کێشه‌ی زمانی ڕه‌سمیی کوردی – به‌شی چوار
ئه‌میری حه‌سه‌نپوور
4- قۆناغی پێش ستاندارد بوون: هه‌ورامی، کرمانجی، و سۆرانی
کێشه‌ی زمانی ڕه‌سمیی کوردی – به‌شی چوار
ئه‌میری حه‌سه‌نپوور
4- قۆناغی پێش ستاندارد بوون: هه‌ورامی، کرمانجی، و سۆرانی
بۆ روون کردنه‌وه‌ی کێشه‌کانی زمانی ستانداردی کوردی پێویسته دوو قۆناغی پێش و پاش ستاندارد بوونی له‌هجه ئه‌ده‌بییه‌کان — هه‌ورامی، کرمانجی و سۆرانی — به‌راورد بکه‌ین و ره‌وتی ستاندارد بوونیان دیاری بکه‌ین.
سێ له‌هجه‌کان پێش بڵاوبوونه‌وه‌ی رۆژنامه‌ی کوردستان له 1898 دا ستاندارد نه‌بوون. ستانداردبوون، وه‌ک پرۆسه‌یێک، نه سه‌ره‌تایێکی ده‌قیقی هه‌یه و نه کۆتایی دێ. به‌ڵام ده‌کرێ بڵێی ئه‌و پرۆسه‌یه له کرمانجی دا له 1898 ده‌ستی پێ‌کرد و دوای بیست ساڵان له سۆرانی (1918) دا وه‌ڕێ که‌وت و له هه‌ورامی دا هێشتا به‌دی ناکرێ.
تایبه‌تێتییه‌کانی ئه‌و له‌هجه ئه‌ده‌بییانه که تا راده‌یێکی زۆر له سۆرانی و کرمانجی ئه‌ورۆ دایان ده‌بڕێ ئه‌وانه‌ن:
یه‌که‌م: له‌هجه ئه‌ده‌بییه‌کان هۆنراوه‌یی بوون و په‌خشانیان نه‌بووه یان زۆر که‌م بووه.
دووهه‌م: ئه‌رکه‌کانیان به‌ر ته‌سک بوو (زۆر تر له ئه‌ده‌بییات دا ده‌کارده‌هاتن نه‌ک له‌زانسته جۆراوجۆره‌کان).
سێهه‌م: بنکه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌و له‌هجانه زۆر ته‌سک بوو (داهێنه‌ری به‌رهه‌می نووسراو زۆرتر رۆحانێتی و ئاغاوه‌ت بوون؛ ژنا ن رێگه‌یان نه‌ده‌درا خوێنده‌وار بن و "جه‌ماوه‌ری خوێنه‌ره‌وه" پێک نه‌هاتبوو و نه‌یده‌توانی پێک بێ) و ئه‌وه‌ش به‌رهه‌می کۆ مه‌ڵگه‌ی ده‌ره‌به‌گی و عه‌شیره‌یی بوو.
چواره‌م: قاعیده‌رۆنان (کۆدیفیکه‌یشن) له‌فۆرمی زمان دا (له‌ئه‌لف و بێ و خاڵبه‌ندی و رێنووس را بگره هه‌تا وشه‌ڕۆنان و شێوازی نووسین و رێزمان) زۆر که‌م بوو و نووسه‌ر تا راده‌یێک ئازادبوو به سه‌لیقه‌ی خۆی بنووسێ.
پێنجه‌م: هه‌رکام له‌سێ له‌هجه‌کان چه‌ند بن له‌هجه‌یان هه‌بوو و هیچ کامیان له‌سه‌ر نۆرمێک ساغ نه‌ببوونه‌وه‌و هه‌رکه‌س بن- له‌هجه‌ی خۆی ده‌کار ده‌هێنا.
شه‌شه‌م: هه‌ر له‌هجه‌یێک له‌سنووری خۆیدا ده‌کار ده‌هات و ئاخێوه‌رانی له‌هجه‌ی دی فێری نه‌ده‌بوون و ده‌کاریان نه‌ده‌هێنا (هه‌ورامی تا راده‌یێک ببوو‌و به‌زمانی ئه‌ده‌بی له‌هجه‌کانی ده‌وروبه‌ری خۆی.)
حه‌وته‌م: له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا زمانه‌کان (عه‌ره‌بی، کوردی، فارسی، ترکی…) له‌باری ده‌سه‌ڵاته‌وه نابه‌رابه‌ر بوون و ململانه‌ی زمانیی له ئارادابوو، "ئیده‌ئۆلۆژی زمانیی" یان "سیاسه‌تی زمانیی" زۆرتر به‌لای لێک فێربوون و لێک وه‌رگرتن و خواستنه‌وه‌دا ده‌شکاوه.
سێ سه‌ده له‌وه‌ی پێش ئه‌حمه‌دی خانی له‌بارودۆخی کۆمه‌ڵگه‌ی ده‌ره‌به‌گی دا، دژی ژێر چه‌پۆکه‌یی سیاسی و زمانی وه‌خۆکه‌وت و تێ کۆشا کوردی وه‌ک فارسی ببێته‌زمانێکی ئه‌ده‌بی به‌پێز و به‌هێز و فارسی وه‌ک مۆدێلی گه‌شانه‌وه‌ی کوردی داده‌نا.
ئه‌و خسڵه‌تانه له یه‌ک تر جیاواز نین و وێکڕا پێک هاتوون و یه‌کتر داده‌ڕێژن و ده‌بڕنه‌وه‌و ده‌گرنه‌وه. بۆ وێنه‌ته سک بوونی بنکه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی (رۆحانێتی و ئه‌ریستۆکراسی ده‌ره‌به‌گی) ئه‌رکه‌کانی زمانی نووسراوی ته‌نگه‌به‌ر ده‌کرد (زۆرتر بۆ ئه‌ده‌بی هۆنراوه‌یی ده‌کارده‌هات) و به‌ر ته‌نگ بوونی ئه‌رکه‌کان رێگه‌ی نه‌ده‌دا نووسین به‌په‌خشان گه‌شه‌بکا و ئه‌و دوو هۆیانه‌ش پێشیان له خه‌مڵینی وشه‌و چه‌مک ده‌گرت. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش دا ئه‌و خسڵه‌تانه زمانی ستاندارد و ناستاندارد لێک جوێ ده‌که‌نه‌وه، پێویسته له بیرمان بێ که په‌رژینی نێوان ئه‌و دووانه زۆر پته‌و نییه. دیاره زمانی ستاندارد چۆنێتێکی نوێیه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌رکام له‌و خسڵه‌تانه به‌ته‌نیایی له‌به‌رچاوبگرین جیاوازی نێوان ستاندارد و نا ستاندارد وه‌ک ته‌فاوه‌تی چه‌ندێتی به‌دی ده‌کرێ نه‌ک چۆنێتی. بۆ وێنه ئه‌گه‌ر سه‌د ساڵ له‌مه‌و پێش له‌هجه ئه‌ده‌بییه‌کان له‌سه‌ر نۆرمێک (بن- له‌هجه‌یێک) ساغ نه‌ببوونه‌وه، کرمانجی و سۆرانی ستانداردی ئه‌وڕۆش هێشتا ئه‌و کێشه‌یان پێ چاره‌سه‌ر نه‌کراوه. ئه‌گه‌ر ئه‌و په‌رژین نزمییه‌له‌ستاندارد بوونی کوردی دا زۆر تر وه‌به‌رچاو ده‌که‌وێ له‌به‌ر ئه‌وه‌یه که زمانه‌که هێشتا له سه‌ره‌تاکانی ئه‌و پرۆسه‌دایه.
ئه‌و خسڵه‌تانه له زمانه ستاندارد نه‌کراوه‌کانی دیش دا به‌دی ده‌کرێن. به‌ڵام ئه‌گه‌ر سێ له‌هجه ئه‌ده‌بییه‌کانی کوردی له‌گه‌ڵ عه‌ره‌بی و فارسی پێش- ستاندارد دا به‌راورد بکه‌ین، ده‌رده‌که‌وێ که ته‌فاوه‌تی چه‌ندێتی له‌نێوان کوردی و فارسی (یان عه‌ره‌بی) دا زۆر به‌رچاوه. بۆ وێنه ئه‌رکه‌کانی فارسیی پێش- ستاندارد زۆر له‌کوردی به‌رین تر بوون. فارسی له‌کاتێک دا که ئه‌ده‌بییاتێکی هۆنراوه‌یی مه‌زنی پێک هێنابوو، له‌زۆر بواری دی دا ده‌کارده‌هات، بۆ وێنه له ئیشی ئیداره‌یی (ده‌وڵه‌تیی)، په‌روه‌رده ، ئایین، مێژوونووسی، فه‌لسه‌فه، ریازییات، ئه‌ستێره‌ناسیی، پزشکی و زانستی جۆراوجۆری دی له‌زمان را بگره هه‌تا کشت وکاڵ و مۆسیقا. به‌پێچه‌وانه، کوردی پێش 1898، زۆرتر له ئه‌ده‌بی هۆنراوه‌یی دا ده‌کار ده‌هات و بێجگه له ئه‌ده‌بییات ته‌نیا چه‌ند به‌رهه‌مێکی ئایینی و زمانی و یه‌ک به‌رهه‌می پزیشکی پێ نووسرابوو. سه‌ر باقی ئه‌و جیاوازییه زۆروزه‌به‌نده، ده‌کرێ بڵیێن کوردی و زمانه کلاسیکه مه‌زنه‌کان (عه‌ره‌بی، فارسی، سوریانی…) تا ئاخری سه‌ده‌ی نۆزده ناستاندارد بوون. ئه‌و لێکدانه‌وه‌یه کێشیێکی تیۆریی و فه‌لسه‌فه‌یی دێنێته‌گۆڕێ: له‌ئه‌و خسڵه‌تانه‌ی زمانی پێش- ستاندارد کامیان سه‌ره‌کییه واته ئه‌وانی دی وه‌ڕێ ده‌خا و هان ده‌دا؟ ئه‌گه‌ر ئه‌و خسڵه‌تانه به هه‌ڵکه‌وت په‌یدا نه‌بوون، به‌رهه‌می کام بارودۆخی مێژوویین؟
وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه‌پێویستی به وردبوونه‌وه‌ی زۆرتر له‌خسڵه‌ته‌کانی زمانی پێش- ستاندارد هه‌یه. له‌چه‌ند به‌شی دا هاتوو دا، ئه‌و حه‌وت تایبه‌تێتییانه‌ی زمانی پێش- ستاندارد لێک ده‌ده‌مه‌وه‌و دوای ته‌واوبوونی ئه‌و باسه‌پڕۆسه‌ی ستاندارد بوونی کرمانجی و سۆرانی و کێشه‌کانی به‌وردی ده‌گێڕمه‌وه. له‌به‌شی پێنج دا، کێشه‌ی زاڵ بوونی هۆنراوه به‌سه‌ر په‌خشان له له‌هجه ئه‌ده‌بییه‌کان دا باس ده‌که‌م.
درێژه‌ی هه‌یه …
–~–~–~–~–~–~–~–~–~–~–~–~
تێبینی : به‌شی چواره‌می بابه‌تی ‘کێشه‌ی زمانی ڕه‌سمیی کوردی’ مامۆستا ئه‌میری حه‌سه‌نپوور له ژماره‌ی 275ی ڕۆژنامه‌ی ڕۆژنامه، لاپه‌ڕه‌ی 10، دووشه‌مۆ 4ی ئووتی 2008 و له وێبنوسی ڕوانگه بڵاو کراوه‌ته‌وه. به سپاسه‌وه ڕاگوێزراوه بۆ ماڵپه‌ڕی كالیش.