پڕۆفێسۆر: پیتر ترادگیل
وه‌رگێڕان له ئینگلیسییه‌وه: حه‌سه‌نی قازی
پڕۆفێسۆر: پیتر ترادگیل
وه‌رگێڕان له ئینگلیسییه‌وه: حه‌سه‌نی قازی
هه‌موو که‌س ده‌زانێ چ ده‌کرێ ڕووبدا کاتێک دوو که‌سی ئینگلیسی که قه‌ت پێشتر یه‌کتریان نه‌دیتووه له ترێنێک دا ڕووبه‌ڕووی یه‌کدی داده‌نیشن – ئه‌وان به باسی که‌شوهه‌وا ده‌ست به‌قسه کردن له گه‌ڵ یه‌کتری ده‌که‌ن – له هێندێک نمووناندا، ئه‌وه ڕه‌نگه له‌به‌ر ئه‌وه‌بێ بابه‌ته‌که بۆ هه‌ردووکیان خۆشه. ئه‌گه‌رچی، زۆربه‌ی خه‌ڵک زۆر به‌تایبه‌تی مرخیان له‌وه نییه ده‌ست به لێکدانه‌وه‌ی بارودۆخی هه‌وا بکه‌ن، جا بۆیه ده‌بێ هۆی دیکه بۆ له‌گه‌ڵ یه‌ک دوانی له‌و چه‌شنه هه‌بێ. یه‌ک له شیکردنه‌وه‌کان ئه‌وه‌یه زۆرجار ڕه‌نگه ته‌واو ناخۆش بێ مرۆ به‌ته‌نێ هاوسه‌فه‌ری که‌سێک بێ و نه‌یناسێ و قسه‌ی له‌گه‌ڵ نه‌کا. ئه‌گه‌ر هه‌ردووک لا بێده‌نگ بن و چ مته‌قیان له‌به‌ر ده‌رنه‌یه فه‌زاه‌که له‌وانه‌یه به ته‌واوی زۆره‌کی و گرژ بێ. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، به قسه کردن له گه‌ڵ که‌سه‌که‌ی دیکه سه‌باره‌ت به بابه‌تێکی بێلایه‌ن، وه‌کوو که‌شوهه‌وا، ده‌ره‌تانی ئه‌وه پێک دێ مرۆ دۆستایه‌تی و پێوه‌ندییه‌ک ده‌ست پێبکا به‌بێ ئه‌وه‌ی ناچار بێ شتێکی زۆر بڵێ.
قسه‌کردنی ئه‌و جۆره له ترێن دا- که زۆر جار ڕووده‌دا،هه‌لبه‌ت نه‌ک ئه‌وه‌نده زۆریش که ئه‌فسانه‌ی گه‌لی پێی وایه – نموونه‌ی باشه بۆ جۆره‌یه‌ک له ئه‌رکی کۆمه‌ڵایه‌تی که زۆرجار زمان جێبه‌جێی ده‌کا و ڕایده‌په‌ڕێنێ. زمان هه‌ر ته‌نێ ئامرازی پێوه‌ندی و گواستنه‌وه ئاگاداری نییه- ، سه‌باره‌ت به ئاو وهه‌وا یان هه‌ر بابه‌تێکی دیکه، به‌ڵکوو ئامرازێکی زۆر گرینگیشه بۆ دامه‌زراندن و پێک هێنانی پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ خه‌ڵکی دیکه. ڕه‌نگه شتی هه‌ره گرینگ سه‌باره‌ت به‌و پێکه‌وه قسه‌کردنه‌ی ئه‌و دووکه‌سه ئینگلیسییه‌ی ئێمه ئه‌و وشانه نه‌بن که ئه‌وان به‌کاریان ده‌هێنن، به‌ڵکوو لایه‌نی هه‌ره گرینگ ئه‌وه‌یه ئه‌وان به‌یه‌که‌وه قسه ده‌که‌ن.
شیکردنه‌وه‌یه‌کی دووهه‌میش هه‌یه. ته‌واو ده‌لوێ یه‌که‌م که‌سه ئینگلیسییه‌که، ڕه‌نگه به ئانقه‌ستیش نه‌بێ، بییه‌وێ هێندێک شتی دیکه‌ش سه‌باره‌ت به ئه‌و که‌سه‌ی دووهه‌م که قسه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌کا بزانێ- بۆ نموونه کاری چییه، یان هه‌ڵکه‌وت و پله‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی چلۆنه؟ به‌بێ ئه‌و جۆره زانیارییانه ئه‌و نازانێ له‌گه‌ڵ که‌سی دووهه‌م چۆن بجووڵێته‌وه، هه‌ڵبه‌ت که‌سی یه‌که‌م، ده‌توانێ به ڕێگه‌ی جلوبه‌رگ و سه‌ره‌په‌تی دیکه‌ی ڕواڵه‌تی ڕا هێندێک گومان سه‌باره‌ت به که‌سی دووهه‌م له زه‌ینی خۆی دا گه‌ڵاڵه بکا – ئه‌وه له سه‌ر ئینگلیستان ڕاسته و پێویست ناکا له جێگای دیکه‌ش ئاوا بێ – به‌ڵام بۆی زۆر زه‌حمه‌ته ڕاسته‌وڕاست، هه‌ر نه‌بێ له‌و قۆناخه‌ی ناسیاویدا،سه‌باره‌ت به پاشخانی کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌و پرسیاری لێ بکا، ئه‌وه‌ی که ئه‌و ده‌توانێ بیکا – و هه‌موو شتێکی که له دۆخی ئاوا دا ده‌کرێ به ئانقه‌ست نییه – ئه‌وه‌یه که وه‌قسه‌ی بهێنێ و له‌گه‌ڵی بدوێ. دوایه که‌سی یه‌که‌م له‌وانه‌یه به‌هاسانی هێندێک شتی سه‌باره‌ت به که‌سی دووهه‌م بۆ ده‌رکه‌وێ. ئه‌وشتانه‌ی زیاتر به‌وه‌یڕا که که‌سه‌که‌ی دیکه ده‌ڵێ چی بۆ ده‌رناکه‌وێ به‌ڵکوو ئه‌وه‌ی که چۆنی ده‌ڵێ، چونکوو هه‌رکاتێک ئێمه قسه ده‌که‌ین ناتوانین هێندێک شت بۆ گوێگری خۆمان سه‌باره‌ت به ڕه‌چه‌ڵه‌کی خۆمان و ئه‌وه‌ی که چ جۆره که‌سێکین نه‌درکێنین. ڕاوێژ ( accent ) ی ئێمه و قسه‌کردنمان به گشتی نیشانده‌ده‌ن ئێمه خه‌ڵکی کوێین، و چ جۆره پاشخانێکمان هه‌یه. له‌وانه‌یه ئێمه هیندێک نیشانه‌ی بیر‌و ڕا و بۆچوونی خۆشمان ده‌رببڕین، و گشت ئه‌و زانیارییانه ده‌کرێ له لایه‌ن ئه‌و خه‌ڵکه‌ی ئێمه قسه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌که‌ین به‌کاربهێندرێ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی یارمه‌تییان پێبکا بیروڕایه‌ک سه‌باره‌ت به ئێمه گه‌ڵاڵه که‌ن.
ئه‌و دوولایه‌نه‌ی ئاکاری زمانی له ڕوانگه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه زۆر گرینگن: یه‌که‌م، ئه‌رکی زمان بۆ دامه‌زراندنی پێوه‌ندی کۆمه‌ڵایه‌تی، و، دووهه‌م، ئه‌و ده‌وره‌ی زمان ده‌یگێڕێ له گواستنه‌وه‌ی زانیاری سه‌باره‌ت به ئاخێوه‌ر دا. ئه‌وه ئاشکرایه که ئه‌و هه‌ر دوو لایه‌نه‌ی ئاکاری زمانی ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و ڕاستییه‌ن که پێوه‌ندییه‌کی دوولایه‌نه‌ی نێوخۆیی زۆر نزیک هه‌یه له نێوان زمان و کۆمه‌ڵ دا، و له‌م کتێبه‌دا به وردی له سه‌ر هه‌ردووکیان جه‌خت ده‌که‌ینه‌وه.
جارێ، با له‌سه‌ر لایه‌نی دووهه‌م ڕاوه‌ستین واته ده‌وری زمان وه‌کوو’ هه‌ڵگری سه‌ره‌په‌ت’clue- bearing. که‌سی یه‌که‌م به ڕێگه‌ی گه‌ڕان به دوای سه‌ره‌په‌ت دا سه‌باره‌ت به که‌سی دووهه‌م، له‌و ڕێگه‌یه که‌لک وه‌رده‌گرێ که‌خه‌ڵکی سه‌ر به پاشخانی جیاوازی کۆمه‌ڵایه‌تی و جیاوازی جوگرافیایی زمانی جیاواز به‌کاری ده‌هێنن. بۆ نموونه، ئه‌گه‌ر که‌سه دووهه‌مه ئینگلیسییه‌که خه‌ڵکی ده‌وه‌ری نۆرفۆڵک Norfolk بێ، ئه‌و ڕه‌نگه به زمانێک قسه بکا که خه‌ڵکی ئه‌و به‌شه‌ی وڵات به‌کاری ده‌هێنن. ئه‌گه‌ر که‌سی دووهه‌مه‌که‌ش بازرگانێکی سه‌ر به چینی نێوه‌ڕاست بێ، ئه‌و به ‘شێوه زمانێک’ قسه ده‌کا که به ئی ئه‌وان ده‌ناسرێته‌وه. ئه‌و ‘ شێوه قسه کردنه’ زۆر جار وه‌ک له‌هجه dialect، هێمای پێده‌کرێ، له‌و نموونانه‌دا ئه‌وه‌ی یه‌که‌میان له‌هجه‌ی هه‌رێمی و ئه‌وه‌ی دووهه‌میان له‌هجه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی یه. زاراوه‌ی له‌هجه، dialect زاراوه‌یه‌کی ناسراوه و زۆربه‌ی خه‌ڵک پێیان وایه ئه‌وان باش ده‌زانن مانای چییه. ئه‌گه‌رچی، له ڕاستیدا، به‌تایبه‌تیش زۆر هاسان نییه مانای ئه‌و زاراوه‌یه دیاریی بکرێ – و ئه‌مه سه‌باره‌ت به دوو زاراوه‌ی دیکه‌ش که پێشتر باسمان کرد واته زمان language و ڕاوێژ accent یش هه‌ر وایه.
باجارێ سه‌رنجی خۆمان له سه‌ر زاراوه‌گه‌لی زمان language و له‌هجه dialect کۆ بکه‌ینه‌وه. هیچکامیان نوێنه‌رایه‌تی چه‌مکێکی به تایبه‌تی دیاریی و بێ ئه‌ملاوئه‌ولا ناکه‌ن. بۆنموونه، تائه‌وجێیه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر له‌هجه dialect، له ئینگلیستان ئه‌وه ده‌لوێ، که باسی ‘ له‌هجه‌ی نۆرفۆڵک ‘ یان ‘ له‌هجه‌ی سافۆڵک’ بکرێ، له لایه‌کی دیکه‌وه، مرۆ بۆ نموونه ده‌شتوانی باسی له‌هجه‌ی زیاتری نۆرفۆڵک بکا – واته ‘ ڕۆژهه‌ڵاتی نۆرفۆڵک ‘ و یان ‘ باشووری نۆرفۆڵک ‘. ته‌نانه‌ت جیاوازی نێوان ‘ له‌هجه‌ی نۆرفۆڵک ‘ و ‘ له‌هجه‌ی سافۆڵک ‘ یش ئه‌وه‌نده به‌ده‌ره‌وه و ئاشکرا نییه که مرۆ بیری لێ ده‌کاته‌وه. ئه‌گه‌ر ئێوه له نۆرفۆڵکه‌وه به‌ره‌و سافۆڵک سه‌فه‌ر بکه‌ن، ئه‌و ده‌ور و به‌ره‌ی که به‌ره‌و باشوور دا پێیدا ده‌چن ئه‌گه‌ر لێی بکۆڵنه‌وه گوێتان له له‌هجه‌گه‌لی گوندانه‌ی خۆپارێز ده‌بێ، و به‌لانی که‌مه‌وه له هێندێک شوێن بۆتان ده‌رده‌که‌وێ، که خه‌سڵه‌ته‌کانی زمانی ئه‌و له‌هجانه به‌ره به‌ره ده‌گۆڕدرێن له جێیه‌که‌وه تا شوێنێکی دیکه. له نێوان له‌هجه‌گه‌لی نۆرفۆڵک و سافۆڵک دا دابڕانێکی ئاشکرای زمانی به‌دی ناکرێ. ئه‌وه نالوێ به ڕێگه‌ی زاراوه‌ی زمانناسانه دا دیاریی بکرێ و ڕابگه‌یێندرێ که له‌کوێ ئیدی خه‌ڵک به له‌هجه‌ی نۆرفۆڵک قسه ناکه‌ن و له کوێ ده‌ست ده‌که‌ن به قسه کردن به له‌هجه‌ی سافۆڵک. لێره دا، زنجیره‌یه‌کی له‌هجه‌یی جوگرافیایی له گۆڕێ دایه، ئه‌گه‌ر ئێمه بێین و ئه‌وه‌ی که ئه‌و دووله‌هجانه له‌یه‌کتری داده‌بڕێ به سنووری نێوان دوو ئه‌ستانه‌که دابنێین، بڕیاره‌که‌مان له سه‌ر بنه‌مای کۆمه‌ڵایه‌تی ( له‌م نموونه‌یه دا حکوومه‌تی ناوچه‌یی – سیاسی ) یه تا ئه‌وه‌ی که له سه‌ر بنه‌مای ڕاستییه زمانییه‌کان بێ.
هه‌مان جۆره گیروگرفت له گه‌ڵ زاراوه و کوته‌ی زمان دێته گۆڕێ. بۆ نموونه، هۆله‌ندی و ئاڵمانی به دوو زمانی جیاواز داده‌ندرێن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، له هێندێک شوێن له‌سه‌ر سنووره‌کانی هۆله‌ند – ئاڵمان ئه‌و له‌هجانه‌ی له‌مبه‌ر و ئه‌وبه‌ری سنوور قسه‌یان پێده‌کرێ یه‌کجار زۆر وه‌یه‌کتری ده‌چن. ئه‌گه‌ر ئێمه بڵێین که خه‌ڵک له به‌ڕێکی سنوور به زمانی ئاڵمانی و له‌وبه‌ری به زمانی هۆله‌ندی قسه ده‌که‌ن، بڕیار دانه‌که‌مان دیسان له سه‌ر بنه‌مای کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه تا ئه‌وه‌ی که به پێی هۆکاره زمانناسییه‌کان بێ. ئه‌و پنکته ئه‌وه‌نده‌ی دیکه‌ش به هۆی ئه‌و ڕاستییه‌وه داده‌گیرێته‌وه که ئاخێوه‌ران له هه‌ر دووک به‌ری سنوور زۆر جار زۆر زیاتر له یه‌کتری تێده‌گه‌ن تا ئه‌وه‌ی که ئاخێوه‌رانی ئاڵمانی ئه‌و ناوچه‌یه له ئاخێوه‌رانی له‌هجه‌کانی ئاڵمانی شوێنه دوورتره‌کانی ئوتریش یان سویس تێبگه‌ن.که‌وابوو، له حه‌ولدان بۆ ئه‌وه‌ی دا که مرۆ بڕیار بدا که‌سێک به چ زمانێک قسه ده‌کا، ئێمه ده‌توانین بڵێن ئه‌گه‌ر دوو ئاخێوه‌ری که تووشی یه‌ک دێن له یه‌کتری تێنه‌گه‌ن، ئه‌وان به زمانی جیاواز قسه ده‌که‌ن. هه‌ر ئاواش، ده‌توانین بڵێین ئه‌گه‌ر ئه‌وان له یه‌کتری تێبگه‌ن ئه‌وه به هه‌مان زمانی وه‌ک یه‌ک قسه ده‌که‌ن.ئاشکرایه، ئه‌و ده‌مانگه‌یێنێته ئاکامێکی سه‌یر سه‌باره‌ت به هۆله‌ندی و ئاڵمانی، و له ڕاستیدا، له زۆر نموونه‌ی دیکه‌ش دا.
بۆیه، به‌کار هێنانی پێوانه‌ی ‘ له یه‌ک تێگه‌یشتنی دوولایه‌نه ‘، یان پێوانه‌ی دیکه‌ی به ته‌واوی زمانناسانه له هۆکارگه‌لی سیاسی و کولتووری که‌متر گرینگن که دوو خه‌سڵه‌تی هه‌ره گرینگ‌یان بریتین له ئۆتۆنۆمی (سه‌ربه‌خۆیی) و هێترۆنۆمی ( پێ به‌سترانه‌وه). ئێمه ده‌کرێ بڵێین زمانی هۆله‌ندی و زمانی ئاڵمانی ئۆتۆنۆمن چونکوو هه‌ر دووکیان سه‌ربه‌خۆن، شێوه‌زاری ستانداردکراوی زمانێکن،که هه‌ر کامه‌یان ژیانی له مه‌ڕ خۆیان هه‌یه. له لایه‌کی دیکه‌وه له‌هجه ستانداردنه‌کراوه‌کانی ئاڵمان،ئوتریش،وبه‌شی ئاڵمانی ئاخێوه‌ری سویس هه‌موویان به‌نیسبه‌ت ئاڵمانیی ستاندارده‌وه هێترۆنۆمن، واته پێی به‌ستراونه‌وه، سه‌ره‌ڕای ئه‌و ڕاستییه‌ی که ده‌شێ ئه‌وان زۆر وه‌یه‌کتری نه‌چن و ڕه‌نگه هێندێکیان زۆر وه له‌هجه هۆله‌ندییه‌کان بچن. ئه‌مه‌ش له به‌ر ئه‌وه‌یه که ئاخێوه‌رانی ئه‌و له‌هجه ئاڵمانییانه زمانی ئاڵمانی وه‌ک زمانی ستانداردی خۆیان چاو لێده‌که‌ن، به ئاڵمانی ده‌خوێننه‌وه و ده‌نووسن،و له ڕادیۆ و تێلێڤیزیۆن دا گوێ له ئاڵمانی ده‌گرن. ئاخێوه‌رانی له‌هجه‌کان له به‌ری هۆله‌ندی سنوور، به هه‌مان شێوه ڕۆژنامه هۆله‌ندییه‌کان ده‌خوێننه‌وه و به هۆله‌ندی نامه ده‌نووسن، و هه‌ر جۆره گۆڕانێکی ستاندارد کردن له له‌هجه‌کانیاندا ڕوو بدا به ئاراسته‌ی هۆله‌ندی ستاندارد دا ده‌کرێ، نه‌ک به ڕێبازی ئاڵمانی ستاندارد دا.
نموونه‌یه‌کی زۆر تیژپه‌ڕ که ته‌بیعه‌تی کۆمه‌ڵناسیزمانانه‌ی ئه‌و دوو زاراوه‌یه واته زمان و له‌هجه ده‌رده‌خا ده‌کرێ له سکاندیناڤیا وه‌ربگیرێ. نۆڕوێژی،سوێدی و دانمارکی گشتیان ئۆتۆنۆم و زمانی ستانداردن، و هه‌ر کامه‌یان زمانی سێ ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه‌ی جیاوازن. سه‌رباقی ئه‌وه‌ش،خه‌ڵکی خوێنده‌وار و په‌روه‌رده‌دیتووی هه‌ر سێکیان ده‌توانن به هاسانی له یه‌کتری تێبگه‌ن. به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌و تێگه‌یشتن و له یه‌ک حاڵی بوونه‌ی دوولایه‌نه‌ش،چ مانای نییه بگوترێ نۆڕوێژی، سوێدی و دانمارکی له ڕاستیدا یه‌ک زمانن. چونکوو ئه‌مه ناکۆکییه‌کی ڕاسته‌وخۆ له مه‌ڕ ڕاستییه سیاسی و کولتوورییه‌کان ساز ده‌کا.
ئه‌م لێدوان و قسه له سه‌ر کردنه‌ی ته‌نێ به‌کارهێنانی پێوه‌ری زمانناسانه بۆ دابه‌شکردنی شێوه‌زاره زمانییه‌کان به زمانان یان له‌هجه‌گه‌لی جیاواز، که ئێمه دواتر دیسان له‌م کتێبه دا لێیان ده‌دوێین، یه‌که‌م ڕووبه‌ڕووهاتنی ئێمه له‌گه‌ڵ گیروگرفتێکه که له لێکۆڵینه‌وه و توێژینه‌وه‌ی زمان و کۆمه‌ڵ دا زۆر باوه- ئه‌ویش گیر‌و گرفتی ناپه‌یوه‌ستی و به‌رده‌وامێتی یه، واته داخودا دابه‌شبوونی دیارده زمانی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان به سه‌ر هه‌بوونی جیاواز ده‌راسته‌قانی دا چ بناخه‌یه‌کی هه‌یه، یان ته‌نێ بریتییه له ئه‌فسانه‌یه‌کی خۆش. لێره دا باشه هێمای پێ بکرێ ئه‌وه گیروگرفتێکه چونکوو زاراوه‌ی وه‌کوو کاکنی ‘ Cockney ‘ ، برووکلینی ‘ Brooklynese ‘ ، ڕاوێژی یۆرکشایر ‘ Yorkshire accent ‘، ئینگلیسیی ئاوسترالیایی’ Australian English ‘ زۆر جار به‌کار ده‌هێندرێن وه‌ک ئه‌وه‌ی که ئه‌وان شێوه‌زاری خۆ سه‌لمێن و خۆبه‌سی جوێ جوێ بن به خه‌سڵه‌تی به‌ته‌واوی سنووردیاریکراوی ئاشکراوه. زۆر جار هاسانه مرۆ بڵێ ئه‌وه وایه، به‌ڵام مرۆ ده‌بێ هه‌میشه له بیری بێ که وێنه‌ی ڕاسته‌قینه ده‌کرێ تاڕاده‌یه‌کی به‌رچاو زۆر له‌وه ئالۆزتر و پێچه‌ڵپێچتر بێ . بۆ نموونه، ئێمه ده‌توانین باسی ‘ ئینگلیسیی کانادایی’ و ‘ ئینگلیسیی ئه‌مریکایی’ بکه‌ین وه‌ک ئه‌وه‌ی که به ته‌واوی دوو هه‌بوونی جیاواز بن، به‌ڵام له ڕاستی دا زۆر زه‌حمه‌ته نیشانه‌یه‌کی تاقانه‌ی زمانناسانه په‌یدا بکرێ که له گشت شێوه‌زاره‌کانی ئینگلیسی کانادایی دا هاوبه‌ش بێ و له هیچ شێوه‌زارێکی ئینگلیسیی ئه‌مریکایی دا نه‌بێ.
ئه‌گه‌ر له‌م نوخته‌یه دا ته‌نێ هه‌ر باده‌ینه‌وه سه‌ر ڕاستییه زمانییه‌کان، لێره دا جوێکردنه‌وه‌یه‌کی دیکه‌ش ده‌بێ بکرێ. مه‌به‌ست له زاراوه‌ی له‌هجه،ئه‌گه‌ر زۆر به چڕی باسی لێوه بکه‌ین، ئاماژه‌یه به‌و شێوه‌یه له جیاوازییان ده‌نێوان زماندا که جیاوازییه‌کانی وشه‌یی و ڕێزمان و هه‌ر وه‌ها ته‌له‌فوز کردن وه‌به‌ر ده‌گرێ. له لایه‌کی دیکه‌وه زاراوه‌ی accent ( ڕاوێژ ) ته‌نێ هێمایه به جیاوازی له ته‌له‌فوز کردندا، و زۆر جار گرینگه که ئه‌م دوانه به‌ته‌واوی له یه‌کتری بکرێنه‌وه.ئه‌وه به‌ته‌واوی له باسی زمانی ئینگلیسی دا ڕاسته، سه‌باره‌ت به‌و له‌هجه‌یه‌ی که به ئینگلیسیی ستاندارد ده‌ناسرێ. له زۆر لایه‌نی گرینگه‌وه ئه‌و له‌هجه‌یه له له‌هجه‌کانی دیکه‌ی ئینگلیسی جیاوازه، و له جێ‌دا زۆر که‌س له‌وانه‌یه پێیان سه‌یر بێ که وه‌ک له‌هجه ئاماژه به ئینگلیسیی ستاندارد بکرێ. له گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، تا ئه‌و جێگه‌یه‌ی که ئینگلیسیی ستاندارد له ڕووی ڕێزمان و قامووسییهوه له شێوه‌زاره‌کانی دیکه‌ی ئینگلیسی جیاوازه،ته‌واو ڕه‌وایه که وه‌ک له‌هجه له‌به‌رچاو بگیرێ: زاراوه‌ی له‌هجه بۆ ئاماژه کردن به هه‌موو شێوه‌زاره‌کان ده‌کرێ به‌کار بهێندرێ، نه‌ک هه‌ر ته‌نێ بۆ ئاماژه کردن به شێوه‌زاره ناستاندارده‌کان.(سه‌رنج بده‌ن ئێمه زاراوه‌ی variety (شێوه‌زار) وه‌کوو زاراوه‌یه‌کی بێلایه‌ن به‌کار ده‌هێنین بۆ ئاماژه کردن به هه‌ر’ شێوه‌یه‌کی زمان’ که ده‌مانه‌وێ قسه‌ی له سه‌ر بکه‌ین.)
ئینگلیسیی ستاندارد ئه‌و شێوه شێوه‌زاره‌یه که به ئاسایی له چاپ کردندا ده‌کار ده‌کردرێ، و به ئاسایی له مه‌دره‌سان به ده‌رس ده‌گوترێته‌وه و فێری ئه‌و که‌سانه ده‌کرێ که ئاخێوه‌ری خۆجێیی زمانه‌که نین و ده‌یانه‌وێ فێری بن .هه‌ر وه‌ها ئه‌و شێوه‌زاره‌شه که به ئاسایی خه‌ڵکی خوێنده‌وار و په‌روه‌رده دیتوو قسه‌ی پێده‌که‌ن و له بڵاو کردنه‌وه‌ی ده‌نگوباس وبارودۆخه هاوشوباره‌کاندا به‌کارده‌هێندرێ. ده‌بێ ئه‌و خاڵه جه‌خت بکرێته‌وه، جیاوازی له نێوان زمانی ستاندارد و نا ستاندارد،له پرێنسیپ دا هیچ پێوه‌ندی نییه به جیاوازی نێوان زمانی ڕه‌سمی و زمانی قسه پێکردن و زاره‌کییه‌وه، یان چه‌مکی وه‌ک ‘زمانی خراپ’. ئینگلیسی ستاندارد هه‌م شێوه‌ی ڕه‌سمی و هه‌م شێوه‌ی زاره‌کی هه‌یه، و ئاخێوه‌رانی ئینگلیسی ستاندارد وه‌ک ئاخێوه‌رانی شێوه‌زاره‌کانی دی جنێو ده‌ده‌ن.( ئه‌وه پێویسته ئاماژه‌ی پێ‌بکرێ چونکوو واوێده‌چێ هێندێک که‌س پێیان وابێ ئه‌گه‌ر که‌سێک زاراوه‌ی ڕه‌مه‌کی Slang expressions یان ده‌سته‌وشه و ڕسته‌ی ناڕه‌سمی ده‌کار کرد ئیدی ئه‌وه به ئینگلیسیی ستاندارد قسه ناکا.) له ڕووی مێژووییه‌وه، شێوه‌زاری ستانداردی زمانی ئینگلیسی له سه‌ر بنه‌مای ئه‌و له‌هجه ئینگلیسییانه پێشکه‌وت که له له‌نده‌ن و ده‌ور وبه‌ری قسه‌یان پێده‌کرا و ئه‌و له‌هجانه به ده‌م سه‌ده‌یانه‌وه به به‌کار هێنانیان له لایه‌ن ئاخێوه‌رانه‌وه له دادگه‌یان، له لایه‌ن زانایانی زانکۆکان و نووسه‌رانی دیکه ئاڵ‌وگۆڕیان تێدا کرا، و دواتریش له خوێندنگه گشتییه‌کاندا Public Schools ( بڕوانه خواره‌وه‌تر).به تێپه‌ڕینی زه‌مان، ئه‌و ئینگلیسییه‌ی له لایه‌ن ئه‌ندامانی چینی سه‌ره‌وه‌ی کۆمه‌ڵدا له شاری پێته‌خت ده‌کار ده‌کرا به شێوه‌یه‌کی ته‌واو چاوڕاکێش له زمانی ده‌سته کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی دیکه دوور که‌وته‌وه و له ڕه‌وتی خۆیدا بوو به مۆدێل و سه‌رمه‌شقێک بۆ گشت ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌ویست به "باشی" قسه بکه‌ن و بنووسن. کاتێک چاپکردن به به‌ربڵاوی داهات، ئه‌و فۆرمه ئینگلیسییه‌ی به به‌ربڵاوی ده کتێباندا ده‌کار ده‌کرا،و ئه‌گه‌رچی زۆر گۆڕانیشی به‌خۆیه‌وه دی، هه‌میشه خه‌سڵه‌تی خۆی وه‌ک به‌رزترین سیمای زمانی ئینگلیسی پاراستووه.
ده‌نێو ئینگلیسیی ستاندارد دا ژماره‌یه‌ک جیاوازی هه‌رێمی هه‌ن که سه‌رنجی مرۆ به‌ره‌ولای خۆیان ڕاده‌کێشن. بۆ نموونه ئینگلیسیی ستانداردی سکاتله‌ندی به هیچجۆر عه‌ینی هه‌مان ئینگلیسیی ستانداردی ئینگلیسی نییه، و ئینگلیسیی ستانداردی ئه‌مریکایی له هێندێک ڕووه‌وه ته‌نانه‌ت زۆر له ئینگلیسیی ستانداردی ئینگلیسی جیاوازتره. جیاوازییه‌کان بریتین له ژماره‌یه‌کی زۆری وشه‌ی ناسراو وه‌ک lift ( ئاسانسۆر)ی بریتانیایی، elevator ی ئینگلیسی، و هێندێک ورده‌ڕیشاڵی ڕێزمانی:
بریتانیای: I have got ( وه‌رم گرتووه). ئه‌مریکایی .I have gotten ئینگلیسی: It needs washing. سکاتله‌ندی
It needs washed. هه‌ر وه‌ها ژماره‌یه‌کی دیکه‌ش جۆره‌جۆره‌یی هه‌یه که تایبه‌تی هه‌رێمه پچووکتره‌کانن، وه‌کوو هێندێک به‌شی باکوور و نێوه‌ڕاستی ئینگلیستان به به‌راوه‌رد کردن له‌گه‌ڵ شیوه‌زاری باشوور. باکووری ئینگلیستان
You need your hair cutting ( پێویستیت به قوڵه کردنه‌وه‌ی مووی سه‌رت هه‌یه ). باشوور: You need your hair cut.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، به گشتی، ئینگلیسیی ستاندارد ڕێزمانێکی به به‌ربڵاوی په‌ژرێندراو و کۆکراوه‌ی هه‌یه. له نێو خه‌ڵکی په‌روه‌رده‌دیتوو و خوێنده‌وار، و به تایبه‌تی ئه‌وکه‌سانه‌ی که پله‌وپایه‌یه‌ێکی پته‌ویان هه‌یه و به‌ده‌سته‌ڵاتن، ته‌وافوقێکی گشتی هه‌یه که چ ئینگلیسیی ستاندارده و چ ئینگلیسیی ستاندارد نییه – ئینگلیسیی ستاندارد ئه‌وه‌یه، که له سه‌ره‌وه‌ڕا به سه‌ر زنجیره‌یه‌ک له‌هجه‌گه‌لی هه‌رێمی داسه‌پاوه – زنجیره‌ی له‌هجه‌یی – و هه‌ربۆیه‌ش ده‌کرێ به شێوه‌زارێکی زمانی له‌سه‌ره‌وه‌ڕا داندراو نێوزه‌د بکرێ.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ئه‌و ته‌وافوقی گشتییه سه‌باره‌ت به ته‌له‌فوزکردن pronunciation له گۆڕێ دا نییه. چ ستانداردێکی هه‌مووگره‌وه‌ی ددانپێداهێندراو بۆ ڕاوێژ accent ی ئینگلیسیی ستاندارد له ئارا دا نییه، و به لانی که‌مه‌وه، به قسه، ئه‌وه ده‌ست ده‌دا که ئینگلیسیی ستاندارد به هه‌ر ڕاوێژێکی هه‌رێمی یان کۆمه‌ڵایه‌تی قسه‌ی پێ بکردرێ. ( له کرده‌وه دا هێندێک ڕاوێژگه‌ل accents هه‌نه که زۆر ناوچه‌یین و ئی ئه‌و جۆره ده‌ستانه‌ن که به‌ڕێژه که‌میان خوێندووه و په‌روه‌رده‌یه‌کی ئه‌وتۆیان نه‌بووه، و ئه‌مه‌ش له ئینگلیسیی ستاندارد دا زۆر ڕوو نادا، به‌ڵام به پێویستی هیچ پێوه‌ندییه‌ک له نێوان ڕاوێژ یان ڕاوێژگه‌لێکی تایبه‌تی دا نییه.) هه‌ر وه‌ها ته‌نێ ڕاوێژێک هه‌یه که له ئینگلیسیی ستاندارد دا ده‌بیندرێ. ئه‌ویش ڕاوێژی ئینگلیسیی بریتانیاییه، یان زۆر وردتری بڵێین ڕاوێژی ئینگلیسیی ئینگلیسی، که زمان‌ناسان به RP ‘received pronunciation’ واته ( ته‌له‌فوزی وه‌خۆکراو) ی ده‌ناسن. ئه‌مه ئه‌و ڕاوێژه‌یه که تا ڕاده‌یه‌کی زۆر له ‘خوێندنگه گشتییه’ شه‌و وڕۆژی و گرانه ئینگلیسییه‌کاندا پێش خرا و ئه‌شراف و توێژی سه‌ره‌وه‌ی چینه سه‌ره‌وه‌کان لایه‌نگریان لێ ده‌کرد، هه‌ر نه‌بێ بۆ کوڕه‌کانی خۆیان، و هه‌ر ئه‌و ڕاوێژه‌شه که تا ئه‌و نزیکانه‌ش پێویست بوو بۆ ئه‌و که‌سانه‌ی له بی.بی.سی. دا بێژه‌ری بکه‌ن. ئه‌م ڕاوێژه له زمانی خه‌ڵک دا نێوی جۆر به جۆری هه‌یه وه‌ک ‘ ئینگلیسیی ئاکسفۆردی’ ، ‘ ئینگلیسیی بی بی سی ‘و هێشتاش ئه‌و ڕاوێژ accent هیه که فێری ئه‌و که‌سانه‌ی ده‌کرێ که زمانی زگماکیان ئینگلیسی نییه و ده‌یانه‌وێ ته‌له‌فوزی بریتانیایی فێر بن.
RP له ڕوویه‌که‌وه به‌ڕێژه نائاساییه چونکوو ژماره‌یه‌کی که‌م له‌و ئاخێوه‌رانه‌ی به‌کاری ده‌هێنن خۆیان به هه‌رێمێکی جوگرافیایی تایبه‌تییه‌وه ده‌به‌ستنه‌وه و خۆیانی پێوه ده‌ناسنه‌وه.RP تا ڕاده‌یه‌کی زۆر هه‌ر به ئینگلیستانه‌وه به‌رته‌نگه، ئه‌گه‌رچی له پاشماوه‌ی دوڕگه‌کانی بریتانیا British Isles ( و تا راده‌یه‌کی که‌متر، له ئاوسترالیا، نیوزیلاند و ئه‌فریقای خواروو) ش دا به پرێستیژه. تا ئه‌و جێگه‌ی بگه‌ڕێته‌وه سه‌ر ئینگلیستان، RP ڕاوێژێکی نا ناوچه‌ییه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، به پێویستی قسه‌کردن به RP به مانای قسه کردن به ئینگلیسیی ستاندارد نییه. ئینگلیسیی ستاندارد ده‌کرێ به هه‌رکام له ڕاوێژه هه‌رێمییه‌کان قسه پێ بکردرێ، و له ژماره‌یه‌کی هه‌ره زۆری نموونانیش دا به ئاسایی هه‌ر ئاوایه.
له به‌ر ئه‌وه‌ی زمان دیارده‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تییه زۆر له‌نزیکه‌وه به بناخه‌ی کۆمه‌ڵ و سیستمه‌کانی نرخ و به‌های کۆمه‌ڵه‌وه به‌ستراوه‌ته‌وه، له‌هجه و ڕاوێژگه‌لی جیاواز به ڕێگه‌ی جیاوازه‌وه هه‌ڵده‌سه‌نگێندرێن. بۆ نموونه، ئینگلیسیی ستاندارد پله و پرێستیژی زۆر له هه‌رکام له له‌هجه ئینگلیسییه‌کانی دیکه زیاتره. ئه‌مه له‌هجه‌یه‌که که خه‌ڵکێکی زۆر زۆر به به‌رزی ده‌نرخێنن، و هێندێک به‌رژه‌وه‌ندیی ئابووری، کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی بۆ ئه‌وکه‌سانه به دیاریی ده‌هێنێ که به‌و له‌هجه‌یه قسه ده‌که‌ن و ده‌نووسن. RP یش پرێستیژێکی یه‌کجار به‌رزی هه‌یه، هه‌ر وه‌ها هێندێک له ڕاوێژ accents ه ئه‌مریکاییه‌کان. له ڕاستیدا ‘ عه‌قڵی نه‌ریتی’ زۆربه‌ی کۆمه‌ڵه ئینگلیسی ئاخێوه‌ره‌کان زۆرله‌وه‌ی زیاتر تێده‌په‌ڕێنێ. ئینگلیسیی ستاندارد و ڕاوێژه به پڕێستیژه‌کان ئه‌وه‌نده به پله و پایه و شان و شه‌وکه‌تن که ئه‌وان به به‌ربڵاوی به ‘دروست’، ‘جوان’ ، ‘ خۆش’، ‘ پاک’ و هتد. داده‌ندرێن. شێوه‌زاره‌کانی دیکه‌ی ناستاندارد و بێ پڕێستیژ زۆر جار به ‘هه‌ڵه’، ‘ناحه‌ز’، ‘تێکچوو’ و ‘ناخۆش’ ده‌نرخێندرێن . له‌وه‌ش زیاتر، ئینگلیسیی ستاندارد جارجار هه‌ر خۆی به زمانی ئینگلیسی داده‌ندرێ و به‌س، ئه‌وه‌ش بێ ئه‌وه‌ی خۆی لێ بپارێزدرێ ده‌گاته ئه‌وه‌ی که شێوه‌زاره‌کانی دیکه‌ی ئینگلیسی به جۆره‌یه‌ک لادان له پێوه‌ر بژمێردرێن، و ئه‌و لاده‌رییه‌ش به ته‌نبه‌ڵی، نه‌زانی و نه‌بوونی هوشیاری و ژیری ده‌قه‌بڵێندرێ. به شێوه‌یه‌کی ئه‌وتۆ به میلیۆنان ئینسان که زمانی دایکییان ئینگلیسییه هان ده‌درێن وا بیر بکه‌نه‌وه که ئه‌وان’ ناتوانن به ئینگلیسی قسه بکه‌ن’.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ڕاستی ئه‌وه‌یه، که ئینگلیسیی ستاندارد ته‌نێ شێوه‌زارێکه له نێو ژماره‌یه‌کی زۆر شێوه‌زار دا، ئه‌گه‌رچیش یه‌کی به‌تایبه‌تی گرینگیانه. له ڕوانگه‌ی زمانناسانه‌وه، ئه‌وه ناکرێ ڕه‌وایه‌تی ئه‌وه‌ی بداتێ که له شێوه‌زاره‌کانی دیکه باشتره. لێکۆڵینه‌وه‌ی زانستییانه‌ی زمان زانایانی گه‌یاندووه‌ته ئه‌و باوه‌ڕه‌ی که گشت زمانان، و په‌یوه‌ست به‌و گشت له‌هجه‌کان وه‌کوو سیستمگه‌لی زمانی به یه‌کسانی ‘باش’ن. هه‌موو شێوه‌زاره‌کانی زمانێک خاوه‌نی سیستمگه‌لی بناخه داڕێژراو، پێچه‌ڵپێچ وئاڵۆز، و خۆ به‌ڕێوه‌به‌ن که به‌ته‌واوی به‌جێ و له‌بارن بۆ ڕاپه‌ڕاندنی پێداویستییه‌کانی ئاخێوه‌رانیان. ئه‌وه ده‌گاته ئه‌و خاڵه‌ی که داوه‌ری کردن سه‌باره‌ت به نرخ و به‌های دروستی و پاكی شێوه‌زاره زمانییه‌کان کۆمه‌ڵایه‌تییه تا ئه‌وه‌ی که زمانناسانه بێ. هیچ شتێکی ئه‌وتۆ له زاتی شێوه‌زاره ناستاندارده‌کاندا نییه که که‌م نرختر و پچووکتریان کاته‌وه. هه‌رجۆره که‌م نرخی و پچووکتر بوونی ڕواڵه‌تیان له به‌ر ئه‌وه‌یه که ئه‌وان زمانی ئاخێوه‌رانی که‌م ئیمتیاز و ده‌سته‌ی پله نزمن. به گوتنێکی دی بۆچوون و دیتن سه‌باره‌ت به له‌هجه‌گه‌لی ناستاندارد ئه‌و بۆچوون و دیتنانه‌ن که بناخه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی کۆمه‌ڵ تێیاندا ڕه‌نگ ده‌ده‌نه‌وه. به هه‌مان شێوه،نرخ و بایه‌خه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان ده‌کرێ له‌و داوه‌ریکردنانه‌دا ڕه‌نگ بده‌نه‌وه که سه‌باره‌ت به شێوه‌زاره زمانییه‌کان ده‌کرێن. بۆ نموونه، له شوێنێکی وه‌کوو بریتانیا که شارنشینی ته‌واو تێیدا پێشکه‌وتووه، ڕاوێژه گوندییه‌کان، وه‌کوو ڕاوێژه‌کانی دێڤۆنشایر Devonshire، نۆرثامبرله‌ندNorthumberland یان ئی به‌رزاییه‌کانی سکاتله‌ند Scottish Highlands، به له‌گوێیان خۆش، دڵگر،سه‌رنجڕاکێش و به‌تام داده‌درێن . له لایه‌کی دیکه‌وه ڕاوێژگه‌لی شاریانه، وه‌کوو ئه‌وانه‌ی بیرمینگام،نیوکاسڵ یان له‌نده‌ن، زۆر جار وه‌ک ناحه‌ز، سه‌رچڵ و ناخۆش ده‌قه‌بڵێندرێن. ئه‌و جۆره بۆچوونه سه‌باره‌ت به شێوه‌ی قسه‌کردنی گوندیانه له ده‌وڵه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا زۆر باو نییه، و ئه‌و جیاوازییه ده‌کرێ به باشی له‌وه دا ڕه‌نگ بداته‌وه که نرخاندنی ژیانی ده‌ره‌وه‌ی شاری له‌و دوو وڵاتانه دا جیاوازه.
ئه‌م نموونانه‌ی خواره‌وه ڕاده‌ی ئه‌وه‌یکه داوه‌ریکردن سه‌باره‌ت به دروست بوون و پاکی شێوه‌زار و خه‌سله‌ته زمانییه‌کان چه‌نده کۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ن تا ئه‌وه‌ی زمانناسانه بن ده‌رده‌خه‌ن. گشت ڕاوێژه‌کانی accents ئینگلیسی ده‌نگێکی /r/ یان له وشه‌ی وه‌کوو rat،rich دا هه‌یه و زۆربه‌یان له وشه‌ی وه‌کوو carry ، sorry دا //r ه که‌یان ده‌بیسترێ. له لایه‌کی دیکه‌وه، ژماره‌یه‌ک ڕاوێژ هه‌ن که له وشه‌ی وه‌کوو cart و car دا ده‌نگی /r/یان نییه. ئه‌و وشانه له ڕابردوو دا، وه‌ک نووسینه‌که‌یان نیشان ده‌دا ده‌نگێکی /r/ یان هه‌بووه، به‌ڵام له‌و ڕاوێژانه‌دا ئه‌و ده‌نگه کلۆر بووه جگه له‌و وشانه‌دا نه‌بێ که به‌ر له ڤاوێلێک هه‌ڵده‌که‌وێ. ده‌نگی /r/ له به‌ستێنی دیکه دا – وه‌کوو له کۆتایی وشه‌ی (car) یان به‌ر له کۆنسۆنانت ( cart)- ده‌کرێ وه‌کوو /r/ ێکی ‘ نا به‌ر له ڤۆکاڵ’ باسی لێوه بکرێ. ئه‌و ڕاوێژانه‌ی که /r/ی نا – به‌ر له ڤۆکاڵ یان نییه بریتین له هێندێک له ڕاوێژان له ده‌وڵه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکاو هێندی ڕۆژئاوا، زۆر له ڕاوێژه‌کانی ئینگلیستان، زۆر له ڕاوێژه‌کانی وه‌یلز و نیوزیله‌ند، و گشت ڕاويژه‌کانی ئاوسترالیا و ئه‌فریکای خواروو. له‌و ڕاوێژانه دا جووته وشه‌ی وه‌ک ma و mar به ته‌واوی وه‌کوو یه‌ک ته‌له‌فوز ده‌کرێن. جا ئێستا ئێمه ئه‌گه‌ر ڕاوێژه‌کانی ئینگلیستان و ئه‌مریکا له‌مه‌ڕ ئه‌و نیشانه‌یه به‌یه‌که‌وه به‌راورد بکه‌ین، ڕاستییه‌کی چاوڕاکێشمان بۆ ڕوون ده‌بێته‌وه. له ئینگلیستان، له‌گه‌ڵ یه‌کسان بوونی شته‌کانی دیکه، ئه‌و ڕاوێژانه‌ی که /r/ی نا-به‌رله ڤۆکاڵ یان نییه پله‌یه‌یان به‌رزتره و به ‘دروست’تر له‌و ڕاوێژانه داده‌ندرێن که هه‌یانه. RP( ته‌له‌فوزی وه‌خۆ کراو) واته ڕاوێژی به پرێستیژ ئه‌و /r/هی نییه، و /r/ی نا- به‌رله ڤۆکاڵ زۆر جار له ڕادیو و تێلێڤیزیۆن و تیاتر دا به کار ده‌هێندرێ بۆ نیشاندانی ئه‌وه‌ی که که‌سه‌که خه‌ڵکی ده‌ره‌وه‌ی شار، په‌روه‌رده‌نه‌دیتوو یان هه‌ردووکیانه- زۆر جار مرۆ له زنجیره‌ی کۆمێدی ڕادیۆ وه ده‌یبیستێ بۆ ئه‌وه‌ی خه‌سڵه‌تی گاڵته‌ئامالی بدرکێندرێ. له لایه‌کی دیکه‌وه، ئه‌گه‌رچی بارودۆخی ئه‌و ده‌نگه له ده‌وڵه‌ته‌یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا زۆر ئاڵۆزتره، له هێندێک له به‌شه‌کانی وڵات دا ته‌واو به پێچه‌وانه‌ی ڕاسته. له شاری نیۆ یۆرک، له گه‌ڵ یه‌کسان بوونی شته‌کانی دیکه، ئه‌و ڕاوێژانه‌ی که /r/ی نا-به‌ر له ڤۆکاڵ یان هه‌یه زۆر به پرێستیژتر و ‘دروست’ تر له‌و ڕاوێژانه‌ی داده‌ندرێن که نییانه.ته‌له‌فوزکردنی وشه‌ی وه‌ک car و cart به بێ /r/ له رووی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه به نزمی ده‌زاندرێ و به‌گشتی، ئاخێوه‌ران ئه‌وه‌نده‌ی له ته‌رازووی کۆمه‌ڵایه‌تی دا له‌سه‌ره‌وه‌تر بن، ئه‌وه‌نده‌ش ڕێی تێده‌چێ که زیاتر /r/ نا- به‌رله ڤۆکاڵ به‌کار بهێنن. له شاره‌کانی ئینگلیستاندا که هه‌ر دوو جۆره ته‌له‌فوزکردنه‌که ده‌کرێ ببیسترێن، وه‌ک له بریستۆل و ڕیدینگ، ئه‌و نموونه‌یه ته‌واو به‌پێچه‌وانه‌یه. به گوتنێکی دی، داوه‌ریکردنی نرخ و به‌ها سه‌باره‌ت به زمان، له ڕوانگه‌ی زمانناسانه‌وه، به ته‌واوی خۆسه‌رانه وبێ هۆیه. له /r/ ی نا-به‌رله ڤۆکاڵ دا شتێکی زاتی باش یان خراپ، دروست یان هه‌له، هه‌ڵکه‌وتوو یان بێ کو‌لتوور نییه. داوه‌ریکردنی ئه‌و شێوه‌یه داوه‌ریکردنی کۆمه‌ڵایه‌تین که له سه‌ر بناوانی ماناپێدانی کۆمه‌ڵایه‌تی هه‌ڵنراون له مه‌ڕ خه‌سڵه‌تێکی زمانی تایبه‌تی له ناوچه‌یه‌کی به‌رباس دا.
ئه‌و ڕاستییه‌ی که ئاوایه، به‌و مانایه نییه زمان‌ناسان پێ له‌وه نانێن که کۆمه‌ڵ شێوه‌زاره زمانییه جیاوازییه‌کان به شێوه‌ی جیاواز ده‌نرخێنێ. شێکردنه‌وه‌ی زمانی باسی له‌باربوونی شێوه‌زاره‌کان و (‘ نه‌ک دروست بوونیان) بۆ هه‌لومه‌رجی جیاواز ده‌هێنێته گۆڕێ، و به‌رنامه‌ی فێرکردنی زمانی بێگانه به ئاسایی وا پێشخراوه که شێوه‌زاری ستانداردی زمانێک فێری فێرخوازان بکا. له هه‌مان کاتدا، زۆرێک له زمان‌ناسان له‌و باوه‌ڕه‌دان که ئه‌و جۆره بۆچوون و دیتنه‌ی له سه‌ره‌وه‌دا باسی لێوه کرا هێندێک جار ده‌کرێ سه‌ده‌مه بگه‌یێنێ.بۆنموونه ده‌توانێ ئاکامی دڵنه‌خوازی دروونناسانه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و په‌روه‌رده‌یی لێ بکه‌وێته‌وه ئه‌گه‌ر ئه‌و مامۆستایانه‌ی که ئینگلیسیی ستاندارد فێری ئاخێوه‌رانی شێوه‌زاره ناستاندارده‌کان ده‌که‌ن سه‌باره‌ت به شێوه‌ی قسه‌کردنی شاگرده‌کانیان دوژمنایه‌تی بنوێنن ( بڕوانه به‌ندی 10ی ئه‌م کتێبه).
زمان‌ناسان هه‌ر وه‌ها له به‌ر هۆی دیکه سه‌رنج ده‌ده‌نه سه‌ر بۆچوونی زه‌ینیش سه‌باره‌ت به زمان. ئه‌وجۆره بۆچوونانه گرینگن، بۆ نموونه له لێکۆڵینه‌وه‌ی گۆڕانی زماندا، و زۆر جار ده‌توانن یارمه‌تی بکه‌ن بۆ شیکردنه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی بۆچی له‌هجه‌کان ده‌گۆڕدرێن، که‌نگێ و چۆن ده‌گۆڕدرێن. لێکۆڵینه‌وه‌یه‌ک سه‌باره‌ت به شێوه‌ی ئاخاوتنی شاری نیۆیۆرک له لایه‌ن کۆمه‌ڵزمانناسی پێشه‌نگ ویلیا‌م لابۆڤ William Labov نیشان ده‌دا له شه‌ڕی دنیاگره‌وه‌ی دووهه‌م به‌ملایه‌وه ده‌نگی /r/ی نا-به‌رله ڤۆکال له‌و شاره دا له قسه‌کردنی توێژی سه‌ره‌وه‌ی چینی مامنێونجی دا یه‌کجار زۆر زیادی کردووه. ئه‌وه‌ی بووته هۆی ئه‌و گۆڕانه ده‌کرێ له‌به‌ر هاتنی به‌لێشاوی ئاخێوه‌ران له‌و جۆره شوێنانه‌وه بێ بۆ شار له ماوه‌ی شه‌ڕ دا که له قسه‌کردنی ئه‌واندا /r/ی نا-به‌رله‌ڤۆکاڵ ستانداردیان نیشانه‌یه‌کی پرێستیژ بووه، به‌ڵام ئه‌و گۆڕانه زۆر ئاشکراتر له‌به‌ر گۆڕانێکی پێوه‌ندیداره له بۆچوونی زه‌ینیدا سه‌باره‌ت به ته‌له‌فوزکردنی ئه‌و جۆره له لایه‌ن گشت ئاخێوه‌رانی شاری نیۆیۆرکه‌وه. به ده‌م لێکۆڵینه‌که‌وه بۆچوونی زه‌ینیی زانیاریده‌ره‌کان تاقی ده‌کراوه بۆ ئه‌وه‌ی بزاندرێ داخودا ئه‌وان /r / ی نا-به‌رله‌ڤۆکال به نیشانه‌یه‌کی پرێستیژ داده‌نێن یان نا.ئه‌وانه‌ی که وڵامه‌کانیان نیشانی ده‌دا که ئه‌و /r / ه بۆیان نیشانه‌یه‌کی پرێستیژه به ‘ r- پۆزیتیڤ’ به نێو کران. خشته‌ی ژماره 1 له سه‌دی توێژی سه‌ره‌وه‌ی ئاخێوه‌رانی چینی مامنێونجی له سێ ده‌سته‌ی ته‌مه‌نی نیشان ده‌دا که ‘r – پۆزیتیڤ’ بوون له گه‌ڵ له‌سه‌دی مامنێونجی به‌کارهاتنی /r / ی نا-به‌رله‌ڤۆکاڵ له قسه‌کردنی ئاسایی له نێو هه‌ر هه‌مان سێ ده‌سته دا. له خشته‌که دا ده‌بیندرێ بۆ ئه‌و ئاخێوه‌رانه‌ی که ته‌مه‌نیان له خواره‌وه‌ی چل ساڵان بووه به‌کارهێنانی /r/ ی نا-به‌رله ڤۆکاڵ له‌قسه‌کردنیان دا زێده بوونێکی زۆری پێوه دیاره. ته‌نانه‌ت به کار هێنانی /r / له لایه‌ن ئاخێوه‌رانی جه‌وانتریشه‌وه زۆر زیادی کردووه. به‌ڵگه‌کانی دیکه ده‌یسه‌لمێنن که گۆڕانی بۆچوونی زه‌ینی هۆی ئه‌و گۆڕانه بوون تا ئه‌وه‌ی که ئاکامی بن. واته گۆڕان له بۆچوون و دیتنی زه‌ینی دا، گه‌یوه‌ته گۆڕان له نموونه‌ی قسه کردن دا، ئه‌گه‌رچی له ڕاستیدا ته‌نێ ئه‌وه توێژی سه‌ره‌وه‌ی چینی مامنێونجی بووه که گۆڕانێکی گرینگی له قسه‌کردنی خۆیدا پێک هێناوه.
________________________________________________________
خشته‌ی 1. بۆچوون سه‌باره‌ت به به‌کارهێنانی / r /ی نا- به‌ر له ڤۆکال: له نێو توێژی سه‌ره‌وه‌ی
چینی مامنێونجی له شاری نیۆ یۆرک دا
له نێو 100 زانیاریده‌ر دا که ته‌مه‌نیان له نێوان 8-19 ساڵان بووه 48 که‌سیان /r/ی به‌ر- له ڤۆکاڵیان
به‌کار هێناوه
له‌نێو 100 زانیاریده‌ر دا که ته‌مه‌نیان له نێوان 29 – 39 ساڵان بووه 34 که‌سیان /r/ی به‌ر- له
ڤۆکاڵیان به‌کار هێناوه
له نێو 62 زانیاریده‌ر دا که ته‌مه‌نیان له سه‌ره‌وه‌ی 40 ساڵان بووه 9 که‌سیان /r/ی به‌ر- له‌ڤۆکاڵیان
به‌کار هێناوه
_______________________________________________________
بۆچوونی زه‌ینی سه‌باره‌ت به شێوه زمانییه‌کان هه‌میشه ئه‌وجۆره کارتێکه‌رییه‌ی نابێ. نموونه‌ی سه‌ره‌وه نیشان ده‌دا ئه‌گه‌ر ته‌له‌فوزکردنێکی تایبه‌تی ده‌نێو کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی تایبه‌تیدا به نیشانه‌ی پرێستیژ دابندرێ، ئیدی ئه‌و ده‌می لاسای ده‌کرێته‌وه و گه‌وره ده‌کرێته‌وه. ئه‌وجۆره پێڤاژۆیه ده‌کرێ به‌ره‌و ئاراسته‌ی پێچه‌وانه‌ش بڕوا. له ڤاینیاردی مارتا Martha’s Vineyard، که له ڕابردوو دا دوڕگه‌یه‌کی ته‌ریک بوو له نزیک قه‌راغی نیوئینگله‌ند له باکووری ڕۆژهه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا، له ئاکامی زێده بوونی سه‌ردانی خه‌ڵک له‌و دوڕگه‌یه که له مانگه‌کانی هاوین دا بۆ حه‌سانه‌وه ده‌چوونه ئه‌وێ گۆڕانی چاوڕاکێشی کۆمه‌ڵایه‌تی پێک هات. ئه‌و گۆڕانه کۆمه‌ڵایه‌تییانه ئاڵوگۆڕی زمانیشیان به دوو داهات.ئه‌و لێکۆڵینه‌وانه‌ی که کراون، دیسان له لایه‌ن لابۆڤه‌وه، نیشان ده‌ده‌ن ده‌نگی ڤاوێل له وشه‌کانی وه‌ک house،mouth، loud دا له‌و دوڕگه‌یه دا به‌دوو جۆری جیاواز ته‌له‌فوز ده‌کرێن.( ئه‌وه له سه‌ر ته‌له‌فوز کردنی وشه‌ی وه‌ک ride و right یش هه‌ر وایه.) یه‌ک له‌و ته‌له‌فوزانه که‌متر به پرێستیژ و ته‌له‌فوزی کۆنه‌باوی تایبه‌تی له مه‌ڕ دوڕگه‌که‌یه و به ته‌قریب ئاوا ته‌له‌فوز ده‌کرێ [ هوس ] ، که یه‌که‌م کوتی دیفتۆنگه‌که ، زۆر وه ده‌نگی ڤاوێلی وشه‌ی shirt ده‌چێ یان یه‌که‌م ڤاوێل له وشه‌ی about [ ئباوت] دا. ئه‌و ته‌له‌فوزه‌ی دووه‌مه له دوڕگه‌که‌دا زۆر تازه‌یه، و زۆر له نزیکه‌وه وه شێوه‌ی ده‌ربڕینی ڤاوێل له RP ( ته‌له‌فوزی وه‌خۆکراو) و هێندێک له ڕاوێژه‌کانی به پرێستیژی به‌ژاییه‌کانی ئه‌مریکا ده‌چێ: وه‌ک [هاوس] و [ئه‌باوت]. سه‌یره، ئه‌و کارانه‌ی له ساڵانی 1960 کاندا کراون نیشان ده‌ده‌ن شێوه‌ی ‘ کۆنه باو’ی ته‌له‌فوز کردن له زیاد بوون بووه. ته‌له‌فوزی [au] گه‌وره ده‌کرایه‌وه و زۆر زیاتر له ئاخاوتنی خه‌ڵکێکی زیاتر دا ده‌بیتسرا. ده‌رکه‌وت که ئه‌و ئاڵوگۆڕه زمانییه له به‌ر بۆچوون و دیتنی زه‌ینی ئاخێوه‌رانی دوڕگه‌که سه‌باره‌ت به ئه‌و شێوه زمانییه بووه. خه‌ڵکی خۆجێی دوڕگه‌که هه‌ستی بێزارییان به‌رانبه‌ر هێرشی به‌لێشاوی خه‌ڵکی ده‌ره‌وه و ئه‌و گۆڕان و دادۆشینه ئابوورییه‌ی له ته‌ک خۆیدا هێنابووی تێدا پێک هاتبوو. جا بۆیه ئه‌و خه‌ڵکانه‌ی که زۆر له نزیکه‌وه خۆیان به شێوه‌ی ژیانی دوڕگه‌که‌وه ده‌ناسییه‌وه ده‌ستیان کرد به گه‌وره‌کردنه‌وه‌ی ته‌له‌فوزی تایبه‌تی دوڕگه‌که، بۆ ئه‌وه‌ی ناسێنه‌ی جیاوازی کۆمه‌ڵایه‌تی و کولتووری خۆیان نیشان بده‌ن، و باوه‌ڕی خۆیان به نرخ و به‌های کۆن جه‌خت بکه‌نه‌وه. ئه‌وه مانای ئه‌وه بوو که ته‌له‌فوزکردنی ‘ کۆنه باو’ له ڕاستییدا له لایه‌ن هێندێک به‌شی جه‌وانتری کۆمه‌ڵگه‌که بووژێندرایه‌وه و وه‌بره‌و خرا.ئه‌و مه‌یله زۆر زه‌قتر به شێوه قسه‌کردنی ئه‌و جه‌وانانه‌وه دیار بوو که له دوڕگه‌که‌و بۆ کار چووبوونه شاران و گه‌ڕابوونه‌وه – به وه‌دوادانه‌وه‌ی ژیان له وان‌دا. به‌ڵام ئه‌وه له نێو ئه‌وانه‌ی دا ئاره‌زوویان بوو له دوڕگه‌که بارکه‌ن و له به‌ژاییه‌کان بژین لانی هه‌ره‌که‌م بوو.ئه‌و پێڤاژۆیه تا ڕاده‌یه‌ک لایه‌نی وشیارانه‌ی هه‌بوو له‌وه‌یدا که ئاخێوه‌ران به‌و ڕاستییه‌یان ده‌زانی که ڕاوێژی دوڕگه‌که جیاوازه، به‌ڵام ئه‌و وشیارییه نه‌ده‌گه‌یشته ناسینی گرینگی دیفتۆنگه‌که خۆی.له گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ئاخێوه‌ران، بێ ئه‌وه‌ی هه‌ستی پێبکه‌ن سه‌باره‌ت به گرینگیی کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌و ته‌له‌فوز کردنه‌یان ده‌زانی، و بۆچوونیان سه‌باره‌ت به‌و له به‌ر بۆچوون و دیتنی کۆمه‌ڵایه‌تییان ئه‌رێیی بوو. به گوتنێکی دی، گۆڕانی زمانی هه‌میشه به ئاڕاسته‌ی پێوه‌ری به پرێستیژ دا ناچێ. به پێچه‌وانه، هه‌موو جۆره دیتن و بۆچوونی دیکه‌ی سه‌باره‌ت به زمان ده‌بێ له‌به‌ر چاو بگیرێن. زمان ده‌توانێ هۆکارێکی زۆر گرینگ بێ بۆ ناسینه‌وه‌ی ده‌سته‌یی، هاوپێوه‌ندیی ده‌سته‌یی و ده‌ربڕین و نیشاندانی جیاوازی، و کاتێک ده‌سته‌یه‌ک بکه‌وێته به‌ر هێرشی ده‌ره‌وه‌ی خۆی، نیشانه و ده‌ربڕی جیاوازییه‌کان له‌وانه‌یه گرینگییه‌کی زۆرتر په‌یدا بکه‌ن و گه‌وره‌تر بکرێنه‌وه.
له به‌نده‌کانی دواتری ئه‌م کتێبه دا ئێمه هێندێک له پێوه‌ندییه ئاڵۆزه نێوکۆییه‌کانی زمان و کۆمه‌ڵ ده‌کۆڵینه‌وه، که له‌نێو ئه‌واندا بۆچوونه زه‌ینییه‌کان هه‌ر ڕه‌هه‌ندێکیانن. ئه‌و جۆره پێوه‌ندییه نێوکۆییانه زۆر شێوه‌یان هه‌یه. له زۆر نمووناندا ئێمه هاو-چه‌شناوچه‌شنی زمانی و دیارده کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان به‌دی ده‌که‌ین، باوه‌کوو ئه‌وه، له هێندێک نموونه دا، زۆر به‌جێتره پێوه‌ندییه‌که هه‌ر ته‌نێ به‌ره‌و ئاراسته‌یه‌که‌وه له‌به‌رچاو بگیرێ – واته باڵاده‌ستی و کارلێکه‌ری کۆمه‌ڵ له سه‌ر زمان، یان به پێچه‌وانه. ئێمه لێره‌دا ده‌کرێ له نموونه‌یه‌کی ئه‌و پێوه‌ندییه یه‌ک لایه‌نه‌یه‌وه ده‌ست پێبکه‌ین که واداندراوه له‌مه‌ڕ کاردانه‌وه‌ی زمانه له سه‌ر کۆمه‌ڵ. ڕوانگه‌یه‌ک هه‌یه، که به‌شێوه‌ی جیاواز له‌لایه‌ن زمانناسانی جۆربه‌جۆره‌وه پێش خراوه، که زۆر جار وه‌کوو فه‌رزییه‌ی ساپیر- ۆرف ‘ Sapir- Whorf hypothesis ‘ ئاماژه‌ی پێده‌کرێ،و نێوی دوو مه‌ردمناس و زمان‌ناسی ئه‌مریکایی واته ئێدوارد ساپیر و بێنیامین لی ۆرف ی لێندراوه، و زۆر جار پێوه‌ندی ده‌درێته‌وه به نێوی ئه‌و دوو زانایه. ئه‌و فه‌رزییه‌یه ته‌قریبه‌ن ده‌ڵێ ئاخێوه‌رانی خۆجێیی زمان زنجیره‌یه‌ک کاتاگۆری پێک ده‌هێنن که وه‌کوو جۆره‌یه‌ک شه‌به‌که هه‌ڵده‌سووڕێن و به ڕێی ئه‌مه دا.
له دنیا تێده‌گه‌ن، هه‌ر وه‌ها ئه‌و شه‌بکه‌یه شێوه‌ی پۆلێن‌کردن و چه‌مکاندنی دیارده جیاوازه‌کان له لایه‌ن ئه‌وانه‌وه به‌رته‌نگ ده‌کا. زمانێک ده‌توانێ به‌ڕیگه‌ی کارتێکردن یان ته‌نانه‌ت کۆنترۆڵ کردنه‌وه فۆرم بدا به ڕوانگه‌ی جیهانی قسه‌پێکه‌رانییه‌وه. له‌و باره‌یه‌وه زۆربه‌ی زمانه به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ک ئوڕووپاییه‌کان زۆر وه‌یه‌کتری ده‌چن، ئه‌ویش ڕه‌نگه له‌به‌ر پێوه‌ندی هاوبه‌شی ژێنێتیکییان و، زۆر گرینگتر له‌وه‌ش، پێوه‌ندی و تێکه‌ڵاوی دوورودرێژی کو‌لتووریی ئه‌وان له گه‌ڵ یه‌کتر و ئه‌و کۆمه‌ڵانه دا بێ که تێیاندا قسه‌یان پێده‌کردرێ؛ ڕه‌نگه دیتن و ڕوانگه‌ی جیهانی ئاخێوه‌رانیان و کۆمه‌ڵه‌کانیان له به‌ر ئه‌و هۆیه به‌هیچ جۆر زۆر له یه‌ک دوور نه‌بن. جا، ئه‌گه‌ر، جیاوازی زمانی جیاوازی تێگه‌یشتن و ناسین به‌رهه‌م بهێنێ، ئێمه ده‌بێ ئه‌وه به ڕێگه‌ی له‌به‌ریه‌ک ڕۆنان و به‌راورد کردنی کۆمه‌ڵێک له زمانان لێک ده‌ینه‌وه که له ڕووی کولتوورییه‌وه زمانانی زۆر جیاواز و له‌یه‌کتری دابڕاون.
بۆ نموونه، زمانه ئوڕووپاییه‌کان، زه‌مان به‌کار ده‌هێنن.دیاره ئه‌و به‌کارهێنانه وه‌نه‌بێ به‌ته‌واوی وه‌کوو یه‌ک بێ، به ڵام به ئاسایی زۆر دژوار نییه، بابڵێین شێوه‌یه‌کی ئینگلیسی وه‌ربگێردرێته سه‌ر هاوتاکه‌ی به فه‌ڕانسه‌یی یان ئاڵمانی. له لایه‌کی دیکه‌وه، هێندێک له زمانان له به‌شه‌کانی دیکه‌ی دنیا، زه‌مانیان نییه، به‌لانی که‌مه‌وه به‌و شێوه‌یه‌ی ئێمه ده‌یزانین. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ئه‌وان ده زمانه‌کانیان دا ده‌کرێ دووشێوه‌ی کردار و شێوه‌ی چالاکییه جیاوازه‌کان له یه‌کتری بکه‌نه‌وه‌که ئاخێوه‌رانی ئوڕووپایی ئه‌مه به شێوه‌یه‌کی دیکه نیشان ده‌ده‌ن و به ده‌وری دا ده‌خولێنه‌وه. بۆ نموونه، شێوه‌ی کردار، ده‌کرێ فه‌رق به جیاوازییان بکرێ به پێی ئه‌وه‌ی که ئاخێوه‌ر باسی بارودۆخێک ده‌گێڕێته‌وه یان چاوه‌ڕێی بارودۆخێک ده‌کا، یان به‌پێی مه‌ودای ڕووداوه‌که، خێرایی، یان خه‌سڵه‌ته‌کانی دیکه.جابۆیه، ئه‌وه سه‌یر نییه، ئه‌گه‌ر تێڕوانینی ئه‌و خه‌ڵکه‌ی که زمانه‌که‌یان ‘زه‌مانان’ گه‌ردان ناکا له تێڕوانینی ئێمه بۆ جیهان تا ڕاده‌یه‌ک جیاواز بێ: تێگه‌یشتنی ئه‌وان له کات، و ته‌نانه‌ت له مه‌ڕ عیله‌ت و مه‌علوولیش، له‌وانه‌یه تاڕاده‌یه‌ک جیاواز بێ.
نموونه‌یه‌کی زۆر به ورده‌ڕیشاڵتر ئه‌و بارودۆخه ڕوون ده‌کاته‌وه. ئه‌م شێوانه‌ی کردار له خواره‌وه له به‌رچاو بگرن له زمانی هۆپی دا که یه‌کێک له زمانه ڕه‌سه‌نه‌کانی ئه‌مریکایی یه:
cami واته ‘شتێک’ له‌و سه‌ر ئه‌و سه‌ره‌وه به‌ره‌و نێوه‌وه دڕاوه’،camimita واته ‘شتێک’ ‘په‌راوێزی لێندراوه’، hani واته ‘شتێک’ ‘به شێوه‌ی ئاڵقه‌یی خوار بووه‌ته‌وه’ ، haririta واته ‘ له سه‌ر هێڵێکی پێچاوپێچ هه‌ڵکه‌وتووه’، paci واته ‘هه‌ڵدڕاوه’، pacicita واته ‘ شتێک’ مشار مشار کراوه’، roya واته ‘ هه‌ڵده‌گه‌ڕێته‌وه’، royayata واته ‘ ده‌سووڕێته‌وه’
به‌رله‌هه‌موو شت، بۆ ئاخێوه‌رانی زمانانی ئوڕووپایی سه‌رنجڕاکێشه ، بۆ نموونه، له زمانی هۆپی دا it is bent
واته خواربووه‌ته‌وه کردارێکه و ئاوه‌ڵناو نییه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش، شتی هه‌ره سه‌رنجڕاکێش، ئه‌و شێوه‌یه‌یه که زمانی هۆپی بۆ ده‌ربڕینی پێوه‌ندییه‌کی ڕێزمانی به‌کاری ده‌هێنێ، به ڕێگه‌ی پێڤاژۆیه‌کی ئاسایی زمان دا ( واته’ دووپاته کردنه‌وه‌ی سیلابی کۆتایی و لێ‌زیاد کردنی ta) له نێوان ئه‌و مانایانه دا که ئێمه ده‌بینین پێوه‌ندییان به‌یه‌که‌وه هه‌یه؛ ئه‌گه‌ر بیریان لێ بکه‌ینه‌وه، که ئێمه به ئاسایی نایانبینین که پێوه‌ندییان به‌یه‌که‌وه هه‌بێ.ڕیشوو له ڕاستی دا زنجیره‌یه‌کی لێک دابڕاوه،ددانه ددانه‌یه‌تی له ڕاستیدا له ژماره‌یه‌ک قه‌ڵشت پێک دێ، پێچێک هه‌ڵبه‌ت له به‌رده‌وامی خواربوونه‌وه پێک دێ. شته‌که ئه‌وه‌یه، له به‌ر ئه‌وه‌ی زمانی هۆپی ڕێگه‌یه‌کی زمانی ده‌هێنێته گۆڕێ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و پێوه‌ندییانه‌ی تێدا دامه‌زرێنێ، ئێمه ده‌کرێ وای دانێین که ئاخێوه‌رانی زمانی هۆپی زۆر زیاتر له ئاخێوه‌رانی زمانانی دی له‌وپێوه‌ندییانه ئاگادارن.
مه‌به‌ست له‌م نموونه‌یه ئه‌وه‌یه نیشان بدرێ که له هێندێک نمووناندا جیاوازی نێو زمانه‌کان ده‌کرێ بگاته جیاوازی له تێگه‌یشتنی دنیا.ئه‌وه ده‌ری ده‌خا که زمانی هۆپی به‌شێوه‌ی ئاسایی له پێوه‌ندیی مانایی ئه‌و چه‌شنه بڕێک به جیاواز له ئاخێوه‌رانی ئینگلیسی تێده‌گا، که هێندێک بۆیان دژواره سه‌ره‌ده‌ر له‌و پێوه‌ندییه ڕێزمانیانه بکه‌ن که له زمانی هۆپی دا شیاون. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، به‌ته‌واوی بۆ ئێمه ده‌لوێ له‌و پێوه‌ندییانه سه‌ر ده‌ر بهێنین.له‌وه‌ش زیاتر، وه‌رگێڕان له نێوان زمانی هۆپی و زمانی ئینگلیسی‌دا به ته‌واوی هه‌ڵده‌سووڕێ و گونجاوه. ئه‌وه نیشان ده‌ده‌دا که هه‌ر جۆره شێوه‌یه‌کی پته‌وی فه‌رزییه‌ی ساپیر- ۆرف Sapir- Whorf – له مهر ئه‌وه‌ی – که، بابڵێین، زمان بیر به‌رته‌نگ ده‌کاته‌وه- ناکرێ بپه‌ژرێندرێ و قۆڵی له سه‌ر بکێشرێ. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ئه‌و نموونه‌یه ده‌کرێ ئاوا دابندرێ که بیری عاده‌تی تاڕاده‌یه‌ک له لایه‌ن زمانه‌وه به سنوور ده‌کرێ. ئاخێوه‌رانی زمانی ئینگلیسی به شێوه‌ی ئاسایی له‌و پێوه‌ندییه ماناییانه‌ی وا له سه‌ره‌وه دا نیشان درا ئاگادار نین- به‌ڵام به‌رته‌نگی ئه‌وتۆ ئه‌گه‌ر پێویست بێ ده‌کرێ زۆر به هاسانی یه‌کلا بکرێنه‌وه.
فه‌رزییه‌ی ساپیر- ۆرف له ئه‌گه‌ری ئه‌وه ده‌دوێ که بۆچوون و تێڕوانینی ئینسانه‌کان سه‌باره‌ت به‌و ده‌وروبه‌ره‌ی تێیدا ده‌ژین ده‌کرێ به ڕێگه‌ی زمانه‌کانیانه‌وه سنووری بۆ دابندرێ. ئه‌وه‌ی که که‌متر قسه هه‌ڵده‌گرێ پێوه‌ندی یه‌کلایه‌نه‌یه که به ئاڕاسته‌یه‌کی پێچه‌وانه‌دا هه‌ڵده‌سووڕێ – واته کاردانه‌وه‌ی کۆمه‌ڵ له سه‌ر زمان، و ئه‌و شێوه‌یه‌ی که ده‌ور و به‌ر له زماندا ڕه‌نگ ده‌داته‌وه. یه‌که‌م، زۆر نموونه هه‌ن بۆ ئه‌و ده‌وروبه‌ره فیزیکییه‌ی که کۆمه‌ڵ تێیدا ده‌ژی که له زمانه‌که‌ی دا ڕه‌نگی دابێته‌وه، به ئاسایی له بناوانی هه‌نبانه‌ی وشانی دا- به‌و شێوه‌یه‌ی که جیاوازی نێوان ماناکان به وشه‌ی ساده‌وه ده‌رده‌بڕدرێ. بۆ نموونه، له کاتێکدا زمانی ئینگلیسی، ته‌نی تاقه وشه‌یه‌کی هه‌یه بۆ reindeer، به‌رانه‌کێوی، زمانی سامی ( زمانی لاپله‌ندی) له باکووری سکاندیناڤییا چه‌ندین وشه‌ی بۆ ئه‌و ئاژه‌ڵه هه‌یه. هۆی ئه‌مه ئاشکرایه، بۆ زمانی سامی پێویسته بتوانێ به شێوه‌یه‌کی کاریگه‌ر چه‌شنه جیاوازه‌کانی به‌رانه‌کێوی له یه‌کتری بکاته‌وه. هه‌ڵبه‌ت، زمانی ئینگلیسیش، ته‌واو له وزه‌ی دا هه‌یه هه‌مان له یه‌ک کردنه‌وه‌یه بکا، بۆ نموونه بڵێ immature reindeer به‌رانه‌کێوی ساوا، two- year-old reindeer ، به‌رانه کێوی دووساڵه، و هتد. به‌ڵام له زمانی سامی دا ئه‌و له‌یه‌ک کردنه‌وانه وشێندراون lexicalized – واته به وشه‌یه‌کی ساده و تاکانه ده‌رده‌بڕدرێن.
نوخته‌ی دووه‌م ئه‌وه‌یه،که ده‌وروبه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تیش ده‌کرێ له زمان دا ڕه‌نگ بداته‌وه، و ده‌توانێ زۆر جار کارلێکه‌ری له سه‌ر بناوانی په‌یڤ vocabulary یش دا هه‌بێ. بۆ نموونه، سیستمی خزمایه‌تی له کۆمه‌ڵێک دا به گشتی له په‌یڤه‌کانیدا بۆ دیاریکردنی خزمه‌کان ڕه‌نگ ده‌داته‌وه، و ئه‌وه یه‌ک له‌و هۆیانه‌یه که مه‌ردمناسان ڕاده‌کێشێ به‌ره‌و ئه‌و ڕه‌هه‌نده تایبه‌تییه‌ی زمان. بۆ نموونه، ئێمه ده‌کرێ وای دابنێین، که ئه‌و تایانه‌ی که پێوه‌ندی خزمایه‌تی گرینگ له کۆمه‌ڵه‌کانی ئینگلیسی زمانه‌وه به‌یه‌که‌وه ده‌به‌ستنه‌وه به ڕێگه‌ی په‌یڤی ساده‌ی سه‌ربه‌خۆوه نیشان ده‌درێن: son کوڕ، daughter کچ، grandsonنه‌وه‌ی کوڕ، granddaughter نه‌وه‌ی کچ، brother برا، sister خوشک، father باب، mother دایک مێرد husband ،، wifeژن ، grandfather باپیر، grandmother نه‌نک، uncle مام، خاڵ، aunt پوور، cousin ئامۆزا. هه‌ڵبه‌ت، ئێمه ده‌توانین باسی خزمایه‌تی دیکه‌ش بکه‌ین وه‌کووeldest son کوڕی گه‌وره، maternal aunt پوور له لایه‌نی دایکه‌وه، great uncle مامه گه‌وره و second cousin بن ئامۆزا، به‌ڵام جیاوازی نێوان پوور ‘ له لایه‌ن دایکه‌وه’ و پوور ‘ له لایه‌ن بابه‌وه’ له کۆمه‌ڵی ئێمه‌دا گرینگ نییه، هه‌ر بۆیه‌ش له هه‌نبانه‌ی وشه‌ی ئینگلیسی دا ڕه‌نگ ناداته‌وه و نییه.
ئه‌و نوخته‌یه ده‌کرێ به ئاماژه‌کردن به په‌یڤه‌کانی که بۆ خزمایه‌تی له کۆمه‌ڵگه‌ی دیکه دا به‌کار ده‌هێندرێن به ورده ڕیشاڵتر شی بکرێته‌وه. بۆ نموونه له زمانی خۆجێیی ڕه‌سه‌نی ئاوسترالیایی Njamal نیامال دا، وه‌کوو زمانی ئینگلیسی، پازده وشه‌ی وشێندراو بۆ له‌یه‌ک کردنه‌وه‌ی خزمایه‌تی هه‌ن، به‌ڵام ئه‌و شێوه‌یه‌ی که ئه‌و زاراوه‌یانه له گه‌ڵ هاوتا ئینگلیسییه‌کانیان به‌راوه‌رد ده‌کرێن جیاوازییه‌کی زۆر له نێوان ئه‌و دوو کۆمه‌ڵانه دا ئاشکرا ده‌که‌ن. زاراوه‌ی mama له زمانی نیامال دا پێوه‌ندییه‌کی ساده‌ی خزمایه‌تی ده‌رده‌بڕێ، به‌ڵام ده‌بێ به زمانی ئینگلیسی به پێی ئه‌و چوار چێوه‌یه‌ی باسی لێوه ده‌کرێ به مانای جیاواز وه‌ربگێڕدرێ وه‌کوو: باب، مام،ئامۆزای نێرینه‌ی دایکوباب و ئیتر. به گوتنێکی دی، ئه‌و زاراوه‌یه بۆ گشت ئه‌و نێرینانه ده‌کار ده‌کردرێ که خزمی بابن و سه‌ر به وه‌جێکن. بۆ ئاخێوه‌ری ئینگلیسی، ڕاستی هه‌ره چاوڕاکێش لێره دا ئه‌وه‌یه که دوو وشه‌ی ئینگلیسی father باب و uncle مام به زمانی نیامال ده‌کرێ وه‌کوو یه‌ک به زاراوه‌یه‌ک وه‌ربگێڕدرێن. ئاشکرایه که له‌یه‌ک کردنه‌وه‌ی father باب و father’s brother برای باب له کۆمه‌ڵی نیامال دا ناکرێ هه‌مان گرینگی هه‌بێ که له کۆمه‌ڵی خۆماندا هه‌یه‌تی. له‌لایه‌کی دیکه‌وه، له کاتێکدا زمانی ئینگلیسی زاراوه‌ی uncle بۆ برای باب و مێردی خوشکی دایک ، و هه‌ر وه‌ها برای دایک و مێردی خوشکی باب به‌کار ده‌هێنێ، زمانی نیامال بۆ جووتۆکه‌ی یه‌که‌م، زاراوه‌ی mama و بۆ ئه‌وی دووه‌میان karna به کار ده‌هێنێ. زاراوه‌کانی دیکه‌ی نێولێنانی خزمان وه‌کوو ئینگلیسی وه‌ج له‌یه‌کتری ناکاته‌وه، به‌ڵکوو دووری وه‌جان له یه‌کتر ده‌کاته‌وه. بۆ نموونه، له زمانی نیامال دا پیاوێک ده‌توانێ هه‌مان زاراوه‌ی maili بۆ نێوهێنانی بابی بابی خۆی و خوشکی ژنی کوڕی کچی خۆی به‌کار بهێنێ، لێره‌دا مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه که که‌سی به‌رباس له دوو وه‌جانی تێپه‌ڕاندووه و بۆیه ئه‌و زاراوه خزمایه‌تییانه دوولایه‌نه‌ن – جا ئه‌گه‌ر ئه‌من maili تۆ بم، ئه‌تۆش maili منی و به پێچه‌وانه. له ئینگلیسیش دا ئێمه زاراوه‌ی دوولایه‌نه‌مان هه‌یه، وه‌کوو cousin ئامۆزا و brotherبرا،به‌ڵام ئه‌وانه ته‌نێ له نێو عه‌ینی وه‌ج دا ئاوان.
هه‌ر وه‌ک کۆمه‌ڵ به‌و شێوه‌یه له زماندا ڕه‌نگ ده‌داته‌وه، گۆڕانی کۆمه‌ڵایه‌تیش ده‌توانێ گۆڕانی زمانی لێ بزێته‌وه. بۆ نموونه، ئه‌گه‌ربناوانی کۆمه‌ڵی نیامال به شێوه‌یه‌کی ڕیشه‌یی گۆڕابا و زۆر زیاتر و نزیکتر وه کۆمه‌ڵی ئینگلیسیی زمانی ئاوسترالیایی چووبا، ئه‌و ده‌می ئێمه چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌مان ده‌کرد که سیستمی زمانی خزمایه‌تیش هه‌ر ئاوا گۆڕانی به سه‌ر دابێ. ئه‌وه له مهر زمانی ڕووسی ڕوویداوه. له ماوه‌ی سه‌روبه‌ندی ساڵانی نێوان 1860 تا ئه‌م ڕۆژگاره بناوانی سیستمی خزمایه‌تی ڕووسی له ئاکامی چه‌ندین ڕووداوی گرینگ دا ئالوگۆڕێکی ڕیشه‌یی تێدا پێک هاتووه: ڕزگاری سێرفه‌کان له ساڵی 1861، شه‌ڕی یه‌که‌می دنیا گره‌وه، شۆڕشی کۆمۆنیستی 1917، هه‌روه‌زیکردنی کشتوکاڵ، شه‌ڕی دووه‌می دنیا گره‌وه. شۆڕشێکی به‌رچاوی کۆمه‌ڵایه‌تی و هه‌ر وه‌ها سیاسی ڕوویداوه، و ئه‌وه گۆڕانی پێوه‌لکاوی زمانیشی له گه‌ڵ خۆیدا هێناوه. بۆ نموونه، له نێوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌مدا، به برای ژنیان ده‌گوت shurin ، له کاتێک دا ئێستا ده‌ڵێن brat zheny واته برای ژن . هه‌ر ئاواش پێشوو به ژنی برایان ده‌گوت nevestka، ئێستا ده‌ڵێن zhena brata ژنی برا. به گوتنێکی دیکه، ئه‌و له یه‌ک کردنه‌وانه‌ی که له پێشوو دا وشێندرابوون، له به‌ر ئه‌وه‌ی که گرینگ بوون، ئێستا به ڕێگه‌ی ده‌سته وشه‌وه ده‌رده‌بڕدرێن. نه‌مانی گرینگی ئه‌و خزمایه‌تییه تایبه‌تییانه، و ئه‌و گۆڕانه زمانییانه‌ی له ته‌کیان دا هاتوون، له به‌ر ئه‌و ڕاستییه‌ن که گۆڕانی کۆمه‌ڵایه‌تی له ڕووسییه ئاکامی گه‌یشته سازبوونی بنه‌ماڵه‌ی پچووکی ناو‌کی.له سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌مدا زۆربه‌ی ڕووسه‌کان له خێزانی بابمه‌زنی گه‌وره دا به یه‌که‌وه ده‌ژیان. له‌و سه‌روبه‌ندی دا، دش(ژنانی برایان) هه‌موویان سه‌ر به‌خێزانێک بوون، به‌ڵام ئێستا به ئاسایی به جیاوازی ده‌ژین و هه‌رکه‌س ماڵی خۆی هه‌یه. هه‌ر ئاواش، زاراوه‌ی yatrov، که به مانای ژنی برای مێرد بوو به ته‌واوی کوێر بووه‌ته‌وه و بزر بووه. له زه‌مانی کۆن دا ئه‌وه زاراوه‌یه‌کی دوولایه‌نه‌ی گرینگ بوو، مانای، بۆ ژنێک هه‌بوو که بۆ نێولێنانی که‌سێک به‌کاری بهێنێ که له شانی خۆیدا بوو- واته ژنێک له ده‌ره‌وه‌ی ڕایه‌ڵه‌ی سه‌ر به باب مه‌زنی خێزان که هاتبووه نێو خێزانه‌که‌وه. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که گرینگی ئه‌و شان و پله‌یه ئیدی بزر بووه ( هه‌ڵبه‌ت خزمایه‌تییه‌که خۆی نا)، بۆیه په‌یڤه پێوه‌لکێنه‌که‌ش نه‌ماوه.
نوخته‌ی سێهه‌م ئه‌وه‌یه. جگه له ده‌وروبه‌ر و بناخه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی، بایه‌خ و به‌هاکانی کۆمه‌ڵیش ده‌توانێ کارلێکه‌ری له سه‌ر زمانه‌که‌ی هه‌بێ. شێوه‌ی هه‌ره سه‌رنجڕاکێشی که ئه‌وه ڕووده‌دا به رێگه‌ی دیارده‌یه‌که‌وه‌یه که به taboo بڤه به‌نێوبانگه. بڤه ده‌کرێ ئاوا بناسێندرێ مه‌به‌ست ئاکارێکه که وا ده‌زاندرێ به‌شێوه‌یه‌کی سه‌ره‌وه‌ی خۆڕسکی قه‌ده‌خه بێ، یان به نائه‌خلاقی و نابه‌جێ دابندرێ، بڤه سه‌روکاری له گه‌ڵ ئاکارێکه که پاوانه یان به ڕواڵه‌ت کرده‌وه‌یه‌کی نامه‌نتیقی تێدایه. له زمان دا، بڤه به‌وشتانه‌وه به‌ستراوه‌ته‌وه که ناگوترێن و ده‌رنابڕدرێن، به تایبه‌تی ئه‌و جۆره وشه و زاراوهیانهی که به‌کارناهێندرێن. هه‌ڵبه‌ت، له کرده‌وه دا، ئه‌وه به ساده‌یی مانای وایه که سه‌باره‌ت به به‌کارهێنانی ئاسایی ئه‌وجۆره شتانه قه‌ید و به‌ند هه‌نه- ئه‌گه‌رئه‌وان هه‌ر قه‌ت نه‌گوترێن ئاسته‌مه له زمان دا بمێننه‌وه!
وشه‌ی بڤه له زۆربه‌ی زمانه‌کاندا هه‌ن، وئه‌گه‌ر زۆر جار ئه‌و ڕێسایانه‌ی که به‌کارهێنانیان به‌سنوور ده‌که‌ن ڕه‌چاو نه‌کرێن ئه‌وه ده‌کرێ بگاته سزا دان یان شه‌رم و شووره‌یی سازکردن له کۆمه‌ڵ دا.زۆر له‌خه‌ڵک قه‌ت وشه‌ی ئه‌و چه‌شنه به‌کارناهێنن، و زۆر خه‌ڵکی دیش ته‌نێ له بارودۆخی زۆر به‌سنووردار دا به‌کاریان ده‌هێنن. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، بۆ ئه‌و که‌سانه‌ی وشه‌ی بڤه ده‌کار ده‌که‌ن ‘ شکاندنی ڕێسایان وپێ له به‌ڕه‌ی خۆ زیاتر ڕاکێشان ‘ له‌وانه‌یه ناڕاسته‌وخۆ به نیشانه‌ی توانایی یان ئازادی دابندرێ که ئه‌وان به ئاواتی ده‌خوازن.
به‌گشتی، ئه‌و جۆره وشه‌یه‌ی که له زمانێکی تایبه‌تی دا بڤاوییه، ڕه‌نگدانه‌وه‌یه‌کی باشه به‌لانی که‌مه‌وه له سیستمی ئه‌و بایه‌خ و باوه‌ڕانه‌ی له کۆمه‌ڵی به‌رباسدا هه‌ن. له هێندێک کۆمه‌ڵگه‌یاندا،وشه‌ی جادوویی ده‌ورێکی گرینگ ده‌گێڕێ له دین دا، و هێندێک وشه‌ی تایبه‌تی که به‌به‌هێز داده‌ندرێن له ئه‌فسوون و جادوو دا ده‌کار ده‌کردرێن.له به‌شه جیاوازه‌کانی دنیا وشه‌گه‌لی بڤه بریتین له‌و وشانه‌ی له‌مه‌ڕ ده‌ستی چه‌پ، پێوه‌ندی مێ، یان له مه‌ڕ هێندێک ئاژه‌ڵی کێوی به کار ده‌هێندرێن. هێندێک وشه‌ش، زۆر توند بڤاویترن له هێندێک وشه‌ی دیکه. له دنیای ئینگلیسی زماندا، زۆر له وشه هه‌ره بڤاوییه‌کان ئێستا ئه‌و جۆره وشانه‌ن که پێوه‌ندییان به سێکس، به دوای ئه‌ودا ئه‌وجۆره وشانه‌ی که پێوه‌ندییان به پیسایی و دینی مه‌سیحییه‌وه هه‌یه دێن. ئه‌وه‌ش ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و جه‌خته گه‌وره‌یه‌یه که له ڕووی نه‌ریتییه‌وه له کولتووری ئێمه دا له سه‌ر ئه‌خلاقی سێکسایه‌تی کراوه. له کولتووره‌کانی دیکه‌دا، به تایبه‌تی ده‌ناو پێڕۆیانی ڕۆمان – کاتۆلیک دا بڤه هه‌ره به‌هێزه‌کان ده‌کرێ پێوه‌ندیان به دینه‌وه هه‌بێ، و له نوڕوێژ و سوێدی پرۆتێستانتیشدا، بۆ نموونه، زاراوه و کوته‌ی به پته‌وی بڤاوی ئه‌وجۆره وشانه‌ن که له‌سه‌ر ئیبلیس ده‌گوترێ.
تا ئه‌م دواییانه، ڕێسای زۆر توند وتیژ سه‌باره‌ت به به‌کار هێنانی هێندێک وشه‌ی بڤه له زمانی ئینگلیسی‌دا له باری قانوونییه‌وه له گۆڕێ دا بوو و له ڕووی کۆمه‌ڵایه‌تیشه‌وه پشتیان ده‌گیرا. هێنده له‌مێژ نییه، به‌کارهێنانی وشه‌ی وه‌کوو fuck کرده‌وه‌ی سێکسی، و cunt جێی شه‌رمێ له چاپ دا ده‌کرا بگاته ڕاوه‌دوونرانی قانوونی و ته‌نانه‌ت زیندانی کرانیش، و ئه‌و وشانه هێشتاش له زۆرێک له ڕۆژنامه‌کاندا به به‌ربڵاوی به‌کار ناهێندرێن . هه‌ڵبه‌ت، ڕاده‌یه‌کی زۆر ‘ له دیسان بیر له سه‌ر کردنه‌وه’ سه‌باره‌ت به به‌کارهێنانی ئه‌و چه‌شنه وشانه له گۆڕێ دایه. ئه‌گه‌رچی به‌کارهێنانیان له ڕووی تێکنیکییه‌وه له هێندێک نمووناندا قه‌ده‌غه بوو و ئێستاش ده‌توانی قه‌ده‌غه بێ، به‌ڵام ئه‌و جۆره وشانه له قسه‌کردنی ڕۆژانه‌ی هێندێک به‌شی کۆمه‌ڵگه‌دا به به‌ربڵاوی ده‌کارده‌کردرێن. ئه‌وه‌ش تا ڕاده‌یه‌کی زۆر له‌به‌ر ئه‌وه‌یه که وشه بڤه‌کان زۆر جار وه‌کوو وشه‌ی جنێو به‌کار ده‌هێندرێن و هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ش به‌هێزن. زۆر له خه‌ڵک له‌کۆمه‌ڵه مۆدێڕنه‌کاندا که له ڕووی تێکنۆلۆژییه‌وه پێشکه‌وتوون ئیدیعا ده‌که‌ن باوه‌ڕیان به سیحر و جادوو نییه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، هێشتاش، شتێک هه‌یه که زۆر له نزیکه‌وه وه ده‌وروبه‌ری جادوویی ده‌چێ به به‌کارهێنانی وشه‌ی بڤاویی له زمانی ئینگلیسی‌دا. به‌کارهێنانی وشه‌ی بڤاوی له به‌ستێن و چوارچێوه‌ی ماوه پێنه‌دراو دا، وه‌ک له به‌رنامه‌ی تێلێڤیزیۆنی دا، کاردانه‌وه‌ی زۆر توند‌و تیژی زۆر خه‌ڵک ده‌ورووژێنێ و به ڕواڵه‌ت ده‌بێته مایه‌ی ڕاتڵه‌کان و بێزوقێزی زۆر له‌خه‌ڵک. له‌وه‌ش زیاتر، ئه‌و به‌رته‌ک نیشاندانه، به‌رته‌ک نیشاندانێکی ناژیرانه‌یه له ئاست وشه‌یه‌ک، نه‌ک چه‌مکێک. له به‌رنامه‌یه‌کی تێلێڤیزیۆنی دا به ته‌واوی ماوه ده‌درێ بگوترێ ‘sexual intercourse ‘ جووتبوونی سێکسی. جابۆیه وشه‌ی بڤه به ڕوونی هه‌م ڕاستییه‌کی زمانی و هه‌م ده‌روونناسانه‌یه. ئه‌وه وشه‌کانن که هه‌ستیان پێده‌کرێ هه‌ڵه بن و هه‌ر بۆیه‌شه ئه‌وه‌نده به هێز و به‌کارن.
توانایی و ده‌سته‌ڵاتی ئه‌و سیحره له بریتانیا به‌و ڕێگه‌یه دا ده‌رده‌که‌وێ که بی بی سی له هێندێک بۆنان دا تا ئه‌و ڕاده‌یه له ئاماده‌یی تێکنیکی دا چووه‌ته پێشێ که به‌شداریی ته‌له‌فۆنی گوێ‌گران له هێندێک به‌رنامه‌ی زیندوویی ڕادیۆیی دا ببرێ ئه‌گه‌ر له قسه‌کانیاندا وشه‌ی بڤه هه‌بن. و کاناڵه تێلێڤیزیۆنییه سه‌ره‌کییه‌کانی ئه‌مریکا به شێوه‌ی به‌رده‌وام ده‌نگ ده‌خه‌نه سه‌ر وشه‌ی بڤه و کپی ده‌که‌ن. مرۆ ده‌توانێ وای لێ تێ‌بگا که ئه‌وان له ئاکامی به‌کار هێنانی هێندێک وشه یان کاردانه‌وه‌ی به‌کارهێنانیان په‌شێون و ته‌نانه‌ت ترسیشیان ڕێ ده‌نیشێ. وشه‌ی بڤه‌ی ئه‌و چه‌شنه له‌وانه‌یه له هێندێک بار‌و دۆخ دا ته‌واو له جێی خۆیاندا بن، به‌ڵام ئه‌وان هێشتا له زۆربه‌ی ئامرازی ڕاگه‌یێنه‌ری گشتی بڵاو کردنه‌وه دا قۆڵیان له سه‌ر نه‌کێشراوه.
ده‌سته وشه‌ی ‘ هێشتا جارێ نا’ ئه‌و خێراییه نیشان ده‌دا که نموونه‌کانی وشه‌ی بڤاوی ده‌کرێ بگۆڕدرێن. سزای قانوونی به دژی وشه‌گه‌لی هه‌رزه و قێزه‌وه‌ن له دنیای ئینگلیسی زمان دا خه‌ریکه بزر ده‌بێ و مه‌یلێکی زۆر له‌مه‌ڕ هه‌بوونی بۆچوونێکی زۆر ژیرانه‌تر، و که‌متر سیحراوی له ئاست وشه بڤه‌کان له په‌ره‌سه‌ندن دایه- ئێستا ‘ شکاندنی ڕێساکان’که‌متر دراماتیکه له‌وه‌ی که هه‌بوو،هه‌ر نه‌بێ له هێندێک بارودۆخاندا.نموونه‌یه‌کی بریتانیایی به‌نێوبانگی ئه‌وه به‌کارهێنانی ئاوه‌ڵناوی bloody خوێناوی، له لایه‌ن بێرنارد شا‌و رایه وه‌کوو وشه‌یه‌کی هه‌ژێنه‌ر له فیلمی پیگمالیۆن دا، که ئیدی ئێستا که‌س لێی ناڕه‌وێته‌وه.لێره‌ش دا، گۆڕانی کۆمه‌ڵایه‌تی،له گۆڕانێک له ئاکاری زمانی‌دا ڕه‌نگ ده‌داته‌وه. له لایه‌کی دیکه‌وه، هاوکات له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که جیهانی ئینگلیسی زمان زۆر ناسک‌تر ده‌بێ به‌دژی ئه‌وجۆره بابه‌تانه‌ی که فه‌رق و جیاوازی نایه‌کسانانه ده‌خه‌نه نێو خه‌ڵک له سه‌ربنه‌مای خه‌سڵه‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی یان فیزیکییان، وشه‌ی وه‌کوو niger قوله‌ڕه‌ش، cripple سه‌قه‌ت،poof قونده‌ر، هه‌تا دێ زیاتر بڤاوی ده‌بن و به‌کارهێنانیان هه‌تا دێ زیاتر هه‌ژێنه‌رن.
پنکتێکی دیکه‌ی سه‌رنجڕاکێش ئه‌و کارلێکه‌رییه دووه‌مه‌یه که وشه‌ی بڤه ده‌کرێ له سه‌ر زمان خۆی هه‌یانبێ. له‌به‌ر بێمهیلی زۆری ئاخێوه‌ران بۆ ده‌ربڕینی وشه‌ی بڤه، یان وشه‌گه‌لی نزیک له‌وان، له هێندێک بارودۆخ دا ئه‌و وشانه‌ی که له‌ڕووی ده‌نگسازییه‌وه وه وشه بڤه‌کان ده‌چن له‌وانه‌یه له زمان دا نه‌مێنن و ده‌رهاوێژرێن. بۆ نموونه، زۆر جار ده‌گوترێ له زمانی ئینگلیسی دا له به‌ر ئه‌و هۆیه وشه‌ی rabit [که‌روێشک] جێی وشه‌ی کۆنی coney [ که وه‌ک که‌نی ته‌له‌فوز ده‌کرێ] گرتووته‌وه. هه‌ر هه‌مان شێوه شیکردنه‌وه له‌مه‌ر به‌کارهێنانی به‌ربڵاوی وشه‌ی rooster که‌ڵه‌شێر له ئینگلیسی ئه‌مریکایی دایه له بری cock که‌ڵه‌شێر، که ئه‌م وشه‌یه‌ی دووه‌م له ڕووی ده‌نگسازییه‌وه له وشه‌ی ئه‌ندامی زایه‌ندیی پیاو زۆر نزیکه. سه‌باره‌ت به‌و تاکانه‌ی که دوو زمانه‌ن، به ڕواڵه‌ت ئه‌وه ده‌کرێ له نێو دوو زمانانیش دا ڕوو بدا. مامۆستایان باسیان کردووه که ئاخێوه‌رانی کچی ئه‌مریکایی ئیندییه‌نی زمانی نووتکا به‌ته‌واوی پێیان ناخۆشه و نایانه‌وێ وشه‌ی ئینگلیسی such [ئاوا] به‌کاربهێنن له به‌ر وه‌یه‌کچوونی ده‌نگی ئه‌و وشه‌یه له گه‌ڵ وشه‌ی vagina ‘جیی شه‌رمێ’ له زمانی نووتکا دا. هه‌ر ئاواش، باس ده‌کرێ خوێندکارانی تایله‌ندی له ئینگلیستان کاتێک به زمانی خۆیان به یه‌که‌وه قسه ده‌که‌ن ئه‌گه‌ر ئاخێوه‌رانی ئینگلیسییان به‌لاوه بێ له به‌کار هێنانی هێندێک وشه خۆ ده‌پارێزن وه‌کوو [kha:n] که له زمانی تایی دا به مانای’ڕووخان’ ه و له ئینگلیسی‌دا به جۆرێکی دیکه ده‌بیسترێ، نه‌کا ئه‌وه به سووکایه‌تی بزاندرێ.
ئه‌مانه‌ی باس کران، هێندێک له‌و ڕێگایانه‌ن که پێیاندا کۆمه‌ل کار له سه‌ر زمان ده‌کا، و ده‌شی پێیاندا زمانیش کار له سه‌ر کۆمه‌ڵ بکا. ئێمه وه‌ک دیتمان ژماره‌یه‌ک شێوه و ڕێگه هه‌ن که زمان و کۆمه‌ڵ به یه‌کتری ده‌به‌ستنه‌وه، و له به‌نده‌کانی دابێی ئه‌م کتێبه دا ئێمه له هێندێک لایه‌نی زیاتری ئه‌و به یه‌کدی به‌سترانه‌وه‌یه ده‌کۆڵینه‌وه.له ماوه‌ی چل و کسوور ساڵی ڕابردوو دا، زانین و فه‌رق پێکردنی له زێده‌ی گرینگی ئه‌و پێوه‌ندی و به‌یه‌ک به‌سترانه‌وه‌یه گه‌یشته پێگه‌یشتن و په‌یدابوونی ڕێباز و بن- دیسیپلینی نوێ له زمان‌ناسی دا: ئه‌ویش کۆمه‌ڵناسیزمانه. ئه‌وه ڕه‌نگه گشتاندنێکی به‌ڕبڵاو به‌ڵام به‌جێ بێ ئه‌گه‌ر بگوترێ که زۆربه‌ی به‌شه‌کانی پێکهێنه‌ری زمان‌ناسی به‌رله فرچک گرتن و سه‌قامگیربوونی کۆمه‌ڵناسیزمانی به ته‌واوی چاویان له پێوه‌ندی نێوان زمان و کۆمه‌ڵ هه‌ڵده‌بوارد. له زۆر نمووناندا ئه‌وه له به‌ر هۆی باش بوون. جه‌خت کردنه‌وه له سه‌ر ‘ئیدیۆلێکت’ – قسه کردنی تاکه که‌سێک له‌کاتێک دا و به شێوازێک – ساده کردنه‌وه‌یه‌کی پێویست بوو که گه‌یشته په‌یدابوونی چه‌ندین به‌ره‌وپێشچوونی تیۆری .له گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، هه‌ر وه‌ک تا ئێستا نیشانمان داوه، زمان زۆر زیاتر دیارده‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی یه. لێکۆڵینه‌وه‌یه‌ک له سه‌ر زمان له سه‌ریه‌ک به بێ ئاماژه کردنی به چوارچێوه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌که‌ی بمانه‌وێ و نه‌ماونه‌وێ ده‌گاته فت کردن و ده‌رهاویشتنی هێندێک له ڕه‌هه‌نده‌کانی زۆر ئاڵۆز و سه‌رنجڕاکێشی زمان و له کیس دانی ده‌رفه‌ت و ده‌ره‌تان بۆ به‌ره‌وپێشچوونی زیاتری تیۆریک.یه‌ک له هۆکاره سه‌ره‌کییه‌کانی که گه‌یوه‌ته په‌ره‌گرتن و گه‌شه سه‌ندنی لێکۆڵینه‌وه‌ی کۆمه‌ڵناسانه‌ی زمان تێگه‌یشتن و فه‌رق پێکردنی گرینگی ئه‌و ڕاستییه‌یه که زمان دیارده‌یه‌کی زۆر له‌گۆڕانهاتوو یه، و ئه‌وه‌ی که ئه‌و له‌گۆڕانهاتووییه ده‌کرێ هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی که له‌به‌ر گۆڕانی کۆمه‌ڵه ئاواش له به‌ر گۆڕانی زمان بێ. زمان هه‌ر کۆدێکی ساده و هاسان نییه که به یه‌ک شێوه له‌لایه‌ن گشت خه‌ڵکه‌وه له هه‌موو بارودۆخێک دا به‌کاربهێندرێ، و ئێستا زمان‌ناسان له‌وه تێده‌گه‌ن که هه‌م هه‌ڵده‌سووڕێ و هه‌م به قازانجه حه‌ول بده‌ن بۆ پێوه‌چاران و لێک کردنه‌وه‌ی ئه‌و پێچه‌ڵپێچییه.
که‌وابوو، کۆمه‌ڵناسیزمان، ئه‌و به‌شه‌یه له زمان‌ناسی که زمان وه‌کوو دیارده‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی و کولتووری شی ده‌کاته‌وه. ئه‌و زانسته بواری زمان و کۆمه‌ڵ ده‌توێژێته‌وه و پێوه‌ندییه‌کی نزیکی له‌گه‌ڵ زانسته کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان هه‌یه، به تایبه‌تی ده‌روونناسی کۆمه‌ڵایه‌تی، مه‌ردمناسی،جوگرافیایی ئینسانی، و کۆمه‌ڵناسی. لێکۆڵینه‌وه له‌و دیتن و بۆچوونانه‌ی که سه‌باره‌ت به فۆرمه‌کانی زمان هه‌ن، وه‌کوو به‌کارهێنانی /r/ ی نا-به‌رله‌ڤۆکاڵ. یه‌ک له نموونه‌ی ئه‌وکارانه‌یه که له بن بانی ده‌روونناسی کۆمه‌ڵایه‌تی زمان دا کراوه. له لایه‌کی دیکه‌وه، لێکۆڵینه‌وه له زاراوه‌گه‌لی خزمایه‌تی له زمانی نیامال دا، نموونه‌یه‌کی باشه که ده‌که‌وێته بواری زمانناسیی مه‌ردمناسانه، و لێکۆڵینه‌وه له‌و ڕێگه‌یه‌ی که پێیدا له‌هجه‌کان به‌ره به‌ره له هه‌رێمێکه‌وه تا هه‌رێمێکی دیکه له‌یه‌ک دوورده‌که‌نه‌وه، وه‌ک له نۆرفۆڵکه‌وه تا سافۆڵک، یان له هۆله‌نده‌وه بۆ ئاڵمان، ده‌که‌وێته به‌ر بواری زمانناسیی جوگرافیاییی، هه‌ر وه‌ک ژماره‌یه‌ک له‌و بابه‌تانه‌ی که ئێمه له به‌نده‌کانی 8 و 9ی ئه‌م کتێبه‌دا لێیان ده‌دوێین. به‌ندی 6 ئه‌و شێوه و ڕێگه‌ی به‌کارهێنانی زمان تاوتوێ ده‌کا، وه‌ک ئه‌وه‌ی له نموونه‌ی سه‌فه‌ری ترێن دا باسمان کرد، واته تێکه‌ڵاوی و هاوکرده‌یی کۆمه‌ڵایه‌تی، له‌وانه هێندێک لایه‌نی شیکردنه‌وه‌ی دیسکۆرس و ئێتنۆگرافیی ئاخافتن. له به‌ندی 7 دا ‘نه‌ته‌وه و زمان’، له به‌ندی 10 دا ‘ زمان و ئینسانییه‌ت’، و له شوێنی دی، ئێمه باسی ئه‌و بابه‌تانه ده‌که‌ین که ده‌که‌ونه خانه‌ی لێکۆڵینه‌وه له‌مه‌ڕ زمان له ڕوانگه‌ی کۆمه‌ڵناسییه‌وه، ئه‌ویش بریتییه له لێکۆڵینه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی که کێ به چ زمانێک (یان شێوه‌زارێک)له گه‌ڵ کێ قسه ده‌کا، و به دابه‌زاندن و پێوه‌لکاندنی ئه‌و دۆزینه‌وانه به گیروگرفته کۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی و په‌روه‌رده‌ییه‌کان.و له گشت کتێبه‌که‌شدا ئێمه خۆمان به‌و باته‌شه‌وه خه‌ریک ده‌که‌ین که هێندێک له نووسه‌ران وه‌ک’ زمانناسیی لاییک’ ئاماژه‌یان پێکردووه. ئه‌مه‌ش لێکۆڵینه‌وه زمانییه‌کان له به‌ستێنی کۆمه‌ڵایه‌تییان دا وه‌به‌ر ده‌گرێ- زمان به‌وجۆره‌ی له لایه‌ن خه‌ڵکی ئاساییه‌وه له ژیانی ڕۆژانه‌یان دا قسه‌ی پێده‌کرێ – که به شێوه‌ی سه‌ره‌کی مه‌به‌ستێتی وڵامی پرسیاره‌کانی که بۆ زمان‌ناسان جێی سه‌رنجن بداته‌وه، وه‌ک ئه‌وه‌ی که زمان چۆن و بۆچی ده‌گۆڕدرێ ( ئێمه هه‌رله‌م به‌نده‌ی ئێستادا به کورتی ئاکامی چۆنێتی گۆڕانی زمانیمان سه‌باره‌ت به‌و لێکۆڵینه‌وانه‌ی له نیوئینگله‌ند و نیۆیۆرک وه‌ده‌ست هاتوون باس کرد) و چۆن ئێمه ده‌توانین تیورییه‌کانی خۆمان باشتر بکه‌ین سه‌باره‌ت به ته‌بیعه‌تی زمان به‌تایبه‌تی له گۆڕانهاتنی. ڕه‌نگه باشترین نێولێنان بۆ ئه‌وجۆره‌یه له لێکۆڵینه‌وه‌ی زمان چه‌شناوچه‌شنی زمانی و گۆڕان بێ.
~-~-~~-~-~~-~-~~-~-~~-~-~~-~-~~-~-~
Sercawe: Bendí yekemí kitébí: Sociolinguistics An introduction to language and society, Peter Trudgill, Fourth Editon, Pengun Books, 2000, pp. 1-22
Le mallperrí Ruwange