کێشه ی زمانی ره سمیی کوردی – به‌شی دوو

 

کێشه ی زمانی ره سمیی کوردی – به‌شی دوو

ئه‌میری حه‌سه‌نپوور

کێشه ی زمانی ره سمیی کوردی

 

کێشه ی زمانی ره سمیی کوردی – به‌شی دوو

ئه‌میری حه‌سه‌نپوور

کێشه ی زمانی ره سمیی کوردی


به شی دوو


2- زمانی ستاندارد و ستاندارد کردنی زمان: تیۆری و پراتیک

ستاندارد بوون پڕۆسه‌یێکی گۆڕانکاری زمانی – کۆمه‌ڵایه‌تییه‌ که‌ وێڕای په‌یدا بوونی نه‌ته‌وه‌ و بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌ایه‌تی (ناسیونالیسم) له‌ پێشدا له‌ سه‌ده‌ی شازده‌ و حه‌ڤده‌ له‌ ئوڕووپای ڕۆژئاوا ده‌ستی پێکرد. ئه‌و پڕۆسه‌یه‌ له‌ ئاسیا و ئه‌فریقا له‌ ئاخری سه‌ده‌ی نۆزده‌ دا به‌دی ده‌کرێ و زمانی وا هه‌یه‌، وه‌ک کوردی، له‌ سه‌ده‌ی بیست دا به‌ره‌و ستاندارد بوون وه‌ڕێ که‌وتوون..

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش دا پڕۆسه‌ی گۆڕان و گه‌شه کردنی زمانه‌کانی دنیا، که ژماره‌یان له نێوان 6600 و 7000 دایه، زۆر ناڕێک و ناته‌رازه‌، و هه‌ر زمانێک بارودۆخی تایبه‌تی خۆی هه‌یه، ده‌کرێ له ناخی ئه‌و تایبه‌تێتییانه دا ڕه‌وه‌نده‌ گشتییه‌کانی ستانداردبوون به‌‌دی بکه‌ین. بۆ وێنه، پرۆسه‌ی ستاندارد بوونی زمانی کوردی له بارودۆخی پێکهاتنی کورد وه‌ك نه‌ته‌وه‌یێکی بێ ده‌وڵه‌ت ده‌ستی پێکرد ئه‌ویش له شه‌رت ومه‌رجی دابه‌شکرانی زمانه‌که له نێوان چه‌ند ده‌وڵه‌ت که سیاسه‌تی زمانیی جۆرا و جۆریان هه‌بوو وهه‌ر کام به‌شێوه‌یه‌ک بڕۆژه‌ی زمانکوژییان به ڕێوه ده‌برد. به پێجه‌وانه، ستاندارد کردنی فارسی و تۆرکی وه‌ک زمانی ڕه‌سمی و ده‌وڵه‌تی ده‌ستی پێکرد. زمانی عه‌ره‌بیش کاتی ده‌ست پێکردنی ستانداردبوون، له نیوه‌ی ئاخری سه‌ده‌ی نۆزده دا، زمانی ره‌سمی (ده‌وڵه‌تی) نه‌بوو به‌ڵام دوای شه‌ری جیهانی هه‌وه‌ڵ بوو به زمانی ره‌سمی چه‌ند ده‌وڵه‌ت. سه‌رباقی ئه‌و تایبه‌تێتییانه، ستاندارد کردنی ئه‌و زمانانه وه‌ک به‌شێک له پڕۆژه‌ی نه‌ته‌وه‌ ڕۆنان ده‌ستی پێکرد و درێژه‌ی بوو – فارسی و تورکی وه‌ك ئامرازی داڕشتن و دامه‌زراندنی نه‌ته‌وه‌- ده‌وڵه‌ت و کوردی وه‌ک ئامرازی گه‌یشتن به ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تی. دیاره‌ له ئه‌و گشتێتییه دا، تایبه‌تێتی به‌دی ده‌کرێ. بۆ وێنه، یه‌کێک له پڕۆسه‌کانی ستاندارد کردن په‌تیکردنه‌ که له‌و چوار زمانانه دا (تورکی، فارسی، عه‌ڕه‌بی و کوردی) به‌دی ده‌کرێ به‌ڵام له عه‌ره‌بی و فارسی دا (که له کۆنه‌وه زمانی ئه‌ده‌بی و ئیداره‌یی هه‌ره‌ به‌ ده‌سه‌ڵاتی ناوچه بوون) سه‌ر نه‌که‌وتووه‌ و له کوردی و ترکی دا به‌شێوه‌یێکی سه‌ره‌ڕۆیانه‌ له‌ ئارا دا بووه‌.

ستاندارد بوون پڕۆسێیکی گۆڕانکاری ته‌نیا زمان نییه، و له‌وه‌زیاتر، گۆڕانێکی کۆمه‌ڵایه‌تی-زمانییه: له‌و پڕۆسه‌یه دا، هه‌م زمان ده‌گۆڕدرێ و هه‌م کۆمه‌ڵگه – ئه‌و گۆڕانه‌ش پێوه‌ندی نێوان هێزه‌کان و سه‌رچاوه‌کانی ده‌سه‌ڵات ده‌شێوێنێ و خه‌باتی سیاسی وه‌ڕێ ده‌خا. ئه‌گه‌ر ستاندارد بوون ته‌نیا دیارده‌ێیکی زمانی با، پێویست نه ده‌بوو زمانی راهاتوو و ده‌وڵه‌مه‌ندی وه‌ک فارسی و عه‌ڕه‌بی و چینی ستاندارد بکرێن. به‌بێ وردبوونه‌وه له پێوه‌ندییه‌کانی دیارده‌ی زمانی و کۆمه‌ڵایه‌تی ناتوانین کێشه‌ی زمانی ستاندارد باش شی بکه‌ینه‌وه.

له پڕۆسه‌ی ستاندارد بوون دا، زمان هه‌م له فۆڕم دا ده‌گۆڕدرێ و هه‌م له ئه‌رکه‌کانی (فانکشن) دا. گۆڕانکاری له فۆڕم دا، له گشت به‌شه‌کانی زمان دا به‌دی ده‌کرێ – سیستێمی ده‌نگی، ئۆرتۆگرافی (ئه‌لفووبێ، رێنووس)،… خاڵبه‌ندیی، وشه‌یی، رێزمانی، مه‌عنایی و هه‌روه‌ها شێوازی نووسین هه‌م له په‌خشان دا وهه‌م له هه‌ڵبه‌ست دا. له زانستییه‌کانی زمان دا ، به‌ ئه‌و ده‌ست تێوه‌ردانانه‌ ده‌ڵێن کۆدڕۆنان (کۆدیفیکه‌یشن)* واته دانانی کۆد یان قاعیده بۆ ده‌کارهێنانی زمان له قسه کردن را بگره هه‌تا رێنووس و رێزمان. بۆ وێنه، له کوردی دا، ئه‌لف و بێ چێکراوه و قاعیده‌ی نوێی بۆ داندراوه. هێندێک له چێکه‌ران ویستوویانه ده‌ست له ئه‌لف و بێی عه‌ڕه‌بی – فارسی وه‌ربده‌ن و بۆ نووسینی کوردی کارامه‌تری بکه‌ن (به زیاد کردنی حه‌رف و به ئیعراب به حه‌رف کردن) و هێڵێکی دی ویستوویانه به یه‌کجاری ده‌ستی لێ هه‌ڵ بگرن و ئه‌لف و بێی لاتینی له باتی دابنێن. ئه‌وانه گۆڕانکاریین له فۆڕمی زمان دا.

گۆڕانکاری له ئه‌رکه‌کانی زمان دا، بریتییه له ده‌کارهێنانی زمان له بواری جۆراوجۆری وه‌ک زانست، تێکنۆلۆژی، خویندن و ده‌رس کوتن، کاروباری حکوومه‌ت، چالاکی ئابووری، ئامرازی راگه یاندنی گشتی (رۆژنامه، رادیۆ…) و تیکنۆلۆژی راگه‌یاندن (کامپیوتر، ئینترنێت…). بۆ وێنه، کوردی له ساڵی 1898ه وه له بواری نوێی وه‌ک رۆژنامه‌گه‌ری دا ده‌کارهاتووه‌و له ساڵانی 1920 ه‌وه بوو به زمانی رادیۆ و خوێندنی سه‌ره‌تایی و تا راده‌یێک ئیداره‌ی ناوچه‌یی (له عیراق و یه‌کێتی سۆڤێت دا).

په‌یدا بوونی ئه‌رکی نوێ له کوردی دا ئه‌و پێداویستییه‌ی هێنا گۆڕێ که فۆڕمی زمانه‌که بگۆڕدرێ هه‌تا بتوانێ وه‌ڵامی ئه‌و نیازانه بداته‌وه. بۆ وێنه، رادیۆ کوردییه‌کانی سه‌رده‌می شه‌ڕی جیهانی دووه‌م (به‌غدا، به‌یڕووت ، یافا) له سه‌ریان بوو هه‌ر رۆژ هه‌واڵ و پرۆپاگانده‌ی شه‌ڕ بڵاو بکه‌نه‌وه‌ و ئه‌وه‌ش پێویستی به‌ په‌ره‌پێدانی وشه‌ی زمانه‌که‌ هه‌بوو جا چ به خواستنه‌وه چ به داتاشین یان شێوه‌ی دی. هه‌روه‌ها، ده‌کارهێنانی کوردی له کتێبی ده‌رسی دا کێشه‌ی نوێباو (مۆدێرن) کردنی سیستێمی وشه‌یی هێنا گۆڕێ.

ئه‌و گۆڕانکارییه له فۆڕمی زمانی کوردی دا به بێ گۆڕانی کۆمه‌ڵگه‌ی کورد پێک نه‌ده‌هات. ئه‌وه‌ش پێکهاتنی توێژێکی رۆشنبیری ناسیۆنالیست له‌ ئاخروئۆخری سه‌ده‌ی نۆزده دا بوو، که زۆرتر له شاره‌کان به‌تایبه‌ت له‌ ئیستامبوول ده‌ژیان. ئه‌و توێژه رۆشنبیره بنکه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و هێزی هانده‌ری هه‌وه‌ڵ هه‌نگاو له‌ ستاندارد کردنی زمان بوو، له 1898 ڕا هه‌تا 1918. حاجی قادر(1818-1897) که نوێنه‌رێکی ئه‌ده‌بیی ئه‌و بزووتنه‌وه‌ سیاسییه‌ بوو داوای وه‌رگێڕانی زانستی مۆدێرن، وه‌لاتانی "قائیمه و قه سیده"، و بڵاوکردنه‌وه‌ی "رۆژنامه وجه‌ریده‌"ی ده‌کرد. ساڵێک دوای مردنی حاجی، هه‌وه‌ڵ ڕۆژنامه‌ به‌ زمانی کوردی بڵاو بۆوه‌. له‌ سه‌د ساڵی ڕابردوو دا، بنکه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی بزووتنه‌وه‌ی زمانیی به‌تایبه‌تی زمانی ستاندارد و نه‌ته‌وه‌یی چه‌ند جار گۆڕدراوه‌.

له پێشدا، ئه‌و بنکه کۆمه‌ڵایه‌تییه له ساڵی 1918 به‌ولاوه له نێوان پێنج وڵات دا دابه‌ش کرا و ئه‌و دابه‌ش بوونه پرۆسه‌ی ستاندارد کردنی ته‌واو ئاڵۆز کرد. له هه‌مان کاتدا، له هشتا ساڵی رابردوو دا، بنکه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی ته‌واو گۆڕاوه‌ و، به‌په‌یدا بوونی هێزی نوێ، به‌رین تر بووه‌. له کۆڕوکۆمه ڵی ئیستانبوولی ئاخری سه‌ده‌ی نۆزده دا، بنکه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی بزووتنه‌وه‌ی زمان توێژێکی بچووک بوو که پێک هاتبوو له خانه‌کان، شێخه‌کان، مه‌ڵا و فه‌قێیه‌کان و چه‌ند ده‌رچوویێکی مه‌دره‌سه‌ی روشدییه و اعدادی، و گشتییان پیاو بوون. ته‌نانه‌ت له کوردستانی تورکییه، له ساڵی 1927دا به‌لانی که‌مه‌وه‌ له سه‌د دا 96 که‌س نه‌خوێنده‌وار بوون (بایه‌زید 97.4 ، بدلیس 98.2، دیاربه‌کر 96.5، حه‌کاری 98،6، ماردین 97.8، سعرت 96.5، وان 98.7 ).به‌ڵام ئێسته له تورکییه و ئێران و عێراق، بزووتنه‌وه‌ی زمانی له ده‌ست توێژی سونه‌تی رۆشنبیران هاتۆته ده‌رێ و له مه‌دره‌سه‌ و زانکۆکان و پارلمان و ئامرازی راگه‌یاندن، هه‌م له وڵات دا و هه‌م له ئاستی نێونه‌ته‌وه‌یی دا،به‌رده‌وامه‌. ئه‌گه‌ر له‌ سه‌ره‌تادا، خوێنه‌ره‌وه‌ تاقه‌ که‌س یان کۆڕی ناو دیوه‌خانی ئاغاوه‌ت و حوجره‌ی مزگه‌وتان بوو، ئێسته‌ "جه‌ماوه‌ری خوێنه‌ره‌وه‌" په‌یدا بووه‌. ئه‌گه‌ر جاران، توێژی ڕۆشنبیر ته‌واو پیاو بوون، ئێسته توێژێکی رۆشنبیری ژن پێک هاتووه. هێزی نوێ له بوواری زمان دا داخوازیی و نیازی نوێی هه‌یه. ئه‌گه‌ر کوردی جاران زۆر به‌زه‌حمه‌ت ده‌ستی ده‌گه‌یشته داوێنی چاپ، ئێسته به قه‌ڵه‌مبازه‌وه به‌ره‌و تێکنۆلۆژی تازه‌ی زمان وه‌ک تلفیزیۆن و کامپیوتر و ئینترنێت و ته‌له‌فوونی زیره‌ک (سمارت فۆن) وه‌ڕێ که‌وتووه. ئه‌و ده‌ستکه‌وتانه به‌رهه‌می هێزی نوێن و له‌هه‌مان کاتدا ئه‌و هێزه نوێیانه به‌رین تر و به‌هێزتر ده‌که‌ن و پێوه‌ندی نیوان له‌هجه‌کان و زمانه‌کان و نووسین و کوتن ده‌گۆڕن. تێکنۆلۆژی تازه بواری نوێ و نیازی نوێ و رێبازی نوێی له زمان دا هێناوه‌ته گۆڕێ. له و بارودۆخه دا، پڕۆژه‌ی تاقه ناوه‌ند کردنی زمانی کوردی هه‌ر له ‌هه‌وه‌ڵ هه‌نگاو دا تێک ده‌قرمێ.

لایه‌نه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی ستاندارد بوون زۆر به‌رین و ئاڵۆزن به‌ڵام ده‌کرێ ئه‌و ئاڵوزییه‌ له‌ دوو پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن و په‌سند کردنی له‌هجه‌ی ستاندارد دا به‌دی بکه‌ین. ره‌وتی گشتی ئه‌وه‌یه که یه‌کێک له له‌هجه‌کان وه‌ک بنچینه‌ی زمانی ستاندارد هه‌ڵده‌بژێردرێ یان خۆی جێگیرده‌کا، و له هه‌مان کاتدا له لایه‌ن جه‌ماوه‌ری ئاخێوه‌رانی گشت له‌هجه‌کان وه‌رده گیرێ، په‌سه‌ند ده‌کرێ، و ده‌کار ده‌هێندرێ. زمانێکی له فۆڕم دا ستاندارد کرابێ (یه‌ک سیستیمی ده‌نگ، یه‌ک ئۆرتۆگرافی، یه‌ک رێزمانی هه‌بێ)، به‌ڵام ئاخێوه‌رانی ته‌واوی له‌هجه‌کان ده‌کاری نه‌هێنن وه‌ک زمانی ستاندارد چاوی لێ ناکرێ. ئه‌وه ره‌وتی گشتییه له گۆڕانکاری کۆمه‌ڵایه‌تی له‌ پڕۆسه‌ی ستاندارد بوون دا به‌ڵام هه‌ر زمانه‌ی له‌ بارودۆخی مێژوویی خۆی دا به‌ شێوه‌ی تایبه‌تی خۆی به‌ ئه‌و ڕێیه‌ دا ده‌ڕوا.

ستاندارد کردن به ده‌کارهێنانی زمان له نووسین و خوێندنه‌وه به‌تایبه‌ت له چاپه‌مه‌نی و له په‌روه‌رده دا، دانانی رێزمان و قامووس، و چێکردن و نوێباو کردنی ئه‌لف وبێ و وشه‌کان و رینووس و خاڵبه‌ندی ده‌ست پێده‌کا. به‌ڵام هه‌ر زمانێک به گوێره‌ی بارودۆخی مێژوویی خۆی ئه‌و گۆڕانکارییه به‌ڕێوه‌ ده‌با. بۆ وێنه‌، وه‌رگێڕانی ئینجیل به زمانی ئه‌لمانی و بڵاوکردنه‌وه‌ی به‌چاپ (ساڵی 1534 ) وه‌ک هه‌نگاوێکی سه‌ره‌تایی به‌ڵام گرینگ له ستاندارد بوونی ئه‌و زمانه داده‌ندرێ. به پێچه‌وانه، له زمانی سۆمالی دا، بڵاوکردنه‌وه‌ی به‌رنامه‌ی رادیۆیی له شه‌ڕی جیهانی دووهه‌م دا به‌ سه‌ره‌تایێکی گرینگ له قه‌ڵه‌م ده‌درێ و له کوردی دا، بڵاوکردنه‌وه‌ی رۆژنامه و گۆڤار ده‌ورێکی به‌رچاوی گێڕا.

من له ده‌کار هێنانی چه‌مکی "ستاندارد" وه‌ك کردار (فیعل)، هه‌م له شکڵی تێپه‌ڕی "ستانداردکردن" و هه‌م له‌ شکڵی تێنه‌په‌ڕی "ستانداردبوون" که‌ڵک وه‌رده‌گرم. زۆر به کورتی، زمان هه‌م ستاندارد ده‌بێ و هه‌م ستاندارد ده‌کرێ. گۆڕانی زمان و کۆمه‌ڵگه پرۆسه‌یێکی وشیارانه یه (به به‌رنامه و به فکر لێ کردنه‌وه‌یه) به‌ڵام له هه‌مان کاتدا، ره‌وتی خۆڕسکی له هه‌ر پڕۆسه‌یێکی گۆڕان دا به دی ده‌کرێ. بۆ وێنه بێتوو نووسه‌رێک چیرۆکێکی زۆر باش به زمانێک یان له‌هجه‌یێک بنووسێ شان و قورسایی ئه‌و زمانه یان له‌هجه‌یه‌ زیاتر ده‌کا و پله وپایه‌ی به‌رزتر ده‌کا بێ ئه‌وه‌ی به‌رنامه‌ی بۆ ئه‌و مه‌به‌سته بووبێ. به‌ڵام له‌ په‌یدا بوونی زمانی ستاندارد دا، ده‌ست تێوه‌ردانی وشیارانه ده‌ورێکی گرینگتر له گۆڕانی خۆڕسکی ده‌گێڕێ. بۆ وێنه، له زمانی ئینگلیسی دا، ساموێل جانسن به دانانی فه‌رهه‌نگێک له ساڵی 1755 دا ده‌ورێکی چالاکانه‌ی گێڕا له ستانداردکردنی ئه‌و زمانه به تایبه‌ت رێنووسه‌که‌ی. هه‌روه‌ها، له‌ پڕۆسه‌ی په‌یدا بوونیی ستانداردێکی نوێ له زمانی ئینگلیسی دا، واته ستانداردی ئه‌مریکایی، دانانی فه‌رهه‌نگی وێبستر له سالی 1828 دا ده‌ورێکی به‌رچاوی گێڕا. له ئه‌زموونی زمانه ستاندارده‌کان دا، ناکۆکی و کۆکی هه‌یه له نێوان گۆڕانی خۆڕسکی و وشیارانه، و هه‌ر زمانێک پێوه‌ندی ئه‌و دوو ره‌وته به شیوه‌یێک رێک ده‌خا. بۆ وێنه، له فه‌ڕانسه‌ ده‌وڵه‌ت به دامه‌زراندنی ئه‌کادیمی زمان ویستوویه‌تی بۆ گۆڕانی خۆڕسکی زمان سنووردابنێ و ئه‌و ئه‌کادیمییه وه‌ک ده‌زگای به‌رنامه‌ ڕۆنانی زمانیی چالاکی بکا. به پێچه‌وانه، له ئینگلستان و ئه‌مریکا، ستاندارد کردن به بێ ئه‌کادیمی زمان به‌ڕێوه چووه. له کوردیش دا (بێجگه له یه‌کێتی سۆڤێت)، ئه‌رکی ستاندارد کردن به بێ به‌ر نامه‌یێکی وشیارانه یان به بێ ئه‌کادیمی زمان به‌ڕێوه چووه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش دا جاروبار ده‌زگایێک یان کۆمیته‌یێک (بۆ وێنه له کۆماری کوردستان دا) بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ پێک هاتووه. له کوردی دا، به‌تایبه‌تی له کوردستانی عێراق، ئه‌و ئه‌رکه‌ زۆرتر له‌سه‌ر شانی نووسه‌ران، وه‌رگێڕان، رۆژنامه نووسان، فه‌رهه‌نگ نووسان و رێزمان نووسان و به‌ڕێوه‌به‌رانی رادیۆکان بووه.

ستاندارد بوون، له گشت زمانێک دا، پرؤسه‌یێکی ناته‌واوه له به‌ر ئه‌وه‌ی که زمان هه‌موو کاتێ له گۆڕان دایه و که‌س ناتوانێ بیوه‌ستێنێ. له کاتێک دا له سه‌د ساڵی رابردوو دا زمانی کوردی خه‌باتێکی به‌رده‌وامی بۆ ستانداردبوون کردووه، له زمانی وه‌ک عه‌ڕه‌بی و فارسی و ئینگلیسی و دانمارکی و هوله‌ندی و ئه‌لمانی و سوێدی دا پرۆسه‌ی "ناستانداردبوون"** له ئارادا بووه. بۆ وێنه، زمانی فارسی کلاسیک که له هیندووستانه‌وه هه‌تا باکووری ئه‌فریقا ده‌کار ده‌هات له سه‌ده‌ی بیست دا سێ ستانداردی تاجیکی و ده‌ری و فارسی لێ په‌یدا بوو. هه‌روه‌ها زمانی عه‌ڕه‌بیش چه‌ند ستانداردی وه‌ک مه‌غریب و قاهیره و به‌غدا و ده‌میشقی لێ وه‌ده‌رکه‌وت. زمانی ئینگلیسیش، به چه‌ند ستانداردی وه‌ک ئه‌مریکایی، ئوسته‌رالیایی، هیندی، ئه‌فریقایی، و… دابه‌ش بووه. ئه‌گه‌ر زمان هه‌میشه له گۆرین دایه ستاندارد بوونی زمانیش پرۆسه‌یێکی یه‌کجاره‌کی و هه‌تا هه‌تایی نییه. ستانداردبوون و ناستانداردبوون هاوکات له ئارادان. له هه‌مان کاتدا که زمان ستاندارد ده‌بێ پرۆسه‌ی ناستاندارد بوون، جا چ به خێرایی چ به ئه‌سپایی، له گووران دا ده‌بێ.

زمانه‌کان به شیوه‌یێکی سه‌ربه‌خۆ و له فه‌زایێکی ئازاد دا به‌ره‌و ستاندارد بوون وه‌ڕێ ناکه‌ون. لێره دا مه‌به‌ستم ته‌نیا ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تیی و سیاسه‌تی زمانکوژی ده‌وڵه‌ته‌کان نییه. مه‌به‌ستم زۆرتر قورسایی فه‌رهه‌نگیی زمانه‌کانه که دیاره له ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تی جوێ ناکرێته‌وه. بۆ وینه، زمانی کوردی له تورکییه و عێراق و ئێران له بارودۆخی ده‌سه‌ڵاتی فارسی، ترکی و عه‌ره‌بی دا ده‌ستی به ستاندارد بوون کرد و ئه‌وه‌ش دوو پرۆسه‌ی له رواڵه‌تدا ناته‌بای هه‌ڵکردن و تێک هه‌ڵچوونی تێداکۆبۆته‌وه. بۆ نموونه،په‌تی کردنی وشه، که یه‌کێک له‌ ڕه‌وته‌کانی ستانداردکردنه، له کوردستانی عێراق زۆرتر به پاکتاوکردنی وشه‌ی عه‌ره‌بی به‌ڕێوه‌ده‌چێ، له ئێران به پاکتاویی فارسی و له تورکییه به بژاری وشه‌ی ترکی. له هه‌مان کات دا، وشه خواستنه‌وه له‌و زمانانه درێژه‌ی هه‌یه. خواستنه‌وه‌ی وشه، وه‌ک په‌تیکردنه‌که، کێشه‌یێکی سیاسییه و به‌رنامه‌ی ستاندارد کردنی ته‌واو ئاڵۆز کردووه. له کوردستانی عێراق زمانه‌که‌یان وه‌به‌ر لێشاوی وشه‌ی فارسی داوه به‌ڵام سه‌دان وشه‌ی خوازراو و کوردی کراوی وه‌ک "له‌هجه" پاکتاوده‌کرێ و وشه‌ی ئینگلیسی "دیالێکت"ی له‌جیگه‌ی داده‌نێن. سه‌رچاوه‌ی ئه‌و بڕیارانه له به‌رژه‌وه‌ندی سیاسی دایه نه‌ک له خسڵه‌تی زمان، به گشتی، و زمانی کوردی، به‌تایبه‌تی.

له ئه‌و چه‌ند نموونانه ‌ده‌ر ده‌که‌وێ که هه‌ر زمانێک هه‌م له ناو خۆی دا ناکۆکی هه‌یه (وه‌ک فره له‌هجه‌یێتی و سیاسه‌تی جۆرا و جۆری وشه ڕۆنان) و هه‌م له نێوان خۆی و زمانه‌کانی دی دا (وه‌ک پله‌ی به هێزیی زمانی عه‌ره‌بی و فارسی و ئینگلیسی و بێ هێزی نیسبی زمانی کوردی). زمانه‌کانی دنیا له یه‌کتر هه‌ڵنه‌بڕاون و به ته‌نیایی وبه‌ سه‌ربه‌خۆیی ناژین. ئه‌گه‌ر زمانه‌کان له رابردووی دوور دا به ده‌ریا و ئوقیانووس و قاڕه لێک جوی ده‌بوونه‌وه، به په‌یدا بوونی نیزامی ده‌سمایه‌داری لێک نزیک بوونه‌وه و نیزامێکی زمانی یان سیستیمێکی زمانییان پێک هێنا. نیزامی زمانی به‌و مه‌عنایه‌ که زمانه‌کان له دوور و نزیکه‌وه کار ده‌که‌نه‌ سه‌ر یه‌کتر و به پێی پله و پایه دابه‌ش کراون و هه‌ر کامه‌ی له ئاستێکی به‌رزی ونزمی ده‌سه‌ڵات ڕاده‌وه‌ستن: زمانی گه‌وره و بچووک، نووسراو و زاره‌کی، ره‌سمی و نا ڕه‌سمی، نه‌ته‌وه‌یی و ناوچه‌یی، ستاندارد و نا ستاندارد، نێونه‌ته‌وه‌یی و نه‌ته‌وه‌یی، ره‌سمی و سه‌رکوت کراو، و هتد.


** codification*

Ana.Deumert and Wim Vandenbussche (eds.). Germanic Standardizations. Monash University/Vrije Universiteit

Brussel/FWO Vlaaderen, 2003


تێبینی: به‌شی دووه‌می وتاری " کێشه‌ی زمانی ڕه‌سمیی کوردی" مامۆستا ئه‌میری حه‌سه‌نپوور به‌ سپاسه‌وه‌ له‌ ژماره‌ی 256 ی ڕۆژنامه‌ی ڕۆژنامه لاپه‌ڕه‌ی 13‌، سێشه‌مۆ 8-7-2008 وه‌رگیراوه‌.