ستاندارد دروست ده‌بێت دروست ناکرێت
پرۆفسۆر د. وریا عومه‌ر ئه‌مین
ستاندارد دروست ده‌بێت دروست ناکرێت
پرۆفسۆر د. وریا عومه‌ر ئه‌مین
هه‌موو زمانێک له ئه‌نجامی ئه‌و گۆڕینانه‌ی به سه‌ریا دێت ده‌بێته چه‌ند شێوه‌یێکی ناوچه‌یی.. چه‌ند کاتی به سه‌را تێپه‌ڕێ شێوه‌کان زیاتر لێک ده‌ترازێن و لێک دوور ده‌که‌ونه‌وه و جیاوازیی نێوانیان له ڕێزمان و فه‌رهه‌نگ و یاسا ده‌نگییه‌کاندا زیاتر ده‌بێ.واتا هه‌ر شێوه‌یه‌ک ده‌بێ به سیسته‌مێکی سه‌ربه‌خۆ بۆخۆی، جیا له وانی تر. هیچ هێزێ نییه بتوانێ لێکیان داته‌وه و بیانگه‌ڕێنێته‌وه بارودۆخی پێشوویان و بیانکاته‌وه به یه‌ک سیسته‌م .
هێندێک وای بۆ ده‌چن که ستاندارد ئه‌وه‌یه شێوه‌کان وه‌ک مزاش تێکه‌ڵ به یه‌کتر بکرێن و یه‌ک شێوه‌یان لێ دروست بکرێ، شتی وا له مێژوو دا ڕووی نه‌داوه و هه‌رگیز ڕوو نادات. ئه‌گه‌ر دوو سیسته‌م لێک بدرێن و بکرێن به یه‌ک هه‌ر دوو تیا ده‌چن.
له ئه‌نجامی چه‌ند هۆکارێکی مێژوویی وه‌ک سه‌رهه‌ڵدانی ناوه‌ندێکی ڕۆشنبیری یا بازرگانی یا ئایینی له یه‌كێ له ناوچه‌کاندا، قسه‌که‌رانی سه‌ر به ناوچه و شێوه‌کانی تر، بۆ ئه‌نجامدانی کاروباری بازرگانی یا ئایینی و ڕۆشنبیریان ڕووی تێ ده‌که‌ن و به‌و شێوه‌یه په‌یوه‌ندی له گه‌ڵ یه‌کتر ده‌که‌ن وده‌نووسن.. شتێکی سروشتییه گه‌ڵی وشه و ده‌ربڕین و لایه‌نه‌کانی شێوه‌زاره‌کانیان بخشێنه ناو شێوه (وه‌رگیراوه‌که).ئه‌نجام له ڕووی فه‌رهه‌نگه‌وه ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌بێ و نه‌شونما ئه‌کات و په‌ره ده‌سه‌نێ ( ته‌نها لای چینه ڕۆشنبیره‌که)، به‌ڵام له ناو خه‌ڵکه‌که وه‌ک خۆی ده‌مێنێته‌وه، بۆ نموونه شێوه‌ی سلێمانی له کوردستانی خواروودا که بۆته بناغه و ناووکی پێکهاتنی زمانێکی ستاندارد له‌م به‌شه‌ی کوردستاندا. گه‌ر ستاندارده‌که به‌راورد بکه‌ی له گه‌ڵ قسه‌ی ئاخاوتنی خه‌ڵکی سلێمانی، ده‌رده‌که‌وێ که زۆر جیاوازن.
ستاندارد وه‌ک زمانێکی دووه‌می لێ دێ و قسه‌که‌رانی سه‌ر به شێوه جیاوازه‌کانی تری زمانه‌که فێری ده‌بن.
زمان دیارده‌یه‌کی ڕه‌مه‌کییه له ژێر ڕکێفی یاسا سروشتییه‌کاندا کار ده‌کا و هه‌ڵده‌سووڕێ.. هه‌رگیز هیچ هێز و ده‌سه‌ڵاتێک ناتوانێ ده‌سکاریی بکات و دوا ڕۆژه‌که‌ی ده‌سنیشان بکات. هیچ ئه‌کادێمییایێک و ناوه‌ندێکی ده‌سه‌ڵات ناتوانن بڕیار له سه‌ر ده‌ستنیشانکردن و هێنانه ئارای زمانی ستاندارد بده‌ن.(ستاندارد دروست ده‌بێ،دروست ناکرێ).
که باسی ستاندارد ده‌کرێ، هه‌ر ناوی دوو زاراوه که کرمانجی ژوور و خواروو، ده‌هێنرێ، که‌چی زمانی کوردی به لای که‌می چوار زاراوه‌ی ناوه‌ندیی هه‌یه، بۆ ئه‌وان بڵێین چی ؟
ئه‌و ڕایه‌ی که ده‌ڵێ با به‌هه‌ر دوو زاراوه بنووسرێ و بخوێنرێ به‌لای منه‌وه دیارده‌یێکی ئاساییه.هه‌ر چۆن ئێستا به دوو زاراوه‌که ده‌نووسرێ و له میدیاکاندا ده‌نگ و باس و پڕۆگرام پێشکه‌ش ده‌کرێ با هه‌روا بێت هیچ ترسی له سه‌ر نییه. مێژوو خۆی سه‌روبه‌ری ده‌کات و یه‌کلایی ده‌کاته‌وه به مه‌رجێ ناوچه په‌رست و ده‌ڤه‌رپه‌رستان ده‌ستی تێوه‌رنه‌ده‌ن و هه‌وڵی لێک دوور خستنه‌وه‌یان نه‌ده‌ن… ئێستا زۆر وڵات و میلله‌ت هه‌ن دوو ستانداردیان هه‌یه. بۆ نموونه نه‌رویجی [ نۆروێژی] دووستانداردی هه‌یه ( بووکمۆل و نی نۆرشک).
با ئه‌مه نه‌بێته هۆکارێک بۆ دروستکردنی دووبه‌ره‌کی و کێشه‌یێکی بێ ئه‌نجام له نێوانمان که له زیان زیاتر هیچمان پێ ناگه‌یێنێ..
ئه‌زموونی هه‌موو میلله‌تانی تر به شێوه‌یێکی سروشتی و عه‌فه‌وی و بێ گیروگرفت ئه‌نجام دراوه.. له مێژووی زمانه‌وانیدا نه‌بیستراوه ئه‌م جۆره کێشه‌یه له هیچ شوێنێکدا ڕووی دابێ وزمانه‌وان یان ده‌سه‌ڵات چاره‌سه‌ری کردبێ.. له هه‌ر وڵات و شوێنێکدا بووبێت، که شێوه‌یێک بۆته هه‌وێنی زمانی ستاندارد قبووڵیان کردووه چونکه ئه‌و شێوه‌یه‌ش هه‌ر زمانی خۆیان بووه و به بیانی سه‌یریان نه‌کردووه.
زۆر میلله‌ت هه‌ن زمانێکی تر ستانداردیانه. به زمان و شێوه‌کانی خۆیان ده‌دوێن و په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ یه‌کتر دا ده‌که‌ن و شێعر و ئه‌ده‌ب ده‌نووسن، بۆ شته زانستی و گشتییه‌کان زمانه بێگانه‌که به کار ده‌هێنن و هۆکاری سه‌ره‌کی لێک به‌ستنیانه ( بۆ نموونه له هیند دا ).
ئامانجی سه‌ره‌کیمان ده‌بێ لێک نزیککردنه‌وه‌یان بێ. ئه‌مه‌ش نایه‌ته دی ئه‌گه‌ر نووسه‌ر و میدیاکان وشه و ده‌ربڕینی یه‌کتری به کار نه‌هێنن و ڕۆشنبیر و نووسه‌ران بڵاوکراوه‌کانی هه‌ردوولا به به به‌رده‌وامی نه‌خوێننه‌وه و نه‌بیستن.
یه‌که‌م هه‌نگاوی سه‌ره‌کی بۆ نزیکبوونه‌وه ئه‌وه‌یه فۆڕمه‌کانی زمانی کارگێڕیی فه‌رمانگا و ده‌زگا ڕه‌سمییه‌کان بکرێن به یه‌ک .
ئێستا له سه‌رده‌مێکی یه‌کجار ناسکداین. گه‌لێ گیروگرفتی ئاڵۆزمان له به‌ر ده‌مه هه‌رگیز کاتی ئه‌وه نییه خۆمان خه‌ریکی مه‌سه‌له‌یه‌کی وا بکه‌ین، ئامانجه سه‌ره‌کییه‌کانمان له ده‌ست بدات.
تێبینی : ئه‌م نووسراوه‌یه به سپاسه‌وه له بڵاوکراوه‌یه‌ک به ناوی "بابه‌ته‌کانی زمانی ستاندارد" که له لایه‌ن ئه‌کادیمیای کوردی یه‌وه بڵاو کراوه‌ته‌وه، وه‌رگیراوه