نه‌ریتێکی نوێ له فه‌رهه‌نگ نووسیی کوردی‌دا
ڕه‌هبه‌ر مه‌حموودزاده
نه‌ریتێکی نوێ له فه‌رهه‌نگ نووسیی کوردی‌دا
ڕه‌هبه‌ر مه‌حموودزاده
ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییانه‌ی ده‌بنه هۆی ئه‌وه‌ی فه‌رهه‌نگێک به فه‌رهه‌نگێکی چاک بناسین و له هه‌ڵسه‌نگاندندا جێگایه‌کی به‌رزی پێ بده‌ین، کامانه‌ن؟ له‌وانه‌یه کۆده‌نگییه‌کی ڕێژه‌یی له سه‌ر ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییانه‌ی خواره‌وه له نێو خوێنه‌راندا هه‌بێ:
1 ـ گشتگر بوونی فه‌رهه‌نگه‌که (جامع بودن). واته کاتێک به نیازی دۆزینه‌وه‌ی مه‌دخه‌لێک لێکی ده‌که‌یه‌وه ده‌ستت به ڕوویه‌وه نه‌نێ و مه‌دخه‌له‌که‌ی گرتبێ.
2 ـ لێکدانه‌وه و مانا کردنه‌وه‌ی ڕاست. گشتگر بوون کاتێک بایه‌خی هه‌یه ئه‌گه‌ر ئه‌و شیکردنه‌وانه‌ش که له به‌رانبه‌ر مه‌دخه‌له‌کاندا هاتوون به‌ڕاستی ئه‌رکی چاوساغیی خۆیان به‌ڕیوه ببه‌ن و خوێنه‌ر به لاڕیدا نه‌به‌ن و زانیاریی هه‌ڵه و هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنه‌ری لێ نه‌ده‌ن.
3 ـ زانستی‌بوون. ئه‌و دوو تایبه‌تمه‌ندییانه‌ی به‌رێ ئاماژه‌مان پێ کردن هه‌ڕه‌مه‌ی خه‌ڵک ڕازی ده‌کا، به‌ڵام ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه‌ی دوایه‌یه که له لێکدانه‌وه‌ی وردتر و هه‌ڵسه‌نگاندنی پسپۆڕانهتردا وێڕای ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییانه‌ی پێشوو سه‌رنجی پێ ده‌درێ.
زانستی‌بوون خۆی به هۆی چه‌ند ورده تایبه‌تمه‌ندی تره‌وه ده‌سته‌به‌ر ده‌بێ. ئه‌م ورده تایبه‌تمه‌ندییانه به شێوه‌ی خواره‌وه ده‌ستنیشان ده‌که‌ین:
1-3 دیاری کردنی جۆری وشه یان زاراوه یان ڕێکه‌وه‌ندێک که وه‌ک مه‌دخه‌ل داندراوه. بۆ نمونه له فه‌رهه‌نگی وشه‌دا مێتۆدی زانستی وا ده‌خوازێ، جۆری وشه‌کان له باری ڕێزمانییه‌وه دیاری بکرێن.
2-3 لێک هه‌ڵاواردنی که‌رته‌کانی وشه، ئه‌گه‌ر وشه‌که لێکدراو بێ.
3-3 نیشاندانی ڕه‌چه‌ڵه‌کی زمانیی وشه.
4-3 هێنانه‌وه‌ی شایه‌د و نموونه بۆ وشه.
ئێستا ئه‌گه‌ر به گوێره‌ی ئه‌م پێوه‌رانه‌ی به‌گشتی تا ئێستا باسمان کردن، هه‌نبانه بۆرینه‌ی هه‌ژار له‌گه‌ڵ قامووسی زه‌بیحی هه‌ڵسه‌نگێنین له وانه‌یه به خوێندنه‌وه‌یه‌کی خشکه‌یی، به‌م ئه‌نجامه بگه‌ین که هه‌نبانه بۆرینه له قامووس گشتگرتره (دیاره هه‌ڵسه‌نگاندنه‌که‌مان هه‌ر وشه‌کانی دوو حه‌رفی «ئهلف» و «بێ» ده‌گرێته‌وه، چونکه قامووس هه‌ر هه‌تا ئه‌و دوو حه‌رفه هاتووه‌ته ڵێش) به‌ڵام قامووس له هه‌نبانه‌بۆرینه زانستیتره. له هه‌نبانه بۆرینه‌دا زۆر وشه ده‌دۆزینه‌وه که له قامووسدا نین، وه‌کوو: ئاشمای، ئاشۆ (به مانای وچان)، ئاشۆت، ئاشوژن1 و …، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌و چوار ورده تایبه‌تمه‌ندییانه‌ی باسم کردن بکه‌ین به پێوه‌ری زانستی‌بوون، له تایبه‌تمه‌ندیی چواره‌مدا نه‌بێ (هێنانه‌وه‌ی شایه‌د و نموونه بۆ وشه) که هه‌نبانه بۆرینه له قامووس نامێنێته‌وه، بۆ ڕه‌چاوکردنی سێ مه‌رجه‌که‌ی تر ئه‌وه قامووسه که گۆی گرێوی بردۆته‌وه. با بڕوانینه ئه‌م نموونانه‌ی خواره‌وه:
له هه‌نبانه بۆرینه‌دا له به‌رانبه‌ر وشه‌ی ئاژۆدان، هه‌ر هێنده نووسراوه: بۆ شه‌وله‌وه‌ڕ بردنی مێگه‌ل2. له قامووسدا سه‌ره‌تا که‌رته‌کانی وشه لێک جودا کراونه‌ته‌وه: ئاژۆ+دان، دوایه جۆری وشه‌که له باری ڕێزمانییه‌وه دیاری کراوه: (مصتـ. [یانی مه‌سده‌ری تێکه‌ڵاو] متـ.[یانی موته‌عه‌دی] ئینجا مانای وشه‌که لێکدراوه‌ته‌وه: بردنه ده‌ره‌وه‌ی ئاژاڵ به شه‌و بۆ له‌وه‌ڕاندن … دواتر ئه‌و وشه‌یه له ڕسته‌یه‌کدا وه‌کوو نموونه که‌ڵکی لێ وه‌رگیراوه: ئه‌مه چه‌ند ڕۆژێکه ڕانه‌که ئاژۆ ده‌ده‌ین. دوای هه‌مووان به نیشانه‌ی ئه‌ستێره، هاوتا(مترادف)ی وشه‌که هاتووه : شه‌وبه‌کێو3.
له قامووسدا ڕه‌چه‌ڵه‌کی وشه‌کانیش دیاری کراون. بۆ نموونه له پێش وشه‌ی ئاسار نووسراوه [عا : آثار]. نیشانه‌ی «عا» کورتکراوه‌ی عاره‌بییه. له پێش وشه‌ی ئاسان نووسراوه [پهـ : ئاسان]. «پهـ» کورتکراوه‌ی په‌هله‌وییه4.
ئه‌گه‌ر ئه‌م سێ خاڵه بکه‌ین به پێوه‌ری هه‌ڵسه‌نگاندنی فه‌رهه‌نگی زاره‌کیی موکریان، ئه‌م فه‌رهه‌نگه له‌م تاقیکارییه‌دا چۆن ده‌رده‌چێ؟ به‌ر له وه‌ی وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره بده‌ینه‌وه با سووکهلهنگهرێک بگرین و لـــــــه سه‌ر ئـــه‌و نه‌ریته فهرههنگنووسییهی ئـــه‌م فه‌رهه‌نگه پێیه‌وه به‌ستراوه‌ته‌وه نه‌ختێک بدوێین.
خوالێخۆشبوو دوکتۆر ئه‌وڕه‌حمانی حاجی مارف له وتارێکی بهپێزیدا به ناوی «فه‌رهه‌نگنووسی» به شێوه‌یه‌کی تێروته‌سه‌ل ئاوڕی لــه مێژووی فه‌رهه‌نگنووسیی کوردی داوه‌ته‌وه5. له‌م وتاره‌دا فه‌رهه‌نگه‌کان له هه‌ندێک باره‌وه پۆلێن کراون. بۆ نموونه باسی جیاوازیی فه‌رهه‌نگی ئینسکلۆپیدی و فه‌رهه‌نگی فیلۆلۆژی کراوه (دواتر له‌م باره‌یه‌دا ده‌دوێین): یان باسی جیاوازیی ئه‌و فه‌رهه‌نگانه کراوه که به که‌ره‌سته‌ی زمانی زگ‌ماک، مانای وشه‌ی زمانێکی بێگانه لێک ده‌ده‌نه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی به‌پێچه‌وانه به که‌ره‌سته‌ی زمانێکی بێگانه، مانای زمانی زگ‌ماک لێک ده‌ده‌نه‌وه. هه‌روه‌ها له‌م وتاره‌دا فه‌رهه‌نگه کوردییه‌کان به گوێره‌ی شوێن و کاتی نووسرانیشیان پۆلین کراون، به‌ڵام هه‌تا کۆتایی وتاره‌که، که‌م و زۆر باسی جیاوازیی نیوان فه‌رهه‌نگی زاره‌کی و فه‌رهه‌نگی نڤیساری نه‌کراوه.
هه‌روه‌ها مامۆستا هه‌ژاریش له پێشه‌کیی هه‌نبانه‌بۆرینه‌ی خۆیدا باسی جیاوازیی نێوان ئه‌و فه‌رهه‌نگانه‌ی کردووه که وشه کوردییه‌کانیان به عاره‌بی یان به فارسی لێک داوه‌ته‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی فه‌رهه‌نگی کوردی به کوردین. به‌ڵام ئه‌ویش باسی جیاوازیی نێوان فه‌رهه‌نگی نڤیساری و فه‌رهه‌نگی زاره‌کی نه‌کردووه.
له کوردستانی ئیران‌دا له ساڵی 1367ی کۆچی هه‌تاوی به دواوه، هه‌ندێک فه‌رهه‌نگ نووسراون که ناکرێ به هاسانی ناوی فه‌رهه‌نگی وشه‌یان له سه‌ر دابنێین. هه‌روه‌ها ناودێرکردنیان به فه‌رهه‌نگی نڤیساریش جێگه‌ی دڕدۆنگی و تێڕامانه. ئه‌م فه‌رهه‌نگانه بریتین له:
1 ـ فه‌رهه‌نگی وشه دووانه‌کانی زمانی کوردی، نووسراوی خوالێخۆشبوو ته‌ها فه‌یزیزاده. له پاشکۆی ئه‌م کتێبه‌دا دوو نامیلکه‌ی «نۆبه‌ره»و «هه‌وێن» په‌یوه‌ست کراون که له یه‌که‌میاندا ته‌واوی ئه‌و ڕێکه‌وه‌ند و زاراوه و په‌ند و مه‌سه‌ل و به‌یت و باوانه‌ی هه‌ڵگری چاوگی«چوون»ن کۆ کراونه‌ته‌وه و له دووه‌میشیاندا ئه‌وانه‌ی وشه‌ی «ده‌ست»یان له خۆ گرتووه، ڕێچکه‌یان پێ به‌ستراوه6.
2 ـ په‌ندی پێشینیان، نووسراوی سه‌ید عه‌بدولحه‌مید حیره‌ت سه‌ججادی 7.
3 ـ امثال و حکم کردی، نووسراوی قادر فه‌تاحی قازی؛ دوو به‌رگ8.
4 ـ ده‌سته‌بوخچه؛ زاراوه‌ی ژنانی موکریان، کۆکراوه‌ی هێدی(جه‌عفه‌ر حوسێن‌پوور)9.
دیاره ئه‌م فه‌رهه‌نگانه له چه‌شنی هه‌نبانه‌بۆرینه و قامووس نین.
بۆ جیاوازی دانان له نێوان فه‌رهه‌نگی له چه‌شنی هه‌نبانه‌بۆرینه و له چه‌شنی فه‌رهه‌نگی زاره‌کیی موکریان، هه‌وه‌ڵ بیرۆکه‌یه‌ک که مێشکمان ختووکه ده‌دا له وانه‌یه ئه‌م بیرۆکه‌یه بێ که بڵێین هه‌نبانه‌بۆرینه فه‌رهه‌نگێکی تهوتۆیه، ئه‌م وشانه‌ی له خۆ گرتووه که له نووسینی کوردی‌دا به کار ده‌هێندرێن، به‌ڵام فه‌رهه‌نگی زاره‌کیی موکریان هه‌ڵگری ئه‌و په‌یڤانه‌یه که به سه‌ر زاری خه‌ڵکه‌وه‌ن و له شێوه ئاخافتنه‌کانی خۆمانهتردا که‌لکیان لێ وه‌رده‌گیرێ. ئه‌م بیرۆکه سه‌ره‌تایییه چه‌ند گرفتێکی هه‌یه. یه‌ک له‌وانه ئه‌وه‌یه فه‌رهه‌نگه به زاره‌کی ناودێرکراوه‌کان ده‌توانن له خۆگری زاراوه و ڕێکه‌وه‌ندی ئه‌وتۆ بن که بۆ به‌کارهێنانیان له نێو زمانی نڤیساریدا له‌مپه‌رێک له گۆڕێ‌دا نه‌بێ، بگره به کاریش هاتبن، کێ ده‌ڵێ ناکرێ زاراوه‌ی ئاو له ئاوه‌ڕۆ ده‌رکردن له زمانی نووسیندا که‌لکی لێ وه‌ربگیرێ؟ به‌پێچه‌وانه فه‌رهه‌نگه به نڤیساری ناودێرکراوه‌کان وا هه‌یه وشه‌ی ئه‌وتۆیان گرتبێ که تایبه‌ت به ئاخافتنی خه‌ڵکی ڕه‌مه‌کین و له زمانی نووسیندا لایان لێ ناکرێته‌وه. بۆ نموونه هه‌نبانه‌بۆرینه وشه‌ی «جوحمه»ی که شێوه‌ی به هه‌ڵه گۆڕدراوی وشه‌ی «جومعه»یه، گرتووه. ته‌نانه‌ت مامۆستا هه‌ژار له به‌رانبه‌ریدا نووسیویه‌تی «جوعمه»10.
گرفتی دووهه‌م له ڕاستیدا گرفتی زمانی نووسینی کوردییه که هێشتا له ڕه‌وتی ستاندارد بووندا نه‌یتوانیوه زۆر قۆناغان به‌ره‌و پێش ببڕێ. ئێستاش له نووسینی کوردی‌دا که قه‌راره ستاندارد بێ هیچ سڵه‌مینه‌وه‌یه‌ک له ئاست به‌کارهێنانی ته‌نانه‌ت به لێشاوی په‌یڤی سووکهڵهکراو و سه‌روگوێ په‌ڕیو و له ڕێسالاداو که تایبه‌ته به زمانی ڕه‌مه‌کی و ڕۆژانه له گۆڕێ‌دا نیه. له‌وانه‌یه خوێنه‌ر چه‌شنێک به سووکدانانی زمانی ئاخافتن و به‌رزتر نرخاندنی زمانی نووسین له‌م گوته‌ی سه‌ره‌وه بخوێنێته‌وه. بۆ ئه‌وه‌ی پێش به‌م خراپ تێگه‌یشتنه بگرین بۆ لاباسێکی دیکه که پێوه‌ندییه‌کی قایم و قووڵیشی له‌گه‌ڵ باسی فه‌رهه‌نگی زاره‌کی هه‌یه قه‌ڵه‌مبازێک ده‌ده‌ین، هێندێک له خاوهنڕایان له‌سه‌ر ئه‌م بڕوایه‌ن که زمانی زاره‌کی خۆی دوو له‌قی سه‌ره‌کی لێ ده‌بێته‌وه. یه‌کیان «زمانی ڕۆژانه» و یه‌کیشیان «زمانی ڕه‌مه‌کی»11. زمانی ڕه‌مه‌کی له فارسی‌دا (زبان عامیانه)ی پێ ده‌ڵێن و له ئینگلیسی‌دا (slang)ی پێ ده‌ڵێن. زمانی ڕه‌مه‌کی زمانی ئه‌و خه‌ڵکه‌یه که به‌بێ سڵه‌مینه‌وه و ئازادانه‌تر و دوور له هه‌ندێک سنووردانانی ڕه‌سمی به یه‌که‌وه ده‌دوێن و له قسه کردنیاندا په‌یڤی ئه‌وتۆ به‌کار ده‌هێنن که له‌وانه‌یه له بۆنه ڕه‌سمییه‌کاندا ته‌واو خۆیانی لێ بپارێزن، کابرای فارس ده‌ڵێ: «برو گم شو به وقتش حسابت رو می‌رسم». وه‌رگێردراوی کوردیی ئه‌م ڕستانه هه‌ر له‌م ئاسته ڕهمهکییهدا ده‌بێته شتێکی نزیک له‌مه: «بڕۆ ده خۆت هه‌ڵده، وه‌ختی خۆی مشوورت ده‌خۆم». ئه‌م ده‌ربڕینانه له ئاستی زمانی ڕه‌مه‌کی (زبان عامیانه ـ slang) دان. به‌ڵام زمانی ڕۆژانه یان زمانی قسه کردنی ڕۆژانه زۆر له زمانی نووسین دوور ناکه‌وێته‌وه. له‌گه‌ڵ زمانی نووسین جیاوازییه‌که‌ی له‌وه دایه نه‌ختێک ناڕه‌سمیتر و هه‌روه‌ها سووکهڵهکراوه. بۆ نموونه فارس ده‌ڵێ: «کتابش رو خوندم» ئه‌گه‌ر هه‌ر ئه‌م ڕسته‌یه له زمانی ستانداردی نووسیندا به کار بهێنێ ده‌نووسێ: «کتابش را خواندم».
هه‌موو ئه‌و ده‌ربڕینانه‌ی خواره‌وه که له فه‌رهه‌نگی زاره‌کیی موکریان هه‌ڵبژێردراون نموونه‌ی ده‌ربڕینی ڕه‌مه‌کین: ئه‌من ده‌ڵێم نێره ئه‌و ده‌ڵێ بیدۆشه، ئه‌سپێ ده گیرفانیدا سه‌وزه‌ڵه‌ی ده‌ڵێ، ئه‌سپ به کورتانی که‌رێ ڕازی نابێ، کرمانج وه‌ک که‌رمیز وایه ڕوو له هه‌ر کوێ کا ئاوه‌دانی ده‌کا، ئه‌و بابه‌ت مرد. ئه‌م ده‌ربڕینانه‌ی خواره‌وه‌ش نموونه‌ی ده‌ربڕینی ڕۆژانه‌ن. له موکریان ده‌ڵێن: هاتۆ یان هاتۆته‌وه. له ئه‌رده‌ڵان بۆ نموونه ده‌ڵێن ئه‌یهێنێتۆ. به‌کارهێنانی ئه‌م وشانه هه‌ر به‌م شێوه‌یه له زمانی ستانداردی نووسیندا هه‌ڵه‌یه و زه‌بر له ستانداردبوونی زمان ده‌وه‌شێنێ. له زمانی ستاندارددا ده‌نووسین «هاتووه»؛ (هاتۆ شێوه‌ی سووکه‌ڵه‌کراوی «هاتووه»یه)، «هاتووه‌ته‌وه» (هاتۆته‌وه شێوه‌ی سووکه‌ڵه‌کراوی «هاتووه‌ته‌وه»یه)، «ده‌یهێنێته‌وه» (ئه‌یهێنێتۆ، شێوه‌ی سووکه‌ڵه‌کراوی «ده‌یهێنێته‌وه»یه).
ئێستا که زانیمان چ سنوور و سهراوردێک له نێوان زمانی زاره‌کی و زمانی ستاندارددا هه‌یه. ئه‌وجار نۆره‌ی ئه‌وه‌یه ئاوڕ له بایه‌خ و گرینگیی زمانی زاره‌کی بۆ زمانی نووسین بده‌ینه‌وه. گوتمان زمانی زاره‌کی به بڕوای هه‌ندێک زمان‌ناس دوو به‌شی هه‌یه، یه‌کیان زمانی قسه‌کردنی ڕۆژانه و یه‌کیشیان زمانی ڕه‌مه‌کی؛ (دواتر نیشان ده‌ده‌ین که زمانی زاره‌کی به‌شێکی زۆر به‌نرخی تریشی هه‌یه). ئێستا ده‌ڵێین زاراوه‌ی زمانی نووسینیش هه‌ر بارته‌قای زمانی ستاندارد به‌رته‌سک نابێته‌وه. زمانی نووسین له به‌کارهێنانی ڕه‌سمیدا ده‌بێ ستاندارد بێ. وه‌ک ئه‌و زمانه‌ی له کتێبه ده‌رسییه‌کاندا که‌لکی لێ وه‌رده‌گیرێ. به‌ڵام زمانی نووسین بۆ نموونه له بواری ئه‌ده‌بی داستانی‌دا پێویستییه‌کی یه‌کجار زۆری به زمانی زاره‌کی ـ به هه‌موو به‌شه‌کانییه‌وه ـ هه‌یه. له خۆڕا نیه هه‌م له «فه‌رهه‌نگی زاره‌کی موکریان»دا و هه‌م له «ده‌سته‌بوخچه»دا که قه‌راره په‌یڤه کۆکراوه‌کانیان له زمانی خه‌ڵک خواسترابێتهوه، به لێشاو که‌لک له‌و زاراوه و په‌ند و مه‌سه‌لانه وه‌رگیراوه که له ڕۆمانه‌کانی کاک فه‌تاح ئه‌میری (هاواره‌به‌ره و میرزا)ههڵـێنجراون. (هه‌ر لێره‌وه له‌وانه‌یه ئه‌و سووکهڕهخنه مه‌یله‌و پێشنیاره به‌ره‌و ڕووی کاک سه‌لاح ببێته‌وه که مادام ئه‌و دوو ڕۆمانه‌ی کاک فه‌تاح سه‌رچاوه‌ی هێنده به که‌لک بوون بۆ فه‌رهه‌نگه زاره‌کییه‌که‌ی، ئه‌دی بۆچی که‌لکی له ڕۆمانی زینده‌خه‌و وه‌رنه‌گرتووه؟ یان وه‌کوو نموونه‌یه‌کی تر ئه‌گه‌ر که‌لکی له به‌رهه‌مێکی کهمباڕستایی وه‌رگێڕێک وه‌رگرتووه (ڕۆمانی گێلهڵیاو) بۆچی که‌لکی له به‌رهه‌مه پڕباڕستایی و قهبهترهکانی هه‌ر ئه‌و وه‌رگێڕه، وه‌ک «حه‌مه‌دۆک و دان چه‌رموو» وه‌رنه‌گرتووه؟ ئێستاش نه‌چووه بچێ، با بۆ ئاماده‌کردنی به‌رگه‌کانی دیکه ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ش بخرێنه ڕیزی سه‌رچاوه‌کان).
واته ده‌ڵێین به‌شێک له زمانی زاره‌کی (ئه‌و به‌شه‌ی پێی ده‌ڵێین زمانی ڕه‌مه‌کی) که‌لکی یه‌کجار زۆری بۆ به‌شێک له زمانی نووسین (ئه‌و به‌شه‌ی پێی ده‌ڵێین زمانی نووسینی غهیرهستاندارد که بۆ نموونه له ئه‌ده‌بدا که‌لکی لێ وه‌رده‌گیرێ) هه‌یه. به‌ڵام ده‌ره‌تانه له‌بننه‌هاتووه‌کانی زمانی زاره‌کی بۆ زمانی نووسین بارته‌قای هێنده‌ی باسمان کرد به‌رته‌سک نابێته‌وه. زمانی زاره‌کی بێجگه له دوو به‌شی زمانی قسه کردنی ڕۆژانه و زمانی ڕه‌مه‌کی به‌شێکی زۆر هه‌راو و گرینگی دیکه‌شی هه‌یه. ئه‌و به‌شه وه‌ک چۆن له زمانی زاره‌کیدا که‌لکی لێ وه‌رده‌گیرێ، هه‌ر ئاوا ده‌کرێ له زمانی ستانداریشدا به شێوه‌یه‌کی به‌رفراوان که‌لکی لێ وه‌ربگیرێ؛ ئێستاش باسی چه‌ند نموونه‌یه‌ک ده‌که‌ین. له کوردی‌دا زۆرجار به‌بێ گرفت «یای نیسبه‌ت» به دوای ناوه‌وه دهنووسێندرێ، بۆ نموونه مه‌هاباد ده‌بێته مه‌هابادی. به‌ڵام هه‌ندێک وشه هه‌ن خۆیان دوایین تیپیان «ی»یه، وه‌ک «سلێمانی» و «جه‌لی». ئینجا چۆن ده‌توانین یای نیسبه‌ت به‌م وشانه‌وه زیاد بکه‌ین؟ چونکه دوو «ی» به دوای یه‌کدا بێژ ناکرێن. هه‌ستێکی ون ختووکه‌مان ده‌دا بڵێین له نێو سووچێکی پشتگوێخراوی زمانی زاره‌کیی خه‌ڵکدا عیلاجێکی ئه‌و گرفته کراوه. هه‌ر ئاواشه مامۆستا مه‌سعوود محه‌ممه‌د بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌م گرفته په‌نا ده‌باته به‌ر زمانی زاره‌کی و ده‌ڵێ: «له گوتارێکمدا نووسیبووم «ی»ی نیسبه‌ت له‌و وشانه‌دا که کۆتایی‌یان به «ی» دێت، له ده‌وروبه‌ری سۆران به هێنانی «ت» بۆ نێوان «ی»ی کۆتایی وشه و «ی»ی نیسبه‌ت، ئه‌م ده‌قه نیسبه‌ته ده‌پاڕێزن و ده‌ڵێن کابرای جه‌لیه‌تی، سماقوولیهتی که نیسبه‌ته بۆ جه‌لی و سماقوولی. دوای نووسینی گوتاره‌که و بڵاو بوونه‌وه‌ی له گۆڤاری کۆڕی زانیاری کورددا به ماوه‌ی ساڵێک یان پتر کاغه‌زم له خوێندکارێکی خه‌ڵکی سلێمانی که له مۆسکۆ ده‌یخوێند وه‌رگرت. تێیدا نووسیبووی که خۆی له چه‌ند گه‌نجێکی خوێندکاری کۆیی پرسیبووی ئایا «جه‌لیه‌تی، سلێمانیه‌تی . . .» به‌کار دێ له کۆیێ؟ گوتبوویان هه‌رگیز شتی وه‌هامان نه‌بیستووه. بێگومان ئه‌وان ڕاستیان کردووه، چونکه به زه‌حمه‌ت ده‌گه‌نه لادێیییهک که جارێ ده‌قی کوردی ڕه‌سه‌نی له‌بیر ماوه هه‌تا لێی ببیه‌ن. سلێمانهتی . . .»12
که واته به‌شێک له‌و ڕێسا زمانییانه که له نێو زمانی زاره‌کیدا هه‌ن، به‌ڵام هێشتا نه‌دۆزراونه‌ته‌وه و به شێوه‌ی زانستی شیته‌ڵ نه‌کراون، گرینگایه‌تییه‌کی زۆریان بۆ زمانی ستاندارد هه‌یه. بۆ زمانێک وه‌کوو زمانی کوردی که نووسینی ڕێزمان به شێوه‌یه‌کی هه‌مه‌لایه‌نه و زانستی و تێروته‌سه‌ل نه‌کراوه. ئه‌و گرینگییه هێنده‌ی دیکه‌ش تۆخ ده‌بێته‌وه. جگه له‌م ڕێسا کهشفنهکراوانه، زۆربه‌ی ئه‌و زاراوه و ده‌ربڕینه زاراوهیییانهی (idioms and idiomatic expressions) له زمانی زاره‌کیدا هه‌ن. هه‌ر به‌م شێوه‌یه‌ش ده‌کرێ له نێو زمانی ستاندارددا که‌لکیان لێ وه‌ربگیرێ. که واته ئێستا ده‌ڵێین زمانی زاره‌کی له‌خۆگری سێ ژێرکۆمایه: 1 ـ زمانی ڕۆژانه 2 ـ زمانی ڕه‌مه‌کی 3 ـ به‌شێکی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ زمانی ستاندارد که یان تا ئێستا له زمانی ستاندارددا ده‌کار کراوه یان ئه‌گه‌ریش ده‌کار نه‌کراوه بۆی هه‌یه به شێوه‌یه‌کی سیستماتێک ده‌کار بکرێ. دیسان وه‌کوو نموونه ده‌ڵێم وای دابنێین خه‌ریکین ده‌قێک له زمانی فارسیڕا وه‌رده‌گێڕینه‌وه سه‌ر زمانی کوردی، تووشی ئه‌و چه‌ند ڕسته‌یه‌ی خواره‌وه هاتووین:
بادنجان بم/ بد آفت ندارد.
فلانی خرده شیشه دارد.
در هفت آسمان یک ستاره ندارم. برو سر و
گوشی آب بده و زود برگرد.
ئه‌م ڕستانه چۆن وه‌رگێڕینه سه‌ر زمانی کوردی؟ به‌شی سێهه‌می زمانی زاره‌کی لێره‌دا زۆر به هاسانی ده فریامان دێ. وه‌رگێڕدراوی هه‌موو ئه‌و ڕستانه‌مان له فه‌رهه‌نگه زاره‌کییه‌که‌ی کاک سه‌لاح پایانیانیدا دۆزیوه‌ته‌وه:
بادنجان بم/بد آفت ندارد: ئه‌سپێی گه‌نمی وه‌به‌ر نایه. فلانی خرده شیشه دارد: فلان که‌س ئهسپۆنهکهی ورده. (لێکدانه‌وه‌ی کاک سه‌لاح بۆ ئه‌م ده‌ربڕینه ئاوایه: واته «عه‌یبی دهکاریدا هه‌یه. ئه‌سپۆن ئه‌گه‌ر ورد بوو، له ترسی ئه‌وه‌ی گهپڵهی ده‌گه‌ڵ لێک درابێ، به ناپه‌سه‌ندی ده‌زانن».) در هفت آسمان یک ستاره ندارم: له حه‌وت ئاشان ده‌نکه جۆیه‌ک شک نابه‌م. برو سر و گوشی آب بده و زود برگرد: بچوو ده‌راوان به تاقی که‌وه و خێرا بگه‌ڕێوه.
ئه‌گه‌ر له بیرتان بێ له به‌شێکی ئه‌م وتاره‌دا گوتمان گرفتێک بۆ ئه‌وه‌ی فه‌رهه‌نگێکی له چه‌شنی ئه‌م فه‌رهه‌نگه‌ی کاک سه‌لاح به «فه‌رهه‌نگی زاره‌کی» ناودێر بکه‌ین ئه‌مه‌یه که له نێو ئه‌م جۆره فه‌رهه‌نگانه‌دا زاراوه و ڕێکه‌وه‌ندی ئه‌وتۆ هه‌ن که بۆ به‌کار هێنانیان له نێو زمانی نڤیساریشدا هیچ له‌مپه‌رێک نیه. ئێستا ده‌زانین هه‌ر ئه‌و به‌شه‌ی سێهه‌می زمانی زاره‌کییه که ده‌کرێ له زمانی نووسینیشدا که‌لکی لێ وه‌ربگیرێ. به‌ڵام له بنه‌ڕه‌تدا زمانی نووسین یا زمانی ستاندارد ئه‌م به‌شه‌ی له زمانی زاره‌کی خواستۆته‌وه. که واته ئێستا ده‌توانین به خاترجه‌مییه‌وه بڵێین ئه‌م فه‌رهه‌نگه‌ی کاک سه‌لاح سه‌ر به سوننه‌تێکی فه‌رهه‌نگنووسیی کوردییه که ده‌کرێ به نه‌ریتی فه‌رهه‌نگنووسیی زاره‌کی ناودێری بکه‌ین و ئه‌گه‌ر له حه‌قیش لانه‌ده‌ین له نێو ئه‌م فه‌رهه‌نگانه‌ی له‌م سوننه‌ته‌دا نووسراون فه‌رهه‌نگی زاره‌کیی موکریان شان و قه‌ڵافه‌ته‌که‌ی هێند به‌رزه که فه‌رهه‌نگه‌کانی دیکه ده‌شارێته‌وه.
ده‌مانه‌وێ به گوێره‌ی ئه‌و سێ تایبه‌تمه‌ندییانه‌ی له سه‌ره‌تای ئه‌م وتاره‌دا باسمان کردن (گشتگر بوون، جێگای متمانه بوونی لێکدانه‌وه‌کان و زانستیی بوونی مێتۆدی نووسینی فه‌رهه‌نگ)، هه‌ڵسه‌نگاندنێکمان له‌سه‌ر فه‌رهه‌نگی زاره‌کی موکریان هه‌بێ.
بۆ سه‌لماندنی گشتگر بوونی ئه‌م فه‌رهه‌نگه ته‌گه‌ره‌یه‌کی ئه‌وتۆمان نایێته سه‌ر ڕێ. ئه‌و به‌رگه‌ی بۆ حه‌رفی «ئـ» ته‌رخان کراوه به ته‌نیا 550 لاپه‌ڕه‌یه و به‌رگی دوایێش که هه‌ر به ته‌نیا بۆ حه‌رفی «ب» ته‌رخان کراوه 590 لاپه‌ڕه‌یه. ده‌کرێ په‌نا ببه‌ین بۆ نموونه‌یه‌کی به‌رهه‌ستتری دیکه.
مه‌دخه‌لی ئاو، مه‌دخه‌لی ژماره 764ه. هه‌تاکوو ژماره‌ی 1424 واته ڕێک 660 مه‌دخه‌لی پێوه‌ندیدار به وشه‌ی ئاو له‌م فه‌رهه‌نگه‌دا هاتوون. ئیتر له ناو و ئاوه‌ڵناو و چاوگه‌وه بگره هه‌تا دابونه‌ریت و داووده‌رمان و په‌ند و مه‌سه‌ڵ و مه‌ته‌ڵ و کایه و گۆرانی و فڕ و جنێو و سوێند و دوعا. ئه‌وه‌ی پێوه‌ندی به وشه‌ی ئاوه‌وه هه‌بێ، ئه‌م فه‌رهه‌نگه گرتوویه. ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه سووکهههڵوێستهیهکمان پێ ده‌کا هه‌تا به تێڕوانینێکی تر بۆ فه‌رهه‌نگی زاره‌کیی موکریان بڕوانین. کاتێک ده‌بینین که‌م بابه‌ت هه‌یه که بۆ نموونه پێوه‌ندی به دیارده‌ی ئاو له کۆمه‌ڵگای نه‌ریتیی کورده‌وارییه‌وه هه‌بووبێ و ئه‌م فه‌رهه‌نگه نه‌یگرتبێ، به‌م ئه‌نجامه ده‌گه‌ین ئه‌م فه‌رهه‌نگه هه‌ر به ته‌نیا به کاری لێکۆڵینه‌وه‌ی زمانی نایه. بۆ نموونه خوێندکارێکی کۆمه‌ڵناسییش که ده‌خوازێ له‌سه‌ر کۆمه‌ڵگای کوردی و فه‌رهه‌نگی نه‌ریتیی کوردی لێکۆڵینه‌وه بکا زه‌حمه‌ته بتوانێ سه‌رچاوه‌یه‌کی گردوکۆتر و ڕێکوپێکتر له‌م فه‌رهه‌نگه بدۆزێته‌وه. «فه‌رهه‌نگی زاره‌کی موکریان» له ڕاستیدا دایره‌تولمه‌عاریفێکی فه‌رهه‌نگی نه‌ریتیی کوردییه. ئه‌گه‌ر له‌و جیاوازییه‌ی دوکتۆر ئاوڕه‌حمانی حاجی مارف باسی ده‌کا ورد بینه‌وه ئه‌م مه‌به‌سته‌مان زۆر چاکتر بۆ ڕوون ده‌بێته‌وه. دوکتۆر ده‌ڵێ: «هه‌ر چه‌ند فه‌رهه‌نگ جۆری زۆره، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌توانرێ دوو جۆری سه‌ره‌کی جیا بکرێته‌وه: 1 ـ فه‌رهه‌نگی ئینسکلۆپێدی [ئه‌وه‌ی له ئێران پێی ده‌ڵێین دایره‌تولمه‌عاریف]، 2 ـ فه‌رهه‌نگی فیلۆلۆژی. فه‌رهه‌نگی ئینسکلۆپێدی سه‌باره‌ت به ڕووداو و دیارده و خه‌ڵک . . . هتد ده‌دوێ. هه‌رچی فه‌رهه‌نگی فیلۆلۆژییه له وشه ده‌کۆڵێته‌وه. واته وشه که دانه‌ی زمانه که‌ره‌سه‌ی سه‌ره‌کیی فه‌رهه‌نگی فیلۆلۆژییه».13
که واته فه‌رهه‌نگه‌که‌ی کاک سه‌لاح له ڕاستیدا فه‌رهه‌نگی ئینسکلۆپێدییه و فه‌رهه‌نگی فیلۆلۆژی نیه. ئینجا دێینه سه‌ر باسی جێگای متمانه بوونی لێکدانه‌وه‌کان. سه‌روبه‌ر کردنی کارێکی له‌م چه‌شنه واته نووسینی فه‌رهه‌نگێکی زاره‌کیی باوه‌ڕپێکراو، هه‌ر به ته‌نیا به گه‌ڕانه‌وه بۆ سه‌رچاوه ڕه‌سه‌ن و دهستلێنهدراوهکانی زمانی ئاخافتنی خه‌ڵکی کورد مه‌یسه‌ر ده‌بێ. سه‌رله‌به‌ری ئه‌م فه‌رهه‌نگه لیڵپاولیپ له نیشانه‌ی ئه‌وتۆن که پێمان ده‌سه‌لمێنن کاک سه‌لاح له‌م گه‌ڕانه‌وه بۆ سه‌رچاوه‌یه چاکی بۆ ده بنا‌وان کراوه‌ته‌وه. دیاره نووسه‌ر به‌ر له‌م پڕۆژه گه‌وره‌یه‌ش ئه‌زموونێکی له چه‌شنی «کانی مرادان» هه‌بووه. بۆ نیشاندانی ڕژد بوونی ئه‌و هه‌ورازه و پشووبڕ بوونی زه‌بری ئاوزه‌نگی که سوار بۆ سه‌رکه‌وتن له‌م هه‌ڵه‌مووته هه‌زار به هه‌زاره ده‌بێ ده‌کاری بکا له‌وانه‌یه هه‌ر هێنده به‌س بێ که بڵێین له‌م مه‌یدانه‌دا کوردیزانی له زه‌بری وه‌ک مامۆستا هێمنیش وا هه‌بووه بگلێ. کاک سه‌لاح خۆی له‌و پێشه‌کییه‌ی بۆ به‌رگی یه‌که‌می کتێبه‌که‌ی نووسیوه ئاماژه به‌م شێعره‌ی مامۆستا ده‌کا:
هێشتا دوور نه‌بووم له هه‌ڵگورد کیژم ده‌هاتن له شه و گورد
له‌و فه‌رهه‌نگۆکه‌ی دوکتۆر ئاوڕه‌حمانی حاجی مارف بۆ «تاریک و ڕوون»ی کردووه، له به‌رانبه‌ر وشه‌ی «شه و گورد»دا نووسراوه «ژوانی شه‌وانه» له مه‌دخه‌لی ژماره 1983ی به‌رگی یه‌که‌م له لێکدانه‌وه‌ی زاراوه‌ی «ده‌ڵێی به‌نی ئه‌ستووری، قه‌ت ده شه و گوردی که‌س نایه‌ی» ئاوا هاتووه:
«شه: شێ، شانه، دانه دانه‌ی تان و ڕایه‌ڵی به‌نی جاجم یا پۆپه‌شمین یا به‌ڕماڵ یا بووزوو، به که‌لێن ده‌نکه‌کانی ئه‌و شهیهدا ڕایه‌ڵ ده‌کرێن. گورد: دوو جووت چوارچێوه‌ی دارینن که له پانایییه‌وه ڕیزه به‌نێک وه‌کی ده‌نکه شانه به یه‌ک مه‌ودا قایم کراوه و ده‌که‌وێته پشتی شێ. [مانای ئه‌م زاراوه‌یه ده‌بێته ئه‌وه:] به کاری که‌س نایه‌ی، ده غه‌م و خۆشیی که‌سدا نی. [شایه‌د له به‌یتی ئه‌حمه‌دی شه‌نگ:] بیست و پێنج که‌س هه‌موو سه‌ردارعێل، هه‌موو پیاوی وێچوو، ئیدی هه‌ر زه‌مانه‌ی که‌سێک ده شه و گوردی دنیایه ده‌کشێ…»14.
ڕاسته فه‌رهه‌نگۆکی تاریک و ڕوون مامۆستا هێمن نه‌ینووسیوه، به‌ڵام به سه‌رێنی خۆی نووسراوه و ئاگای لێ هه‌بووه. له زۆر لێکدانه‌وه‌ی فه‌رهه‌نگی زاره‌کیی موکریان‌دا، نووسه‌ر هه‌ڵه‌ی فه‌رهه‌نگه‌کانی پێش خۆی ڕاست کردۆته‌وه؛ بۆ نموونه کاک جه‌عفه‌ر حۆسینپوور(هێدی) له کتێبی ده‌سته‌بوخچه له به‌رانبه‌ر زاراوه‌ی «ده‌ڵێی ئاوی دانووانت به خۆدا کردووه»15دا نووسیویه:[ واته] زۆر بێتامی؛ ئاوی دانووان بێتام و بێ خوێیه؛ بۆیه وا ده‌ڵێن. کاک سه‌لاح له به‌رانبه‌ر مه‌دخه‌لی ئاوی دانوون به خۆدا کردن، ئه‌م هه‌ڵه‌یه‌ی دهستهبوخچهی ئاوا ڕاست کردۆته‌وه: [واته] ته‌مبه‌ڵی و کار نه‌کردن. [ نموونه] «ده‌ست له ڕه‌ش و سپی نادا و به جارێکی ئاوی دانووانی به خۆدا کردووه»16. به‌ر له‌م زاراوه‌یه‌ش نووسه‌ر زۆر به‌وردی له سه‌ر ڕێکه‌وه‌ندی ئاوی دانوو و دابی پێوه‌ندیدار به‌م دیارده‌وه له موکریان، دواوه. له باره‌ی لایه‌نی زانستیی فه‌رهه‌نگی به‌ر باس پێویسته ئاماژه به‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه بکه‌ین:
یه‌که‌م. نووسه‌ری فه‌رهه‌نگی زاره‌کیی موکریان له به‌رگی یه‌که‌مدا بێجگه له مه‌دخه‌له سه‌ره‌کییه‌کان مه‌دخه‌له فه‌رعییه‌کانی له شازده به‌شدا لێک جودا کردوونه‌وه؛ ئه‌م به‌شانه بریتین له: باوه‌ڕ، په‌ند، جنێو، داب، داووده‌رمان، دوعا، ڕێکهوهندهکان، ڕێکهوهندهکانی ڕسته‌یی و ئاماڵڕسته‌یی، زاراوه، زمان خهڵهتێنه، سوێند، فڕ، کایه و گۆرانی، لێکدانه‌وه‌ی خه‌ون، مه‌ته‌ڵ و مه‌سه‌ل. له به‌رگی دووه‌م، دوو به‌شی دیکه واته نێوونرتکه و ههقایهتیش به‌م به‌شانه‌وه زیاد کراون. ئه‌م لێک جودا کردنه‌وه‌یه سیمایه‌کی زۆر ڕێکوپێک و ته‌کووز و زانستی داوه به فه‌رهه‌نگی زاره‌کیی موکریان.
یه‌که‌مجار نووسه‌ری ده‌سته‌بوخچه، هه‌م له پێشه‌کیی کتێبه‌که‌ی و هه‌م له وتارێکدا به ناوی «سنوورێک له نێوان په‌ند و زاراوه»دا له گۆڤاری سروه له سه‌ر پێویستیی لێک جودا کردنه‌وه‌ی جۆره‌کانی ده‌ربڕین له زمانی ئاخافتندا بابه‌تی نووسی. کاک جه‌عفه‌ر حوسێن‌پوور(هێدی) له باره‌ی جیاوازیی نێوان په‌ندی پێشینیان و زاراوه و مه‌سه‌ل ده‌نووسێ: «په‌ندی پێشینیان (Proverb) وه‌ک له نێوه‌که‌یڕا دیاره په‌ندێکی تێدایه، به‌ڵام زاراوه (idiom) شێوه‌یه‌ک قسه‌ی به توێکڵه و مانایه‌کی تێدا شاردراوه‌ته‌وه نه‌ک په‌ندێک. بۆ نموونه «بازاری که‌ساده»، «با ئه‌و سوێنده‌م لێ بکه‌وێ»، «با نۆش بێته سه‌ر ده‌ی» […] هه‌موویان زاراوه‌ن، که‌چی [له سروه‌دا] له ژیڕ ناوی په‌ندی پێشینیاندا بڵاو کراونه‌وه؛ به‌ڵام «ده‌ستت به که‌وگیر بێ، چاوت له فه‌قیر بێ»، « پیاوی ده‌سته‌وه‌ستان، چ له گه‌رمێن، چ له کوێستان» په‌ندن نه‌ک زاراوه. مهسهلیش قسه‌یه‌کی نه‌سته‌قه که به داستانێک یان ڕووداوێکه‌وه ده‌به‌سترێته‌وه، وه‌ک: دمدمی بۆ بڵێی کوڵی گریانی هه‌ڵده‌ستێ»17. ئه‌گه‌رچی لێک جودا کردنه‌وه‌ی ئه‌م شێوه ده‌ربڕینانه هه‌ندێک جار به‌ڕاستی دژواره و ته‌نانه‌ت کاک جه‌عفه‌ر بۆخۆشی وا هه‌بووه بۆ نموونه گۆرانی دایکان بۆ کۆڕه ساواکانیانی به ناوی زاراوه بڵاو کردۆته‌وه(هه‌ی کوڕه نان و هه‌ی کوڕه دۆ، بــهرغهل به‌ربوو به‌ره جۆ. ده‌سته‌بوخچه، ل. 228)، به‌ڵام به‌گشتی ئه‌م شێوه لێک جودا کردنه‌وه‌یه بوو به ڕێنوێنێکی باش بۆ تۆێژه‌رانی دواتر. پێشتر باسی ئه‌وه‌مان کرد که هێنانی هه‌ژده جۆر ده‌ربڕین یا دابونه‌ریتی پێوه‌ندیدار به بابه‌تێکه‌وه، فه‌رهه‌نگی زاره‌کیی موکریانی کردووه به دایره‌تولمه‌عاریفێکی که‌م وێنه. له‌م ڕووه‌وه فه‌رهه‌نگی زاره‌کیی موکریان تا ئێستا تاقانه‌یه.
دووهه‌م. نووسه‌ری فه‌رهه‌نگی زاره‌کیی موکریان، بۆ ڕیزبه‌ندیی مه‌دخه‌ل و ژێرمهدخهلهکان له نۆێترین مێتۆدی زانستی که به «ڕیزبه‌ندیی هێشوویی» ده‌ناسرێ، که‌ڵکی وه‌رگرتووه. له‌م مێتۆده‌دا مه‌دخه‌له سه‌ره‌کییه‌کان له ڕووی ئهلفوبێوهوه به دوای یه‌کدا ڕێز کراون، به‌ڵام مه‌دخه‌له فه‌رعییه‌کانی پێوه‌ندیدار به مه‌دخه‌له سه‌ره‌کییه‌که به شێوه هێشوویی و وه‌کوو ئه‌ندامانی خێزانێک له ژێر چه‌تری مه‌دخه‌له سه‌ره‌کییه‌که‌دا کۆ بوونه‌ته‌وه. سه‌ره‌تی و قانی به‌رچاوی ڕه‌چاو کردنی ئه‌م مێتۆده ئه‌وه‌یه که وا ده‌کا ده‌ربڕینه پێوه‌ندیداره‌کان، هه‌موو به یه‌که‌وه له ژێر چه‌تری مه‌دخه‌لێکی سه‌ره‌کیدا کۆببنه‌وه. ئه‌گه‌ر وا نه‌بوایه، ده‌ربڕینه به یه‌که‌وه خزمه‌کان وه‌کوو تۆوی هه‌رزن له هه‌موو کتێبه‌که‌دا بڵاو ده‌بوونه‌وه و پێوه‌ندیی ئۆرگانیکییان لێک ده‌پچڕا. له فه‌رهه‌نگنووسیی فارسی‌دا، بۆ نموونه له به‌رهه‌می به‌نرخی «فه‌رهه‌نگ فارسی عامیانه»ی نووسراوی مامۆستا ئه‌بولحه‌سه‌نی نه‌جه‌فی، که‌ڵک له‌م مێتۆده وه‌رگیراوه. دیاره کاک سه‌لاح سه‌ره‌ڕای که‌ڵک وه‌رگرتن له‌م مێتۆده زانستییه له پاشکۆی فه‌رهه‌نگه‌که‌یدا له به‌شی چاوساغی ئهلفوبێییدا بۆ ڕێنوێنیی خۆێنه‌ر که‌لکی له شێوه‌ی ئهلفوبێییش وه‌رگرتووه که زۆر چاک بۆ دۆزینه‌وه‌ی مه‌دخه‌له‌کان ده‌ستی خۆێنه‌ر ده‌گڕێ.
سێیه‌م. نووسه‌ری فه‌رهه‌نگی زاره‌کیی موکریان به‌پێچه‌وانه‌ی فه‌رهه‌نگه‌کانی پێشوو، ده‌ربڕینه‌کانی به شێوه‌ی مه‌سده‌ری نووسیون. له زانستی فه‌رهه‌نگنووسیی مۆدێڕن‌دا زاراوه‌کان به شێوه‌ی گه‌ردانکراو و بۆ بکه‌ر یان جێناوێکی تایبه‌ت نانووسرێن و ئه‌م کاره به کارێکی نازانستی حیساب ده‌کڕێ. به‌ڵام بۆ نموونه مه‌سه‌ل نابێ به شێوه‌ی مه‌سده‌ری بنووسرێ. کاک سه‌لاح بۆ نووسینی ده‌ربڕینه‌کان به شێوه‌ی دروستی خۆیان، ئامانجه‌که‌ی به چاکی ئه‌نگاوتووه و به‌بێ زێده‌ڕۆیی ده‌بێ بڵێین که چاک به سه‌ر کاره‌که‌یدا زاڵ بووه و به تاقی ته‌نێ کارێکی کردووه که له وڵاتانی دیکه ڕێکخراوێک ده‌یکا. هیوادارم چاومان به دیتنی به‌رگه یه‌ک له دوای یه‌که‌کانی فه‌رهه‌نگی زاره‌کیی موکریان ڕوون بێته‌وه.
سه‌رچاوه و په‌راوێزه‌کان:
1ـ هه‌ژار، هه‌نبانه بۆرێنه، به‌رگی یه‌که‌م، چاپی یه‌که‌م، سرووش، 1368، ل 7
2ـ سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل 6
3ـ عه‌بدوڕه‌حمانی زه‌بیحی، قامووسی زبانی کوردی، ئینتشاراتی سه‌لاحه‌دین ئه‌ییووبی،1367،ل 26
4ـ سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل 27
5ـ د. ئه‌وڕه‌حمانی حاجی مارف، فه‌رهه‌نگنووسی، له پێشه‌کی سه‌رچاوه‌ی ژماره 3
6ـ تاها فه‌یزیزاده، فه‌رهه‌نگی وشه دووانه‌کانی زمانی کوردی، ئینتشاراتی سه‌لاحه‌دین ئه‌ییووبی، 1367
7ـ سید عبدالحمید حیرت سجادی، پند پیشینیان، جلد اول، انتشارات صلاح ا‌لدین ایوبی، 1369
8ـ قادر فتاحی قاضی، امثال و حکم کردی
9ـ جه‌عفه‌ر حوسێن‌پوور(هێدی)، ده‌سته‌بوخچه، زاراوه‌ی ژنانی موکریان، سوئێد، کتێبی هه‌رزان، 1999
10ـ سه‌رچاوه‌ی ژماره 1، ل 186
11ـ ئه‌م پۆلێن کردنه. هی مامۆستا ئه‌بولحه‌سه‌نی نه‌جه‌فییه، بڕوانه: بهاءالدین خرمشاهی، نقطه عطف و تحول ژرف در فرهنگ نگاری فارسی
12ـ مه‌سعوود محه‌ممه‌د، کورته‌یه‌کی بیروڕا له سه‌ر پێشگره‌کانی لێ، تێ، پێ، سروه، ژماره 73، ل 18
13ـ سه‌رچاوه‌ی ژماره 5، ل 72
14ـ سه‌لاح پایانیانی، فه‌رهه‌نگی زاره‌کی موکریان، به‌رگی یه‌که‌م، ده‌زگای چاپ و بڵاوکردنه‌وه‌ی ڕه‌هڕه‌و ، 1385، 3865
15ـ سه‌رچاوه‌ی ژماره 9، ل 121
16ـ سه‌رچاوه‌ی ژماره 14، ل 265
17ـ سه‌رچاوه‌ی ژماره 9، ل 11
————————————–
سه‌رچاوه‌ی بابه‌ت: مه‌هاباد، ژماره٠ ١٠