به‌ڕێز دوكتۆر شه‌فیق قه‌زاز، سه‌رۆكی ئه‌كادێمیای كوردی
وێرای سڵاوێكی دۆستانه، ئه‌وا له سه‌ر داخوازیی به‌ڕێزتان ئاگادارتان ده‌كه‌م له‌وه‌ی كه نامه‌ی رۆژی 5/7/2008 تان، به ئینگلیزیش و كوردیش، به هۆی به‌ڕێز دوكتۆر جه‌بار قادره‌وه گه‌یشته ده‌ستم. له‌وێدا ئاماژه‌تان به‌وه كردووه كه ئه‌نجومه‌نی ئه‌كادێمیاكه‌تان له دانیشتنی رۆژی 20/12/2007 دا (واته: حه‌وت مانگ له‌مه‌وبه‌ر) بڕیاریداوه، پله‌ی ئه‌ندامی شكۆمه‌ندیی (شه‌ره‌ف) ئه‌كادێمیاكه پێشكێش به من بكات، له به‌ر ئه‌وه‌ی، وه‌ك فه‌رمووتانه "خزمه‌تی دیار و شایان و به‌ر چاوم به كولتووری كورد كردووه.. .. هتد".
جارێ ده‌مه‌وی له‌م رووه‌وه، به داخه‌وه بێژم، ئه‌وه‌ی تا ئێسته كردوومه، به‌شێكی یه‌كجار كه‌مه له‌وه‌ی ده‌متوانی و ده‌كرا بیكه‌م، ئه‌گه‌ر ئه‌و هه‌موو به‌رهه‌ڵست و پاشقوللێگرتن و خراپه‌كارییه نه‌بوایه كه له دژم كراوه و ده‌كرا، له لایه‌ن كه‌سانی خۆبژێن و ته‌نگه‌تیكله و كوڕی رۆژ و حیزبپه‌رست و هیچنه‌كه‌ر و مشه‌خۆر و گامه‌سله‌كه‌وه. ئه‌مه‌ش با ئه‌وه‌ی رێم له كه‌س گرتبا، یان جێم به كه‌س لێژ كردبا. خۆ ئه‌گه‌ر كارێكم كردبا وبه خزمه‌تی گشتی دابنرا، ئه‌وا ته‌نا بۆ رازیكردنی ویژدانی خۆم بووه و به‌س، و هیچ كاتێك به ئامانجی ده‌سكه‌وتی تایبه‌تیی خۆم (چ ماكی و چ میناكی) نه كه‌وتوومه‌ته كار و نه چاوه‌ڕوانی پاداش بووم و نه سوپاس. پله و پایه و پاره و كه‌شوفش، پێشكێش به‌وانه با كه به دوای ئه‌و شتانه‌دا ده‌گه‌ڕێن.
دامه‌زراندنی ئه‌كادێمیایه‌كی كوردی بۆ خزمه‌تكردنی زمان و زانست و هونه‌ری كورد، ئاواتی پتر له په‌نجا ساڵی منه. به‌ڵگه بۆ ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌یه، له نامیلكه‌ی " خوێنده‌واری به زمانی كوردی" و "نووسینی كوردی به لاتینی" دا، كه هه‌ردووكیانم له كه‌ركووك له ساڵی 1956دا نووسیوه، و له به‌غدا له 1957 دا چاپكراون، به ئاشكرا باسی "كۆڕی زانیاریی-زمانه‌وانی" (ئه‌كادێمیای زمان) م كردووه و، بۆ به دواداچوونی ئه‌م مه‌به‌سته‌ش، هه‌ر له په‌نجاكانه‌وه پێوه‌ندیم به گه‌لێك له زمانزانانی كوردوه كردووه، وه‌ك مامۆستایان: گیوی موكریانی، برایم ئه‌حمه‌د، عه‌لائه‌دین سه‌جادی، عه‌بدوڵا گۆران، ره‌فیق چالاك، مه‌لا جه‌میلی رۆژبیانی، عه‌بدولخالقی ئه‌سیری، عه‌لی باپیر اغا، نه‌ریمان مسته‌فا، عوسمان سه‌بری (ئاپۆ عوسمان)، رۆشن به‌درخان، قه‌دریجان، ئه‌حمه‌د نامی، ئایه‌توللا مه‌ردۆخی كوردستانی، مه‌لا محه‌ممه‌دی قزلجی، فه‌تحه‌لی حه‌یده‌ری زێواجۆیی كرماشانی وگه‌لێكی دیكه و، باسی ئه‌و گیروگرفتانه‌م كردووه له‌گه‌ڵیان، كه‌له نامیلكه‌ی "خوێنده‌واری به زمانی كوردی"دا ده‌ستنیشانم كردوون، وه‌ك: نه‌بوونی زمانی ستاندارد، نه‌بوونی رێنووسی ستاندارد، نه‌بوونی رێزمانی یه‌كگرتوو، نه‌بوونی وشه‌نامه‌ی گشتگر، نه‌بوونی بنكه‌ی چاپه‌مه‌نی و.. . هتد و، به‌دوای چاره‌سه‌ری ئه‌و به‌رهه‌ڵستاندا گه‌ڕاوم و، بیرم له هێنانه كایه‌ی ئه‌كادێمیایه‌كی زانستی كردووه‌ته‌وه و، پێشنیازی دامه‌زراندنیم كردووه.
وه‌ك ده‌زانن، ئه‌كادێمیای زمانی كوردی، به نێوی "كۆڕی زانیاریی كورد"ه‌وه، پاش رێكه‌وتنی مارتی 1970، له ژێر سایه‌ی رژێمی به‌عسدا، به پێی قانوونێكی تایبه‌تی، وه‌ك ده‌زگه‌یه‌كی ده‌وڵه‌تی عێراق دامه‌زرا، به‌ڵام ئه‌ندامه‌كانی، هه‌موو له لایه‌ن پارتی یه‌وه ده‌ستنیشانكران و، ماوه‌یه‌ك پاش هه‌ره‌سهێنانی شۆرشی ئه‌یلوول (له مارتی 1975دا) "كۆڕ" كرا به لكێكی "المجمع العلمی العراقی" و، هه‌ر به‌و نێوه‌شه‌وه له به‌غدا مایه‌وه تا كه‌وتنی رژێمی سه‌ددام و، پاش ئه‌وه‌ش "كۆڕ" گۆڕی و ون بوو.
بێگومان، ئاگاتان له‌وه هه‌یه، ئێمه (چه‌ند ئه‌كادێمیاكارێكی كورد له ئه‌وروپا)، كه ده‌مانزانی، ئه‌كادێمیایه‌كی كوردی، له ژێر سێبه‌ری رژێمی به‌عس و داگیركه‌ره‌كانی دیكه‌ی كوردستاندا، سه‌ربه‌خۆ نابا، له نێوه راستی ساڵی 1985دا له سوێد، ئه‌كادێمیایه‌كمان دامه‌زراند، به‌نێوی "ئه‌كادێمیای كوردی بۆ زانست و هونه‌ر"، كه یه‌كێك له ئه‌ندامه دامه‌زرێنه‌ره‌كانی پرۆفیسۆر بارام ره‌سووڵ بوو، كه نێوبانگێكی جیهانی هه‌یه له ده‌رمانناسی و ژه‌هرناسیدا و، ئێسته وا له هه‌ولێر، له نێزیك خۆتانه‌وه و ده‌توانن هه‌ر له‌و بپرسن كه حیزبحیزبێنه‌كه‌ران و بازرگانانی سیاسه‌ت، چه‌ند و چۆن به‌ربه‌ره‌كانیی ئێمه‌یان كرد و، چۆن هه‌وڵیان دا "ئه‌كادێمیا"ی ساخته و درۆ، له سه‌ر كاخه‌ز دابمه‌زرێنن، كه هیچی لێ سه‌وز نه‌بووه‌وه. له كاتێكدا ئێمه، چه‌ند به‌رهه‌مێكی زانستانه‌مان خسته به‌ر ده‌م خه‌لك، كه یه‌كێك له‌وانه په‌رتۆكی "چه‌كی كیمیایی و خۆپاراستن لێی" هی زانا بارام ره‌سوول و، ئه‌وه‌ی دیكه "ئێسته و پاشه‌ڕۆژی نه‌ته‌وه‌ی كورد له به‌ر گڕی ئاگری جه‌نگی ئێران و عێراقدا"ی من، كه چاپی یه‌كه‌می له 1989دا له سوێد و، چاپی دووه‌می له‌م رۆژنه‌دا له هه‌ولێر ده‌رچوو. له گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له لیكۆلێنه‌وه‌ی زانستانه، به كوردی و ئه‌لمانی و ئینگلیزی. بێجگه له پێوه‌ندییه‌كی پڕوچڕ به ده‌زگه زانستی و ڕامیارییه‌كانی ئه‌وروپا و ئه‌مریكاوه، بۆ خستنه به‌ر چاوی كێشه‌ی كورد، كه ئه‌مه‌یان له لایه‌ن هه‌ندازیار بروسك ئیبراهیمه‌وه كران.
كاتی خۆشی، به‌رنامه وكارنامه‌ی ئه‌كادێمیاكه‌م نارد بۆ به‌ڕێزتان و، له له‌نده‌نیش له‌و باره‌یه‌وه قسه‌مكرد له گه‌ڵتان و، پاش ئه‌وه‌ش به ته‌له‌فۆن رامگه‌یاند پێتان كه هه‌ڤالانی ئه‌كادێمیا، دژی ئه‌وه نین " ئه‌كادێمیای كوردی بۆ زانست وهونه‌ر" بنكه‌كه‌ی له سوێده‌وه بگوێزێته‌وه كوردستان، به مه‌رجێك نێوه‌كه‌ی وه‌ك خۆی و به‌رنامه وكارنامه‌كه‌شی وه‌ك خۆی بمێننه‌وه و، سه‌ربه‌خۆ له ده‌سه‌ڵاتی حیزبایه‌تی كار بكات. به‌ڕێزتان به‌ڵێنتان دا بۆ ئه‌و ئامانجه كار بكه‌ن، لێ كه "كۆڕی زانیاریی كوردستان" له "نه‌وای ئارام"دا، له لایه‌ن پارتی یه‌وه و، به پێی قانوونێكی تایبه‌تی دامه‌زراو، به‌ڕێزتان بوونه سه‌رۆكی ئه‌و كۆڕه و، ئه‌و ده‌مه پله‌ی وه‌زیریشتان هه‌بوو، ئێدی هیچ ده‌نگتان نه‌بوو، هیچ پرسێكیش به ئێمه نه‌كرا و، ئێدی دلنیابووینه‌وه له‌وه‌ی، ئه‌وه‌ی ئێمه ده‌مانه‌وه‌ی كه سه‌ربه‌خۆیی زانست و كاری ئه‌كادێمیاییه، له ژێر سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی جووتحیز به‌كه‌دا، خه‌ون و خه‌یاڵه.
دوای رێكه‌وتنی پارتی و یه‌كێتی له سه‌ر دابه‌شكردنی سامان و ده‌سه‌ڵات له هه‌رێمی سێستاندا، ئه‌وه بوو، قانوونی كۆڕ، وه‌ك ئه‌وروپاییه‌كان ده‌بێژن، "به فه‌رمانی مفتی" Per order de Mufti كرا به قوربانی ئه‌و رێكه‌وتنه حیزبییه و، كۆڕی به‌سته‌زمان، وه‌ك گای قوربانی، به جۆرێك درا به زه‌ویدا، ده‌نگی دڵی ئه‌و كڵۆڵانه هات كه بووبوونه ئه‌ندامی كۆڕ و، مافی ئه‌و ئه‌ندامه‌تییه‌ی كه گوایه به درێژایی ژیانیان درابووپێیان به پێی "قانوونی رۆم"، لێیان بوو به تڕی بن گۆم، یه‌ك دووانێكیش له وانه، كه كه‌وتنه ده‌مه‌ده‌مێ، ئه‌وا، دوور له ڕووتان، هه‌ر به جارێك "فنش" كران.
كاكه شه‌فیق، ئێمه هه‌ردووكمان ده‌مێكه یه‌كدی ده‌ناسین و، خۆشت باش ئاگات له دواڕژه‌كانی شۆرشی ئه‌یلوول هه‌یه، چۆنكه له‌و كاته دا نوێنه‌ری شۆرش بوویت له تاران و له گه‌ڵ دوكتۆر مه‌حموود عوسمان له خزمه‌تی مه‌لا مسته‌فادا چوونه لای شای لێخراوی ئێران و، چیرۆكی ئه‌و كوێره‌وه‌رییه‌شت بۆ من گێڕایه‌وه. له به‌ر ئه‌وه هه‌ردووكمان ده‌زانین، شۆرشێك كه 14 ساڵ به‌رگه‌ی گرتبا و، سه‌توبیست هه‌زار پێشمه‌رگه‌ی هه‌با، چۆن به تاكه فه‌رمانێك له شه‌و ورۆژێكدا ئاشبه‌تاڵی پێده‌كری، لێ، باوه‌ڕ بفه‌رموو، ئه‌ز به‌ش به حالی خۆم، ئه‌وه‌م نه‌ده‌زانی كه كۆڕێكی زانیاری كه به قانوونێكی له په‌رله‌مان ده‌رچوو، دامه‌زرا با، به تاكه فه‌رمانێكی حیزبی، ئاشبه‌تاڵی پێده‌كرێ.
وا دیاره ئاشبه‌تاڵ بووه به دایكی قانوونان، بۆ چاره‌سه‌ركردنی هه‌موو گیروگرۆیه‌كی شه‌ڕه گه‌ره‌كی حیزحیزبێنه و فشه كوردایه‌تی و سه‌رده‌رنه‌چوون له هونه‌ری رامیاری.
شایانی باسه، كۆڕی ئاشبه‌تاڵپێكراو، كاتی خۆی منی كردبوو به ئه‌ندامی "شه‌ره‌ف"، بێ ئه‌وه‌ی ئه‌ز له‌وه ئاگادار بكرێم. پاش سالانێك و، له سه‌روبه‌ندی گیانه‌ڵای كۆڕدا و، به هۆی هه‌فته‌نامه‌ی "میدیا"وه، له پڕ زانیم كه ئه‌ندامی شه‌ره‌فم، له‌وه زۆر سه‌رمسووڕما، به‌ڵام كه نامه‌كه‌ی به‌ڕێزتانم پێگه‌یشت، زێتر سه‌رمسووڕما، چۆنكه به‌سه‌ندنه‌وه‌ی ئه‌ندامه‌تی له ئه‌ندامه‌كانی كۆڕی زانیاریی ره‌حمه‌تی، دیاره ئه‌و "شه‌ره‌ف"ه له منیش سێنداراوه‌ته‌وه و، ئه‌مجا به دامه‌زراندنه‌وه‌ی كۆڕ، به‌ڵام ئه‌مجاره به نێوی ئه‌كادێمیاوه، وه‌ك فه‌رمانگه‌یه‌كی حكوومه‌تی هه‌رێمی سێستان، سه‌ر له نوا "باوه‌خوون" كراومه‌ته‌وه و، "شه‌ره‌ف"ه‌كه‌م پێدراوه‌ته‌وه. جا تكایه لێم ببوورن، كه ناتوانم ئه‌و "شه‌ره‌ف"ه بگرمه به‌رخۆم. چۆنكه كه پارتی و یه‌كێتی، گوێی شه‌یتان كه‌ڕبێ، له یه‌ك جیابوونه‌وه و ئه‌كادێمیاش بوو به دووان، ئه‌و ده‌مه نازانم له لایه‌ن كامیاننه‌وه "شه‌ره‌فدار" ده‌بم. خۆ ئه‌گه‌ر خوانه‌خواسته "درێژدادڕی" شم كرد، ئه‌وه له‌وانه‌یه هه‌ر به "فه‌رمانی مفتی" بمگرن و بمخه‌نه حه‌وشی شێته‌كان. ئه‌مه‌ش له خۆمه‌وه نایه‌ژم-ها.. .. ئه‌وه‌ته، جه‌نابی دوكتۆر فوئاد حسه‌ین كه قسه‌كه‌ری سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم"ه، به برای به‌ڕێز كاكه حه‌مه میر وه‌یسی گوتبوو، كاتێك كاكه حه‌مه پێشنیازی ئه‌وه‌ی كرد بوو كه سه‌رپه‌رشتیی زمانی كوردی بدرێته ده‌ست جه‌مال نه‌به‌ز، جه‌نابی فه‌رموو بووی "جه‌مال نه‌به‌ز شێته و، تۆش ده‌ته‌وا كاری خۆمان بده‌ینه ده‌ست ئه‌و شێته؟. ئێی! خۆ ئه‌ز له زانای گه‌وره‌ی رووس ساخارۆف زێترنیم كه له سه‌ر چه‌ند ره‌خنه‌یه‌ك له سیستمی ملهۆڕی سۆڤێیت، به ته‌مابوون بیخه‌نه "حه‌وشی شێتان"، به‌ڵام ئه‌وه بوو، خوا گۆرباچۆڤی نارد بۆ سۆڤێیت و ساخارۆفی رزگاركرد. باشه، كێ ئه‌وسا، بابایه‌كی وه‌ك من رزگار بكات كاكه شه‌فیق؟
كاكه شه‌فیقی به‌ڕێز
ده‌سه‌ڵاتێك كه مۆرانه‌ی حیزحیزبێنه و خزمخزمێنه، وا گه‌نده‌ڵیی كردبێ، نه‌ك هه‌ر نه‌توانێ له ماوه‌ی 17 ساڵدا سا وه‌زاره‌ت بكات به یه‌ك، تۆ واز له كێشه‌ی ئاو و كاره‌با و سووته‌مه‌نی و ژنكوژی و بێكاری و هه‌ژاری و كه‌ركووك و مه‌ركووك بێنه، به‌ڵكو نه‌توانێ له سه‌ر وشه‌ی ژن/ئافره‌ت، خوێنده‌كار/قوتابی، ته‌ندروستی/ساخله‌می، بریارێك بدات و یه‌كلایی بكاته‌وه و، ئه‌كادێمیاكه‌ی ئێوه‌ش، ده‌سنێژی ئه‌م دوو حیزبه با، ئێدی چۆن باوه‌ر به جێگری به‌ڕێزتان ره‌شید فندی بكه‌م، كه له وتووێژێكدا له گه‌ڵ هه‌فته‌نامه‌ی "میدیا" فه‌رموو بووی "ئێمه مه‌رجه‌عیه‌تین"!
جاره‌كی دی داوای لێبوردن ده‌كه‌م، ئه‌گه‌ر ئه‌م وه‌رامه‌ی من به‌ر دلی گرتبن، هیوام وایه، هیچ نه‌بێ، به‌رچاوی نه‌گرتبن له ئاستی بینینی راستییه زه‌قه‌كاندا.
رێز و سڵاوم دووباره ده‌كه‌مه‌وه بۆ هه‌مووتان.
جه‌مال نه‌به‌ز
به‌رلین 23/7/2008