سه‌باره‌ت به زمانی نۆروێژی
سه‌باره‌ت به زمانی نۆروێژی
تێبینیی وه‌رگێر : ئه‌م وتاره Svein Magne Sirnes مامۆستای پێشووی ئه‌نیستیتووی به‌رگریی زمانی له Monterey کالیفۆرنیا و جێگری ئێستای سه‌رۆکی خوێندنگه‌ی دواناوه‌ندی Oppegård له ئۆسلۆ _ نۆروێژ نووسیویه. له‌م نووسراوه‌یه دا لایه‌نی مێژوویی پێشکه‌وتنی ستاندارده کانی زمانی نۆروێژی واته، Bokmål (زمانی کتێب ، یان زمانی دانمارکیی نۆروێژی Dano-Norwegian) و Nynorsk( زمانی نوێی نۆڕوێژی ) شیکراوه‌ته‌وه. مه‌به‌ست له وه‌رگێرانی ئه‌م بابه‌ته وه‌کوو بابه‌تی پێشوو ئاگاداربوونی زیادتری خوێنه‌ره‌وه‌ی کورد به‌گشتی و به تایبه‌تی هۆگرانی ڕه‌نگاوڕه‌نگی و فره‌چه‌شنی زمانی و کولتوورییه له کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستان. بێگومان دیتنه‌وه‌ی ڕێگه چاره‌سه‌ری هه‌ره به‌دڵ و له‌بار بۆ پێوه چاران به زمان/ شێوه‌زاره کوردییه‌کان و به‌ره‌وپێشبردنیان ده‌بێ له‌گوێن هه‌لومه‌رجی هه‌نووکه‌یی ئه‌وان بێ، به‌ڵام له‌و ڕێبازه دا ئاگاداری له بارودۆخی زمانان و ئه‌زموونی وڵاتانی دی بێ که‌لک نییه. نووسه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ی له ڕوانگه‌ی پشتیوانی له شێوه‌زاری Bokmål نووسیوه،به دوای ئه‌م بابه‌ته دا نووسینێک که له ڕوانگه‌ی داکۆکی کردن لهNynorsk نووسراوه، پێشکێش ده‌کری.
نووسه‌ر : سڤێن ماگنێ سیرنێس
وه‌رگێڕان له ئینگلیسییه‌وه : حه‌سه‌نی قازی
دوو بۆچوون
وه‌کوو زمانه‌کانی دیکه‌ی سکاندیناڤیا، نۆڕوێژی له زمانێکی هاوبه‌شی سکاندیناوییاییه‌وه که‌وتووه‌ته که ده‌کرێ به‌ڕێگه‌ی به‌ردنووسه‌کانی رونیک runic تا سه‌ده‌ی سێیه‌می دوای زایین شوێنگێڕی بکرێ. ئه‌لفوبێی لاتینی ، که جێگه‌ی نیشانه‌کانی رونیک ی گرته‌وه هاوکات له گه‌ڵ هاتنی مه‌سیحییه‌ت وه‌خۆ کرا، و زمانێکی جوێی نۆروێژی له ماوه‌ی سه‌ده‌ی یازده‌هه‌م دا پێگه‌یشت. به ده‌م سه‌ده‌کانی دواتر دا، زمانی نۆڕوێژی که‌وته به‌ر کارلێکه‌ری زمانی دانمارکی، ئاڵمانی نه‌وی(Low german)، و زمانی سوێدی.
له سه‌رانسه‌ی سه‌ده‌کانی نێوه‌ڕاستدا، دانمارک ده‌سته‌ڵاتی هه‌ره‌به‌هێزی سیاسی و ئابووری بوو له باکووری [ئوڕووپا]، له ساڵانی 1400 تا 1520ی زایینی‌دا، فه‌رمانڕه‌وایانی دانمارکی هه‌وڵیان دا نۆروێژ، سوێد و دانمارک له یه‌کێتییه‌ک دا به نێوی یه‌کێتی کالمار یه‌ک بخه‌ن که له کۆپێنهاگه‌وه ئیداره ده‌کرا. ئاشکرایه له‌و سه‌روبه‌ندی دا زمانی دانمارکی وه‌کوو زمانی ئیداری و به‌ڕێوه‌به‌ری ده‌ورێکی سه‌ره‌کی له‌و قه‌ڵه‌مڕۆیه دا ده‌گێڕا.
له ده‌وروبه‌ری ساڵی 1525 دا زمانی دانمارکی وه‌کوو زمانی وڵاتی نوڕوێژ به‌ته‌واوی جێی به نۆڕوێژی چۆل کرد و شوێنی گرته‌وه. به دوای چاکسازی لوتێری له ساڵی 1536 دا، دوای ئه‌وه‌ی لاتین وه‌کوو زمانی کلیسایی و دینی بره‌وی نه‌ما،زمانی دانمارکی جێی گرته‌وه. ئینجیلی دانمارکی کریستیانی سێیه‌م له نۆروێژیش،بڵاو کرایه‌وه، به‌ڵام تا سه‌رده‌می نوێ هیچ وه‌رگێڕاوێکی ئه‌و کتێبه به زمانی نۆڕوێژی له به‌رده‌ست دانه‌بوو.
ده ڕاستییدا تا نیوه‌ی دوویه‌می سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌م زمانی دانمارکی تاقه زمانی نووسین بوو که له نۆڕوێژ کاری پێده‌کرا. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، له‌هجه نۆڕوێژییه‌کان وه‌کوو زمانی قسه پێکردن به‌کار ده‌هاتن، و له شاره‌کاندا، شێوه‌زارێکی قسه پێکردن که له سه‌ر بنه‌مای دانمارکی هه‌ڵنرابوو به‌ره به‌ره سه‌ری هه‌ڵهێنا، به تایبه‌تی له به‌کارهێنانی ڕه‌سمیی
دوای جوێبوونه‌وی نۆڕوێژ له دانمارک له ساڵی 1814ی زایینیی‌دا، ئه‌و بار‌و دۆخه به‌رده‌وام بوو، به‌ڵام هه‌تا بڵێی به گرفتێکی گه‌وره داده‌ندرا. ئوڕووپا، سکاندیناڤیاش له‌گه‌ڵ، خه‌ریک بوو ده‌هاته نێو سه‌رده‌م و چاخی ڕۆمییه‌وه، و یه‌ك له‌و دیتنه نوێیانه‌ی له ئارا دابوو پێوه‌ندی نزیک له نێوان نه‌ته‌وه و زمانه‌که‌ی دابوو.له‌ئاکامی ئه‌وه دا، نه‌خشه‌ی سازکردنی زمانێکی نۆڕوێژی جوێ له دایک بوو. له نێوان ساڵانی 1830 و 1860 دا، دوو بۆچوونی جیاواز له‌وباره‌یه‌وه سه‌ریان هه‌ڵهێنا.
یه‌ک له‌و بۆچوونانه بۆچوونی زمان‌ناسی خۆ په‌روه‌رده کردوو ئیڤار ئاسێن (Ivar Aasen(96- 1813 بوو. ئه‌و کوڕی جوتێرێکی ڕۆژئاوای نۆڕوێژ بوو. ئاسن فێری زمانه کلاسیکه‌کانی لاتین و یۆنانی و زمانه سه‌ره‌کییه‌کانی ئوڕووپای ڕۆژئاوا ببوو. دوای لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی هه‌موولایه‌نه توانی ئاکامی کاری به‌راورد کاری و پێکگرانه‌ی خۆی له نێوان له‌هجه نۆروێژییه‌کاندا پێشکێش بکا. له سه‌ر بنه‌مای ئه‌و که‌ره‌سته‌یه، ئیڤار ئاسێن نۆڕمێکی ستانداردی نووسینی بۆ نۆڕوێژی مۆدێڕن پێشخست. ئه‌وه بوو به بنه‌مای نی نۆرشک Nynorsk ( یان لاندس مۆل (زمانی وڵات) ، به‌وجۆره‌ی که له سه‌ره‌تاوه نێوزه‌د ده‌کرا).
بۆچوونه‌که‌ی دی ئه‌وه بوو که زمانی دانمارکی وه‌کوو بنه‌مایه‌ک به‌کاربهێندرێ و به‌پێی پێوه‌ره‌کانی قسه‌کردنی ئه‌ندامانی چینی سه‌ره‌وه‌ی شارنشین بنۆروێژێندرێ. یه‌ک له لایه‌نگرانی هه‌ره گرینگی ئه‌و فکره کنوود کنوودسێن ( Knud Knudsen (1813-95 ، مامۆستایه‌کی مه‌دره‌سه‌ی ئاماده‌یی بوو له شاری کریستانیا ( یان ئۆسڵۆ). ئه‌و شێوه‌زاره‌ی له‌و حه‌وله که‌وته‌وه بوو به بنه‌مای بووکمۆل ( زمانی کتێب) ی مۆدێڕن ( که تا ساڵی 1929 به ڕیکسمۆل (زمانی سه‌تاسه‌ری) نێوزه‌د ده‌کرا، به ئینگلیسی زمانی دانمارکێی نۆروێژی ) له بناوانه‌وه ، خه‌بات له پێناو زمانی نۆڕوێژی دا ده‌کرێ وه‌کوو خه‌باتێک ببیندرێ که له ڕکه‌به‌ری نێوان دوو سیاسه‌ت و ئه‌و دوو شێوه‌زاری زمانی واته – نی نۆرشک و بووکمۆل – که‌وتووه‌ته‌وه.
تا ساڵی 1920، نێ نۆرشک وه‌کوو زمانی زاڵی په‌روه‌رده له سه‌رتاسه‌ری ڕۆژئاوای نۆڕوێژ و هێندێک به‌شی ڕۆژهه‌ڵاتی نۆڕوێژ خۆی دامه‌زراند. زۆر له نووسه‌ران مه‌یلێکی زۆریان نیشان دا بۆ نووسین به نۆڕوێژی نوێ ( نی نۆرشک)، و زمانه‌که له گشت ساڵانی نێوان 1900، تا ده‌گاته 1944 ده‌ستکه‌وتی سه‌ره‌کی وه‌ده‌ست هێنا. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، شار و شارۆچکه‌کانی لای به‌شی ڕۆژهه‌ڵاتی باشووری وڵات ، نزیکه‌ی له سه‌تاسه‌ت وه‌کوو خاک و که‌وشه‌نی بووکمۆل مانه‌وه.
ئه‌گه‌رچی نی نۆرشک ئه‌زموونێکی خێرای په‌ره‌سه‌ندن و بڵاو بوونه‌وه‌ی به‌خۆیه‌وه دی، به‌ڵام بووکمۆل هه‌ر وا درێژه‌ی به مانه‌وه‌ی خۆیدا وه‌کوو زمانی نووسینی زۆربه‌ی نۆڕوێژییه‌کان.
به‌پێی ڕێژه‌ی به کارهێنانی که ئه‌مڕۆ هه‌رکام له لایه‌نه‌کانی زمانه‌کان ئیدیعای ده‌که‌ن ، به جوانی ده‌رده‌که‌وێ که بووکمۆل زاڵه، بار‌و دۆخێکی که هه‌میشه بوویه‌تی. بووکمۆل زمانی ڕۆژنامه و گۆواره سه‌ره‌کییه‌کانه و له بازرگانی. سنعات، و ڕێکلامدا زمانی بانده‌سته.
بووکمۆل
له ده‌وروبه‌ری ساڵی 1900ی زایینی‌دا، هێندێکان بیریان له‌وه کرده‌وه که جیاوازییه‌کانی نێوان ئه‌و دوو شێوه‌زاره نۆڕوێژییه — نی نۆرشک ( نۆروێژی نوێ ) و بووکمۆل ( زمانی دانمارکیی نۆروێژی ) به‌ڕێژه ئه‌وه‌نده که‌مه که ده‌کرێ که‌لێنی نێوانیان پڕ بکرێته‌وه و ببن به "یه‌ک".
فکری ئه‌وه هاته گۆڕێ به‌ره‌به‌ره لێک بدرێن و دواجار زمانی سامنۆڕشکsamnorsk ( یان زمانێکی گشتگره‌وه‌ی نۆڕوێژی)یان لێ ساز بکرێ. ئه‌و بۆچوونه له ساڵانی 1880ه‌کانه‌وه هاتبووه گۆڕێ، به‌ڵام جارێکی دیکه تازه کرایه‌وه و له لایه‌ن Venstre ( پارتیی لیبێرال ) Arbeidepartiet ( پارتی کار) پشتیوانی لێ‌کرا.
له ساڵی 1917 و 1938 دا ، دوو چاکسازی زۆر به‌رزه‌فڕانه له ڕێنووس دا ڕاگه‌یێندران به مه‌به‌ستی لێک نزیککردنه‌وه‌ی نۆروێژیی نوێ و دانمارکیی نۆروێژی، دوای چه‌ندین ساڵ مشت‌ومڕ و له سه‌ر دووان.
دوای شه‌ڕی جیهانی دوویه‌م، کاردانه‌وه‌یه‌ک به دژی ئه‌و سیاسه‌ته په‌یدا بوو، به‌تایبه‌تی له لایه‌ن بووکمۆلییه‌کانه‌وه. بزووتنه‌وه‌یه‌کی پرۆتێست و ناڕه‌زایه‌تی وه‌ڕێ که‌وت، و دایکوباوکان له کتێب و که‌ره‌سته‌ی خوێندنی منداڵه‌کانیاندا ده‌ستیان کرد به گۆڕینی ئه‌و شێوه ڕێنووسه‌ی که داهێندرابوو و کردیاننه‌وه به نۆرمه نه‌ریتی و " پاوانکراوه‌کان". ئهوخهباته توند و تیژه له مه‌ڕ سامنۆرشک ( زمانی یه‌کگرتووی نۆروێژی) له ساڵانی 1950 کان و 1960 ه کاندا به‌رده‌وام بوو. له هه‌مان کاتدا، نی نۆرشک ( نۆروێژیی نوێ) له زۆر ناوچه و ده‌وه‌ران وه‌کوو زمانی په‌روه‌رده تووشی گرفت هات و له کورتێی دا.
گوشاری پشتیوانانی ڕێنووسی نه‌ریتی له نێو به‌کارهێنه‌رانی بووکمۆل دا گه‌یشته ئه‌وه‌ی زۆرێک له‌و شێوانه‌ی له ساڵانی 1959 و 1981 دا داهێندرابوون ده‌ستیان لێهه‌ڵبگیرێ وبابدرێته‌وه سه‌ر ڕێنووسی کۆن. ورده ورده ده‌ست له سیاسه‌تی ڕه‌سمیی تێکه‌ڵکردن و ئاوێته کردنی زمانه‌کان هه‌ڵگیرا.
له‌وده‌مییه‌وه بووکمۆلی نه‌ریتی بووه به زمانی زاڵ، و هیچ گومانی تێدانییه که ئه‌مه زمانی نۆڕوێژی داهاتوو یه.
له ساڵی 1944، له نێو گشت ئه‌و منداڵانه‌ی که ده‌چوونه مه‌دره‌سه، 34 له سه‌د نی نۆڕشکNynorsk یان وه‌کوو زمانی یه‌که‌می خۆیان ڕاگه‌یاند. ئێستا ئه‌م ڕێژه‌یه 17 له سه‌ده. ئه‌و له کورتیدانه نه‌ک هه‌ر زه‌ربه‌یه‌که وه نی نۆرشک که‌وتووه — به‌ڵکوو به‌و مانایه‌شه که پارتییه سیاسییه‌کان چبڕ ئیدی گوێنادهنه گرووپه گوشاره‌کانی لایه‌نگری نی نۆرشک. شارنشینی و سنعاتی بوونی وڵات هه‌ڵکه‌وتی نی نۆرشکی کز کردووه.
ئێستا پێوه‌ندی نێوان ئه‌و دوو شێوه‌زاره‌ی نووسینی ڕه‌سمیی نۆروێژی باشه. بووکمۆل بانده‌سته و گوشار ده‌خاته سه‌ر نی نۆرشک. هێز و قه‌وه‌تی بووکمۆل له‌ڕاده به‌ده‌ره: نه‌ک ته‌نیا زمانی 80 له سه‌دی نۆڕوێژییه‌کانه ، به‌ڵکوو له به‌کار هێنانی قسه کردنی ڕۆژانه‌شدا هه‌ر په‌ره‌گرتر ده‌بێ.
نوروێژی نوێ ( نی نۆرشک) زمانێکی نووسینی ئه‌وتۆیه که سیستێمێکی زۆر پێچه‌ڵپێچ و ئاڵۆزی گه‌ردانکردنی هه‌یه.زمانێکی ده‌ستکرده که که‌م که‌س فۆرمی قسه پێکردنی به‌کار ده‌هێنێ. دروشمی تێکۆشه‌رانی ڕێبازی به‌کارهێنانی نۆروێژی نوێ ( نی نۆرشک) ئه‌وه‌یه مرۆ ده‌بێ له‌هجه‌ی ناوچه‌یی خۆی به‌کار بهێنێ و به نۆروێژی نوێ بنووسێ، وه‌کوو " مه‌خره‌جی هاوبه‌شی گشت له‌هجه‌کان". یه‌ک له ئاکامه‌کانی ئه‌و بۆچوونه ئه‌وه‌یه که زۆر له به‌کارهێنه‌رانی نۆروێژی نوێ ( نی نۆرشک) به تێکه‌ڵاوێکی نا سیستماتیکی له‌هجه‌کان، نی نۆرشک و بووکمۆل ده‌نووسن. هێندێکان ده‌ڵێن ئه‌مه زمانه‌که‌یان ته‌نانه‌ت زیاتریش کز ده‌کا..
پشکی زۆروزه‌وه‌ند
کاتێک قوتابییه‌کی نۆڕوێژی مه‌دره‌سه‌ی سه‌ره‌تایی ده‌ستپێده‌کا نامیلکه‌یه‌کی پچووکی ده‌درێتێ به نێوی “ordliste”(یان وشه‌نامه). ئه‌وه قامووسێکی نه‌ریتییه، چونکوو هیچ ناساندنێکی تێدانییه، ته‌نێ ئه‌وه‌نده نیشان ده‌دا که وشه‌کان چون ده‌نووسرێن و ڕێنووسیان چییه، له‌گه‌ڵ شێوه‌ی گه‌ردانکردنی کردار و نێوان.
چ پێویست ده‌کا کتێبێکی ئه‌وتۆ بدرێ به هه‌موو قوتابییه‌ک ؟ له به‌ر ئه‌وه‌ی زمانی نۆروێژی، واته هه‌م بووکمۆل (زمانی دانمارکیی نۆروێژی) و هه‌م نی نۆرشک ( زمانی نۆروێژی نوێ)، ژماره‌یه‌کی زۆر به‌دیلی ڕینووسی وشانیان هه‌یه. ئه‌وه ئاکامی ئه‌و هه‌موو چاکسازییه ڕێنووسیانه‌یه که هه‌ر دووک زمانه‌کان له ماوه‌ی سه‌د ساڵی ڕابردوو دا به‌خۆیانه‌وه دیوه.
با نموونه‌یه‌ک باس بکه‌ین. ڕسته‌ی " ژنه‌که ده‌ستی به‌رز کرده‌وه" ده‌کرێ به بووکمۆلییه‌کی باش وه‌کوو “Kvinnen hevet hånden “ وه‌ربگێردرێ. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، مرۆ ناچار نییه ڕسته‌که ئاوا بنووسێ . بووکمۆل چه‌ندین پشکی نووسینی ئه‌و ڕسته‌یه‌ی هه‌یه و گشتیشیان وه‌کوو یه‌ک شێوای په‌سندن.
kvinnen hevet hånden
kvinnen heva hånden
kvinnen hevet hånda
kvinnen heva hånda
kvinnen hevet handa
kvinnen hevde hånda
kvinnen heva handa
kvinna hevet hånden
kvinnen heva hånden
kvinna hevde handa
ئه‌وه کاره‌که هه‌م بۆ قوتابیان و هه‌م فێرکاران وه‌کوو یه‌ک ئاسته‌م ده‌کا، چ ده‌گا به جه‌ماوه‌ر به گشتی. یه‌ک له ئاکامه‌کانی ئه‌و بارودۆخه نه‌بوونی شێلگیری و دڵگیریی به‌رده‌وامه. له‌وانه‌یه له لاپه‌ڕه‌ی 45ی کتێبێک دا شێوه‌ی نووسینی ڕسته‌که وه‌کوو به‌دیلی 3، و له لاپه‌ڕه‌که‌ی دیکه‌یدا به‌دیلی 6 بێ و ئاوا. ئه‌وه بۆخۆی، ئاکامی درێژخایه‌نی لێده‌که‌وێته‌وه، که نه‌بوونی ڕێز بۆ نۆڕمی زمانی و ڕه‌چاو نه‌کردنی ئاکامی هه‌ره مه‌ترسیداریانه.
کاتێک ده‌ستخه‌تی که‌ره‌سته و کتێبی خوێندن بۆ چاپ ده‌نێردرێنه چاپخانه‌کانی نۆڕوێژی، به‌ر له‌وه‌ی ده‌ست بکرێ به چاپکردنیان ده‌بێ له لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی زمانی نۆروێژی Norsk språkråd کۆنترۆڵ بکرێن . زۆر جاران وه‌شانگه‌ران ده‌بێ زمان‌ناسی ئه‌وتۆ ببیننه‌وه که بتوانن به ده‌ستخه‌ته‌کاندا بێنه‌وه له‌به‌ر ناشێلگیربوونی نووسه‌ر و بێمهیلی ئه‌و بۆ ڕه‌چاو کردنی نۆرم. ئه‌و کاره هه‌م کاتێکی زۆر ده‌با و هه‌میش به‌گران ڕاده‌وه‌ستێ.
ئه‌ندامانی شوورای زمانیی نۆروێژ هه‌ستیان کردووه به پێویستی که‌مکردنه‌وه‌ی به‌دیل له رێنووسی نۆڕوێژی، هه‌م له بووکمۆل و هه‌م له نی نۆرشک دا. وێده‌چێ له داهاتوویه‌کی نزیکدا گۆڕانێک ڕووبدا. نۆروینگلیسی ئه‌مڕۆ هه‌رکه‌س لاپه‌ڕه‌کانی ڕۆژنامه‌یه‌کی نۆڕوێژی هه‌ڵداته‌وه ژماره‌یه‌کی زۆروزه‌وه‌ند وشه وزاراوه‌ی ئینگلیسی و ئه‌مریکایی ده‌بینێته‌وه که هێنراونه‌ته نێو نوروێژی مۆدێرن .
به‌ساڵان سیاسه‌تی Norsk språkråd ( ئه‌نجومه‌نی زمانی نۆروێژی ) ئه‌وه بووه که پێشی ئه‌و پێشوه‌چوونه بگرێ و له‌جیاتیان به‌کارهێنانی وشه‌ی باشی نۆڕوێژی پێشنیار بکا بۆ نموونه پرۆگرام ڤارێ programvare له جیات software ، ئی – پۆست e – post له جیات e – mail ، داتا ماشین datamaskin، له‌جیات computer ، بۆ ئه‌وه‌ی چه‌ند نموونه‌یه‌کم باس کردبێ. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، زۆر له نۆروێژییه‌کان ئامۆژگارییه‌کانی ئه‌نجومه‌نی زمانی نۆڕوێژی ڕه‌چاو ناکه‌ن و وشه ئینگلیسییه‌کانیان له به‌دیله نۆروێژییه‌کانیان لا په‌سندتره.
له هێندێک نمووناندا وشه ئینگلیسییه‌که ڕێنووسی خۆی پاراستووه به ڵام به ته‌له‌فوزی نۆروێژی ده‌ردبڕدرێ . وێنه‌یه‌ک وشه‌ی یاز jazz ه. ئه‌مڕۆ هیچکس ئه‌م وشه‌یه ئه‌وجۆره‌ی له ئینگلیسی‌دا ده‌یڵێن ته‌له‌فوز ناکا.
له هێندێک نموونه‌ی دیکه‌دا، ئه‌نجومه‌نی زمان — هه‌میشه سه‌رکه‌وتووانه نا — ڕێنووسی نۆڕوێژی پێشنیار کردووه ، وه‌کوو teip بۆ tape، یان sørvis بۆ service.
کارلێکه‌ریی ئینگلیسی ده‌کرێ به ڕێگه‌ی دیکه‌شدا ببیندرێ، به‌کارهێنانی ئاپۆسترۆف ‘ له نۆروێژی مۆدێرن دا نموونه‌یه‌کێتی. ئاپۆسترۆف له هه‌ردووک زمانه‌کاندا وه‌کوو یه‌ک ده‌کار ناکرێن. له زمانی ئینگلیسییدا، ئاپۆسترۆف دۆخی خاوه‌نێتی ناوێک نیشان ده‌دا: the boy’s book ،the woman’s bag . له زمانی نۆروێژی دا خاوه‌نێتی به بێ ‘ ساز ده‌کرێ( مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی ناوکه به ‘ s ‘ یان به ده‌نگێکی ‘s ‘ کۆتایی بێ): guttens bok ، damens veske . له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ژماره‌یه‌کی زۆر له نۆروێژییه‌کان به هه‌ڵه وه‌کوو ئینگلیسی ئاپۆسترۆف به‌کار ده‌هێنن و ده‌نووسن gutten’s bok، damen’s veske . ئه‌وه به‌تایبه‌تی زۆر باوتره بێتوو ناوه‌که ناوی ساده یان سه‌ر وشه بێ ، وه‌کوو Tor’s gatekjøkken ( ناوی خواردنگه‌ی خێرایه) یان NATO’s hovedkvarter. هیچ گومان له‌وه‌دا نییه ئه‌مه ئاکامی ئه‌و گوشاره‌یه که زمانی ئینگلیسی له سه‌ر زمانی نۆروێژی هه‌یه‌تی.
با ئێستا له بوارێکی دیکه بڕوانین که کارلێکه‌ری زمانی ئینگلیسی پێوه دیاره. له‌زمانی نۆڕوێژیدا ناوێکی لێکدراو هه‌میشه ده‌بێ به‌سه‌ریه‌که‌وه بنووسرێ، بۆ نموونه bilforhandle, ( ماشێن فرۆش ) ، skoleår (ساڵی خوێندن ). له هێندێک شوێندا ده‌بێ ته‌قه‌ڵ ده‌کار بکردرێ : FN- delegasjon ( ده‌سته‌ی نارده‌ی کۆڕی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان). 50-årsjubileum( جێژنی تێوه‌رسووڕانی 50 ساڵه). بۆیه نووسینی ئه‌م ناوه لێکدراوه وه‌کوو bil forhandler ( دوو وشه‌ی جوێ ) هه‌ڵه‌یه. به‌ڵام ژماره‌یه‌کی زۆر له نۆروێژییه‌کان ئه‌و جۆره ناوه لێکدراوانه به جوێ ده‌نووسن. ته‌نانه‌ت ناوی دا‌و وده‌زگا و رێکخراوانیش وایان لێ به‌سه‌ر هاتووه :
Norsk Brannvern Forening Selvaag Gruppen
هێنده له‌مێژ نییه ده‌سته‌یه‌ک له شارۆمه‌ندانی خه‌مخۆر که ده‌یانه‌وێ دژی دیارده‌یه‌کی ئه‌وتۆ تێ‌بکۆشن کۆمه‌ڵه‌یه‌کیان پێکه‌وه ناوه به‌ناوی ئه‌ستێره‌ناسانی دژی دابڕانی وشان و ئێستا ماڵپه‌ڕێکیشیان ساز کردووه !
ئه‌ی بڵێی کارلێکه‌ری به باری دی‌دا چۆن بێ ؟ گه‌لۆ ئینگلیسی هیچ وشه‌یه‌کی ماکی نۆڕوێژی وه‌رگرتووه؟ ئه‌رێ وه‌ریگرتووه. وشه‌ی وه‌کوو ombudsman ( نوێنه‌ر ) ، slalom ، ( جۆره‌یه‌ک خلیسکێنی مارپێچی ) ، ski (خلیسکێن) هه‌موویان نوروێژینه ( یان سکاندیناڤیایینه). له ڕاستتیدا زیاتر له 50 وشه‌ی ماک نۆروێژی ( یان نۆرسه ی کۆن) له زمانی ئینگلیسی دا هه‌ن. زۆربه‌ی ئه‌و وشانه له لایه‌ن ڤیکینگه‌کانی کۆتاییه‌کانی سه‌ده‌ی هه‌شته‌می زایینی له زمانی ئینگلیسییه‌وه هاتوون. له پێشدا وشه‌ی له‌مه‌ڕ ده‌ریاپێوی و شه‌ڕی ده‌ریایی ؛ دواتر ئه‌و وشانه‌ی که له سیستێمی کۆمه‌ڵایه‌تی و به‌ڕێوه‌به‌ری سکاندیناڤیایی دا به کار ده‌بران چوونه نێو زمانی ئینگلیسی — بۆ نموونه وشه‌ی law قانوون
به‌کارهێنانی له‌هجه نوروێژییه‌کان
چاوه‌دێرانی ژیانی سیاسی بارودۆخی نۆڕوێژ له سه‌ر ئه‌وه‌ڕێکن که له سه‌ر ئه‌م هه‌ساره‌یه دا به زه‌حمه‌ت پارلمانێکی نه‌ته‌وه‌یی دیکه هه‌یه ئه‌ندامه‌کانی به زۆر له‌هجه‌ی جیاوازی زمانی وڵاته‌که یان زمانانی وڵاته‌که قسه بکه‌ن به‌وجۆره‌ی که له پارلمانی نۆروێژ Storting دا ده‌کرێ. هه‌رهه‌مان شت ده‌کرێ له‌مه‌ڕ به‌رنامه‌کانی ڕادیۆ و تێلێڤیزیۆنی نۆروێژی و کۆمه‌ڵگه به گشتی بکوترێ : له زۆر چوارچێوه و به‌ستنی جیاواز دا مرۆ ده‌کرێ له‌هجه‌ی جۆربه‌جۆر ببیستێ له کاتێکدا ئاڵمانییه‌کان ، ئه‌مریکاییه‌کان ، سوێدییه‌کان و دانمارکییه‌کان زمانی ستانداردیان لا په‌سندتره.له ڕاستیدا ئه‌مه خسله‌تێکی کۆمه‌ڵگه‌ی نۆروێژییه که ده‌گمه‌نه. به‌ڵام گه‌لۆ هۆی ئه‌مه چییه؟
هێندێکان ده‌ڵێن ئه‌وه له به‌ر قه‌ڵشتی نێوان بووکمۆلی ستاندارد ( ئه‌و شێوه‌زاره‌ی نۆروێژی که زۆربه‌ی خه‌ڵک بۆ نووسین به‌کاری ده‌هێنن) و زۆربه‌ی له‌هجه‌کانه. ئه‌وه به‌تایبه‌تی سه‌باره‌ت به‌و له‌هجانه‌ی که له ڕۆژئاوای نۆڕوێژ به‌کارده‌هێندرێن وایه.
هه‌ڵبه‌ت زۆر نۆروێژی هه‌نه که له‌بارودۆخی ڕه‌سمی دا ( له شوێن و دۆخی دیکه‌شدا) لایان په‌سنده نۆرمی ستاندارد به‌کاربهێنن. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، گوشار بۆ به‌کارهێنانی ئه‌و نۆرمه ، با به نموونه بڵێین، له فه‌رانسه و ئاڵمان زۆر که‌متر و لاوازتره. له ڕاستیدا، پێچه‌وانه‌که‌ی ڕاسته، ئه‌گه‌ر مرۆ له‌به‌ر هێندێک هۆ زمانه‌که‌ی بگۆڕێ، مه‌ترسی ئه‌وه هه‌یه شه‌قڵی خۆ به زلزان و به‌خۆ فشی لێبدرێ. له‌وانه‌شه مرۆ نه‌توانێ به‌ته‌واوی له له‌هجه گۆڕین دا سه‌رکه‌وێ —- و دواجار شتان تێکه‌ڵ کا و هیچ شێلگیر نه‌بێ ( زۆر له نۆروێژییه‌کان به که‌سێکی ئه‌وتۆ ده‌ڵێن "knot " و ئه‌گه‌ر نێوێکی وا به مرۆوه‌وه بنووسێ نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه که گوناهێکی گه‌وره‌ی کردووه).
گه‌لۆ به‌کارهێنانی به‌ربڵاوی له‌هجه‌کان له نێو نۆروێژییه‌کاندا گێر و گرفت ساز ناکا؟ دیاره، گیر‌و گرفت هه‌یه. ئه‌و که‌سانه‌ی که وه‌کوو بێگانه فێری زمانی نۆڕوێژی ده‌بن زۆر جار بۆیان ئه‌سته‌مه له‌و زمانه تێبگه‌ن که له ڕادیۆ و تێلێڤیزیۆن دا به‌کارده‌هێندرێن له لایه‌ن ئه‌و خه‌ڵکانه‌وه ئه‌وان له سه‌رشه‌قامان ، له فێرگه‌یان و له ماڵان‌دا ده‌یانبینن.
گرفتێکی دیکه‌ی که ڕه‌نگه زۆر جیدی‌تر بێ، زمانی نۆڕوێژی هه‌مان شێوه نۆرمی زمانی نه‌ته‌وه‌یی قسه پێکردن پێش ناخا، بۆ وێنه، به‌وجۆره‌ی که له فه‌رانسه ده‌کرێ. ئه‌مه‌ش، به نۆره‌ی خۆی ، کاردانه‌وه‌ی ده‌بێ له سه‌ر هه‌ستی نوروێژی ئاخێوه‌ران له‌مه‌ڕ نۆرمی نووسینی زمانه‌که‌ش.
به‌ڵام با لایه‌نه پۆزیتیڤه‌کانی ئه‌مه له‌بیر نه‌که‌ین : له‌هجه جۆر به‌جۆر و چه‌شناوچه‌شنه‌کان ڕهنگو وبۆیه‌کی هه‌ستیارانه له نۆروێژی قسه پێکردن زیاد ده‌که‌ن و ده‌یخه‌مڵێنن، و هه‌لی ئه‌وه ده‌ڕه‌خسێنن نۆروێژییه‌کان خۆیان بن و له‌هجه‌ی خۆجێی ده‌وه‌ری خۆیان به‌کار بهێنن له هه‌رشوێنێکی ده‌بن بڵا ببن.
گه‌لۆ له‌هجه جۆربه‌جۆره‌کان پله و هه‌ڵکه‌وتی وه‌کوو یه‌کیان هه‌یه؟ به لێبڕاوانه و گردبڕی نا. دیاره زمان‌ناسان ده‌ڵێن، که هیچ پێوه‌ر و پێوانه‌یه‌ک نییه بۆ نرخاندنی له‌هجه‌ی زمانان به پێی بناوانی جوانی ناسی. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، هێندێک تیۆری یان مودێل هه‌ن که هێنراونه‌ته گۆڕێ ، و چه‌ندین له‌وان ده‌یسه‌لمێنن که هه‌رکه‌س له کۆمه‌ڵگه دا دراو، پله‌وپایه و ده‌سته‌ڵاتی هه‌بێ ، ده‌شتوانێ بڕیار بدا که چ به دروست و جوان و سپه‌هی دابندرێ. هه‌ر له به‌ر ئه‌وه ئه‌و زمانه‌ی که له‌لایه‌ن خه‌ڵکی بوومی به‌شه ڕۆژئاواییه‌کانی ئۆسلۆ قسه‌ی پێده‌کرێ ( زمانێک که به‌ڕێژه له ستانداردی بووکمۆل نزیکه) پله و پایه‌یه‌کی باڵاتری هه‌یه، با بڵێین له‌و له‌هجانه‌ی وا له ناوچه‌کانی په‌رت و دووره‌ده‌ست دا هه‌ن.
شتێکی چاوڕاکێش قه‌وما کاتێک شاری ستاڤانگرStavanger له ساڵانی 1970کاندا وه‌کوو پێته‌ختی نه‌وتی نۆڕوێژ خۆی دامه‌زراند. به‌ره‌به‌ره ، ده‌سته‌ی مۆسیقا وگۆرانیبێژی گه‌له‌ری هه‌لیان بۆ ڕه‌خسا به له‌هجه‌ی ستاڤانگر بچڕن و له هه‌مان کاتدا مۆسیقا و ده‌نگه‌که‌یان به هه‌موو وڵات‌دا بڵاو بووه‌وه و بره‌وی په‌یدا کرد. شتێکی ئه‌وتۆ چه‌ند ساڵ به‌ر له فیچقه‌ی نه‌وت هه‌ر به‌زه‌ینیشدا ڕانه‌ده‌برد.
" سی و چوار " یان " چوار و سی " ؟
وای دانێن ڕۆژێک له سه‌ره‌تای مانگی سێپتا‌مبر [ که به‌راییه‌کانی ساڵی خوێندنه له زۆرێک له وڵاتانی ئوڕووپایی – وه‌رگێڕ ] کوڕه‌که‌تان یان کچه‌که‌تان که له پۆلی سێیه‌می مه‌دره‌سه‌ی سه‌ره‌تاییدا ده‌خوێنێ بێته‌وه ماڵێ و پێتان بڵێ مامۆستایه‌که‌ی زمانی ئینگلیسییان شێوه‌یه‌کی نوێی ژماردنی فێر کردوون . له جیات ئه‌وه‌ی بڵێن " سی و چوار " ، ئێستا ده‌بێ بڵێن و بنووسن " چوار و سی " .
به‌راستیش ، ئه‌مه له ساڵی 1951 له نۆڕوێژ ڕوویدا ( ته‌نیا به پێچه‌وانه‌که‌ی : ئه‌وان له " چوار و سی " یه‌وه به‌ره‌و " سی و چوار " چوون" ) . له نامه‌یه‌کدا بۆ قوتابخانه‌کانی وڵات ، وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده به ساده‌یی ڕایگه‌یاند که شێوه‌یه‌کی نۆێی ژماردن ده‌بێ په‌یڕه‌و بکرێ.
گشت فێرکار و مامۆستایان ، نووسه‌رانی کتێبی خوێندن، و کاربه‌ده‌ستانی حکوومه‌ت چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌یان لێده‌کرا ده‌ستبه‌جێ ئه‌و سیستێمه نوێیه به‌کار بهێنن ، له‌وانه ئه‌و ڕۆژنامه‌نووسانه‌ش که له ده‌زگای بڵاوکردنه‌وه‌ی نۆڕوێژ NRK دا کاریان ده‌کرد.
ئاکامی ئه‌وه بووه هۆی په‌یدا بوون و پێشوه‌چوونی دوو سیستێمی ژماردن . ئه‌مڕۆ په‌نجا ساڵ دواتر، بارودۆخه‌که له نوڕوێژ هه‌ر ئاوایه، له پراتیکدا هیچکه‌س شیڵگیر نییه. زۆربه‌ی نۆروێژییه‌کان تێکه‌ڵاوێک له هه‌ر دووک سیستێمه‌کان به‌کار ده‌هێنن.
پنکته لاوازه‌کان ئاشکرا و به‌ده‌ره‌وه‌ن : ئه‌و بێگانانه‌ی ده‌یانه‌وێ فێری زمانی نوروێژی بن بۆیان زۆر ئاسته‌مه له‌گه‌ڵ ئه‌و دووسیستێمانه ده‌رببن و خۆیانی له‌گه‌ڵ بگونجێنن کچه زمانناسێکی گه‌نج ، ڤیبکێ لاوریتزێن ، لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی به‌ربڵاوی له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته کردووه، و له تێزه‌که‌ی دا گه‌یشتووه‌ته ئه‌و ئاکامه‌ی که شێوه‌ی نوێی ژماردن ئه‌و سه‌رکه‌وتنه‌ی به‌ده‌ست نه‌هێناوه که لایه‌نگران و داڕێژه‌رانی چاوه‌ڕێی بوون. بۆیه ، ئێستا نۆڕوێژ به ته‌نیشت یه‌که‌وه دوو سیستێمی ژماردنی هه‌یه و هێچکامیان شێلگێرانه ڕه‌چاو ناکرێن . حه‌وجێ به کوتن ناکا،ئه‌مه ده‌بێته هۆی ئاڵۆزی و سه‌ره‌گێژه‌یه‌کی زۆر.
له زۆر بارانه‌وه ئه‌م ئه‌زموونکارییه لایه‌نێکی کۆمه‌ڵگه‌ی نۆڕوێژ له دوای شه‌ڕی دوویه‌می جیهانی نیشان ده‌دا : سۆسیال دێمۆکڕاته‌کان له‌و باوه‌ڕه دابوون له‌وزه‌یان دایه هه‌رچییه‌کی بیانه‌وێ بیگۆڕن، له‌وانه خوو خده‌ی زمانی. به‌ڵام مێژوو سه‌لماندوویه ئه‌وان له‌وباره‌یه زۆر زیاتر له‌وه‌ی ده‌بێ گه‌شبین بوون.
ده‌ی ئێستا ده‌بێ نۆڕوێژییه‌کان چ بکه‌ن؟ گه‌لۆ ئه‌وان بگه‌ڕێنه‌وه و بادانه‌وه سه‌ر سیستێمی کۆن — یان ئه‌وه‌ی که ده‌بێ ئه‌و شێوه نوێیه‌ی ژماردنه زۆر به‌گوڕتر و به‌هێزتر بخه‌نه بواری کردارییه‌وه؟ ئه‌من به شه‌خسه پێم وایه ئیدی چبڕ ناکرێ ده‌ست له سیستێمی نوێ هه‌ڵگیرێ. هه‌رچۆنێک بێ له لایه‌ن قوتابیانی گه‌نج و له به‌ستێن و چوارچێوه‌ی ڕه‌سمیدا به‌کار ده‌هێندرێ. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ئه‌نجومه‌نی زمانی نۆروێژ ، Norsk språkråd، ده‌بێ حه‌ول بدا ته‌وافوقێکی گشتی به‌ده‌وری ئه‌و بابه‌ته‌وه سازکا و هیوا داربێ سیستێمی نوێ جێی ئه‌وی کۆن بگرێته‌وه، که هێشتا ژماره‌یه‌کی زۆر له نۆروێژییه‌کان ، له‌وانه بازرگانان، و چاپه‌مه‌نی به‌پارێز لایه‌نگری لێده‌که‌ن.
نووسه‌ری میوان : سڤێن ماگنێ سیرنێس، جێگری پرۆفسۆری لێکدانه‌وه‌ی زمانی له ئه‌نیستیتووی به‌رگری زمانی له مۆنتێرێری ، کالیفۆرنیا، ده‌وڵه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا.
وه‌ک له تێبنی سه‌ره‌تاوه باس کرا، سڤێن ماگنێ سیرنێس ئێستا گه‌ڕاوه‌ته‌وه نۆڕوێژ و جێگری سه‌رۆکی خوێندنگه‌یه‌کی دوا ناوه‌ندییه له شاری ئۆسلۆ و کتێب و که‌ره‌سته‌ی خوێندن ده‌نووسێ و سه‌باره‌ت به بابه‌تی زمانناسانه وتار بڵاو ده‌کاته‌وه.
–~–~–~–~–~–~–~–~–~–~–~–~
سه‌رچاوه‌ی ئه‌م بابه‌ته : ماڵپه‌ڕی ڕه‌سمی نوڕوێژ له ده‌وڵه‌ته یه‌کگرتووه‌کان: Norway – the official site in the United States