کورد و کێشه‌ی زمان
جه‌مال نه‌به‌ز
کورد و کێشه‌ی زمان
جه‌مال نه‌به‌ز
ئه‌وه‌ی راستی بێ، زۆرم پێ ناخۆشه که له‌م کاته‌دا ئه‌م وتاره به ناچاری ده نووسم، چۆنکه خه‌ریکبووم به‌م باسه‌وه، دوورمه‌ده‌خاته‌وه له به‌ر‌نامه‌ی کاری ئێستام، که پێوه‌ندیی به زمانه‌و-انییه‌وه نییه. هۆی ئه‌م نابه‌دڵییه‌ش ئه‌وه‌یه، ده‌مێکه گه‌یشتوومه‌ته ئه‌و باوه‌ڕه‌ی که زمان، ژێر خانی نه‌ته‌وه نییه. وه ک زۆر که‌س پێیانوایه، که ئه‌گه‌ر هاتو نه‌ته‌وه‌یه‌کی ژێر ده‌ست، زمانه‌کی له‌ده‌ست نه‌دا، ئه‌وا ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه هه‌ر ده‌مێنێ و ده‌توانێ له ڕێی زمانه‌که‌یه‌وه، خۆشی رزگار بکا … با، زۆر دور نه‌رۆین، ئه‌وه‌ته، قیبتییه‌کانی میسر، که میژوویه‌کی چه‌ند هه‌زار ساڵه‌یان هه‌یه و، زمانه‌که‌شیان ماوه، له‌گه‌ل ئه‌وه‌شدا، بنده‌ستی عه‌ره‌بن، خۆ ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر ئاینی دیانی نه‌بوونایه و، عه‌ره‌به‌کانی میسر موسڵمان بوونایه، ئه‌وا ده‌مێک بوو له نێو چووبوون. سوببه‌کانی عێراقیش، که به ماندایی ناسراوان، نه‌ته‌وه‌یه‌کی یه‌کجار کۆنن، زمانه‌که‌شیان هێشتا ماوه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ژێرده‌سته‌ی عه‌ره‌بن و، ئه‌وه‌ی تا ئه‌مڕۆ پاراستوونی، زمانه‌که‌یان نییه، به‌ڵکو ئه‌وه‌یه که ئاینێکی جیاوازیان هه‌یه له ئاینی عه‌ره‌به‌کانی عێراق … به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وانه‌وه، ڤووله‌که‌کان، سه‌تان ساڵ بوو، ده‌ربه‌ده‌ری ولاتان بوون و، له‌هه‌ر وه‌لاتێک به زمانی خه‌ڵکی ئه‌و ولاته قسه‌یان ده‌کرد، که‌چی توانییان ببنه خاوه‌ن ده‌وڵه‌ت و، زمانی کۆنی له ده‌ستچوویان، سه‌ر له‌نوێ بژییننه وه.
ئه‌رێ، زمان ژێر خانی تایبه‌تکاره‌کانی نه‌ته‌وه نییه، به‌ڵکو سه‌رخانی ئه‌و تایبه‌تکارانه‌یه. پاراستنی ئه‌و سه‌رخانه، پێویستی به‌ژێرخانێک هه‌یه که له‌سه‌ر بنچینه‌یه‌کی پته‌و راگیر کرابێ. ئه‌و ژێرخانه، له رۆژی ئه‌وڕۆدا، سا، یان سامان (ده‌وڵه‌ت) ێکی سه‌ربه خۆیه، یان قه‌واره یه‌کی وایه، که له سنووری جوگرافیای ئه و زماندا، ده‌سه‌لاتێکی ئه‌وتۆی هه‌بێ، که زمانه‌که بپارێزێ و گه‌شه‌بدا پێی. کورد، ئه‌وڕۆ، ئه‌و سامانه سه‌ر به‌خۆیه‌ی نییه، ئه‌وه‌ی هه‌یه‌تی له‌به‌شێکی باشووری کوردستاندا، بریتییه له‌به‌له‌مێکی سووکه‌ڵه‌ی بێ بایه‌وان (شراع)، که‌سیش نازانی که‌ینێ ته‌وژمی شه‌پۆلی هه‌ڵکردووی ئاو، به هوی که‌شتییه زه‌به‌للاحه‌کانی ده‌ورو‌پشتییه‌وه، نوقمی زه‌ریای ده‌کا. ئه‌و ده‌سه‌لاته کوردییه‌ی هه‌شه، هیچ خزمه‌تێکی له‌م رووه‌وه نه‌کردووه.
جا، دروست کردنی سامانێک، یان قه‌واره‌یه‌کی له سامان چوو، که زمان له له‌نێوچوون بپارێزێ، به‌ر له هه‌مووشتێک، پێویستی به بوونی گیانێکی نه‌ته‌وه‌ییی هۆشیارانه هه‌یه، که پێوه‌ندیدارانی ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه وا لێ‌بکا، هه‌ست به به‌ر ژه‌وه‌ندییه کی هاوبه‌ش و چاره نووسیێکی هاوبه‌ش بکه‌ن و، له‌و رێیه‌وه، بوونی ناسنامه یه‌کی هاوبه‌ش، به پێویست و مافی خۆ بزانن و، ئه‌وجا، به شێوه‌یه‌کی هه‌ره‌وه‌زی و تێکۆشینێکی نێوکۆیی، هه‌وڵبده‌ن بۆی. دیاره ئه‌و هه‌سته‌ش به بێ رۆشنکاری (توعیه) یه‌کی زانستانه‌ی شێلگیر نایه‌ته کایه. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌شه که ئه‌ز ده‌مێکه خه‌ریکی بابه‌تی رۆشنکاریم و، سه‌ره‌ڕای هه‌موو به‌ر هه‌ڵست و ته‌گه‌ره و چال بۆ هه‌ڵکه‌ندنێک له لایه‌ن حیزبحیز بێنیکه‌رانه‌وه، که بوونه‌ته به‌لای سه‌ری کورد، هه‌ر یه‌که‌یان به ته‌پڵ و زوڕنای زۆردارێک هه‌ڵده‌په‌ڕێ و، به ده‌مێک و هه‌زار ده‌م، باسی ئازادی و دیمۆکراسی ده‌کا، که‌چی، به‌کرده‌وه‌ی رۆژانه‌ش دژی ساده‌ترین تێگه (مفهوم)ی دیمۆکراسی و ئازادییه، ئا، له‌م چڕه دووکه‌ڵی بازاڕی گه‌و جێتیفرۆشی به نرخی نیشتمانپه‌روه‌ریدا، ده‌مه‌وێ ده‌رد و کوێر وه‌ر‌ییه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی کورده‌واری و، کاره‌ساته‌کانی ده‌وروبه‌ری و جیهان، به‌ڕاستی و بێ که‌موکورتی و پێوه‌نان و، بێ گوێدانه راگرتنی دڵی که‌س، بخه‌مه به‌رده‌م راسته خه‌ڵکه‌که، بۆ ئه‌وه‌ی هیچ نه‌بێ، ئه‌گه‌ر بتوانم، ژماره‌یه‌ک له نه‌وه‌ی نوێ، وا لێبکه‌م که ئازادانه، به مێشکی خۆی بیر بکاته‌وه و، بابه‌تانه په‌نجه بخاته‌سه‌ر نه‌خۆشییه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌که‌ی، ئیدی، به‌درۆ و ده‌له‌سه و فیشاڵی ئه‌وانه باه‌ه‌ڕ نه‌کا، که به ساخته‌کارێتی بۆ خۆبژێنی، هه‌وڵی گۆڕینی مێژووی کورد ده‌ده‌ن و، ته‌نانه‌ت دیرۆکی دوێنێ و پێرێشی، که به‌به‌ر چاوی هه‌موو‌مانه‌وه تێپه‌ڕ بووه، ده‌یشێوێنن و، ده‌یانه‌وێ، ئه‌وه‌ی که کورد ده‌ستیکه‌وتووه و، سه‌تییه‌کی ئه‌و قوربانییه گه‌وره‌یه نییه که کورد داوێتی، بکه‌نه به‌روبوومی "خه بات"ی خۆیان و، ئه‌و راستییه له خه‌ڵک بشارنه‌وه، که ئه‌وه‌ی ئێسته هه‌یه و، که‌سیش نازانێ، که‌ینێ ئه‌نفالێکی دی له کورد ده‌کرێته وه، له ڕاستیدا ئه‌نجامی هه‌لومه‌رجێکی تاکهه‌ڵکه‌وتووی نێونه‌ته‌وه‌یی بووه، نه‌ک "خه بات"ی وان. خۆ ئه‌گه‌ر سه‌دام، له لوتبه‌رزیی خۆیه‌وه، په‌لاماری کوێتی نه‌دایه و، پاشان گه‌وجێتیی رامیاری، نه‌یگه‌یاندبایه ئه‌وه‌ی ئه‌مریکا په‌لاماری‌بدا، ئه‌وا سه‌دام هه‌تا مردن سه‌رۆکی عێراق ده‌بوو، پاش خۆشی، کوڕه‌کانی جێیانده‌گرته‌وه، ئه‌و حه‌له، هه‌ر له‌سه‌ر خۆ و، به‌سایی چاوچنۆکی بازرگانانه‌ی ده‌وڵه‌ته پیشه ساز‌ه کانه‌وه، چه‌کی ئه‌تۆمیشی به دروستکردن ده‌داو، باشووری کوردستانیشی، ته‌نانه‌ت به پێنجوینیشه‌وه ده‌کرده عه‌ره بنشین و، هه‌زاران ماچو‌مووچکردنی سه‌دامیش، پوولێکی قه‌ڵپی نه ده هێنا. ئه‌ز، راست ده‌مه‌وێ، ئه‌و سیاسه‌ته چه‌واشه‌کارانه‌یه به‌په‌ند بکه‌م، که هزاران کرێکاری کورد، بێکار و برسی، به کۆلاناندا ده‌سووڕێنه‌وه، که‌چی رێده‌د‌رێ به هزاران عه‌ره‌ب، به‌نێوی کرێکارییه‌وه، له کوردستاندا خۆیان نیشته‌جێ بکه‌ن و، جێ به کرێکاره هه‌ژاره کانی کوردستان لێژ بکه‌ن. مانه‌وه ی درێژ‌خایه نیشیان ده‌بێته هۆی گۆڕینی دیمۆگرافیای کوردستان. ئه‌ز، ده‌مه‌وێ ئه‌و سیاسه‌ته به‌په‌ند بکه‌م که حیزبه‌کان، به بۆنه‌و بێبۆنه، باسی مافی ژنان ده‌که‌ن، که‌چی هه‌ر رۆژ نا‌رۆژێک، کچێک، یان چه‌ند کچێکی کورد، به ئاگری پرێمز ده‌سووتێن، یان خۆیان ده‌کوژن، یان له سه‌ر ئه‌وه‌ی که نێویان ناوه "ناموس"و "کڕینه‌وه‌ی ئاوڕوو" خوێنیان ده‌ڕژێنرێ، کاربه‌ده‌ستانی حیزبه‌کان قوڕوقه‌پ ده‌که‌ن لێی و، بکوژه‌کانیش وه‌ک به‌رزه‌کی بانان بۆی ده‌ده‌رچن. ئه‌ز، ده‌مه‌وێ ئه‌و سیاسه‌ته به‌په‌ند بکه‌م، که به ملوێن پاره‌ی کوردستان، بێ لێپرسینه‌وه، به‌فه‌رمانی تاکه‌که س، به‌ملا به‌ولادا ته‌خشوپه‌خش ده‌کرێ و، مرۆڤی گه‌جه‌ر گوجه‌ر لرفلێده‌ر، له ولاتانی ده‌ره‌وه، به‌نێوی "دۆستی کورد"ه‌و‌ه بانگێشت ده‌کرێن بۆ هه‌ولێر و سلێمانی، به‌تایبه‌تی بۆ هه‌ولێر و، ئه‌وانیش، پاش چه‌ند په‌سندانێکی درۆیینه‌ی خۆیان و، سه‌رکرده‌کانی حیزبه ده‌سه‌لاتداره‌کان، میواندارییه‌کی پاشایانه ده‌کرێن، به‌گیرفانی پڕه‌وه ده‌گه‌ڕێنه‌وه، بێ ئه‌وه‌ی هیچ سوودێکیان بۆ دۆزی کورد هه‌بووبێ، له‌قسه‌ی زل و خراپه‌کاری به‌رامبه‌ر کوردی سه‌ربه‌خۆ به‌ولاوه، ته‌نانه‌ت هه‌ندێکیشیان زیانیان هه‌بووه بۆ دۆزی کورد له ده‌ره‌وه‌ی کوردستان. هه‌ر بۆ نموونه، هی واهه‌یه کۆمه‌ڵێکی چه‌ند که‌سی پێکه‌وه‌ناوه، که هیچ ده‌سه‌لاتێکی له ئه‌وروپا نه‌بووه و نیه، له بلاوکردنه‌وه‌ی چه‌ند بلاڤۆلێک پتر، یان چوونه خۆپێشاندانێکه‌وه له‌گه‌ڵ حیزبێک یان کۆمه‌ڵێکی کوردی، له‌به‌ر که‌میی ئه‌ندامه‌کانی که به‌په‌نجه‌ی ده‌ست ده‌ژمێردرێن، که چی سالانی ساڵ خه‌ریکی ئه‌وه بووه، کورده ئێزیدییه کان، که ره‌سه‌نترین کوردن، به گه‌لێکی "جیاواز له کورد" بداته قه‌له‌م، یان نه‌خشه‌یه‌ک بۆ ئه‌رمه‌نستان بلاوبکاته‌وه، که هه‌موو باکووری کوردستانی تێبخا. به‌لام که‌ده‌چێته کوردستان، وه‌ک پارێزه‌ری کورد، به‌ره‌وپیری ده‌چن و سوپاسیده‌که‌ن. ئه‌مه له‌کاتێدا، که هونه‌رمه‌ندێکی کورد، یان زانایه‌کی کورد، یان که‌سێتیه‌کی خزمه‌تگوزاری کورد، که‌ڕێزی خۆی ده‌گرێ و، ماستاو بۆ ده‌سه‌لاتداران ناکا، ئه‌گه‌ر ڕێی بکه‌وێته کوردستان، نه‌ک هه‌ر گوێی نادرێتێ و به‌س، به‌ڵکو خراپه‌کاریش ده‌کرێ له دژی. خۆ ئه‌گه‌ر هاتو ره‌خنه‌یه‌کی ره‌وای گرت، ئه‌وا وه‌ک دوژمن ته‌ماشایده‌کرێت .
کابرایه‌کی قیبتی میسری، که نێوی سه‌عده‌دین ئیبراهیمه، گوایه یه‌کێکه له‌و که‌سایه‌تییه ناسراوانه‌ی میسر، که له‌به‌ر هه‌ڵستکارانی رژێمی حوسنی موباره‌ک و لایه‌نگرانی سیسته‌می دیمۆکراسییه، گوایه به "دۆستی کورد" ده‌درێته قه‌ڵه‌م، له ئێواره‌ی رۆژی 24/6/2005 و، له‌ته‌له‌فزیۆنی "المستقله"دا که به‌ملیۆنان عه‌ره‌ب ته‌ماشایده‌که‌ن وتووێژی له‌گه‌ڵ سه‌روه‌ر جه‌واد مه‌لا ده‌کرد. که هێژڤا جه‌واد، باسی گه‌لکوژی له کورد کرد له عێراقدا، ئه‌و یه‌کسه‌ر به تووڕهییه‌وه هه‌ڵیدایه‌و گوتی : "ئه‌وه گه‌لکوژی نه‌بووه". ئه‌مه له کاتێکدا که ته‌نانه‌ت یه‌کێک له نوێنه‌رانی "به ره ی ترکمانی" که ئه‌ویش له‌و وتووێژه‌دا به‌شدار بوو، گوتی ئه‌ز پشتگیریی به‌ڕێز جه‌واد مه‌لا ناکه‌م، به‌لام له‌م شته‌دا هاوده‌نگم له گه‌ڵی، گه‌لکوژی بووه و به قسه ناشاردرێته‌وه.
ئه‌وجا ئێسته وه‌رن ته‌ماشاکه‌ن، ئه‌گه‌ر یه‌کێکی وه‌ک سه‌عده‌دین ئیبراهیم "دۆستی کورد "بێ، ئایا کورد پێویستی به دوژمن هه‌یه، کاربه‌ده‌ستانی کورد ؟!
ئه‌ز ده‌مه‌وێ پرسیاره بکه‌م، بزانم چۆن هێندێک له کاربه‌ده‌ستانی ئه‌م دوو حیزبه، که تا چه‌ند ساڵێک له مه‌وبه‌ر، وه‌ک کورد ده‌بێژێ " شێوی شه‌ویان نه‌بوو"، وا له پڕ، بوونه خاوه‌ن زه‌وی و دوکان و کۆشک و ئۆتۆمبێلی گران و پاره‌ی زۆر ؟ خۆ، ئه‌مه‌ش هه‌ر پرسیاری من نیه، ئه‌وه‌تا کاربه‌ده ستێکی گه‌وره‌ی " یه‌کێتی"ش که کاک نه‌وشیروان مسته‌فایه، ئه‌ویش هه‌ر باسی ده‌کا و دژی گه‌نده‌ڵی قسه ده‌کا. باشه، کاک نه‌وشیروان، تۆیه‌ک که ئه‌وه ده‌زانیت، خواش هه‌ڵناگرێ، هه‌ر گوناهێک بخرێته ئه‌ستۆی تۆ، که‌س ناتوانی تاوانی دزێتی بخاته ئه‌ستۆت و، له‌م رووه‌وه داوێنت پاکه، خۆشم ئه‌مه‌م به خۆت گوت، تۆ بۆچی له‌م کاره ناکۆڵیته‌وه ؟ فه‌رموو، که تۆ ئه‌وه ده‌ڵێیت، ئازاگۆ و ئازا مه‌یدان، وه‌ره ئه‌مه بخه‌ره دادگه، بۆچی نایخه‌یته دادگه ؟ به‌ر به‌ر‌ه‌کانی گه‌نده‌ڵیی به‌ڕێوبه‌رێتی هه‌ر به قسه‌نابێ، به‌ڵکو به کرده‌وه ده‌بێ. که‌سێک بیه‌وێ له دژی ناڕه‌وایی کار بکات، ده‌بێ دڵی هێندێک که‌سیش له خۆی بێشێنێ. ئه‌وه‌تا، ئه‌ز، که ئه‌م قسانه ده‌نووسم دڵنیام هێنده‌ک که‌س دڵیان دێشێ ڵێم، هێنده‌کیش ئافه‌رینم ده‌که‌ن، تۆش گوێمه‌ده‌ره ئه‌وانه‌ی له دژت ده‌وه‌ستن، هه‌سته بچۆ وێزه‌ی قه‌فه‌یان و، وه‌ک "ئوستاد" به شیر موشیر ده‌یگوت " قه‌فه‌یان … ."
ئه‌و ده‌مه‌وێ ئه‌و سیاسه‌ته به‌په‌ند بکه‌م که به‌درۆ باسی " یه‌کگرتنه‌وه " و، پتر له " یه‌کگرتنه‌وه‌ی پارتی و یه‌کێتی" ده‌کرێ، وه‌ک ئه‌وه‌ی له‌وه پێش ئه‌م دووانه یه‌کبووبن، یه‌کبووبن، ئه‌وجا له یه‌کتر ازابن و، ئێستا " یه‌کیانگرتبێته‌وه "، نه‌ک ئه‌وه‌ی " رێککه‌وتبن " له‌سه‌ر دابه‌شکردنی ده‌سه‌لات، تاشه‌ڕ له نێوانیان تازه نه‌بێته‌وه، چۆنکه ده‌زانن تازه بوونه‌وه‌ی شه‌ڕ، مردنی هه‌ر دو‌لایانه. باشه، ئێسته، که ئه‌مان باسی " یه‌کگرتنه‌وه" ده‌که‌ن، بۆچی وه‌زاره ته‌کانی دارایی، پێشمه‌رگه، داده و نێو‌خۆ، وا به " دوو فلیچقانه‌یی" ماونه‌ته‌وه ؟ که‌ینێ ده‌بنه یه‌ک ؟ که‌ینێ کوردستان له‌شکرێکی نه‌ته‌وه‌ییی یه‌کگرتوو، ده‌زگه‌ی ئاسایشێکی دیمۆکراتانه‌ی یه‌کگرتوو، دادگه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆ، داراییه‌کی رۆناک و بێ‌دزی و گه‌نده‌ڵی ده‌بێ ؟ که‌ینێ گشتپر سییه‌ک ده‌کرێ له گشت نێوچه‌کانی باشووری کوردستاندا، تابزانرێ خه‌لکی باشوور، چ بڕیارێک ده‌دا بۆ چاره نووسی خۆی، ئه‌وا ئه‌و عێراقه‌ی ده‌تانه‌وێ دروست بێت، له‌گیانه‌لادایه. خۆ، ئه‌گه‌ر باشوور به‌و گشتپرسییه، سه‌ربه خۆشی ده‌ستنه‌که‌وێ، ئه‌وا به‌ڵگه‌نامه‌یه‌کی ده‌که‌وێته ده‌ست، که‌وا دواڕۆژ بۆ داخوازیی مافی خۆی پشت ببه‌ستێ پێی.
ئه‌ز ده‌مه‌وێ، ئه‌و سیاسه‌ته به‌په‌ند بکه‌م، که ئه‌م دوو حیزبه ده‌سه‌لاتداره، به هه‌زار چاو بۆ که‌رکووک ئه‌سرین ده‌بارێنن و، به " دڵی کوردستان " و " قودسی کوردستان " ده‌یده‌نه قه‌ڵه‌م، که‌چی له باتی نه‌خشه‌یه‌کی یه‌کگرتوو، بۆ ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی که‌رکووک، دابین کردنی خانوو و کار بۆ لێقه‌وماوانی که‌رکووک و ئه‌وانه‌ی له ژێر خێوه‌تدا ده‌ژین و، خزمه‌تێکی فراوان به که‌رکووکییه‌کان، به کوورد و ترکمان و هه‌موو ره‌گه‌زه‌کانی دیکه‌یه‌وه، له‌وێش هه‌ر خه‌ریکی حیزبحیزبێنه‌ن. ته‌نانه‌ت دوو جۆره پرۆگرامی خوێندن و دوو جۆره رێنووس و دوو جۆره په‌روه‌رده‌ی جیاواز ده‌به‌ن به‌ڕێوه له قوتابخانه کوردییه کاندا. به قسه‌ی زلیش، هیچیان نه هێشتووه‌ته‌وه و، باسی " زمانی یه‌کگرتووی کوردی " ده‌که‌ن …
ئه‌وجا که ئێستا هاتینه سه‌ر بابه‌تی زمان، ده‌مه‌وێ بێژم، ئه‌وه‌ی وای له من کرد ئه‌م وتاره بنووسم، ئه‌وه بوو هه‌ر له‌م رۆژنامه‌یه‌دا “میدیا” یه‌کێک له وانه‌ی بووه به ئه‌ندامی "کۆڕی زانیاری کوردستان "، له باره‌ی زمانی یه‌کگرتووی کوردییه‌وه گوتبووی، نه کۆڕی زانیاری کوردستان، که ئێسته هه‌یه و، نه " کۆڕی زانیاری کورد " که له به‌غدا هه‌بوو”، هیچ به‌رنامه‌یه‌کیان بۆ ئه‌م بابه‌ته “زمانی یه‌کگرتووی کوردی”نه بووه و نییه، ئه‌وانه‌ی له‌م بواره‌دا کار ده‌که‌ن، هێندێکیان جێی به‌زه‌یی پێهاتنن، له یه‌ک شێوه ئاخاوتنی کوردیی شاره‌که‌یان، یان گه‌ڕه‌که‌که‌یان به‌و لاوه، شتێکی تر له که‌وردی نازانن. تا ئێره کاری من نییه له سه‌ری بڕۆم، ده‌بێ ئه‌ندامانی " کۆڕی بێبه‌رنامه " که خۆی یه‌کێکه له ئه‌ندامه‌کانی، وه‌رامی ئه‌م ره‌خنه‌یه بده‌نه‌وه، چۆنکه به‌زمێکی خۆشه، مرۆڤ کار به‌ده‌ستیش بێ و به‌ر هه‌ڵستکاریش بێ !! به‌لام پاش ئه‌مه هاتووه، بێ ئه‌وه‌ی نێوی من ببا، که‌وتووه‌ته په‌لاماردانی من و گوتوویه‌تی : " پسپۆڕی زمانه‌وانی هه‌یه، له‌به‌ر شه‌ڕ فریای پسپۆرییه‌که‌ی ناکه‌وێ، هه‌ر خه‌ریکی تۆپبارانی خه‌ست و خۆڵی حیزب و سه‌رکرده‌ی کوردییه ". ئه‌م په‌لاماره‌ره، هه‌ر له‌و وتاره‌یدا، باسی " خێر و بێر " ی دوو حیزبه گه‌وره‌که له‌باره‌ی زمانه‌وه، ده‌گێرێته‌وه بۆمان که له‌و‌به‌روله‌مبه‌ری شه‌قامی ره‌حیماوای که‌رکووک، پارتی و یه‌کێتی دوو جۆر پرۆگرام، هه‌ولێری و سلێمانییان به سه‌ر که‌رکووکیه‌کاندا سه‌پاندووه، که‌چی ره‌خنه‌ی ره‌وای من له سیاسه‌تکارانی دوو زلحیزبه‌که به " شه‌ڕه گه‌ڕه‌ک " و " تۆپبارانی حیزب و سه‌رکرده کوردییه‌کان " ده‌داته قه‌ڵه‌م. ئه‌ز نامه‌وێ زۆر له‌سه‌ر ئه‌م باسه‌بڕۆم، با ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێ ئه‌و که‌سانه بناسن که کرده‌وه‌ی ناهه‌ق به‌په‌تووی شڕ داده‌پۆشن، ماڵپه‌ڕی کورد بوون www.kurdbun.de بکه‌نه‌وه و، سه‌یرێکی ئه‌و " پاشگۆتن "ه بکه‌ن که بۆ " کوردستان و شۆرشه‌که‌ی "م نووسیوه ئه‌وسا تێده‌گه‌ن کێ له‌سه‌ر هه‌قه و کێ له‌سه‌ر ناهه‌قه.
ئێسته ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست له زمانی یه‌کگرتووی کوردی، ئه‌وه‌بێ که هه‌موو کورد به‌یه‌ک شێوه‌زار قسه بکه‌ن، نه‌ک هه‌ر بۆ کورد، به ڵکو بۆ هیچ گه‌لێکی ئه‌م جیهانه نه‌چووه‌ته سه‌ر و ناشچێته سه‌ر. بۆ بوونی زمانێکی یه‌کگرتوو، ده‌بێ رێزمانێکی یه‌کگرتووه ببێ بۆ شێوازه‌کانی زمانی کوردی، یه‌ک رێزمانمان نییه تاکو هه‌موویان بخاته چوارچێوه ی ده‌ستوورێکی یه‌کگرتووه‌وه. ئه‌مه‌ش له‌کردن نایه‌ت، به‌لام ده‌کرێ زمانێکی یه‌کگرتوو، بۆ نووسین و قسه‌کردنی فه‌رمی، دروستبکرێ، که وه‌ک زمانی دیوانی (رسمی،حکومی) له پاڵ شێوه‌زاره‌کاندا به‌کار بهێنرێ و شێوای گه‌شه‌پێکردن بێ، ئه‌م زمانه دیوانییه‌ش، ده‌بێ له‌سه‌ر بنچینه‌ی لێکۆلینه‌وه و‌توێژینه‌وه‌یه‌کی کوور (قووڵ)ی زمانه وانانه‌ی هه‌موو شێوه‌زاره‌کانی کوردی و زمانه خزمه‌کانی بێته به‌رهه‌م. له په‌رتووکی "زمانی یه‌کگرتووی کوردی" که چاپی یه‌که له سالی 1976 دا بلاوکرایه‌وه و، جاره‌کی دی له مه‌هاباد له 1979 دا چاپ کرایه‌وه و، له‌و وتاره‌مدا که به زمانی ئه‌ڵمانی، له ژێر نێوی " زمانی نووسینی کوردی " له ئینیسکلۆپیدیای ئێرانیکا ( ئه‌کتا ئیرانیکا ) له ساڵی 1975 دا که له‌لایدن (هۆڵه‌نده ) بلاو کراوه‌ته‌وه، گه‌لێک پێشنیازم خستووه‌ته به‌ر چاو، که هه‌ندێکی له لایه‌ن خه‌ڵکه‌وه پێڕه‌وی ده‌کرێن. به‌داخه‌وه پاش ئه‌و به‌ر‌هه‌مه، هیچ که‌سێک تا ئێسته، هیچ بابه‌تێکی نوێی نه‌خسته سه‌ر ئه‌و باسه، هه‌ر چه‌نده (30) ساڵ به سه‌ر ئه‌و کارانه‌دا تێپه‌ڕیون.
هێنانه کایه‌ی زمانێکی یه‌کگرتووی فه‌رمی، بۆ کاروباری دیوانی (رسمی)، ده‌بێ له لایه‌ن ده‌سه‌لاتێکی فه‌رمانڕه‌واوه پشتگیرییه‌کی ته‌واوی لێبکرێ، تاکو گشت لایه‌ک به‌کاری بهێنن، ئه‌گه‌رنا به‌ختی سه‌رکه‌وتنی نابێ. ئێسته ئه‌گه‌ر بێژم، ئه‌م دوو ده‌سه‌لاته کوردییه که 15 ساڵه هه‌ن، هیچ هه‌نگاوێکیان نه‌هاویشتووه له‌م باره‌یه‌وه، بگره قڵیشان به‌دره‌ختی زمانه‌که بردووه، ئه‌مه نه‌شه‌ڕه‌گه‌ڕه‌که و، نه تۆپبارانی سه‌ر کرده‌کانی کورد. ئێوه وه‌رن گوێ له قسه‌ده‌ر‌بڕینه‌کانی هه‌ندێک له‌و کار‌به‌ده‌سه گه‌ورانه بگرن که له‌ته‌له‌فیزیۆنه‌کاندا ده‌یفه‌رموون، ئه‌و ده‌مه ده‌یبینن، ئه‌گه‌ر، عه‌ره‌بێکی کوردی نه‌زان گوێبگرێ لێیان، زۆر‌به‌ی زۆری قسه کانیان تێده‌گا : " طبعا، مع الاسف، علی اساس، اهتمام، وه‌حده‌ی وه‌طه‌نی، عضوی قیادی، محاسبه، اجهزه‌ی طبی، مسایره‌ی، مصرف زراعی، بێ‌که‌فائه‌تی، بێ‌اطلاعی … و سه‌تان وشه‌ی له‌م بابه‌ته …. ئیلا ئاخیرهی …. که به‌رامبه‌ره کوردییه کانیان، قوتابییه‌کی قوتابخانه‌ی سه‌ره‌تایی ده یانزانێ. ئێدی زمانی یه‌کگرتووی کوردی، ئه‌گه‌ر دروستیشبێ، چۆن بچێته نێو " اموری ره‌سمییه‌وه "، له به‌رتان مرم ؟ ئا لێره‌دا ده‌مه‌وێ به‌سه‌ر هاتێک بگێڕمه‌وه که له‌سه‌رده‌می شۆڕشی ئه‌یلول رووی‌دابوو، کاتێک به‌رێز عیسمه‌ت شه‌ریف وانلی، وه‌ک نوێنه‌ری شۆرش له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات، له‌گه‌ڵ رۆژنامه نوسێکی ئه‌وروپایی ده‌چی بۆ کوردستان. ئه‌مه له‌و کاته‌دا ده‌بێ که ریزه‌کانی پارتیدا ناکۆکی هه‌بوو ره‌وانشاد، مه‌لا مسته‌فای بارزانی، وه‌رامی پرسیارێکی رۆژنامه نووسه‌که‌ی دابووه‌وه، که عیسمه‌ت شه‌ریف نه‌یویستبوو به‌و شێوه ره‌پوڕاسته بۆ رۆژنامه نووسه که‌ی بکا به‌فه‌ره‌نسی، له به‌ر ئه‌وه، کابرا پرسیاره که‌ی دووپاتکردبووه، ئه‌مجاره‌ش عیسمه‌ت به‌ته‌واوی تێینه‌گه‌یاندبوو. سه‌رۆک بارزانی، هه‌ستی به‌وه‌کردبوو که‌شتێک هه‌یه، به عیسمه‌تی گوتبوو، وا دیاره ئه‌و میوانه باش تێناگا. عیسمه‌تیش گوتبووی : " ناتوانم تێی بگه‌یێنم " له‌وه‌دا بارزانی به عه‌ره‌بی به عیسمه‌ت ده‌ڵێ (چۆنکه عیسمه‌ت ئه‌و سه‌رده‌مه هیچ کوردی نه‌ده‌زانی): اذا انتم لیس باستطاعتکم ان تفهموا ضیفنا هذا الشی البسیط فلماذا لاتدخلون المدرسه الابتدائیه ؟ ئه‌ز، لێره‌دا ناچار ده‌مێنم، ئه‌م قسه‌یه‌ی بارزانی ره‌حمه‌تی دووباره بکه‌مه‌وه و، بێژم : باشه، جه‌نابی کاربه‌ده‌ست، که به‌ڕێزت کراویت به‌کاربه‌ده‌ست و نانی کورد ده‌خۆیت، بۆ چی جارێ ناچیته قوتابخانه‌ی سه‌ره‌تایی، تا کوردییه‌کی ره‌وان فێر‌ببیت ؟ ئه‌وجا، ئه‌گه‌ر کورد بیانه‌وێ زمانێکی یه‌کگرتوویان هه‌بێ بۆ نووسین و کاروباری دیوانی، ده‌بێ به‌ر له هه‌موو شتێک ئه‌کادێمیایه‌کی راستینه بهێننه کایه، که ئه‌ندامه‌کانی به ناسنامه‌ی حیزبایه‌تی، یان " به‌ڵێ قوربان " نه‌بووبنه ئه‌ندام، به‌ڵکو به ناسنامه‌ی زانستکاری و هونه‌روه‌ری. پێویستیی بوونی ئه‌کادێمیایه‌کی له‌و جۆره، بۆ هێنانه‌دی زمانێکی یه‌کگرتوو، وه‌ک پێویستیی بوونی تێپی شانۆییه بۆ بنیاتنانی سینه‌ما. ئه‌و ئه‌کادێمیایه‌ش، ده‌بێ له لایه‌ن ده‌سه‌لاتێکی ده‌وڵه‌تییه‌وه پشتگری بکرێ، ئه‌گه‌رنا به‌رهه‌مه‌کانی هه‌ر له سنووری خزمه‌تی زانست‌دا ده‌مێننه‌وه. ئه‌وه‌ش له تاقیکردنه‌وه‌وه ده‌بێژم. چۆنکه ئێمه، چه‌ند مرۆڤێکی زانستکاری ده‌ره‌وه‌ی وڵات، له‌وانه : دکتۆر بارام ره‌سوڵ که نێوبانگێکی جیهانی هه‌یه، له زانستی ده‌رمانسازیدا و، پرۆفیسۆری زانستگه‌ی ئۆپسالایه له سوێد، له‌گه‌ڵ فه‌یله‌سووف و فیزیکزانی گه‌وره‌ی کورد، ره‌وانشاد محه‌ممه‌د له‌یلا، خاوه‌نی تیۆری "ماسیزم " له فیزیکدا و، مێژووزانی کورد دکتۆر که‌مال عه‌لی و، بژیشکی نژدار (جراح) ره‌وانشاد دوکتۆر حه‌سه‌نی حیسامی و ئه‌ندازیار و سیاسه‌تکار به‌ڕێز بروسک ئیبراهیم و، وه‌رگێڕی به‌ڕێز فه‌خری سه‌لاحشۆڕ و، ئابووری‌زان دوکتۆر عیسام عه‌زیز شه‌ریف ( کوڕی سیاسه‌تکار و دۆستی به نێوبانگی کورد ره‌وانشاد عه‌زیز شه‌ریف و، چه‌ند هاوکارێکی دیکه، له مانگی ئابی 1985 دا له سوێد، ئه‌کادێمیایه‌کمان دامه‌زراند به نێوی " ئه کادێمیای کوردی بۆ زانست و هونه‌ر " و، له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕ‌بوونی کاتدا، چه‌ند به‌رهه‌مێکی خۆشمان بلاوکرده‌وه. به‌ڵام، هه‌ر ئه‌وه‌نده هه‌واڵی دامه‌زراندنی ئه‌کادێمیا بڵاو بووه‌وه، ژماره یه‌ک بازرگانی سیاسه‌ت، که سالانی ساڵ بوو له ئه‌وروپا بوون، به‌ڵام، له هیچ کونێکه‌وه دیار نه‌بوون، به‌فیتی (ی.ن.ک) سازدانی شتێک که پێیان ده‌گوت " ئه‌کادێمیای کوردی ". ئه‌مان که‌وتنه خراپه‌کاری به‌رامبه‌ر به ئێمه و، داواکردنی ئه‌وه‌ی " با ئه‌کادێمیاکانی کورد یه‌کبگرن "، ئه‌مه‌ش به‌نیازی ئه‌وه‌ی ئێمه ئه‌و بازرگانانه، که هیچ پێوه‌ندێکیان به زانسته‌وه نه‌بوو و، رابردووشیان گه‌لێک په‌ڵه‌ی ره‌شی پێوه بوو، بیانخه‌ینه نێو خۆمانه‌وه، تا بکه‌ونه ئاژاوه‌گێران، به‌لام ئێمه له سه‌ر کاری خۆمان رۆیشتین. ئه‌وان له پێشه‌وه پێیانوا بوو، ئه‌م کاره‌ی ئێمه پاره‌ی تێدایه، دوایی که ده‌رکه‌وت بۆیان، نه‌ک پاره‌ی تێدانییه، به‌ڵکو ئێمه ده‌بێ خۆمان پاره بده‌ین و، پاره‌مان ده‌دا، هه‌ر زوو توانه‌وه و گۆڕیان ون بوو. ئه‌وجا، که کۆڕی زانیاری کوردستان له هه ولێر دامه‌زرایه‌وه، سه‌رده‌مێک دوکتۆر شه‌فیق قه‌زاز بوو به سه‌رۆکی ئه‌و کۆڕه و، داوای کرد که هاوکاریی "کۆڕ" بکه‌م. گوتم کاکی برا، خۆت ده‌زانیت که ئێمه چه‌ند ساڵه ئه‌و ئه‌کادێمیایه‌مان دامه‌زراندووه و باوه‌ڕیش ناکه‌م، هیچ هاوکارێکی ئه‌کادێمیا دژی هاوکاری بێ له گه‌ل داووده‌زگه‌ی زانستانه، به‌لام کۆڕ، ئه‌کادێمیا نییه. ئه‌کادێمیاش، هه‌ر چه‌ند ده‌بێ ده‌سه‌لاتێکی ده‌وڵه‌تی پشتگیری بکات لێی، به‌لام ده‌بێ سه‌ربه‌خۆ بێ. سه‌ربه‌خۆیی بۆ زانست، وه‌ک سه‌ربه‌خۆیی بۆ دادگه، بنه‌ڕه‌تی سیسته‌می دێموکراتییه. له هه‌ولێر ده‌زگه‌یه‌کی حیزبییه. کاک شه‌فیق گوتی : " که‌س ده‌ست ناخاته کاروباری کۆڕه‌وه" گوتم : هیوام وایه وابێ. گوتم : ده‌بێ کۆڕ ببێته ئه‌کادێمیایه‌کی رێزدار و سه‌ربه‌خۆ، دوایی له سه‌ر ئه‌وه ڕێککه‌وتین، که ئه‌ز به‌رنامه و کارنامه‌ی ئه‌کادێمیای کوردی بۆ زانست و هونه‌ر بنێرم بۆی، ئه‌ویش به پێی ئه‌و به‌رنامه و کارنامه‌یه، کۆڕ بکاته ئه‌کادێمیا و، هه‌ر به‌و نێوه‌وه و، زانستکار هونه‌روه‌ری کورد و بیانی که له‌سنووری به‌رنامه و ئامانجی ئه‌کادێمیادا بتوانن کار بکه‌ن وه‌ربگیرێن و، سه‌ربه‌خۆییی ئه‌کادێمیا مسۆگه‌ر بکرێ، ئه‌و ده‌مه، ئه‌م ئه‌کادێمیایه‌ی له ئه‌وروپا هه‌یه، ده‌توانێ ببێته لکی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌کادێمیای کوردستان. کاک شه‌فیق گوتی: به سه‌ر چاو. به‌رنامه و کارنامه‌م ناردبۆی، چوار ساڵ کاک شه‌فیق سه‌رۆکی ئه‌کادێمیا بوو، ئێسته‌ش و ئه‌وساش ده‌نگی نه‌بوو.
وه‌ک گوتمان، هێنایه کایه‌ی زمانێکی یه‌کگرتووی کوردی بۆ کاروباری فه‌رمیی نووسین و بڵاوکردنه‌وه، ده‌بێ له لایه‌ن ئه‌کادێمیایه کی زانستانه‌ی سه‌ربه‌خۆوه بێ، که ده‌سه‌لاتێکی ده‌وڵه‌تی پشتیبگرێ، به‌ڵام ده‌ست نه‌خاته بڕیاره کانییه‌وه به هه‌وا و هه‌وه‌سی سیاسه‌تبازی.
یه‌که‌مین مه‌رجیش بۆ سه‌رگرتنی نه‌خشه‌ی زمانی یه‌کگرتووی کردی ئه‌وه‌یه، رێنووسی زمانی کوردی له ئارامییه‌وه بگۆڕین به‌لاتینی. ئه‌مه مه‌رجێکی بنچینه‌ییه، نه‌ک هه‌ر له به‌ر ئه‌وه‌ی تیپی لاتینی باشتر ده‌گونجی له گه‌ڵ زمانی کوردی، به‌ڵکو بۆ ئه‌وه‌شه که، خه‌ڵکی باکووری کوردستان، بتوان ئه‌و رۆژنامه و په‌رتۆکانه‌ی له باشوور و رۆژهه‌لات ده‌رده‌چن بخوێننه‌وه. با هه‌مووشی تینه‌گه‌ن، به‌لام، هێدی هێدی و، تا هه‌ندازه‌یه‌ک سووت وه‌رده‌گرن لێی. ئێسته، که دبیژم به‌لاتینی، مه‌به‌ستم ئه‌وه نییه، ئه‌و لاتینیه‌ی که ئه‌ورۆ باوه، هه روه‌ک خۆی وه‌ربگیرێ و به‌کار ببرێ. نه‌خیر. ده‌بێ نه‌دستکاری بکرێ و، بیراز بکرێ. به‌بیروڕای من پیویسته تیپی ş و ç و له‌و کلاوه‌ی به‌سه‌ر ê وه‌یه، که دیاره ئه‌مه سووککردنی رێنووس و که‌مکردنه‌وه‌ی تیپه‌کانی زمانه‌که‌یه. بێجگه له‌مه‌ش زوڕ به‌پێویستی نه‌زانم، واز له‌بزرۆکه (الکسره المختلسه) بهێنین، واته کردن وا : kirdin نه‌نووسین، به لکو، هه‌ر به‌م شیوه krdn بنووسین. ئه‌و دمه که هیچ بزوێنیک له نێوان k r d n دانه‌بوو، هه‌موو که‌س به‌بزرۆکه‌ی ده‌رببرێ. ئه‌وه‌تا ئه‌ورۆ "کردن" به‌م شێوه‌یه "کیردین" نانووسین، هه‌مووشمان هه‌ر به "کردن" ده‌یخوێنینه‌وه. بۆ ر r ی قه‌له‌و ڕ R م I ی قه‌له‌و Î، ه h یه‌ک بخه‌ینه دوای تیپه‌که به‌م شیوه‌یه rh Ih. ئه‌مه رزگارمان ده‌کا له‌و کلاوه به‌سه‌ر R و I وه‌یه. به کورتی: ده‌بی خومان له چوکڵه و کلاو دوور بوه‌ینه‌وه. بیگومان گه‌لێک پیشنیازی دیکه‌ش هه‌ن که دتوانرێ بخرێنه مه‌یدانی وتووێژه‌وه. به‌لام به‌بێ به‌کار هینانی ئه‌لفوبێی لاتینی، هه‌موو باسێکی زمانی یه‌کگرتو، هه‌ر ده‌وه‌ن به‌ئاشه.
گیر‌و گرۆیه‌کی گه‌وره‌ی دیکه له‌ڕيی زمانی یه‌کگرتووی کوردی‌دا نیشانه‌ی نێرو‌مێ، له‌هه‌موو شیوه‌زاره‌کانی کوردی‌دا هه‌یه، هه‌ر یه‌که به‌رێژه‌یه‌کی تایبه‌تی، به‌کام که‌شێوه‌زاری کوردیی باکووردا، ئه‌کجار زۆره، گه‌لێکیشی هیچ پێویست نییه، چؤنکه له‌باری رێزمانه‌وه نرخێکی نییه. بۆ وێنه:کوڕێ من kurê min.ژنا من jina min، نیشانه‌ی خستنه پاڵ بۆ نێرینه(ê) بۆمێینه(a). باشه، یه‌کێ هه‌یه نه‌زانێ کوڕ نێره و ژن مێیه؟ ئه‌مه له‌لایه‌ک، له‌لائه‌کی دیکه‌وه، هه‌زاران وشه‌ی کوردی باکوور هه‌ن که‌به نێر، یان به مێ، ده‌درێنه قه‌ڵه‌م. بۆ وێنه: ده‌ستێ خوه destê xwe، چاڤێ وی Çavê wÎ،، سه‌رێ ته serê te به‌لام بازارا هه‌ولێرێ bazar hewlerê ما‌لا مه mala me. باشه،بۆچی ده‌بێ چاڤ و ده‌ست و سه‌ر نێر بن، به‌لام بازار و ماڵ مێ بن؟ به‌رای من باشتروایه، ئه‌و وشانه‌ی که له‌م بابه‌ته‌ن، به‌نیشانه‌ی خستنه پاڵی بێلایه‌نی (i)، ده‌ستنیشان بکرێن، ئه‌مه تێگه‌یشتنی شێوه‌زاری باکوور، یه‌کجار هاسان ده‌کات. ئه‌وجا نیشانه‌ی نێر و مئ بهێنرئ له‌شوێنی پێویستدا. بۆ وێنه ده‌بێژێت: هاوڕییی من hawrê yê min ئه‌وجا ئه‌گه‌ر هاوڕێیه‌که‌ت پیاو بوو، ئه‌وا، بابگوترئ هاوڕیئ من hawrê yê min خۆ ئه‌گه‌ر ژن بوو ئه‌وا هاورێیا من hawrê ya min، ئه‌وه‌ش له‌کاتێکدا ده‌رخستنی ره‌گه‌زی نێر یان مئ پێهویست بوو، ئه‌گه‌رنا هه‌ر به (i)، بمێنێته‌وه.
له کاتی جێنێو(ضمیر)ه‌که‌ی سێیه‌مدا، هه‌ر "ئه‌و ew"بئ هه‌ردوو(نێر و مئ)به‌کار ده‌هێنرئ، به‌لام ئه‌گه‌ر که‌وتینه دۆخێکه‌وه که پێویستیکرد ره‌گه‌زی ئه‌و که‌سه پێشانبدرئ ئه‌وا،"وی wÎ"بۆ نێر "وێ wê "بۆ ژن به‌کار ببرئ وی گوت gut wÎ، وئ گوت gut wê، له‌کاتی خسته پاڵیشیدا هه‌ر به‌و جۆره بکه‌ین. بۆ وێنه شتێک (تشته‌ک) به‌سه‌ر(ی) ئه‌و هات. ئه‌گه‌ر پێویستی کرد بزانین ئه‌و ew نێره یان مێیه، ئه‌و کاته ده‌توانین بێژین شتێک(تشته‌ک) به‌سه‌ر(ی) وی /وئ هات.
سووککردنێکی دیکه‌ی شێوه‌زاری باکوور و ناڤین لابردنی پاشگره‌کانه، ئه‌و پاشگرانه‌ی که به‌هۆی ئامرازی پێشگره‌وه دێنه کایه و،ئه‌گه‌ر لاببێن، هیچ جۆره سه‌ر تێکدانێک په‌یدا ناکه‌ن. بۆ وێنه: له هێنده‌ک شێوه‌زار دا ده‌گوترئ: که گه‌ڕامه‌وه هه‌ولێر، به‌لام له شێوه‌زاری دیکه‌دا دوگوترئ که گه‌ڕامه‌وه هه‌ولێر(ئ). ئه‌و ( ê ئ) یه، ئه‌گه‌ر له نووسندا لاببرئ له نرخی ڕێزمان که‌مناکاته‌وه، به‌لام زمانه‌که سووک و هاسانتر ده‌کا. ئه‌م پاشگره ناپێوستانه له شێوه‌زاری باکووردا ئه‌کجار زۆرن.
زمانی یه‌کگرتووی کوردی، ده‌بئ ده‌مکاتی دواڕۆژ(مستقبل) وه‌ربگرئ، وه‌ک له شێوه‌زاری باکوور دا هه‌یه. ئه‌مه به هیچ جۆرێک نابئ بخرێته پشتگوئ. زمانێک که ئه‌و ده‌مکاته‌ی تێدا نه‌بئ، ناته‌واوه، که گوترا: "ده‌چم بۆ که‌رکووک"، ئه‌مه ده‌مکاتی ئێستا ده‌گه‌یه‌نئ، نه‌ک دوایی. به‌لام که گوتت: (ئه‌ز) دئ بچم بۆ که‌رکووک، ئه‌وه ده‌مکاتی دواڕۆژه. دئ dê خۆی له دڤئ divê وه هاتووه، که دڤئ divê ده‌وئ dewê یه. واته ئه‌ز ده(مه) و/ڤ ئ بچم بۆ که‌رکووک، واتا ئێسته به‌ڕێوه‌نیم، به‌لام ده‌مه‌وئ (داویی) بچم بۆ که‌رکوک. جاری وا هه‌یه، ئه‌و دئ d ê یه کورت ده‌بێته‌وه ده‌بێ به ئ ê به‌مه ئاسانتر ده‌بئ: ( ئه‌ز) ئ بچم بۆ که‌رکووک.
ده‌بئ زمانی ده‌کگرتووی کوردی، له تێکه‌ڵوپێکه‌ڵیی جێنێوی لکاو، پاکبکرێته‌وه که به لایینی agglutination ه ئه‌مه‌شم بۆ ده‌که‌مجار که "زمانی ده‌کگرووی کوردی" رۆنکردووه‌ته‌وه. که کوردی باکوور ده‌بێژن : ئه‌ز گرتم ez girtim مانای وایه "ئه‌ز شتێک(یان یه‌کێکم) گرتووه "، به‌لام له‌و شێوه‌زاره‌دا بۆ ئه‌وه به‌کار ده‌برئ که "ئه‌ز گیراوم". ئه‌مه‌ش سه‌ر لێتێکدانی ڕێزمانییه، ه‌وک ئه‌وه‌ی خه‌ڵکی ده‌بێژن "سه‌ری ئێشاندم"، که ئه‌مه مانای وایه "ئه‌ز سه‌ری یه‌کێکم ئێشاندووه"، به‌لام له‌و شێوازه‌دا بۆ ئه‌وه به‌کار ده‌برئ که یه‌کێکی دی سه‌ری منی ئێشاندووه.شێوه‌زاری گه‌رمیانی (که‌رکووکی)و فویلی به راستی به‌کاری ده‌به‌ن: له‌به‌ر ئه‌وه ئه‌گه‌ر یه‌کێک، تۆی له شاره‌که‌ت ده‌ر کردبوو، مه‌یه‌ژه"ده‌ریکردم"، به‌ڵکو بێژه "ده‌رمی کرد" یان "منی ده‌رکرد". ئا له‌به‌ر ئه‌مه‌یه که بایه خدانێکی زانستانه به هه‌موو شێوه‌زاره‌کان زۆر پێویسته.
کورت و کرمانجی، زمانێکی یه‌کگرتوو بۆ ئووسین و کاری فه‌رمی شتێک نییه نه‌کرئ، به‌لام به مه‌رجێک:
1- ئه‌کادێمیاییکی راستینه بۆ زانست و هونه‌ر له کوردستاندا دابمه‌زرئ که له سنووری پشتگیریی ده‌سه‌لاتی حکومه‌تیدا، رێز له سه‌ر به‌خۆیی بگیرئ.
2- زمانی کوردی به هه‌موو شێوه‌زاره‌کانییه‌وه، که‌گه‌ڵ زمانه‌خزمه‌کان، بخرێته ژێر ورده‌بینی لێکۆڵینه‌وه و ئه‌نجامه‌کانی ئه‌و لێکۆڵینه‌وانه بخرێنه به‌ر ده‌م زانستکار و راسته‌خه‌ڵکه‌که‌ی کوردستان و کوردی ده‌ره‌وه.
3- به‌کار هێنانی ئه‌لفوبێی لاتینی بیراز کراو، بێگوێدانه دڵی ئه‌م و ئه‌و، له‌وانه‌ی پێیانوایه ئه‌لفوبێی عه‌ره‌بی که ئاسمانه‌وه هاتووه‌ته‌خوارئ، نه‌ک شێوه‌یه‌کی ده‌ستکاریکراوی ئه‌لفوبێی ئارامییه، که زمانی کۆنی جووله‌که‌کان بوو.
4- خوێندنی کوردۆلۆژی (نه‌ک ته‌نئ زمان و ئه‌ده‌بیاتی کوردی) که زمانه کۆنه‌کانی وه‌ک ئا‌ڤێستا و په‌هله‌ویه پازه‌نده و پارتی و، زانستی زمانه‌وانی بگرێته‌وه، له زانسته‌گه‌کانی کوردستاندا، که ئێسته ئه‌وه نییه.
5- دانانی فه‌رهه‌نگێکی زمانه‌وانی کوردی (زمانه‌وانیی – جوگرافیایی) که له پاڵ مانای وشو، یان زاراوه‌که‌دا، شوێنی به‌کار هێنانی له کورداران، یان ده‌ره‌وه‌ی کردستاندا دوستنیشان بکا. یان ئه‌گه‌ر دروستکراوه، ده‌ینئ، له‌لایه‌ن کێوه داهێنراوه. به‌کار ده‌برئ یان نا، هه‌روه‌ها وشه بدانییه‌کان و چاوگه‌کانیشیان بخاته به‌ر چاو.
دیاره، ئه‌مه کارێکی هاسان نییه، به‌لام ده‌سه‌لاتێکی کوردستانی، که بتوانئ چه‌ند ملیاردێک ده‌سکه‌وت به سه‌تان کۆمپانیای ترک به‌گه‌یه‌نئم له کاتێکدا که ئه‌و رژێمه چاوی به‌رایی نه‌دا، په‌ساپۆرتێکی عێراقی ببینئ، دوو وشه‌ی کوردی له‌سه‌ربئ، بێگومان ده‌توانئ چه‌ند سه‌ت ملیۆنێک بخاته خزمه‌تی داهێنانی کوردییه‌کی فه‌رمی دیوانییه‌وه، به‌لام پرسیاره‌که ئه‌وه‌یه، ئایا ده‌یکا؟. ئه‌ز ره‌شبینم، نه گه‌شبینم. لئ ئاواتی من ئه‌ڤه، که به هه‌ڵه‌چووبم. ئه‌ز، له‌لایه‌ن خۆمه‌وه، بئ هیچ جۆره چاوه‌ڕوانی و ده‌سکه‌وتێکی تایبه‌تی، ئاماده‌ی به‌شداریکردنم له‌و کاره خێره‌دا، به‌لام تا ماوم هه‌ر وه‌ک تائێستا، نه ته‌شی ده‌ڕێسم بۆ که‌س و، نه‌ده‌بمه دارده‌ستی هیچ ده‌سه‌لاتدارێک.
• وشه‌ی "سامان"م که جیاتی "ده‌وڵه‌ت" داناوه. کورد ده‌بێژین "سه‌روه‌ت و سامان"."سه‌روه‌ت" له "`ثروة"عه‌ره‌بییه‌وه نه‌هاتووه. سه‌روه‌ت له‌بنه‌ڕتدا "سه‌ر-وه‌ند"ه. "سه‌ر" کورته‌ی "سه‌رمایه"یه و "وه‌ند"یش وێنه‌یه‌کی دیکه‌ی خاوه‌ند (خاوه‌ن)ه. که‌واته سه‌روه‌ند مانای خاوه‌ن سه‌رمایه. "سامان"یش هه‌ر مانای ده‌وله‌مه‌ندی ئه‌و شته‌یه که مرۆڤ هه‌یه‌تی. وشه‌ی ئینگلیزی Wealth (سه‌رنجی وشه کۆمۆن وێلز Common Wealth بده) ئه‌مه‌ش هه‌ر مانای ده‌وڵه‌مه‌ندییه، به‌لام بۆ ده‌وڵه‌ت State به‌کار ده‌بر. هه‌روه‌ها وشه‌ی (رایش Reich)ی ئه‌ڵمانی هه‌ر مانای ده‌وڵه‌ت (ده‌وڵه‌مه‌ندی)یه و، هاوکات وه‌ک ده‌وڵه‌ت به مانای State ی ئینگلیزی به‌کار ده‌برئ.
2006/6/6
–~–~–~–~–~–~–~–~–~–~–~–~–~–~–~–~–~–~–~–~
سوپاس بۆ کاک په‌رویز ر. بۆ دوباره نووسی ئه‌م وتاره که له PDF هێنایه‌وه سه‌ر وۆرد دۆك Word.Doc