زمانی کوردی وه‌ک زمانێکی ئاسمانی و پیرۆز
جه‌مال نه‌به‌ز, 2008, سوێد
زمانی کوردی وه‌ک زمانێکی ئاسمانی و پیرۆز
جه‌مال نه‌به‌ز, 2008, سوێد
زمانی کوردی، له ئاینی ئێزیدی و یارسانیدا، به‌زمانێکی ئێزدانی و پیرۆز داده‌نرێ. رۆژهه‌ڵاتناسی به‌نێوبانگی ئه‌ڵمان کارل بروکلمان Carl Brockelmann له وتارێکدا له ژماره 55 گۆڤاری "کۆمه‌ڵه‌ی رۆژهه‌ڵاتناسیی ئه‌ڵمانیدا، له ژێر نێوی Das Neujahrsfest der Yezidis (جێژنی سه‌رساڵی ئێزدییه‌کان ل.388-389) له باره‌ی جێژنی "سه‌رساڵ"ی ئێزدییه‌کانه‌وه بڵاویکردووه‌ته‌وه، که بهریهکهمین چوارشه‌مه‌ی مانگی نیسان ده‌که‌وێ و، ئه‌م وتاره‌ی له چاوگه ئارامییه کۆنه‌کان وه‌رگرتووه، ده‌بێژێت: "ئێزدان له‌و جێژنه‌دا دیتهلای ئێزدییه‌کان و به‌زمانی کوردی قسه‌ده‌کات له‌گه‌ڵیان بۆ باسی دابه‌شکردنی کار و بار و دیاریکردنی به‌ختی ساڵی نوێ. پاش ئه‌وه‌ی یه‌کێک له ئاماده بووان، بهئیجاره، هه‌موو زه‌وین و هه‌رچیه‌ک له سه‌رێتی، بۆ ماوه‌ی ساڵێک وه‌رده‌گرێ، ئه‌وجا، بهههرچوارلای خڕه‌ی زه‌ویدا ده‌ڕوانێ، بۆ ئه‌وه‌ی بزانێ مرۆڤ له چی‌یان که‌مه، دوایی روو له خه‌ڵکه‌که ده‌کات و پێیان ده‌بێژێ: "خوا دڵی به نوێژ و رۆژوو و سهرڕاوهشاندن خۆش نییه، وه‌ک ئه‌وه‌ی دیان و جوو موسڵمانان ده‌یکه‌ن. خودێی پیرۆز و مه‌زن، پتر حه‌ز لهکاروکرداری باش و خێرخوازی ده‌کات، وه‌ک له‌نوێژ و رۆژوو." له ئاینی یارسانی و ئالهویشدا، نوێژ و رۆژوو به پله‌ی دووه‌م دێ، پێوه‌ندیی له نێوان مرۆڤ و چاکه کردن له‌گه‌ڵیان، به پله‌ی یه‌که‌م دێ. که ئه‌مه‌ش رێسایه‌کی زه‌رده‌شتییه. وادیاره، هێنده‌ک لهسۆفیه عه‌ره‌به‌کانیش وه‌ک ئیبن عه‌ره‌بی (1165-1240) و حه‌سه‌نی به‌سری (642- 728 ك.) که‌وتبوونه ژێر ته‌زووی ئه‌م رامانه‌وه. ئیبن عه‌ره‌بی ده‌یگوت: "مرۆڤ ده‌توانێ له باتی نوێژ و رۆژوو شتی دیکه‌بکات". شێخ جونێدی به‌ستامی و ههلاجیش هه‌رله‌سه‌ر ئه‌و رێیه بوون. شایانی باسه، کۆڵه‌که‌کانی ئاینی ئیسلام پێنجه: نوێژ، رۆژوو، زه‌کات، حه‌ج، جیهاد. کۆڵه‌که‌کانی یارسان: پاکی، راستی، خۆنه‌ویستی، ردا (به‌خشین) (لهرائیتی ئاڤێستاییه‌وه هاتووه.) هه‌ر به‌پێی رامانی ئێزیدییه‌کان، کاتێک فریشته جیبرائیل هات بۆلایان، بۆ ئه‌وه‌ی له باره‌ی ماوه‌ی رۆژانی رۆژووگرتنه‌وه قسه‌بکات له‌گه‌ڵیان، به‌زمانی کوردی پێیگوتن ماوه‌که‌ی 3 رۆژه. ره‌مه‌زانی موسڵمانیش له‌وێ بوو. جا له‌به‌رئه‌وه‌ی ره‌مه‌زان گوێی گرانه و، زمانی کوردیش باش تێناگات، 3 رۆژه‌که به 30 رۆژ تێگه‌یشت، هه‌رچه‌نده تاوسی مه‌له‌ک، به‌په‌نجه و به‌ژماره، ویستی تێیبگه‌یه‌نێ که 30 رۆژ نیه، 3 رۆژه، به‌ڵام ئه‌و هه‌ر 30 رۆژی بۆ موسڵمانان نووسی. که رۆژووش له سه‌ر یارسانییه‌کان دانرا، له پێشه‌وه 3 شه‌و و 3 رۆژی له‌سه‌ریه‌ک بوو، به‌ڵام یارسانییه‌کان که‌وتنه بێزاری ده‌ربڕین. خوا گۆڕی بۆیان. به‌پێی رامانی یارسانییه‌کان، جبرائیل "نهێنی نه‌گوتراوی ئێزدانی" به‌زمانی کوردی راگه‌یاندووه پێیان. ئه‌و نهێنییه‌ی که په‌یامبه‌ری ئیسلام محه‌مه‌د(د.) ئاگاداربووه لێی، به‌ڵام بهیارسانییهکانی نه‌گوتووه (شانامه‌ی حه‌قیقه‌ت، ل. 202، به‌یتی 3841) لێره‌دا ده‌بێ ئه‌وه بخه‌ینه به‌رچاو، له‌کاتێکدا که په‌رتۆکه پیرۆزه‌کانی کورده موسڵمانه‌کان، ته‌نانه‌ت نوێژ و نزاکانیشیان هه‌مووی به‌زمانی عه‌ره‌بییه، په‌رتۆکه پیرۆزه‌کانی ئێزیدییه‌کان، وه‌ک جلوه و مسحهف ره‌ش و قهولهکانیان، هه‌مووی به کوردییه. هه‌روه‌ها هه‌موو په‌رتۆکه پیرۆزه‌کانی یارسانییه‌کان، وه‌ک ده‌فته‌ری پردیوه‌ری و سه‌رئه‌نجام و ده‌وره‌ی باڵووڵی زانا و ده‌وره‌ی هه‌موو چاکه‌کانی دیکه‌یان و پێشبینیهکانیی یهڵبهگی جاف و گشت به‌ڵگه‌نامه‌کانی یارسانییه‌کان، به‌زمانی کوردی و به‌شێوه‌زاری گۆرانی و سۆرانی و لۆڕییه و، له هه‌زار و دووسه‌ت ساڵ له‌مه‌وبه‌ره‌وه ده‌ستپێده‌کات. بۆوێنه: باوه تایه‌ری هه‌مه‌دانی، که یه‌کێک بووه له یاران، به کوردیی هه‌ڵبه‌ستی نووسیوه. خانای قوبادی (1083- 1168 ك.) شانازیی به زمانی کوردییه‌وه کردووه و، له‌فارسی بهشیرینتری داناوه؛
راسته‌ن، مه‌واچان: فارسی شه‌کره‌ن
کوردی، جه فارسی، به‌س شیرینترهن
به‌له‌فزی کوردی، کوردستان ته‌مام
پێش بوان مهحزوز، باقی السلام
زمانی کوردی، زمانی جه‌مخانه‌کانی یارسان و ئالهوییهکان و جڤینه‌کانی ئێزدییه‌کانه، دیاره ئالهوییهکان، به‌شێوه‌زاری کرمانجکی (دملی) قسه‌ده‌که‌ن، که‌شێوه زارێکه نێزیکه له شێوه‌زاری گۆرانی. ده‌بێ ئه‌وه‌ش بێژین که یارسانییه‌کان، شانازییان به کورد بوونی خۆیانه‌وه کردووه. شاوه‌یسی قولی که له810 ی کۆچیدا له‌دایکبووه، لهههڵبهستێکدا ده‌بێژێ:
ئه‌سڵ من جهکورد، ئه‌سڵ من جهکورد
بابۆم کورده‌نان، ئه‌سل من جهکورد
من ئه‌و شێره‌نان، چه‌نی ده‌سته‌ی گورد
سیلسیله‌ی سوپای، زوحاک کردم هورد
شایانی باسه، که په‌یامبه‌ری به‌هائییه‌کان، بههائولڵا (1817-1892) پاش ئه‌وه‌ی مه‌لا موسڵمانه‌کانی ئێران و به‌غدا ته‌نگیان پێهه‌ڵچنی و روویکرده کوردستان و له‌سلێمانی دووساڵ (1854-1855) له‌مزگه‌وتی مه‌ولانا خالید، به‌نێوی خواسته‌مه‌نیی ده‌روێش محه‌مه‌ده‌وه، بوو به مامۆستای زانستگه‌ی ئه‌و مزگه‌وته، ده‌بێژێ: "زمانی کوردی. زمانی ئاده‌م بووه" E.G. Brown: material for the study of the Bahai Religon, Cambridge 1961. که‌دیاره ئاده‌م، یه‌که‌مین مرۆڤه که خودێ ئافراندویه‌تی، ئاده‌م له‌ڕێی دۆنادۆن (گه‌ڕانی ره‌وان)ه‌وه، له‌شێوه‌ی چاکانی یارسانییه‌کاندا ده‌رکه‌وتووه. یارسانییهکانیش باوه‌ڕیان وایه، ئه‌م رامانه‌ی وان، له‌سه‌رده‌می ئه‌فراندنی جیهان و گه‌ردوون و ئاده‌م و حه‌واوه بووه.
سه‌رچاوه: جه‌مال نه‌به‌ز، فه‌لسه‌فه و رامانی یارسانی له فه‌رهه‌نگ و کۆمه‌ڵگه‌ی کورده‌واریدا، ٢٠٠٨، سوێد