‌ڕه 105 دا، هاتووه: "خۆم به ده‌ستی خوڵای ده‌ده‌م". "Gott" ده‌بێته "خوڵا"؛ ئه‌و "ی"یه‌ی پێیه‌وه ده‌لكێندرێ پاشگری خستنهپاڵه.
نموونه‌ی دیكه بۆ به‌كارهێنانی ئه‌و دۆخه وه‌ک دۆخی خستنه‌پاڵ:
"مه‌حموود كوڕی ئه‌حمه‌دی بوو"؛
"ئه‌و منداڵه كوڕی حاكمیه"؛
"میوانی ده‌روێشێكی بوو"(1، 15)؛
"خه‌ریكی به‌زمی ده‌بوون"(3، 25، ("خه‌ریک" وه‌ک "مشغول"ی فارسی دۆخی خستنه‌پاڵی به‌دواوه‌یه(1))؛
"خه‌ریكی عه‌یشێ بوون"(9، 23)؛
"بانگی به‌فرێ ده‌كا"(173، 10)؛
"ئاوی دهزنوێژێ بێنه"(174، 14)؛
"نێوه‌ڕاستی ئاوێ"(10، 27)؛ هه‌روه‌ها زۆر نموونه‌ی دیكه‌ش.
نموونه‌كان بۆ به‌کارهێنان وه‌ک به‌ركاری ناڕاسته‌وخۆ، واته دۆخی به‌ستراوه به وردهواژهكان؛ كه مانای به‌ركاری ناڕاسته‌وخۆ ده‌گه‌یه‌نێ؛ شێوه‌ی دۆخه‌كه به وهپێشخستنی وردهواژهی "به" پێكدێ:
"به‌و فه‌قیره‌ی نانێكی بده‌ین"؛
"به كاكه مهمی ده‌ڵێم"(59، 7)؛
"به قه‌ڵه‌مێ"(130، 24).
نموونه‌كان بۆ به‌كارهێنان وه‌ک به‌ركاری ڕاسته‌وخۆ:
"شێری ده‌بێ بكووژن"؛
"ئه‌و ماره‌ی مه‌كووژن"؛
"ئاوێ نهفورۆشێ"(4، 8)؛ [ئۆسكاڕ مان "و"ی نێوان " ف" و "ر"ی زۆر چكۆڵه نووسیوه، به‌و مه‌به‌سته كه دێره دا به حاڵ ده‌نگی "و" هه‌ست پێده‌كرێ. – وه‌رگێڕ-]؛
"ده‌بێ باوئۆمهری بكووژین"(110، 20)؛
"بێگارێ ناده‌ین"(110، 21)؛
13. كه وایه بۆ دۆخی خستنه‌پاڵ و به‌ركاری ڕاسته‌وخۆ و بۆ ئه‌و دۆخه‌ی به وردهواژهكانهوه به‌ستراوه‌ته‌وه شێوه‌یه‌ک ده گۆڕێدایه، كه خۆی به هۆی "ێ" یان "ی"یه‌كی پێوهلكێندراوهوه له بكه‌ر و دۆخی كارایی(Casus rectus) جوێ ده‌كاته‌وه.
پیاو ده‌بێ ئه‌و شێوه‌یه به دۆخێكی خاوه‌نێتیی، نه‌ک به چه‌ند دۆخی خاوه‌نێتیی، دابنێ، چونكه هه‌ر یه‌ک شێوه بۆ هه‌ر سێ دۆخه‌كه هه‌یه.
ده فارسی كۆنی ناوه‌ندییشدا گه‌ردانكردنی ناوی تاک هه‌ر به‌و شێوه‌یه بووه، بڕوانه "ک. زالێمان"(C. Salemann) ده GIPh.I، به‌شی I، لاپه‌ڕه 275 به‌ندی 48 دا. هه‌روه‌ها شێوه‌كانی دۆخی كارایی و دۆخی خاوه‌نێتیی، وه‌ک ده زاراوه‌ی موكری دا دیاره، ده‌كرێ و ده‌بێ بگێڕدرێنه‌وه سه‌ر ئه‌و دوو دۆخانه‌ی كه "زالێمان" وه‌ک پاشماوه‌كانی ڕیزێک دۆخی كۆنی سه‌رچاوه‌گرتوو له ئێرانیی ناوه‌ندی دیاری‌یان ده‌كا، واته بۆ سه‌ر بكه‌ری كۆن، ئه‌وه‌ی دۆخی كارایی لێ پێكدێ.، هه‌روه‌ها كۆنهدۆخی خستنه‌پاڵی ڕه‌گی " ـه"ی نێرینه؛ ئه‌وه‌ی دوایی، وه‌ک "ف. ک. ئاندرێئاس"(F. C. Andreas) هه‌وه‌ڵجار ناسی، ده سه‌ره‌تای په‌ره‌سه‌ندنی زمانه ئێرانییه ناوه‌ندییه‌كاندا له‌باتی هه‌موو دۆخه‌كانی خاوه‌نێتیی و هه‌موو ڕه‌گه‌كانی ناو، له ئاكامی وه‌رگرتنێكی هه‌راو دا، ده‌ركه‌وتووه و هێشتا ده دوادهنگی "ێ"ی ناو دا له‌سه‌ر سكه‌ی په‌هله‌وی و هتد خۆی پاراستووه.
14. به‌داخه‌وه ڕوون نییه كه بۆ ده زاراوه‌ی موكری دا ئه‌و دۆخی خاوهنێتییه تێكه‌ڵ ده‌بێ و جاری وایه به " ـ ێ" و جاری وایه به " ـ ی" كۆتایی دێ، یان ده‌بێ به پێی چ هۆگه‌لێک ئه‌و بزوێنه یان بزوێنێكی دی سه‌رهه‌ڵبدا. میرزا جه‌واد شكی بۆ وه‌ی ده‌چوو كه ئه‌و ده‌نگه‌ی كۆتایی به ڕه‌گی ناو دێنێ شوێنی له‌سه‌ر داده‌نێ. ئه‌و ڕیزێک نموونه‌ی به پێی ده‌نگی كۆتایی ڕه‌گی ناو، به ته‌رتیبی ئه‌لفوبێ، بۆ ڕێكخستم و بۆی خوێندمه‌وه هه‌تا بیاننووسم؛ به‌ڵام ئه‌و نموونانه‌ی له ده‌قه‌كان وه‌رگیراون و كۆ كراونه‌وه ده به‌كارهێنانی "ێ" و "ی" دا بێقاعیدهیییهكی ته‌واو ده‌رده‌خه‌ن.
وادیاره ده هه‌ر ناوێک دا هه‌ر كه‌ڵک له یه‌ک شێوه وه‌رده‌گیرێ، یان "ێ" یان "ی". به‌ڵام هه‌ردووک شێوه‌كه ده یه‌ک ناویشدا به‌دیده‌كرێن؛ ئه‌من هه‌ر ئه‌و نموونه‌یه‌م هه‌یه: "هه‌تتا چل شه‌وی"(127، 15؛ 145، 35؛ 195، 26) و "هه‌تتا په‌نجا شه‌وی"(212، 9) له به‌رامبه‌ر شێوه هه‌ره باوه‌كه‌ی "شه‌وێ" دا؛ هه‌روه‌ها بڕوانه: "هه‌تتا نیوه‌شه‌وێ خزمه‌تیان كرت، نیوه‌شه‌وی چرا كوژاوه"(139، 5) (01).
ئه‌من پێموایه هیچ چاره‌یه‌ک نامێنێ جگه له‌وه‌یكه ئاماژه به‌وه بكه‌ین كه خزمایه‌تیی نیزیكی دوو بزوێنی "ێ" و "ی" ده‌بێته هۆی ئاڵوگۆڕ پێكردنیان؛ به‌ڵام ده‌بێ ئه‌وه‌ش بڵێم كه ئه‌من هه‌میشه جیاوازییه‌كی ئاشكرام ده‌بیست.
15. به له‌به‌رچاوگرتنی به‌كارهێنانی "ێ" یان "ی" هه‌ر ئه‌و خاڵانه‌ی خواره‌وه سه‌لماون:
1- ئه‌و ناوانه‌ی به "ه" كۆتایی‌یان دێ(ئه‌وانه‌ی به ڕه‌گه‌وه به‌ستراونه‌وه، یان ئه‌وانه‌ی به پاشگره‌وه به‌ستراونه‌وه) ده دۆخی خاوه‌نێتیی دا "ی" ده‌گرن، كه ده‌گه‌ڵ ده‌نگی كۆتایی ڕه‌گه‌كه دا به شێوه‌ی جووتهبزوێنی " ـه‌ی" وێكدێنهوه.
2- ڕه‌گه‌كانی ناو كه به هۆی " ـ ێک"(ئامرازی ناسیاوی) په‌ره‌یان پێدراوه " ـ ێكی"یان تێدایه. نموونه یه‌كجار زۆرن.
16. ده ڕه‌گه‌كانی ئه‌و ناوانه دا كه به بزوێن كۆتایی‌یان دێ ئه‌و خاڵانه‌ی خواره‌وه وه‌به‌رچاو دێن:
1- ئه‌وانه‌ی به " ـه" كۆتایی‌یان دێ پاشبه‌ندی دۆخه‌كه‌یان ده‌گه‌ڵ دوابزوێن به شێوه‌ی " ـه‌ی" وێكدێنهوه(بڕوانه سه‌ره‌وه).
2- ئه‌و ڕه‌گانه‌ی به " ا، ێ، یی" یان به "و" كۆتایی‌یان دێ ده‌بنه هۆی مانه‌وه‌ی دووپاتبوونه‌وه‌ی بزوێنه‌كان(Hiatus)، یان "ی"یان تێههڵدهكێشرێ.
"دنیا" ———– "دنیاێ" و "دنیایێ"؛
"ڕێ" ———– "ڕێیێ"؛
"ئه‌ستی" ———– "ئه‌ستیێ"؛
"شنۆ(ئوشنوو)" ———– "شنۆیێ".
3- ئه‌وانه‌ی به "وو" كۆتایی‌یان دێ، ده‌ریده‌خه‌ن كه ئه‌گه‌ر بزوێنێک ده پێش "وو" دا بێ، پێش پاشبه‌ندی "ێ"، كه دوادهنگی كۆنی ڕهگهكهیهتی، ده‌نگی لێویی خشۆكی سه‌رهه‌ڵده‌دا:
"شه‌و" ———– "شه‌وێ"؛
"خه‌و" ———– "خه‌وێ"؛
"ئاو‌و" ———– "ئاوێ"؛
"ڕاوو" ———– "ڕاوێ"؛
"نێو‌و" ———– "نێوێ"؛
"شیوو" ———– "شیوی".
ئه‌گه‌ر كۆنسۆنانتێک پێش "وو" بێ، یان دووپاتبوونه‌وه‌ی بزوێنه‌كان ده‌مێنێته‌وه:
"ئاهوو" ———– "ئاهووێ"(67، 29)،
یان "وو"ش ده‌بێ به "و":
"زینوو" ———– "زینوێ"(87، 37).
17. شێوه‌ی دۆخی خاوهنێتییش ده‌مێنێته‌وه، ئه‌گه‌ر بۆ وێنه پاشگری ڕاناوه كه‌سییه‌كان وه‌ک خاوه‌نێتیی له‌باتی ناو بێن:
"له بن سێبهرێم"[ له بن سێبه‌ری من](84، 27).
هه‌روه‌ها پێش پاشگری " ـ ش" كه وه‌ک ئامرازی پێوه‌ندیی خۆ ده‌نوێنێ، (وه‌ک " ـ چ"، " ـ یچ"ی فارسیی ناوه‌ندی به‌كار ده‌هێندرێ كه مانای "هه‌روه‌ها" و "وه" ده‌گرێته‌وه):
"خانزادهخانێش … دێنم"(89، 26).
18. هه‌روه‌ها ڕه‌گی كۆنی ئه‌و ناوانه‌ی وه‌ک ئاواڵكردار(به تایبه‌ت ده دیاریكردنی شوێن دا) به‌كار ده‌هێندرێن، ئه‌گه‌ر به وردهواژهكانهوه ببه‌سترێنه‌وه، شێوه‌ی دۆخی خاوهنێتییان هه‌یه.
"چوون – ـه خوار – ێ"(61، 3)؛ " ـه" وردهواژهیه، به مانای "به‌ره‌و".
"هێنا[ ـه] ده‌رێ"، له "ده‌ر" به مانای "ده‌ره‌وه".
– درێژه‌ی هه‌یه –
——————————–
(1): "مشغول نوشتن" ده كتێبی "سه‌فه‌رنامه‌ی مازه‌نده‌ران"ی" شاه ناصرالدین" دا " مه‌شغولی نوویشتهن" ده‌خوێندرێته‌وه، به پێچه‌وانه‌ی "پ. هۆرن(P. Horn) ده "GIPh.I"، به‌شی دووهه‌م، لاپه‌ڕه 110 دا.
——————————–
په‌راوێزی وه‌رگێڕ:
(01): به‌یتی "شێخ فه‌رخ و خاتوون ئه‌ستی": "هه‌تتا نیوه‌شه‌وێ خزمه‌تیان كرت، نیوه‌شه‌وی چرا كوژاوه"؛ مامۆستا هێمن ئاوای لێكردووه: "هه‌تتا نیوه‌شه‌وێ خزمه‌تیان كرد، نیوه‌شه‌وێ چرا كوژاوه" – بڕوانه "توحفه‌ی موزه‌فه‌رییه"، لاپه‌ڕه 477 –
دۆخه تایبه‌تییه‌كان
19. دۆخی خستنه‌پاڵ: بۆ ده‌ربڕینی چۆنێتییهكانی خستنه‌پاڵ هه‌ر پێكه‌وه ڕێكخستنی ناوێک ده‌گه‌ڵ دۆخی خاوه‌نێتیی ناوێكی دیكه به‌س نییه؛ له نێوان دۆخی تایبه‌تیی خاوه‌نێتی و دۆخی كارایی دا ده‌بێ ئه‌وه‌ی ده فارسی‌دا به "یای ئیزافه" ناسراوه به شێوه‌ی "ی" بێته گۆڕێ، وه‌ک ده هه‌موو ئه‌و نموونانه‌ی سه‌ره‌وه دا، ده به‌ندی (12) دا، ده‌رده‌كه‌وێ.
"ی"ی ئیزافه له لایه‌ن "ی"، زۆر جاریش له لایه‌ن "ێ"وه، كه ده‌كه‌وێته پێشه‌وه، قووت ده‌درێ. ده حاڵه‌ته‌كانی دیكه دا ئاڵوگۆڕه‌كانی بزوێنی دوادهنگی ڕه‌گ وه‌ک یه‌كن، له كاتی دروستكردنی دۆخی خاوهنێتیشدا هه‌ر وایه.
20. شێوه‌ی ئیزافه به گشتی "ی"یه. بۆوێنه بڕواننه: "ڕاوی(ئیزافه) خۆم"(91، 36) و "سواری(ئیزافه) ڕاوێ(دۆخی خستنه‌پاڵ)"(92، 25)؛ "خه‌زاڵێ"(خاوه‌نێتی) و "خه‌زاڵی(ئیزافه)"(93، 9 و لاپه‌ڕه‌كانی دیكه‌ش). ئه‌وه‌ش جێی سه‌رنجه: "هاته پێشێ" (دۆخی خاوه‌نێتیی "پێش"، به فارسی ده‌بێته "پیش") و "هاته پێشی" ("ی" دێره دا پاشگری ڕاناوی كه‌سییه له سێهه‌م كه‌سی تاک دا).
ته‌نیا دوای هێندێک وشه، كه زۆر به‌كار دێن، "ی"ی ئیزافه به شێوه‌ی "ێ"، "ه" ده‌رده‌بڕدرێ، بۆ وێنه: "ماڵه من"(جاروبار "ماڵێ …"ش ده‌گوترێ(1)؛ "كنه خۆی".
دوای "ی" كه پاش دوادهنگی بزوێنی ناو سه‌رهه‌ڵده‌دا زۆر جار "ی" وه‌ک "ێ"، "ه" ده‌رده‌كه‌وێ:
" لایه دیكه"(84، 5)، له " لا" سه‌رچاوه ده‌گرێ.
21. " لاسه شۆڕ"(زۆرتر ده به‌یتی ژماره III دا[به‌یتی " لاس و خه‌زاڵ" – وه‌رگێڕ-]) وه‌ک دۆخی بانگكردن وه‌به‌رچاو دێ، به‌ڵام ده لاپه‌ڕه 97 دێڕی 1 دا به‌و شێوه‌یه‌ش هاتووه: "ئه‌وه لاسه شۆڕی باڵه‌كییه". دیاره " لاسی" به هه‌ر وشه‌یه‌كی دیكه‌شه‌وه، بێجگه له "شۆڕ"، ده‌لكێ، وه‌ک " لاسی باڵه‌كی"(97، 6)، له‌وانه‌یه ئه‌وه شێوه‌یه‌ک لێكدان بێ و "دۆخی خستنه‌پاڵ" نه‌بێ. وه‌ک ده‌و نموونانه‌ی خواره‌وه دا به ڕوونی ده‌رده‌كه‌وێ:
"جووته زه‌رگی"(96، 1)؛
"جووته سوار"(101، 5)،
به‌و پێیه، وه‌ک چۆن هه‌میشه ده وشه‌ی "جووت"(به فارسی: "جفت") دا دیاره، ده وشه‌ی دیكه‌شدا ده‌رده‌كه‌وێ؛ وه‌ک "ده‌سته"(بۆ لیباس)؛ "دانه"(به فارسی: "دانه")، "لینگه". هه‌روه‌ها: "گه‌زه جاوێک"(174، 24). ده فارسیشدا له جێی وا دا "ئیزافه" ده‌رنابڕدرێ.
هه‌روه‌ها: "پاروێگ نان و چۆڕێک ئاوه"(97، 33).
"جووتێک پاڵه‌وان"(107، 26).
لێكدان ده "دایكه پیر"یشدا ده‌رده‌كه‌وێ؛ به‌راوردی بكه ده‌گه‌ڵ "پیره‌دایک"، "پیره‌مێرد" و هتد.
22. جاروبار له نێوان "ی"ی ئیزافه و شێوه‌ی خستنه‌پاڵی ناو دا وردهواژهی "ده"(وێده‌چێ به هۆی ڕیتم و كێشه‌وه بێ؟) ده‌رده‌كه‌وێ، كه له زاراوه‌كانی دیكه‌ی كوردی دا به گشتی بۆ ده‌ربڕینی حاڵه‌ته‌كانی خستنه‌پاڵ دا كه‌ڵكی لێوه‌رده‌گیرێ.
"گۆشه‌ی ده مه‌یدانێ"(107، 8).
23. له زۆر حاڵه‌تاندا "ئیزافه" ده‌كه‌وێ:
"له عه‌یبه‌ت خانزاده‌خانێ"(95، 16)؛
"له چاو دۆست و دژمنان"(128، 10)؛
"ده‌چمه پاڵ ئه‌ستییه"(146، 12).
ده‌كرێ بڵێین دوای "خزمه‌ت" هه‌میشه ئیزافه ده‌كه‌وێ:
"ده خزمه‌ت ڕێوی دا"(7، 14)؛
"بچۆوه خزمه‌ت پادشای"(25، 24).
هه‌روه‌ها به‌رده‌وام دوای هێندێک ناویش، كه وه‌ک وردهواژهكان كه‌ڵكیان لێوه‌رده‌گیرێ، ده‌كه‌وێ؛ (بڕوانه به‌ندی 113).
24. سه‌باره‌ت به به‌كارهێنانی دۆخی خاوه‌نێتیی دوای وردهواژهكان و وه‌ک به‌ركاری ڕاسته‌وخۆ، بێجگه له‌وانه‌ی له ئاكامی نموونه‌كانی سه‌ره‌وه دا ده‌رده‌كه‌ون هیچی دیكه نامێنێ بیخه‌ینه سه‌ر.
هه‌روه‌ها بۆ دۆخی بانگكردنیش، كه زۆرتر شێوه‌ی دۆخی كارایی هه‌یه، به هێزێكی كه‌مه‌وه، جاروبار شێوه‌ی دۆخی خاوه‌نێتی ده‌رده‌كه‌وێ:
"خوشكێ"(100، 31؛ 101، 3)؛
"خه‌زاڵێ"(زۆرتر ده به‌یتی III دا).
ئه‌و نموونه‌یه زۆر به‌رچاوه: "شامێ بوو وێرانه"(183، 34)؛ لێره دا وێده‌چێ ته‌نانه‌ت بكه‌ری كاراش شێوه‌ی خاوه‌نێتی(؟) وه‌خۆ گرتبێ. ئه‌و حاڵه‌ته تاق و لۆق هه‌ڵده‌كه‌وێ.
ڕه‌وتی زمان به‌ره‌و لایه‌ک ده‌چێ كه به قازانجی دۆخی كارایی واز له دۆخی خاوه‌نێتی بهێندرێ. له شاری سابڵا‌غ، كه سه‌رنجم ده‌خسته سه‌ر ئاخاوتنی خه‌ڵک، زۆر جاران ده‌مبیست كه دۆخی خاوه‌نێتی به‌كار نه‌ده‌هێندرا؛ نموونه‌ش بۆ وه‌لانانی پاشبه‌ندی "ێ" یان "ی" ده تێكسته‌كاندا وه‌به‌ر چاو دێن. به‌ڵام شێوه‌كانی دۆخی خاوه‌نێتی له لادێكان، كه زۆر كه‌م له ژێر ته‌ئسیری فارسیی دان، هێشتا زۆر به توندی ده‌پارێزرێن. زاراوه‌ی سه‌قزیش، كه زۆر وه‌ک زاراوه‌ی موكری ده‌چێ، دۆخی خاوه‌نێتی نه‌پاراستووه. ده‌و پارچه شێعره‌ی لاپه‌ڕه 301 یشدا[ كورتكراوه‌یه‌كی به‌یتی "مهم و زین" – وه‌رگێڕ-]، كه كوردێكی مه‌ریوانی، كه ماوه‌یه‌كی زۆر له سه‌قز ژیاوه، بۆی گوتووم، زۆر كه‌م دۆخی خاوه‌نێتی ده‌رده‌كه‌وێ.
———————————
(1): "ماڵ" ته‌نیا وشه‌یه‌كه، كه ده كۆتایییهكهیدا بزوێنی ئیزافه وه‌ک "ێ" ده‌رده‌كه‌وێ.
———————————
———————————
[01]: وه‌ک له په‌راوێزی سه‌ره‌تای "كورته‌ی ڕێزمانی زاراوه‌ی موكری" دا ئاماژه‌م پێكردووه، ئه‌و ڕێزمانه سه‌رجه‌م 76 لاپه‌ڕه‌یه. ئه‌وه‌نده‌ی تا ئێستا خستوومه‌ته به‌ر چاوان له‌مێژه وه‌رمگێراوه‌ته‌وه. ئه‌وده‌م له‌به‌ر هێندێک هۆ ده‌ستم له وه‌رگێڕانه‌وه‌ی پاشماوه‌كه‌ی هه‌ڵگرت. هێشتا ده‌ستم بۆی نه‌چۆته‌وه! پێموانییه به‌چاوه بووبم! ئاخری هه‌ر ده‌چمه‌وه سه‌ری، به‌ڵام نازانم كه‌نگێ!
ده كاتی وه‌رگێڕانه‌وه‌ی "كورته‌ی ڕێزمانی زاراوه‌ی موكری" دا تووشی هه‌ر زاراوه‌یه‌كی ڕێزمانیی بووبم نووسیومه‌ته‌وه. به ته‌ما بووم له كۆتاییدا فهرههنگۆكێكیان لێ پێكبێنم. ئێستا كه نازانم كه‌نگێ ده‌چمه‌وه سه‌ری و كۆتایی پێ‌دێنم، ئه‌وه‌نده زاراوه‌یه‌ی تا ئێستا كه‌وتوونه به‌ر باس، له بنه‌وه، وه‌ک " فه‌رهه‌نگۆک"، ده‌یانخه‌مه به‌ر چاوان.
ئه‌گه‌ر به‌رامبه‌ری ئه‌و زاراوانه‌م به كوردی بۆ نهدیترابنهوه هه‌ر زاراوه ئاڵمانییهكانم به‌كار هێناون و به پێی قامووسی زمانی ئاڵمانی ده‌و فهرههنگۆكه دا مانام كردوونه‌وه.
ئۆسكار مان هێندێک له زاراوه‌كانی به زمانی لاتینی نووسیون كه ئه‌وڕۆ به‌و شێوه‌یه ده زمانی ئاڵمانی دا باو نین؛ له په‌نا ئه‌و چه‌شنه زاراوانه دا شێوه‌ی باوی ئهوڕۆشم نووسیوه.
به ناشوكری بێ دێره دا ناكرێ ئاڵمانیی به بێ گیروگرفت بنووسرێ! هێندێک پیتی ئاڵمانی، بۆ وێنه ئه‌وانه‌ی جووتخاڵیان له‌سه‌ره، ده‌رناكه‌ون. ناچار بووم ئه‌و چه‌شنه پیتانه به شێوه‌یه‌كی دی بنووسم كه بۆ لابردنی گرفتی وا شێوه‌یه‌كی باوه. بۆ وێنه له‌باتی "a, o, u"ی جووتخاڵ له‌سه‌ر "ae, oe, ue"م نووسیوه. – هێدی –
———————————
فه‌رهه‌نگۆک
Accent : ………………………………….. هێز (Akzent)
Accusativus : …………………………… به‌ركاری ڕاسته‌وخۆ (Akkusativ)
Adverb : ………………………………….. ئاواڵكردار
Affix : ……………………………………… گیره‌ک
Anlaut : …………………………………… ده‌نگی سه‌ره‌تای وشه
Artikel : …………………………………… ئامرازی ناسیاوی
Auslaut : …………………………………. ده‌نگی كۆتایی وشه، دوادهنگ
Aussprache : ……………………………. ده‌ربڕین، ڕاوێژ
Betonung : ……………………………….. هێز (Akzent)
bilabial : ………………………………….. دوولێوی
Bindelaut : ………………………………. ده‌نگی لكێنه‌ر
Casus: ……………………………………. دۆخ، ["حاڵه‌ت"یشی پێده‌گوترێ] (Kasus)
Casus Obliquus : ………………………. دۆخی خاوه‌نێتی، "دۆخی تیان"یشی پێده‌گوترێ، [حالت غیر فاعلی]
Casus rectus : ………………………….. دۆخی كارایی، [حالت فاعلی] (rectum)
Causativum : ……………………………. كرداری كاوزاتیڤ، كردارێكه كه له باری گهردانكردنهوه وه‌ک كرداری تێپه‌ڕ ده‌چێ، ده كوردیدا به پاشگری " ـ اندن" ساز ده‌كرێ؛ به فارسی " فعل سببی" پێده‌گوترێ. (Kausativ)
Dativ : …………………………………….. به‌ركاری ناڕاسته‌وخۆ
Dehnung : ………………………………… لهبهریهکكێشانهوه
Deklination : ……………………………… گه‌ردانكردنی ناوه‌كان
dental : ……………………………………. ددانیی
dentaler Nasal : …………………………. ددانیی لووتیی
Determination : ………………………….. په‌ره‌پێدانی ڕیشه‌ی وشه‌یه‌كی هیندوژێرمهنی به بێوهیكه جیاوازییه‌كی بنه‌ڕه‌تی له مانا دا پێكبێ.
Doppelkonsonantz : ……………………. جووته كۆنسۆنانتی هاوچه‌شن
Dialekt : …………………………………… زاراوه
Diphthong : ………………………………. جووتهبزوێن
Endung : ………………………………….. پاشبه‌ند
enklitisch : ……………………………….. پاڵوێدهر، پاڵ وه وشه‌یه‌كی به‌هێزی پێش خۆوه ده‌ر، به‌و مانایه كه وشه‌یه‌كی بێ هێز ده وشه‌یه‌كی به‌هێزی پێش خۆیدا ده‌توێته‌وه، یان ده‌گه‌ڵی یه‌كده‌گرێ و هێزێكی یه‌كگرتوو پێكدێنێ.
Etymologie : …………………………….. ئێتیمۆلۆژی، زانستی دیتنه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌ی وشه‌كان، ڕیشه‌ناسی
Flexion : ………………………………….. گه‌ردانكردن، گۆڕین و چه‌ماندنه‌وه‌ی وشه‌یه‌ک ده گه‌ردانكردن دا
Flexionsendung : ……………………….. پاشبه‌ندی گه‌ردانكردن
Genitivus : ……………………………….. دۆخی خستنه‌پاڵ (Genitiv)
geschlossene Silbe : …………………… بڕگه‌ی داخراو
glottal : …………………………………….. گه‌روویی
Grammatik : ……………………………… ڕێزمان
Guttural : ………………………………….. مه‌ڵاشوویی؛ كۆنسۆنانتێک كه به یارمه‌تی زمان و مه‌ڵاشوو پێكبێ
guttural : …………………………………… گه‌روویی [ده قامووسی DUDEN دا Guttural و guttural به دوو مانای جیاواز نووسراون].
gutturaler Nasal : ………………………… گه‌روویی لووتیی
Halbvokal : ……………………………….. نیوهبزوێن
Hiatus : ……………………………………. دووپاتبوونه‌وه و تێكههڵهنگووتنی دوو بزوێنی هاوچه‌شن ده دوو وشه یان دوو بڕگه‌ی جیاواز دا.
historische Grammatik : ……………….. ڕێزمانی مێژوویی
Idiom : ……………………………………… زاراوه [ اصطلاح]
Inlaut : ……………………………………… ده‌نگی قووڵ
Instrumentalis : …………………………… دۆخێكه كه‌ره‌سه‌یه‌كی كار یان ئامرازێک دیاری ده‌كا
Kehllaut : …………………………………… ده‌نگی گه‌روویی
komposition : ……………………………… لێكدان
Konjugation : ………………………………. گه‌ردانكردنی كردار
Konjunktion : ………………………………. ئامرازی پێوه‌ندی
Konsonant : …………………………………كۆنسۆنانت، ["بێده‌نگ" و "نه‌بزوێن"یشی پێده‌گوترێ]
Kontraktion : ………………………………. وێكهاتنه‌وه‌ی دوو یان چه‌ند بزوێن و بوونیان به بزوێنێک یان جووتهبزوێنێک، زۆر جار به كه‌وتنی كۆنسۆنانتێكی نێوانیان ده‌گونجێ.
kurze Vokale : ……………………………. بزوێنه كورته‌كان
labial : ………………………………………. لێویی
lange Vokale : …………………………….. بزوێنه درێژه‌كان
Laut : ……………………………………….. ده‌نگ
Lautbestand : ……………………………… مانه‌وه‌ی ده‌نگ
Lautlehre : …………………………………. زانستی ده‌نگ
Lautbeeinflussung : ……………………… كاركردنه سه‌ر ده‌نگ
Lautveraenderung : ………………………. گۆڕینی ده‌نگ
Lautvertauschung : ………………………. گۆڕینه‌وه‌ی ده‌نگ
Lautwandel : ……………………………….. گۆڕانی ده‌نگ
Linguist : ……………………………………. زمان‌ناس
maskulinus : ……………………………….. نێرینه (Maskulin)
Mundart : ……………………………………. زاراوه
Nasal : ………………………………………… لووتیی
Nomina : ……………………………………… ناو (Nomen)
Nominalflexion :…………………………….. گه‌ردانكردنی ناو
Nominativ : …………………………………… بكه‌ر
Objekt : ……………………………………….. به‌ركار
Onomatopoeetisch : ……………………….. ئه‌و وشانه‌ی ده‌نگێک ده‌رده‌بڕن [ وه‌ک: قیژه قیژ]
optativus Perfecti : …………………………. ڕابردووی ته‌واو كه خۆزگه‌یه‌كی تێدا بێ
orthographie : ………………………………… ڕێنووس
Participia : ……………………………………. پارتیسیپ، شێوه‌یه‌كی كرداره كه جێیه‌ک له نێوان كردار و ئاوه‌ڵناو دا ده‌گرێ (Partizip)
Participia Praeteriti der Causativa : …….. شێوه‌ی ڕابردووی كرداری تێپه‌ڕ
Phonetiker : ………………………………….. ده‌نگناس
Phonetisch : …………………………………. فۆنێتیكی، ده‌نگیی
Palatal : ………………………………………. مه‌ڵاشوویی
Plural : ………………………………………… كۆ
Possessiv : ………………………………….. خاوه‌نێتی
Praefix : ………………………………………. پێشگر
Praeposition : ……………………………….. وردهواژه، [حرف اضافه]
Praesens : …………………………………… ئێستا
Pronomen : ………………………………….. ڕاناو، ["جێناو"یشی پێده‌گوترێ]
Pronomina demonstrativum : ……………. ڕاناوی ئیشاڕه (Demonstrativpronomen)
Pronomina personalia : ……………………. ڕاناوه كه‌سییه‌كان (Personalpronomen)
Relativpronomen : ………………………….. ڕاناوی نیسبی
regens : ……………………………………….. دۆخی تایبه‌تیی خاوه‌نێتی
rectum : ……………………………………….. دۆخی كارایی
Sandhi : ……………………………………….. دهنگگۆڕانێک كه ده ده‌نگی سه‌ره‌تا یان دوادهنگی وشه‌یه‌كدا، به هۆی دوادهنگ یان ده‌نگی سه‌ره‌تای وشه‌یه‌كی دراوسێ، پێكدێ؛ [ وشه‌یه‌كی سانسكریتییه]
Sandhi-Erscheinung : ………………………. ده‌ركه‌وتنه‌كانی Sandhi
Satz : ………………………………………….. ڕسته
Schwebenden Accent : ……………………. جۆلانه‌ی هێز
Sibilans : ……………………………………… ده‌نگی خشۆک (Sibilant)
Silbe : ………………………………………….. بڕگه
Singularis : ……………………………………. تاک (Singular)
sonans : ……………………………………….. به ئاواز، ده‌نگی بڕگه سازكه‌ر (sonant)
Spirant : ……………………………………….. ده‌نگی خشۆک
Spiritus lenis : ………………………………… نیشانه‌ی ( ‘ )، بۆ به‌رگری له دووپاتبوونه‌وه‌ی پیتێک داده‌ندرێ
Subjekt : ………………………………………. كار؛ ["كارا" و "بكه‌ر"یشی پێده‌گوترێ]
Substantiv : …………………………………… ناو
Suffix : …………………………………………. پاشگر
Stamm : ……………………………………….. ڕه‌گ، به‌شێكی وشه كه پێشگر و پاشگری پێوه ده‌لكێ
Stammsilbe : …………………………………. بڕگه‌ی سه‌ره‌كی
Tempus : ………………………………………. شێوه‌ی زمانیی
tenuis : …………………………………………. ده‌نگی كپ
Ton : ……………………………………………. ئاواز
toenend : ………………………………………. به‌ئاواز
tonlos : …………………………………………. بێئاواز
Transskription : ………………………………. نووسینه‌وه به ڕێنووسێكی دیكه (Transkription)
Umlaut : ……………………………………….. بزوێنێكی تایبه‌تییه كه ده ئاڵمانیدا به دانانی دوو خاڵ له‌سه‌ر چه‌ند بزوێن (a, o, u) پێكدێ
unbestimmter Artikel : ………………………. ئامرازی نه‌ناسیاوی
Verba Causativa : ……………………………. كرداری كاوزاتیڤ؛ بڕوانه "Causativum"
Verbalpraefix : ………………………………… پێشگری كردار
Verbalstamm : ………………………………… ڕه‌گی كردار
verbi substantivi : …………………………….. ناوی كرداریی، ئه‌و ناوه‌ی كرداری لێ دروست ده‌كرێ (verbalsubstantiv)
Verbum : ……………………………………….. كردار؛ ["كار" و "فرمان"یشی پێده‌گوترێ] (verb)
Verbum transitiv : …………………………….. كرداری تێپه‌ڕ
Verkuerzung : ………………………………….. كورتكردنه‌وه
Verschlusslaute : ……………………………… ئه‌و ده‌نگانه‌ی به‌ر له ته‌واو ده‌ربڕینیان وهستانێكیان تێدایه
Vocativus : …………………………………….. دۆخی بانگكردن؛ ["دۆخی بانگهێشتن"یشی پێده‌گوترێ] (Vokativ )
Vokal : …………………………………………… بزوێن
Vokalquantitaet : ………………………………. درێژیی بزوێن، ماوه‌ی بزوێن
Vokabular : ……………………………………… وشه‌كان، ئه‌و وشانه‌ی كه‌سێک كه‌ڵكیان لێوه‌رده‌گرێ
Wort : …………………………………………… وشه
Wortbildung : ………………………………….. سازبوونی وشه
Wortform : ……………………………………… شێوه‌ی وشه
Wortschatz : ……………………………………. سه‌رجه‌می وشه‌كانی زمانێک
Wortzusammenrueckung : ………………….. تێكپهستانی وشه
Zahlwort : ………………………………………… وشه‌ی ژماره