زمان و جینسی کۆمه‌ڵایه‌تی
نووسینی: پرۆفێسۆر پیتر ترادگیل
وه‌رگێڕان له ئینگلیسییه‌وه: حه‌سه‌نی قازی
زمان و جینسی کۆمه‌ڵایه‌تی
نووسینی: پرۆفێسۆر پیتر ترادگیل
وه‌رگێڕان له ئینگلیسییه‌وه: حه‌سه‌نی قازی
له‌وانه‌یه یه‌که‌م شتی سه‌باره‌ت به ئه‌و که‌سانه‌ی ئێوه بۆ یه‌که‌م جار چاوتان پێیان ده‌که‌وێ بیری لێ بکه‌نه‌وه جلوبه‌رگه‌کانیان، ده‌نگیان، یان ڕه‌نگی چاویان، یان بزه‌ی سه‌ر لێوانیان بێ.ئه‌گه‌ر ئێوه وا بیربکه‌نه‌وه به‌ته‌واوی هه‌ڵه‌نه. له ڕاستی دا یه‌که‌م شتی که به زه‌ینی ئێوه دا ڕاده‌برێ کاتێک یه‌که‌م جار که‌سێک ده‌بینن ئه‌وه‌یه ئه‌و سه‌ر به چ جینسێکی کۆمه‌ڵایه‌تییه، واته ژنه یان پیاوه. ئه‌وه ئه‌وه‌ندی ئاشکرایه ته‌نانه‌ت بیر لێکردنه‌وه‌شی ناوێ. دابه‌شبوونی ڕه‌گه‌زی ئینسانی به مێ و نێر ئه‌وه‌نده بنه‌ڕه‌تی و ئاشکرایه که ئێمه هه‌ر پێشی نازانین. ئه‌و ڕاستییه که جیاوازییه‌که ئه‌وه‌نده سه‌ره‌تاییه به‌و مانایه‌یه سه‌یر نییه ئه‌وجیاوازییه له هه‌موو زمانه ئینسانییه‌کانیشدا ڕه‌نگ بداته‌وه و نیشان بدرێ. ئه‌وه ماناناسییه‌کی دنیاگره‌وه‌یه که له هه‌موو زمانه‌کانی دنیادا وه‌کوو دووزاراوه‌ی جووتۆکه‌ی پیاو- ژن ، کوڕ- کچ ، کوڕ- دوێت و هتد بوونه‌ته وشه‌ی قامووسی و ووشێندراون.
به‌ڵام سه‌رنجڕاکێشه، زمانه‌کان تا ڕاده‌یه‌کی به‌رچاو جیاوازن سه‌باره‌ت به ڕاده‌ی ئه‌و جیاوازییه‌ی جینسی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی که که‌وتوونه‌ته هه‌نبانه‌ی ووشه‌کانیانه‌وه. بۆ نموونه، له زمانی ئاڵمانی دا، مرۆ ده‌بێ ئه‌وه دیاری بکا کاتێک باسی دۆست ێک ده‌کا ئه‌و نێر Freund یان مێFreundin یه. له ئینگلیسی‌دا ئه‌و فه‌رقه داناندرێ. زاراوه‌ی له مه‌ڕ خزمایه‌تیش جیاوازن؛ بۆ نموونه له زمانی ئینگلیسی‌دا وشه‌ی ‘ cousin ‘ (ئامۆزا، پوورزا، خاڵۆزا ) به نێر یان مێ نیشانه ناکرێ به‌ڵام له زۆر زمانی دیکه دا وه‌کوو فه‌ڕانسه‌یی مرۆ ده‌بێ دیاریی بکا گه‌لۆ باسی cousin ده‌کا یان cousine. ئه‌وه ده‌کرێ له‌مه‌ڕ باس و هێماکردن به کاری پیشه‌یش هه‌ر وا بێ، بۆ نموونه هیندێک له زمانان له‌وانه‌یه ‘ actor’ "هونه‌رمه‌ندی پیاو"- ‘actress’ " هونه‌رمه‌ندی ژن" ، ‘ manager ‘ " به‌ڕێوه‌به‌ری پیاو" –’ manageress’ " به‌ڕێوه‌به‌ری ژن " و هتد له یه‌کتری بکه‌نه‌وه یان نه‌که‌نه‌وه. ئه‌و بابه‌ته له‌ودواییانه دا بووه‌ته هۆی مشتومڕی زۆر جه‌نجاڵی، لێداون له سه‌ر ئه‌وه‌ی له دنیای ئینگلیسی زماندا ده‌کرێ به ژنێک بگوترێ chairman یان نا، له به‌ر ئه‌وه‌ی کوتێکی وشه‌که man، پیاوه، یان له دنیای فه‌ڕانسه‌یی زماندا ده‌کرێ به ئاگرکوژێنه‌ره‌وه‌یه‌کی مێ بگوترێ pompière یان نا. ( ئێمه‌له به‌ندی 10ی ئه‌م کتێبه دا دێینه‌وه سه‌ر ئه‌م بابه‌ته.)
له‌وه‌ش زیاتر ئه‌وه هه‌ر وه‌ها جێی سه‌رنجدانێکی وردیشه که ئه‌و جۆره جیاوازییه، زۆر جار له ڕووی ڕێزمانیشه‌وه له زمانه‌کانی دنیا دا نیشان دراوه. شێوه‌ی ده‌رکه‌وتنی ئه‌و جیاوازییه له زمانه‌کان دا به‌شێوه‌یه‌کی به‌رچاو له یه‌ک تاق و جووته. ڕێگه‌یه‌کی هه‌ره ئاشکرا بۆ ئه‌و له‌یه‌ک کردنه‌وه‌یه به‌کار هێنانی جێناوی جیاواز بۆ نێر و مێ یه. هێندێک له زمانه‌کان، وه‌ک مه‌جارستانی و فه‌نلاندی، له ده‌زگای جێناوه‌کانیاندا هیچ نیشانه‌یه‌کیان نییه بۆ جوێکردنه‌وه‌ی نێر و مێ. له زمانی فه‌نلاندی دا، وشه‌ی hän هاوتای ‘he ‘ یان ‘ she’ یه. و له زمانی مه‌جارستانی دا on هه‌م به مانای ‘he’ و هه‌م به مانای ‘ she’ یه. زمانه‌کانی دی، وه‌ک ئینگلیسی جێناوی جیاوازیان هه‌یه بۆ له‌یه‌ک کردنه‌وه‌ی جینسی کۆمه‌ڵایه‌تی به‌ڵام ته‌نێ له دۆخی که‌سی سێیه‌می تاک دا واته – he ( ئه‌وی نێر) و she ( ئه‌وی مێ) – و هێندێکی دیکه‌یان ، وه‌ک فه‌ڕانسه‌یی، له دۆخی که‌سی سێیه‌می کۆ ش دا ئه‌وانه له یه‌ک ده‌که‌نه‌وه: ils ( ئه‌وان ی نێر) و elles ( ئه‌وان ی مێ). ته‌نانه‌ت هێندێک زمانی دی له دۆخی که‌سی دووه‌میشدا ئه‌و دوو جینسه له یه‌ک ده‌که‌نه‌وه: له زمانی ئێسپانیایی دا vosotros (ئێوه که‌سی دوویه‌می نێری کۆ)، vosotras ( ئێوه بۆ ئاماژه به که‌سی دوویه‌می مێی کۆ). هێندێک له‌زمانه‌کان بۆ جێناوی که‌سی یه‌که‌می کۆش ئه‌وانه له‌یه‌ک ده‌که‌نه‌وه؛ دیسان له زمانی ئێسپانیایی دا: nosotros ( ئێمه‌ی کۆی نێر ) و Nosotras ( ئێمه‌ی کۆی مێ).
جیاوازی جینسی ئینسانی ده‌کرێ به ڕێگه‌ی به‌کارهێنانی حه‌رفی ته‌عریف و ئاوه‌ڵناوی جیاوازیش نیشان بدرێ وه‌ک له زمانی فه‌ڕانسه‌یی دا هه‌یه: une étudiante très intelligente ( خوێندکارێکی زۆر ژیری مێ )، une étudiante très intelligent ( خوێندکارێکی زۆر ژیری نێر). ته‌نانه‌ت ئه‌و جیاوازییه ده‌کرێ له شێوه‌ی کردارانیش دا ده‌رکه‌وێ، بۆ نموونه له دۆخی زه‌مانی ڕابردوو و دۆخی شه‌رتی له هێندێک له زمانه سڵاوییه‌کاندا. له زمانی له‌هیستانی دا przyjechat واته ( ئه‌و ی نێر گه‌یشتێ ) و przyjechata واته ( ئه‌وی مێ گه‌یشتێ).
له زمان‌ناسی دا باوه‌ڕێکی ئاسایی هه‌یه که ده‌بێ جه‌ختی له سه‌ر بکرێته‌وه ئه‌ویش ئه‌وه‌یه زمانه‌کان له‌وه‌یدا که ده‌ریده‌بڕن جیاواز نین، ته‌نێ جیاوازییان ئه‌وه‌یه که چۆنی ده‌رده‌بڕن. جێی سه‌رنجه، ئه‌و خه‌سڵه‌ته ڕێزمانییانه‌ی که هه‌ر ئێستا ئاماژه‌مان پێکردن کارتێکه‌ری ئه‌وه‌یان هه‌یه که هه‌ر ئاخێوه‌ره‌ی به گوتنیان جینسی ئه‌و که‌سانه‌ی باسیان لێوه ده‌کا و هه‌ر وه‌ها ئی خۆشی دیاری بکا. (هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه ده‌کرێ تا ڕاده‌یه‌ک له وشه‌ی قامووسی هه‌موو زمانه‌کانیشدا ده‌رکه‌وێ ڕسته‌ی وه‌کوو: I am a happy woman ‘ ئه‌من ژنێکی شادم’ و I am a sick man ‘ئه‌من پیاوێکی نه‌خۆشم’ ده‌کرێ هاو واتایان به هه‌موو زمانێک ده‌رببڕدرێ.) له زمانه‌کانی دنیا دا وێده‌چێ ژماره‌یه‌ک ده‌رفه‌ت هه‌بن که ئه‌و ده‌ربرینه پێداویسته ڕێزمانییانه‌ی له مه‌ڕ جینسی خۆ بکرێ ده‌رکه‌ون:
1. له‌وانه‌یه قه‌ت ده‌رنه‌که‌ون- وه‌ک له زمانی ئینگلیسی و زمانی مه‌جاری دا. له ڕۆمانێکی ئینگلیسی دا که گێڕه‌وه‌ره له دۆخی که‌سی یه‌که‌م دا قسه ده‌کا، به هیچ ڕێگه‌یه‌کی زمانناسییانه‌دا دا ناکرێ بگوترێ ئه‌و نێره یان مێ یه، مه‌گین ئه‌وه‌ی نێوی خۆی بڵێ یان سه‌ره‌په‌تێکی دیکه بۆ ناسینه‌وه‌ی له به‌ر ده‌ست خوێنه‌ره‌وه بنێ.
2. له‌وانه‌یه به‌ڕێگه‌ی به‌کارهێنانی جینسی ئاوه‌ڵناو دا ده‌رکه‌وێ، وه‌ک له زمانی فه‌ڕانسه‌یی دا je suis heureuse ‘ ئه‌من شادم’ که ژنێک ده‌یڵێ و je suis heureux که فۆڕمی ‘ ئه‌من شادم’ ه ئه‌گه‌ر پیاوێک بیڵێ. له زۆرێک له زمانه سڵاوی و ڕۆمانه کاندا ناوی به‌رکاری کرداره‌کانیش وه‌ک ئاوه‌ڵناوه‌کان ده‌رده‌که‌ون، که ئه‌وه‌ش ئاکامێکی سه‌یری لێ ده‌که‌وێته‌وه، به زمانی پورتوگاڵی، ئاخێوه‌ری پیاو بۆ ڕسته‌ی ‘ ئه‌من مه‌منوونم’ ده‌ڵێ obrigado، له کاتێکدا ئه‌گه‌ر ژن بێ ده‌ڵێ obrigada ( مانای موو به مووی ‘obliged’ ی ئینگلیسی یه).
3. له‌وانه‌یه به‌ڕێگه‌ی به‌کارهێنانی جینسی کرداره‌کان له دۆخی یه‌که‌م که‌سی تاک دا ده‌رکه‌وێ، وه‌ک له زمانی له‌هیستانی له دۆخی ڕابردوو دا: پیاوێکی له‌هیستانی ده‌ڵێ przyjechatem ‘ ئه‌من گه‌یشتمێ’ و ژنێک ده‌ڵێ przyjechata ‘ ئه‌من گه‌یشتمێ’.
4. زۆر چاوڕاکێشتر، له‌وانه‌یه به‌ڕێگه‌ی به‌کارهێنانی جێناوی جوێی که‌سی یه‌که‌می تاک ده‌رکه‌وێ. هێندێک له زمانه‌کان، وه‌ک ئێسپانیایی که له‌سه‌ره‌وه دا دیتمان، نه‌ک هه‌ر ئه‌وه‌ی شێوه‌ی جیاوازی جێناوی که‌سی یه‌که‌می کۆیان هه‌یه ‘ ئێمه’، به‌ڵکوو جێناوی که‌سی یه‌که‌می تاکی جیاوازیشیان هه‌یه ‘ ئه‌من’. زمانی Ngala نگالای گینه‌ی نوێ شێوه‌ی /wn / ‘ ئه‌من’ ( نێر) و /nan / ‘ئه‌من’ (مێ) شی هه‌یه. و له زمانی تایی دا، له یه‌کتردوانی به‌ڕێزه‌وه له نێو یه‌کسانان دا، پیاوێک بۆ جێناوی که‌سی یه‌که‌می تاک ‘ ئه‌من’ ده‌ڵێ phom له کاتێکدا ژنێک به خۆی ده‌ڵێ dichan.
سه‌رنج بده‌ن که ئه‌مه تا راده‌یه‌ک دیارده‌یه‌کی چاوڕاکێشه و یه‌کڕاست ڕوون نییه بۆچی زمان ده‌بێ ئه‌و نیشانه‌یه‌ی هه‌بێ. ئاشکرایه جیاوازی ڕێزمانی له نێوان دوو جێناوی he و she دا زۆر جار ده‌کرێ ته‌واو گرینگ بێ وه‌کوو ڕێیه‌ک بۆ ئه‌وه‌ی نیشان بدا ئه‌و که‌سه‌ی باسی لێوه ده‌کرێ پیاوێکه یان ژنێکه، کوڕێکه یان کچێکه. به‌ڵام داخودا هۆی ده‌رکه‌وتن و په‌یدا بوونی جێناوه جیاوازه‌کانی جینسی که‌سی یه‌که‌می تاک ده‌بێ چ بێ؟ ته‌قریبه‌ن له هه‌موو بارودۆخێک دا، جینسی ئاخێوه‌ر بۆ گشت لایه‌کی پێوه‌ندیدار ئاشکرایه.
ئێمه ڕه‌نگه بکرێ به‌م ڕێگه‌یه‌ی خواره‌وه دا حه‌ول بده‌ین بۆ شیکردنه‌وه‌ی ئه‌م دیارده‌یه‌یه. له سێ به‌ندی پێشووی ئه‌م کتێبه دا باسی هێندێک له‌و پێوه‌ندییانه‌مان کرد که له کۆمه‌ڵگه زمانییه‌کاندا له نێوان جیاوازێتی کۆمه‌ڵایه‌تی و جیاوازێتی زمانی دا هه‌یه، و به ده‌ستنیشانکردنی ئه‌و شێوانه‌ی که له‌و جیاوازێتییه زمانیانه دا ده‌رده‌که‌ون.دوو جۆره جیاوازێتی کۆمه‌ڵایه‌تی که تا ئێستا ئێمه لێیان دواوین بریتی بوون له توێژبه‌ندی کۆمه‌ڵایه‌تی و جیاوازێتی گرووپی ئێتنیکی. له هه‌ر دووک نمووناندا ئێمه توانیمان هاوته‌ریبی نێوان جیاوازێتی کۆمه‌ڵایه‌تی و جیاوازێتی جوگرافیایی جه‌خت بکه‌ینه‌وه له‌مه‌ڕ کاردانه‌وه‌یان له سه‌ر زمان: وا وێده‌چێ، مه‌ودای کۆمه‌ڵایه‌تی، هه‌ر هه‌مان ئاکامی زمانی هه‌بێ که مه‌ودای جوگرافیایی هه‌یه‌تی. ده‌سته‌کانی ئێتنیکی و چینی کۆمه‌ڵایه‌تی، وه‌ک ده‌سته هه‌رێمییه‌کان، خه‌سڵه‌تی زمانی هاوبه‌شیان هه‌یه چونکوو ئه‌ندامه‌کانیان زۆر زیاتر پێوه‌ندییان له گه‌ڵ یه‌کتریدا هه‌یه تا له‌گه‌ڵ خه‌ڵکی دیکه دا.
له‌م به‌نده دا، ئێمه له گه‌ڵ ڕه‌هه‌ندێکی دیکه‌ی جیاوازێتی زمانی ڕووبه‌ڕووینه که وێناچێ بکرێ هه‌ر به هه‌مان شێوه شی بکرێته‌وه. به پێی لێکۆڵینه‌وه‌ی زمانی زاندراوه له زۆر کۆمه‌ڵان دا شێوه‌ی قسه کردنی پیاوان و ژنان به شێوه‌ی جۆر به‌جۆر له‌یه‌ک جیاوازن.له ڕاستیدا، ئه‌و جیاوازییانه، له هێندێک نمووناندا ده‌کرێ ته‌واو زۆر بن، به ئاشکرایی هه‌ستیان پێ بکرێ، و ڕه‌نگه ته‌نانه‌ت چالاکانه‌ش فێری منداڵان بکرێن. بۆ نموونه ،له زمانی Gros Ventre گرۆس ڤانتر دا، که زمانێکی ئیندیانی ئه‌مریکاییه له باکووری ڕۆژهه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا ، ده‌نگی ددانی مه‌ڵاشوویی له قسه کردنی پیاواندا، له قسه کردنی ژناندا ده‌بێ به نه‌رمه‌مه‌ڵاشوویی – پیاوان به ‘نان’ ده‌ڵێن / djasta / ژنان ده‌ڵێن /kjasta /، هه‌ر ئاوا، له زمانی یوکاگیر Yukaghir دا، که زمانێکی باکووری ڕۆژهه‌ڵاتی ئاسیایه، ده‌نگی /tj / و /dj / له قسه‌کردنی پیاوان دا، له قسه کردنی ژنان دا وه‌ک /ts / و /dz / ده‌رده‌بڕدرێن. ئێمه ده‌توانین تا ڕاده‌یه‌کی زۆر دڵنیا بین که له‌و نموونه‌یه‌ی دواییدا ئه‌و جوێ کردنه‌وانه به زانایی ده‌کرێن ، چونکوو ئه‌وان پێوه‌ندییان به جیاوازیی ته‌مه‌نیشه‌وه هه‌یه. منداڵانیش وه‌ک ژنان شێوه‌ی /ts / و / dz / به‌کار ده‌هێنن، له کاتێکدا خه‌ڵکی به‌ساڵداچووی هه‌ر دوو جینسه‌که شێوه‌ه‌ی /cj / , / jj / به‌کار ده‌هێنن. ئه‌وه به‌و مانایه‌یه که ئاخێوه‌ڕێکی پیاو له ماوه‌ی ژیانی خۆیدا سێ فۆڕمی جیاواز به‌کار ده‌هێنێ، و بۆیه رێی تێده‌چێ ئه‌و ئاگادار بێ سه‌باره‌ت به‌و ئاڵوگۆڕانه‌ی ده‌یکا.
ئه‌گه‌ر به‌گشتی بڵێین، ئێمه ناتوانین ئه‌و جۆره جیاوازییانه به‌پێی مه‌ودای کۆمه‌ڵایه‌تی شی بکه‌ینه‌وه. له زۆربه‌ی کۆمه‌ڵه‌کاندا پیاوان و ژنان به ئازادانه له گه‌ڵ یه‌ک ههڵسو که‌وت ده‌که‌ن و ده‌پێوه‌ندی دان، و وا وێده‌چی به‌رهه‌ڵستی کۆمه‌ڵایه‌تی زۆر که‌م هه‌بێ که کار بکاته سه‌ر پێوه‌ندی چڕوپڕی نێوان جینسه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان. هه‌ر بۆیه‌ش، ئێمه ناتوانین پێشوه‌چوونی جیاوازییه‌کانی جینسی کۆمه‌ڵایه‌تی له زمان دا وه‌ک جیاوازی چینایه‌تی، گرووپی ئێتنیکی، یان له‌هجه‌گه‌لی جوگرافیایی بپێوین . باشه، که وا بێ، ئه‌و جۆره جیاوازییانه چۆن ده‌رده‌که‌ون؟
بۆچی زۆر جار شێوه‌ی قسه‌کردنی پیاوان و ژنان له یه‌کدی جوێیه؟ بڵا با باسی چه‌ند نموونه‌یه‌ک بکه‌ین که کاریان له سه‌ر کراوه، و حه‌ول بده‌ین بزانین ئه‌و هۆکارانه‌ی له به‌ره‌وپێشچوونیاندا گرینگ بوونه چنه.
نموونه‌ی کلاسیکی جیاوازێتی زمانی جینسی کۆمه‌ڵایه‌تی، که شاگردانی زمان باش لێی ئاگادارن، له‌مه‌ڕ هیندیی ڕۆژئاوایه. زۆر جار ئه‌وه باس کراوه که کاتێک ئوڕووپاییه‌کان بۆ جاری یه‌که‌م گه‌یشتنه ئانتیلزی خواروو Lesser Antilles و پێوه‌ندیان کرد به ئیندیانه‌کانی کاریبه‌وه، که خه‌ڵکی ڕه‌سه‌نی ئه‌وێ بوون و له‌وێ ده‌ژیان ، بۆیان ده‌رکه‌وت له‌وێ پیاوان و ژنان ‘ به زمانی جیاواز قسه ده‌که‌ن ‘. هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه دۆزینه‌وه‌یه‌کی زۆر زه‌ق بوو و مرۆ واقی پێ وڕ ده‌ما، شتێکی که وێنه‌ده‌چوو له هیچ شوێنێکی دیکه‌ی دنیا دا له وێنه‌ی هه‌بێ: له هیچ جێگه‌یه‌کی دی نه‌دۆزراوه‌ته‌وه که جیاوازی زمانی جینسی کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌وه‌نده گه‌وره بێ که خه‌ڵک بێنه سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ی که له ڕاستیدا زمانگه‌لی جوی تایبه‌تی پیاوان و ژنان هه‌بن. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، وێده‌چێ ئه‌و گوزاریشتانه ( یان دواتر ده‌ستێدان و ڕازاندنه‌وه‌ی ئه‌وان) تا ڕاده‌یه‌ک گه‌وره کرابێتنه‌وه. گوزاریشتێکی هاوچه‌رخ له‌وباره‌یه‌وه ( که سه‌باره‌ت به چه‌رخی حه‌ڤده‌هه‌مه) ده‌ڵێ:
پیاوان ژماره‌یه‌کی زۆر کوته و زاراوه‌ی تایبه‌تی به خۆیان هه‌یه، که ژنان لێیان تێده‌گه‌ن به‌ڵام خۆیان قه‌ت نایانڵێن. له لایه‌کی دیکه‌وه ژنانیش ووشه و ڕسته‌ی ئه‌وتۆیان هه‌یه که پیاوان قه‌ت به‌کاریان ناهێنن، یان ئه‌گه‌ر به‌کاریان بهێنن پێیان پێده‌که‌نن و گاڵته‌یان پێ ده‌که‌ن. جا بۆیه کاتێک له‌گه‌ڵ یه‌کتری ده‌دوێن زۆر جار واوێده‌چێ ژنان زمانێکی جوێیان هه‌بێ له ئی پیاوان.
به‌پێی ئه‌و به‌ڵگانه‌ی ئه‌و نووسه‌ره‌ی سه‌ده‌ی حه‌ڤده‌هه‌م، و له‌و قسه گێڕانه‌وه‌یه‌ی سه‌ره‌وه ڕا ده‌رده‌که‌وێ، وا وێده‌چێ ئه‌گه‌رچی جیاوازییه‌کی ڕوون و ئاشکرا له نێوان شێوه‌ی قسه‌کردنی پیاوان و ژنان دا هه‌بووه، ئه‌و جیاوازییه ته‌نێ له‌مه‌ڕ ژماره‌یه‌کی که‌م بووه. واته، پیاوان و ژنان به زمانی جیاواز قسه‌یان نه‌کردووه، به‌ڵکوو ئه‌وان به شێوه‌زاری جیاوازی عه‌ینی زمان قسه‌یان کردووه- ئه‌و جیاوازییانه ته‌نێ جیاوازی ووشه‌یی بوون. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئاواش بێ، ئێمه به چ شێوه‌یه‌ک ده‌توانین ئه‌و جیاوازییه تایبه‌تییانه ڕوون بکه‌ینه‌وه؟ ئیندیانه‌کان خۆیان شیکردنه‌وه‌یه‌کیان له‌وباره‌یه‌وه هه‌بوو که ئێستا به به‌ربڵاوی قۆڵی له سه‌ر کێشراوه. ئه‌و گوزاریشته‌ی له سه‌ره‌وه باس کرا به‌رده‌وام ده‌بێ و ده‌ڵێ :
وه‌حشییه خۆجێییه‌کانی دۆمێنیکا ده‌لێن هۆی ئه‌مه ئه‌وه‌یه کاتێک کاریبه‌کان هاتن بۆ داگیرکردنی ئه‌م دوڕگانه، له‌و شوێنانه دا هۆزی ئاراواک ڕۆده‌نیشت به ته‌واوی جوقه‌واریان لێ بڕین، جگه له ژنه‌کانیان نه‌بێ، که له خۆیان ماره کردن بۆ ئه‌وه‌ی زه‌و و زوو بکه‌ن و وڵاته‌که ئاوه‌دان بێته‌وه. هێندێک وه‌یه‌ک چوون له نێوان قسه‌کردنی ئه‌و ئاراواکانه‌ی له ده‌ره‌وه ڕا هاتوون و ژنانی کاریب دا هه‌یه.
باوه‌ڕیی وا بوو، ئه‌و جیاوازییانه له ئاکامی تێکه‌ڵاوی ئه‌و دوو ده‌سته زمانییه، واته کاریب و ئاراواک دا په‌یدا بووبێ، که له ئاکامی داگیرکارییه‌که‌دا له سه‌ر بنه‌مای جینسی کۆمه‌ڵایه‌تی دابه‌ش کرابوون. ئه‌وه ده‌کرێ ڕاست بێ و ڕاستیش نه‌بێ،و له وانه‌یه قه‌تیش نه‌زانین ڕیشه‌ی ئه‌و جیاوازییانه له چیدا بووه.له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، شتێک ئاشکرایه: ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌و شیکردنه‌وه‌یه‌ش ڕاست بێ، ئێمه ناکرێ ئه‌وه سه‌باره‌ت به ڕیشه‌ی جیاوازییه‌کانی زمانی جینسی کۆمه‌ڵایه‌تی له به‌شه کانی دیکه‌ی جیهاندا دابه‌زێنین و به پێوانه‌یه‌کی دابنێین. ئێمه هه‌ر وه‌ها، ته‌نانه‌ت له‌و نموونه‌یه تایبه‌تییه‌شدا ده‌بێ تا راده‌یه‌ک له تیۆری ‘ داگیرکردن’ بۆ ساز بوونی ئه‌و جیاوازییانه به گومان بین. یه‌که‌م، ئه‌و جیاوازییانه‌ی له نێو ئیندیانه‌کانی کاریب دا باسیان کراوه تا ڕاده‌یه‌کی به‌رچاو هه‌ر ئه‌و جۆره جیاوازییانه بوون که له شوێنه‌کانی دیش له‌نێو زمانه‌کانی دی ئیندیانی ئه‌مریکایی دا هه‌بوون.نوخته‌ی دووهه‌م ئه‌وه‌یه، زمان‌ناس ئۆتۆ یه‌سپرسن Otto Jespersen بۆچوونێکی دیکه‌ی هێناوه‌ته گۆڕێ که به‌لانی که‌مه‌وه، هه‌ر ئاوا شیاوی په‌ژراندنه و ڕه‌نگه بکرێ له گه‌ڵ نموونه‌ی دیکه‌ش دا بگونجێ ( که ئێمه پێمان خۆشه وا بێ ). یه‌سپرسن ده‌ڵێ جیاوازی جینسی، و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی له زماندا ده‌کرێ له ئاکامی دیارده‌ی taboo بڤه دا بێ که له به‌ندی 1 دا قسه‌مان لێوه کرد. ئه‌و ئاماژه ده‌کا ئه‌وه زاندراوه کاتێک پیاوانی کاریبی به‌ره‌و شه‌ڕ به ڕێگاوه بوون ئه‌وان ژماره‌یه‌ک وشه‌ی تایبه‌تییان به‌کار ده‌هێنا که ته‌نێ ئه‌ندامانی نێری پێگه‌یشتوو بۆیان هه‌بوو بیانڵێن . ئه‌گه‌ر ژنان یان کوڕانی بێ ئه‌زموون و مێردمنداڵ، ئه‌و جۆره ووشانه‌یان به‌کارهێنا با ده‌یانگوت ئه‌وه به‌دبه‌ختی لێ ده‌که‌وێته‌وه. جا بۆیه به گشتی بڤه ده‌توانێ کارلێکه‌رییه‌کی به‌هێزی هه‌بێ له سه‌ر په‌یڤی جیاوازی جینسی کۆمه‌ڵایه‌تی. ئه‌گه‌ر وشه بڤه‌کان گرێبدرێنه‌وه به هێندێک شت یان چالاکی ئه‌وتۆوه، که ژنان بۆیان نه‌بێ ناوه ڕه‌سه‌نه‌کانیان بهێننه سه‌ر زمان ، دیاره له جیاتیان وشه‌ی نوێ یان کینایه‌ی نوێ به‌کار ده‌هێندرێن، و ئاکامی ده‌بێته جیاوزای پێک هاتن له نێوان جینسی کۆمه‌ڵایه‌تیدا و په‌یڤی تازه‌ی به دوودا دێ. نموونه‌کانی ووشه‌ی بڤه وه‌کوو هۆکارێکی شیکه‌ره‌وه‌ی ئه‌وه له به‌شه‌کانی دیکه‌ی دنیاش دا هه‌ن. بۆ نموونه، به‌وه زاندراوه له زوولوو، ژنێک بۆی نه‌بووه نێوی خه‌زووری یان نێوی براکانی خه‌زووری بێنێته سه‌ر زمان ، و ئه‌گه‌ر ئه‌و بڤه‌یه‌ی شکاندبا له‌وانه‌بوو به مردنی ته‌واو بێ. له‌وه‌ش زیاتر، له به‌ندی 1ی ئه‌م کتێبه دا دیتمان که بڤه ته‌نانه‌ت ئه‌و جۆره ووشانه‌ش ده‌گرێته‌وه که وه ووشه‌ی بڤه ده‌چن. له زمانی زوولوو دا، وێده‌چێ ئه‌وه ئه‌وه‌نده درێژ بووبێته‌وه ته‌نانه‌ت هێندێک ده‌نگی تایبه‌تی زمانیشی گرتبێته‌وه. بۆ نموونه، با بڵێین ،ئه‌گه‌ر نێوه بڤه‌که ده‌نگێکی /z/ ی تێدابووبێ، ئه‌وه به ڕواڵه‌ت به‌و مانایه بووه که ئه‌و ژنه‌ی باسی لێوه ده‌کرێ بۆی نه‌بووه وشه‌یه‌کی وه‌ک amanzi ‘ئاو’ به‌کار بهێنێ به بێ ئه‌وه‌ی به‌جۆرێک ده‌ریبرێ که ده‌نگه بڤه‌که‌ی تێدا نه‌بێ و له جیاتیان بڵێ amandabi . ئه‌گه‌ر ئه‌و جۆره پێڤاژۆیه گشت ژنه‌کان له نێو کۆمه‌ڵگه‌یه‌کدا بگرێته‌وه، ئاکامی ئه‌وه ده‌کرێ وه‌ک له‌هجه‌گه‌لی جوێی جینسی کۆمه‌ڵایه‌تی ببیندرێ.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، بڤه، ناتوانێ شێکردنه‌وه‌یه‌کی هه‌موو گره‌وه بێ له‌مه‌ڕ هه‌بوونی جیاوازی زمانی له نێو جینسه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا. یه‌که‌م، به ڕاستی ته‌واو ڕوون نییه گه‌لۆ ده‌کرێ ئه‌و جۆره جیاوازییانه‌ی له‌سه‌ره‌وه‌دا باس کران بگشتێندرێن و هه‌موو کۆمه‌ڵگه‌که بکرێته‌وه. نوخته‌ی دووهه‌م ئه‌وه‌یه له زۆر نموونه‌ی دیکه‌یدا که ووشه‌ی قامووسی نین ته‌واو ئاشکرایه بڤه بوون له گۆڕێ‌دا نییه. بۆ وێنه، له‌و لێکۆڵینه‌وانه‌ی که له ساڵانی 1930 یه‌کاندا کراون، جیاوازییه‌کی جینسی زۆر به‌رچاو له زمانی ئیندیانی ئه‌مریکایی کۆواساتی Koasati دا بیندراوه‌ته‌وه، ئه‌وه زمانێکه سه‌ر به بنه‌ماڵه‌ی زمانانی Muskogean، که له لوییزیانا Louisiana قسه‌ی پێده‌کرێ. ئه‌و جیاوازییانه، که وێده‌چوو له سه‌روبه‌ندی به‌ڕێوه‌چوونی لێکۆڵینه‌وه دا خه‌ریک بوون بزر ده‌بوون، بریتی بوون له دۆخی ده‌نگسازی هێندێک جۆری تایبه‌تی کردار. ئه‌و نموونانه‌ی خوراوه له به‌ر چاو بگرن:
‘ ئه‌و خه‌ریکه ده‌ڵێ’ نێر / ka:s/ مێ / Kà / . ‘ هه‌ڵی مه‌هێنه’ نێر / lakauçi:s/ نێر / lakauçin / ‘ ئه‌و خه‌ریکه پاکی ده‌کا’ نێر / mols/ مێ / mol / ‘ ئه‌تۆ ئاگر ده‌که‌یه‌وه’ نێر / o:sc / مێ / o:st /
له‌و لیسته‌ی سه‌ره‌وه دا جیاوازییه‌کان تا ڕاده‌یه‌ک تێکه‌ڵپێکه‌ڵ وه‌به‌رچاو ده‌که‌ون، به‌ڵام، له ڕاستیدا ئه‌وان به پێی کۆمه‌ڵێک قاعیده‌ی پێچه‌ڵپێچه‌وه به ته‌واوی چاوه‌ڕوانکراون.( بۆ نموونه، ئه‌گه‌ر شێوه‌یه‌کی مێ به ڤاوێلێکی که‌پۆییی کۆتایی پێ بێ، شێوه‌ی نێر به ڤاوێلێکی نا- که‌پۆیی له‌گه‌ڵ /s/ ێک کۆتایی دێ، واته / lakauwà / مێیه ، و / lakauwas / نێره به مانای ‘ ئه‌و هه‌ڵی ده‌گرێ’.) هۆی باش به‌ده‌سته‌وه‌یه مرۆ له‌و باوه‌ڕه دا بێ که هه‌ر ئه‌و جۆره جیاوازییه پێشتووتر له زمانه‌کانی دیکه بنه‌ماڵه‌ی Muskogean دا هه‌بووبێ، به‌ڵام له‌و زمانانه دا زمانه ژنانه‌یه‌کان نه‌ماون و کپ بوون. ( ئه‌وه به‌شێکی به‌و ڕاستییه پشت ڕاست ده‌بێته‌وه که له زمانی کۆواساتی دا ته‌نێ ژنانی پیر ئه‌و فۆرمه جوێیانه‌یان پاراستبوو. ژنانی گه‌نج له‌هجه‌کان و فۆرمه‌کانی پیاوانیان ده‌کار ده‌کرد.) جیاوازی ئه‌و جۆره له ژماره‌یه‌ک زمانانی ئه‌مریکایی دیکه دا دۆزراونه‌ته‌وه. جگه له نموونه‌ی زمانی Gros Ventre، که له سه‌ره‌وه دا ئاماژه‌ی پێکرا، جۆره‌یه‌ک جیاوازی جینسی کۆمه‌ڵایه‌تی له زمانه ئیندیانییه ئه‌مریکاییه‌کانی Yana یانا و Sioux سیوکسیش دا دۆزراوه‌ته‌وه و هه‌ر وه‌ها له زمانی ئینویت ( زمانی ئێسکیمۆ) که له دوڕگه‌کانی بافین قسه‌ی پێده‌کرێ.
له‌و نموونانه له هیچکامیاندا وێناچێ ووشه‌ی بڤه ده‌ورێکی ئه‌وتۆ بگێڕێ. بۆ نموونه، له دوو شێوه‌زاری زمانی کۆواساتی دا ئه‌گه‌ر منداڵان له دایک‌و بابی ئه‌وتۆ وه فێربووبان که ناسیاوییان له‌گه‌ڵ هه‌ر دووک شێوه‌زاره‌که‌دا هه‌بوو ئه‌گه‌ر پێویست با قسه‌ی منداڵه‌که‌یان راست ده‌کرده‌وه. بۆ نموونه ئه‌گه‌ر کوڕه چکۆڵه گوتبای /kà /، دایکی که بۆ خۆی شێوازی پیاوانه به کار ده‌هێنا پێشی پێده‌گرت و ده‌یگوت ‘ نا، ده‌بێ بڵێی / ka:s /’ . هیچ بڤه‌یه‌کی رێپێنه‌دراو پێشی پێ نه‌ده‌گرت که ئه‌و فۆرمێکی ئاوا به‌کار بهێنێ. هه‌ر ئاواش کاتێک پیاوێک چیرۆکێکی ده‌گێڕاوه زۆر به‌جێ ده‌یتوانی شێوه‌ی مێیانه به‌کار بهێنێ کاتێک قسه‌ی ژنێکی نێو چیرۆکه‌که‌ی ده‌گێڕاوه – و ژنانیش هه‌ر ئاوایان ده‌کرد.نموونه‌یه‌کی دیکه‌ی یارمه‌تی ده‌کا بۆ سه‌لماندنی ئه‌و پنکته له زمانی دارخاتی مه‌غولی دایه. ڤاوێله خڕه‌کانی /u/ و /o/ له قسه‌کردنی پیاوان به‌و زمانه دا ده‌بن به ڤاڤێلی نێوه‌ڕاستی /ʉ/ و /ø/ له قسه کردنی ژنان دا، و ژنان /ʉ/ و /ø/ ی پیاوان وه‌ک ڤاوێلی پێشه‌وه‌ی /y/ و /ø/ ده‌رده‌بڕن. ئه‌گه‌رچی ئاخێوه‌رانی ژن /ʉ/ و /ø/ به‌کار ناهێنن،ئاخێوه‌ری پیاو به‌کاریان ده‌هێنن، هیچ بڤه‌یه‌کی رێپێنه‌دراو نییه که پێشی ئه‌وان بگرێ بۆ به‌کارهێنانی ئه‌و ده‌نگانه له نموونه‌ی دیکه‌دا.
ێمه چۆن ده‌کرێ جیاوازی ئه‌و چه‌شنه شی بکه‌ینه‌وه؟ له زمانی کۆواساتی دا، به‌لانی که‌مه‌وه، ده‌رکه‌وت ئه‌و شێوانه‌ی ژنان به‌کاریان ده‌هێنن له ڕووی مێژووییه‌وه له ئی پیاوان کۆنتر بن. به گوتنێکی دی وا وێده‌چوو شێوه‌زاری پیاوانه گۆڕانی به‌سه‌ر هاتبێ به‌ڵام ئه‌و گۆڕانه له شێوه‌زاری ژنانه دا ڕووی نه‌دابوو ( یان تازه خه‌ریک بوو ده‌ستی پێده‌کرد). بۆ نموونه، زمانی چوکچی Chukchi ، زمانێکه له سیبێریای ڕۆژهه‌ڵات دا. له هێندێک له‌هجه‌کانیدا، ئه‌و شێوه‌زاره‌ی ژنان قسه‌ی پێده‌که‌ن له هێندێک وشان دا کۆنسۆنانتی نێوان ڤۆکاڵانی هه‌یه، به‌تایبه‌تی /n/ و /t/ که ئه‌وه له‌و شێوه‌یه‌ی دا که پیاوان به‌کاری ده‌هێنن نییه؛ بۆ نموونه، پیاو ده‌ڵێن:/ /nitvaqaat، ژن ده‌ڵێن:/ nitvaqenat/. بزر بوونی کۆنسۆنانته‌کانی نێوان ڤۆکاڵان گۆڕانێکی ده‌نگییه‌که زۆر زیاتر و زۆر چاوه‌ڕوانکراوتره له تێوه هێنانی کۆنسۆنانتی له‌خۆوه، و زۆر نموونه‌ی بزر بوونی کۆنسۆنانت له شوێنی ئاوادا له زمانه‌کانی گشت شوێنه‌کانی جیهان دا به‌دی کراوه. ئه‌و جۆره جیاوازییه‌ی نێوان قسه‌کردنی ژنانه و پیاوانه به ڕوونی ده‌یسه‌لمێنێ که شێوه‌زاری ژنانه له له‌هجه‌ی پیاوانه کۆنتره.ئه‌وه‌ش له زیاتر له زمانێک دا، جا بۆیه ئاخاوتنی ژنان زۆر خۆپارێزتره له قسه‌کردنی پیاوان.
سه‌ره‌په‌تێکی دیکه، دیسان، له زمانی کۆواساتی دا هه‌یه، به تایبه‌تی له بۆچوون و تێڕوانینی خه‌ڵکی کۆواساتی خۆیان سه‌باره‌ت به دوو شێوه‌زاره‌که‌ی زمانه‌که‌یان. ئاخێوه‌رانی به‌ساڵداچووتر، به تایبه‌تی پیاوان، کاتێک پرسیاریان لێده‌کرا سه‌باره‌ت به شێوه‌زاره‌کان، ده‌یان گوت ئه‌وان شێوه‌زاری ژنان به باشتر ده‌زانن له‌و شێوه‌زاره‌ی که پیاوان به کاری ده‌هێنن. ئه‌وه گرینگه، چونکوو به‌شێوه‌یه‌کی چاوڕاکێش ئه‌و زانیارییانه‌ی له‌مه‌ڕ زۆر له کۆمه‌ڵگه پێشکه‌وتووتره زمانییه‌کان که له ڕووی تێکنۆلۆژییه‌وه پێشکه‌وتووترن، له به‌ر ده‌ستماندان ده‌کرێ له‌وان گرێ بدرێ (بڕوانه خواره‌وه).هه‌ر وه‌ها ئه‌وه‌شمان پێشان ده‌دا که شێوه‌زاره جینسه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان نه‌ک ئه‌وه‌ی هه‌ر جیاوازن: به‌ڵکوو به‌لانی که‌مه‌وه له دوو زمانان دا شێوه‌زاره پیاوانه‌یه‌کان تازه‌یه‌تی و گۆرانیان تێدایه و ئه‌وانی ژنانه‌کان خۆپارێزن، و له نموونه‌یه‌ک دا واته نموونه‌ی زمانی کۆواساتی دا شێوه‌زارێک به باشتر و ئه‌ویدیان به خراپتر هه‌ڵسه‌نگێندراوه. جیاوازی ئه‌و جۆره ده‌بێ هاسانتر بێ بۆ شیکردنه‌وه له جیاوازییه زمانییه‌کان، به پاکی و ساده‌ییه‌وه.
با ئێستا ئه‌م لێدوان و قسه له سه‌ر کردنه ههنگاوێکی دیکه به‌رینه پێشه‌وه به چاولێکردن و لێخوردبوونه‌وه له جیاوازی جینسی کۆمه‌ڵایه‌تی له زمانی ئینگلیسی دا، که‌تێیدا به‌گشتی جیاوازییه‌کان زۆر که‌مترن، که‌متر ئاشکران و زۆر که‌متر فه‌رقیان پێ ده‌کرێ. ئه‌وه ڕاسته، ژماره‌یه‌ک ووشه و ڕسته هه‌نه که له شێوه‌ی به‌کار هێنانیاندا ئه‌و جیاوازییانه ده‌رده‌که‌ون.( به هه‌ڵکه‌وت، زۆربه‌ی ئه‌وانه وێده‌چێ جۆره‌یه‌ک له واق وڕمان بن. ئه‌وه پێمان ده‌ڵێ له‌وانه‌یه به‌شێوه‌یه‌ک لهشێوان له مه‌ڕ ووشه‌ی بڤاوی بێ: به دڵنیاییه‌وه له ڕووی نه‌ریتییه‌وه له کۆمه‌ڵی ئێمه دا زۆر زیاتر شیاوی قه‌بووڵ کردنه که پیاوان له قسه‌کانیان دا جنێو بده‌ن یان ووشه‌ی بڤه به‌کار بهێنن هه‌تا ژنان.) له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا،زۆربه‌ی جیاوازییه‌کان له زمانی ئینگلیسی دا جیاوازی فۆنێتیکی و ده‌نگسازییه، و به‌کارهێنانی ووشه‌ی بڤه ناکرێ ئه‌وه شی کاته‌وه. له‌وه‌ش زیاتر، جیاوازییه‌کان به‌گشتی ئه‌وه‌نده که‌من زۆربه‌ی خه‌ڵک گشتیان فه‌رقیان پێ ناکه‌ن. هه‌ر وه‌ها گرینگه سه‌رنجی بدرێته که ئه‌م جیاوازییانه جیاوازی هه‌ژمارین و به مانای جوێبوون و جیاوازی ڕه‌ها نین. ده‌کرێ جیاوازی ڕێزمانیش له ئارا دابێ، هه‌ر وه‌ک له خواره‌وه ده‌بینین.
زۆربه‌ی ئه‌و به‌ڵگانه‌ی سه‌باره‌ت به جیاوازییه‌کانی جینسی کۆمه‌ڵایه‌تی له زمانی ئینگلیسی دا به ده‌ستمانه‌وه‌ن ئاکامی ئه‌و لێکۆلێنه‌وه زمانناسیی کۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ن که له بریتانیا و ده‌وڵه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا دا کراون که ئێمه پێشتر هێمامان پێ کردن، به‌ڵام ئێمه له مه‌ڕ ئاوسترالیا، ئه‌فریکای خواروو و نیو زیلاندیش به‌ڵگه‌مان له به‌ر ده‌ست دایه. ئه‌و کۆمه‌ڵه زانیارییانه‌ی که له‌و توێژینه‌وانه وه‌ده‌ست که‌وتوون به شێوه‌یه‌کی ئه‌وپه‌ڕی چاوڕاکێش نیشانه و خه‌سڵه‌تی هاوبه‌شیان هه‌یه. له گشت ئه‌و نموونانه‌یدا وا چاویان لێکراوه و تاقی کراونه‌ته‌وه، ده‌رکه‌وتووه، به له‌به‌ر چاوگرتنی هۆکارگه‌لی دیکه وه‌ک هۆکاری کۆمه‌ڵایه‌تی، چینایه‌تی، گرووپی ئێتنیکی و ته‌مه‌ن، به شێوه‌یه‌کی مام ناوه‌ندی ژنان شێوه‌یه‌ک به‌کارده‌هێنن که زۆر له شێوه‌زاری ستاندارد یان ڕاوێژی به پرێستیژ نزیک ده‌که‌وێته‌وه له چاو ئه‌و شێوه‌یه‌ی که پیاوان به‌کاری ده‌هێنن. ئه‌گه‌رچی ئێمه ناتوانین پێشبینی بکه‌ین پیاوێک یان ژنێکی تایبه‌تی له بۆنه‌یه‌کی تایبه‌تی دا چ شێوه‌یه‌ک به‌کار ده‌هێنێ. به گوتنێکی دی، ئاخێوه‌رانی مێی ئینگلیسی، وه‌ک هاوتاکانیان له زمانی کۆواساتی دا، ئه‌و شێوه زمانییانه به‌کار ده‌هێنن که له‌و شێوانه‌ی پیاوان به‌کاریان ده‌هێنن ‘باشتر’ ن.
له به‌ندی 2ی ئه‌م کتێبه دا له هێندێک له‌و ڕێیانه‌مان کۆڵییه‌وه که تێیاندا هۆکاره گۆڕێنه‌ره زمانییه‌کان له گه‌ڵ چینی کۆمه‌ڵایه‌تی لێک به‌ستراونه‌ته‌وه. هه‌ر ئه‌و جۆره هۆکاره له‌گۆڕانهاتووانه ده‌کرێ به‌کار بهێندرێن هه‌ر به هه‌مان شێوه بۆ نیشاندانی جیاوازێتی جینسی کۆمه‌ڵایه‌تی.
ئه‌م ڕه‌قه‌مانه‌ی خواره‌وه له به‌رچاو بگرن. له دیترۆیت ئاخێوه‌رانی سه‌ر به چینی سه‌ره‌وه که‌متر نموونه‌کانی ناستانداری فره خستنه دۆخی نه‌فی به‌کار ده‌هێنن ( وه‌ک: I don’t want none ) له چاو ئاخێوه‌رانی چینی نێوه‌ڕاست. له گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ئه‌گه‌ر چاو له چینی کۆمه‌ڵایه‌تی بکرێ، ژنان به شێوه‌یه‌کی مام ناوه‌ندی ئه‌و شێوانه که‌متر له پیاوان به‌کار ده‌هێنن:
له سه‌دی به‌کار هاتووی خستنه فره دۆخی نه‌فی له نێو توێژی سه‌ره‌وه‌ی چینی نێوه‌ڕاست دا : پیاوان 6.3، ژنان 0.0، له نێو توێژی خواره‌وه‌ی چینی نێوه‌ڕاست دا : پیاوان 32.4، ژنان: 1.4، له نێو توێژی سه‌ره‌وه‌ی چینی کرێکار دا پیاوان : 40.0، ژنان: 35.6 ، له نێو توێژی خواره‌وه چینی کرێکار دا پیاوان 90.1، ژنان: 58.9
له ڕاستی دا جیاوازی نێوان توێژی نێوه‌ڕاستی چینی نێوه‌ڕاست و توێژی خواره‌وه‌ی چینی کرێکار گه‌لێک زۆره: زۆر زیاتر ڕێی تێده‌چێ پیاوان زیاتر له ژنان بڵێن I don’t want none ، ئه‌وه ده‌ریده‌خا ژنان زۆر هه‌ستیارترن له پیاوان له‌مه‌ڕ ته‌بیعه‌تی به‌دنێوکراوی ئه‌و خه‌سڵه‌ته ڕێزمانییه. له‌وه‌ش زیاتر، ئه‌و هه‌ستیارێتیه، هه‌ر به خه‌سڵه‌ته زمانییه‌کانه‌وه به‌ربه‌ست نابێ. بۆ نموونه، له شێوه‌ی قسه‌کردنی ڕه‌شه‌کانی دیترۆیت دا، ژنان له سه‌دێکی زیاتر له پیاوان /r/ ی نا- به‌ر له ڤۆکاڵ به‌کار ده‌هێنن ( نیشانه‌یه‌کی به‌پرێستیژ هه‌ر وه‌ک ئه‌وه‌ی له نیۆیۆرک هه‌یه)، له‌به‌رچاو گرتنی ئه‌و خه‌سڵه‌ته له نێو چینی کۆمه‌ڵایه‌تی دا به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌یه:
له‌سه‌دی به‌کارهاتووی /r/ ی نا- به‌ر له ڤۆکاڵ له شێوه‌ی قسه‌کردنی ڕه‌شان له دیترۆیت له نێو توێژی سه‌ره‌وه‌ی چینی نێوه‌ڕاست پیاوان 66.6، ژنان 90.0 ، له نێو توێژی خواره‌وه‌ی چینی نێوه‌ڕاست پیاوان 52.5، ژنان 70.0، له نێو توێژی سه‌ره‌وه‌ی چینی کرێکار پیاوان 20.0، ژنان 44.2 ، له نێو توێژی خواره‌وه‌ی چینی کرێکار پیاوان 25.0، ژنان 31.7
هێندێک له نووسه‌ران حه‌ولیان داوه ئه‌و جۆره نموونه‌یه له نێو کۆمه‌ڵگه‌ی ڕه‌ش دا به ئاماژه کردن به‌وه شی بکه‌نه‌وه که بنه‌ماڵه‌ی ئه‌فریکایی ئه‌مریکایی چینی خواره‌وه نموونه‌ی بنه‌ماڵه‌ی مێ وه‌جاغی (matriarchal ) یه و له بنه‌ماڵه دا ئه‌وه دایکه کاروباری ماڵێ له گه‌ڵ دنیای ده‌ره‌وه هه‌ڵده‌سووڕێنێ و پێوه‌ندی پیشه‌یی له گه‌ڵ ئاخێوه‌رانی شێوه‌زاری به پرێستیژ هه‌یه. به‌ڵام، ئه‌م شیکردنه‌وه‌یه ته‌واو نییه، چونکوو هه‌ر هه‌مان نموونه له نێو کۆمه‌ڵگه‌ی سپییان و له ئینگلیسیی بریتانیاش دا ده‌بیندرێ. بۆ نموونه، له ئینگلیسیی نارویچ دا، هه‌ر هه‌مان جۆره نموونه له گۆڕێنه‌ری (ng) دا ده‌رده‌که‌وێ ( ئاخێوه‌ران چ بڵێن walking یان walkin’ ). ئه‌م خشته‌یه‌ی خواره‌وه شێوه‌ی به‌کارهاتووی له سه‌دی نا- RP (ته‌له‌فوزی وه‌خۆکراو)ی in’’ له نێو ئاخێوه‌رانی چێنه جیاوازه‌کان و ده‌سته‌کانی جینسی کۆمه‌ڵایه‌تی به‌ده‌سته‌وه ده‌دا:
توێژی نێوه‌ڕاستی چینی نێوه‌ڕاست پیاوان 4 ، ژنان 0 ، توێژی خواره‌وه‌ی چینی نێوه‌ڕاست پیاوان 27 ، ژنان 3، توێژی سه‌ره‌وه‌ی چینی کرێکار پیاوان 81، ژنان 68، توێژی نێوه‌ڕاستی چینی کرێکار پیاوان 91، ژنان 81 ، توێژی خواره‌وه‌ی چینی کرێکار پیاوان 100 ، ژنان 97
دیسان، ژنان له‌سه‌دێکی به‌رزتر له شێوه ‘ باشه‌کان’ زیاتر به‌کار ده‌هێنن. له ئینگلیسیی له‌نده‌نیشدا، زۆر زیاتر ڕێی تێده‌چێ پیاوان به‌ستی گه‌روویی زیاتر له ژنان به‌کار بهێنن له ووشه‌ی وه‌کوو butter و but دا. و ئه‌و دیاره‌ده‌یه ته‌نێ به ئینگلیسیی بریتانیایی و ئینگلیسیی ئه‌مریکایی به‌ربه‌ست نابێ. بۆ نموونه، له ئه‌فریکای خواروو له ترانسڤال Transvall لێکۆڵینه‌وه‌یه‌ک کراوه بۆ به‌راورد کردنی شێوه‌ی قسه کردنی ئینگلیسی ئاخێوه‌رانی نێرومێی شاگردانی خوێندنگه‌ی ئاماده‌یی که هاوته‌مه‌ن بوون و هه‌ر خه‌ڵکی هه‌مان شار بوون. له‌وێ لێکۆڵینه‌وه‌یه‌ک کرا سه‌باره‌ت به ته‌له‌فوز کردنی چوار ڤاوێلان:
1. ڤاوێل له ووشه‌ی gate ، دا، که له ئه‌فریکای خواروو شێوه‌ی ده‌ربڕینی له ئی هه‌ره به‌پرێستیژه‌وهRP ده‌ست پێده‌کا [geit] تا ده‌گاته شێوه‌ی هه‌ره که‌م پرێستیژی ئه‌فریکای خواروو [gʒt]، که کوتی یه‌که‌م زۆر دێته خوارێ و زۆر دێته نێوه‌ڕاسته‌وه و به‌ره‌و دیفتۆنگ ده‌چێ، وه‌ک له ووشه‌یbird دا.
2. ڤاوێل له can’t دا، که له [ka:nt] ی RP یه‌وه هه‌یه تا، [kD:nt ] ی خوارووی ئه‌فریکایی، که چۆنێتی ڤاوێله‌که زۆر نزیکه له‌وه‌ی له on ی RP دا هه‌یه – ڤاوێلێکی خڕی که به‌ڕه‌و پشته‌وه ده‌رده‌بڕدرێ.
3. ڤاوێلی out، که له ده‌ربڕینی [aut] ی RP یه‌وه ده‌ست پێده‌کا تا ده‌گاته [æut] ی خوارووی ئه‌فریکایی، که یه‌که‌م کوتی له پێشه‌وه ده‌رده‌بڕدرێ و وه ڤاوێلی cat ده‌چێ له RP دا.
4. ڤاوێلی ووشه‌ی boy که له شێوه‌ی ده‌ربڕینی RP یه‌وه ده‌ست پێده‌کا [bɔı]، تا ده‌گاته شیوه‌یه‌کی که کوتی یه‌که‌می خڕ ده‌رده‌بڕدرێ[ bui ] وه‌ک ده‌ربرێنی وشه‌ی school له RPدا.
کوڕان، زۆر ڕێی تێده‌چێ ته‌له‌فوزکردنه‌کانی ناوچه‌یی ناستاندارد زۆر له کچان زیاتر به کار بهێنن.
که وابوو،له به‌شه جیاوازه‌کانی دنیای ئینگلیسیی زمان دا، هه‌روه‌ها له کۆواساتی دا ،ده‌رکه‌وتووه که ئاخێوه‌رانی ژن ئه‌و شێوانه به‌کارده‌هێنن که به ‘ باشتر’ و ‘ دروستتر’ داده‌ندرێن له‌و شێوانه‌ی که پیاوان به کاریان ده‌هێنن. ئه‌و دۆزینه‌وانه دواجار له زۆر زمانانی دیکه‌ی ئوڕووپا و شوێنی دی‌دا دووپاته کراونه‌ته‌وه و به مۆدێل داندراون.
( له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، له‌وباره‌یه‌وه، لێره دا ده‌بێ ڕاستکردنه‌وه‌یه‌کی گرینگ بکرێ: له‌و کۆمه‌ڵگه‌یانه‌یدا که شێوه‌زاری ستاندارد ته‌نێ به ڕێگه‌ی په‌روه‌رده و/یان به‌ڕێگه‌ی پێوه‌ندی له گه‌ڵ ده‌ره‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه که وه‌رده‌گیرێ و خه‌ڵک فێری ده‌بن، ئه‌و ژنانه‌ی وا له خوێندن و په‌روه‌رده و/یان سه‌فه‌ر بێ به‌ش کراون ئاشکرایه که شێوه ستاندارده‌کان له پیاوان زیاتر به‌کار ناهێنن – بۆ نموونه، ئه‌وه سه‌باره‌ت به هێندێک کۆمه‌ڵگه‌ی عه‌ڕه‌بی زمان گوتراوه.)
له ڕاستیدا، ئێمه ده‌توانین بڵێین که جیاوازێتی جینسی کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌و جۆره تاکه دۆزینه‌وه‌ی هه‌ره شیلگیره که له کاری زمانناسیی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه له سه‌رتاسه‌ری دنیا له ماوه‌ی سی ساڵی ڕابردوو دا سه‌ری هه‌ڵهێناوه. ئه‌وه بۆ ده‌بێ وابێ؟ وڵامی دروست ئه‌وه‌یه که ئێمه به‌وردی نازانین، به‌ڵام زمانناسانی کۆمه‌ڵایه‌تی له‌و باره‌یه‌وه ژماره‌یه‌ک پێشنیازی جیاواز، و به پێویستی جێی پرسیاریان، هێناوه‌ته گۆڕێ.
یه‌که‌م، ئاماژه به‌وه کراوه ئاخاوتنی چینی کرێکار، وه‌ک هێندێک لایه‌نه‌کانی دیکه‌ی کولتووری چینی کرێکار له کۆمه‌ڵی ئێمه دا، وێده‌چێ مانای سه‌ربه‌ستراوی پیاوانه بێ یان به نێرایه‌تی به‌سترابێته‌وه، که ئه‌وه‌ش ده‌توانێ پیاوان بگه‌یێنه‌ته ئه‌وه‌ی که که‌وتنه به‌ر کارتێکه‌ری شێوه ناستاندارده‌کانی زمان زیاتر له ژنان به‌لایانه‌وه په‌سندتر بێ. ئه‌وه‌ش، به نۆره‌ی خۆی،ڕه‌نگه له‌به‌ر ئه‌وه‌بێ قسه‌کردنی چینی کرێکار به ‘ توف بوون’ ه‌وه به‌ستراوه‌ته‌وه، که له ڕووی نه‌ریتییه‌وه واداندراوه ئه‌وه یه‌کێک له خه‌سڵه‌ته‌کانی ژیانی چینی کرێکاره – و ‘ توف بوون’ به به‌ربڵاوی وا داده‌ندرێ خه‌سڵه‌تێکی به‌دڵی پیاوانه و نێرانه بێ.
دووه‌م، ئاماژه به‌وه کراوه زۆر له کۆمه‌ڵان وێده‌چێ چاوه‌ڕوانی ئاستێکی زیاتر له پێبه‌ندی به نۆڕمه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان – ئاکار و کرده‌وه‌ی باشتر – له ژنان بکه‌ن تا ئه‌وه‌ی ئه‌و چاوه‌ڕوانییه‌یان له پیاوان هه‌بێ. ئه‌گه‌ر بابێک شه‌وێکی شه‌مۆ به مه‌ستی بێته‌وه ماڵێ و به سه‌ر مافووره‌ی ژووری به‌رده‌ستاندا بڕشێته‌وه، ئه‌وه خراپه. به‌ڵام ئه‌گه‌ر دایکه‌که ئه‌وه بکا، زۆر له خه‌ڵک وا هه‌ست ده‌که‌ن ئه‌وه خراپتر بێ. ژنێکی نۆروێژی که له پڕۆژه‌یه‌کی لێکدانه‌وه‌ی له‌هجه دا چاوپێکه‌وتنی له گه‌ڵ کرابوو، کاتێک پرسیاری لێ‌کرا بۆچی ئه‌و ته‌له‌فوزی به‌پرێستیژی ‘ ɛg ] ‘egg ] به‌کار هێناوه، به‌ڵام براکانی گوتوویانه [æg ] : له وڵام دا گوتبووی ‘بۆ ژنێک نابێ بڵێ [æg ]. هه‌ر وه‌ک له نیو زیلاند زمان‌ناسی کۆمه‌ڵایه‌تی ئێلیزابێت گۆردون ئاماژه‌ی پێکردووه، ئه‌و بواره‌ی که له ڕووی نه‌ریتیه‌وه به ڕاشکاوی چاوه‌ڕوانی ئاکاری ‘باشتر’ له‌ژنان کراوه، له به‌ر دووپێوانه‌یی بوون له کۆمه‌ڵی ئێمه‌دا، بواری چالاکی جینسی بووه. ئه‌و ده‌ڵێ له‌وانه‌یه ژنان له به‌ر ئه‌وه به شێوه‌یه‌کی زۆر به‌پرێستیژتر قسه بکه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی گومانی ئه‌وه‌یان لێ نه‌کرێ که له ڕووی جینسییه‌وه هه‌رزه بن.
به‌له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌وه‌ی که له کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی ئاخاوتن دا گۆڕێنه‌ری زمانی هه‌ن و پێوه‌ندییه‌کی هاوچه‌شنێتییان له گه‌ڵ چینی کۆمه‌ڵایه‌تی دا هه‌یه ( ئه‌و فۆرمانه‌ی چینی سه‌ره‌وه به‌کاری ده‌هێنن پله و پرێستیژی له‌و فۆرمانه‌ی چینی خواره‌وه‌تر به‌کاری ده‌هێنێ زیاتر یان ‘ دروست’ تره)، بۆیه گوشارێکی کۆمه‌ڵایه‌تی له سه‌ر ئاخێوه‌ران هه‌یه پرێستیژ وه‌ده‌ست بهێنن یان به ‘ دروست’ وه‌به‌رچاو بێن به به‌کار هێنانی فۆرمه‌کانی چینی سه‌ره‌وه‌تر. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ئه‌گه‌ر شته‌کانی دیکه‌ش بۆ ژنان و پیاوان یه‌کسان بن، ڕه‌نگه ئه‌وه ڕاستییه‌ک بێ ئه‌گه‌ر بگوترێ ئه‌و جۆره گوشارانه له سه‌ر ژنان زیاترن.له سه‌رێکی دیکه‌شه‌وه،گوشار هه‌یه بۆ به‌رده‌وام بوون له‌سه‌ر به‌کارهێنانی شێوه‌ی که‌متر به پرێستیژی ناستاندارد، هه‌ر وه‌ک له نموونه‌ی ڤاینیاردی مارتا Martha’s vineyard ( پێشتر دوڕگه‌یه‌کی تاک که‌وتوو بووه له قه‌راغی نیو ئێنگلاند له باکووری ڕۆژهه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا) دا دیتمان وه‌ک نیشانه‌یه‌کی هاوپێوه‌ندی ده‌سته‌یی و ناسێنه‌ی که‌سێتی. به‌ڵام، لێره دا ئه‌و جۆره گوشارانه له سه‌ر پیاوان زیاترن تا ژنان، ئه‌وه‌ش له به‌ر چه‌مکه‌کانی پیاوه‌تی و نێرایه‌تی که له کۆمه‌ڵی ئێمه دا باون.
تا ئه‌و جێگه‌ی که پێوه‌ندی به زمانی ئینگلیسییه‌وه هه‌بێ ئێمه به‌ڵگه‌ی زۆر چاوڕاکێشمان هه‌ن له مهر ئه‌وه‌ی که چۆن نرخه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و ده‌وری جینسی کۆمه‌ڵایه‌تی کارلێکه‌ری ده‌بێ له سه‌ر بۆچوون و ڕوانگه‌ی ئاخێوه‌ران له ئاست شێوه زمانییه‌کان – و هه‌ر وه‌ها به‌کارهێنانی به‌کرده‌وه‌ی ئه‌و شێوانه له لایه‌ن ئه‌وانه‌وه. ئێمه به‌ڵگه‌یه‌کی زۆرمان به‌ده‌سته‌وه‌یه نیشان بده‌ین که، له ئینگلیستان، ئینگلیسیی ستاندارد و ڕاوێژی RP پرێستیژێکی به‌رزیان هه‌یه. ( بۆ نموونه، ئه‌وه زۆر به باشی پێی زاندراوه، ئه‌و ئاخێوه‌رانه‌ی که سه‌رنجێکی زۆر ده‌ده‌نه سه‌ر شێوه‌ی قسه کردنی خۆیان له باری زمانییه‌وه به‌ره‌و ئاراسته‌ی ئه‌و شێوه‌زاره به‌پله وپایانه ده‌چن.) ئه‌ی باشه، ئه‌و قسه‌یه چی که ده‌ڵێ شێوه‌ی ئاخاوتنی چینی کرێکار زیاتر به‌لای شێوه‌ی قسه‌کردنی پیاوانی داده‌شکێنێ؟ داخودا ئێمه ده‌توانین بیسه‌لمێنین ئه‌وه وایه؟ قسه‌یه‌کی ئاوا به ڕاستی پشت به‌و باوه‌ڕه ده‌به‌ستێ که شێوه‌زاره‌کانی زمانی ناستانداردی چینی خواره‌وه‌ش جۆره ‘ پرێستیژ’ ێکیان هه‌یه، و ئه‌وه به تایبه‌تی له‌مه‌ڕ پیاوان وایه. ( ئێمه ده‌کرێ وای دابنێین ئه‌و قسه‌یه ڕاسته: ده‌نا ئه‌گه‌ر وانه‌بێ ده‌بوو زۆر ئاخێوه‌ری زیاتری RP و ئینگلیسیی ستاندارد هه‌بووبان له‌وه‌ی که له ڕاستیدا هه‌نه. به‌ڵام دیاره ئه‌وه ڕه‌زامه‌ندییه‌کی زۆر پێک ده‌هێنێ ئه‌گه‌ر مرۆ بتوانێ نیشانی بدا.) لابۆڤ نێوی ئه‌و جۆره ‘پرێستیژ’هی ناوه پرێستیژی شاراوه چونکوو بۆچوونی له‌و چه‌شنه به ئاشکرایی ده‌رنابڕدرێن ، و به‌شێوه‌یه‌کی به‌رچاو له نرخه کۆمه‌ڵایه‌تییه باو و سه‌ره‌کییه‌کان دوور ده‌که‌ونه‌وه ( واته له خوێندنگه و دامه‌زراوه‌کانی دی) که هه‌موو که‌س پێیان ده‌زانێ. بۆ نموونه، وشه‌ی په‌سناوی وه‌ک ‘باش’ و ‘ خۆش’ به ئاسایی بۆ شێوه‌زاره ستاندارده به پرێستیژه‌کان ته‌رخان کراوه.
نموونه‌ی به‌ڵگه‌یه‌ک که نیشان ده‌دا پرێستیژی شاراوه هه‌یه به شێوه‌ی خواره‌وه‌یه.له لێکدانه‌وه‌ی له‌هجه‌ی شاریانه‌ی نارویچ دا، داوا له زانیاریده‌ران کرا له تاقی کردنه‌وه‌یه‌ک دا که ‘ بۆ خۆیان هه‌ڵیسه‌نگێنن’ به‌شداری بکه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی له‌وه بکۆڵدرێته‌وه ئه‌وان بۆخۆیان پێیان وایه ووشه‌یه‌ک چۆن ته‌له‌فوز ده‌که‌ن و له ڕاستیدا شێوه‌ی ته‌له‌فوز کردنه‌که‌یان چۆنه. له تاقیکردنه‌وه‌که‌دا به ده‌نگی به‌رز ووشه بۆ به دوو یان زیاتر ته‌له‌فوز کردنی جیاوازه‌وه بۆ زانیاریده‌ره‌کان خوێندرانه‌وه بۆ نموونه وشه‌ی tune جارێک وه‌ک[ tju:n] و جارێک وه‌ک [tu:n] . ( شێوه‌ی یه‌که‌میان y ی [j] تێدایه که، ده‌خزێ، ئه‌وی دووه‌میان ‘toon ‘ ئه‌وه‌ی تێدا نییه. ئه‌و دوو جۆره ته‌له‌فوزکردنه هه‌ردووکیان له نارویچ باون. ئه‌وه‌ی یه‌که‌میان ته‌له‌فوزێکی RP یه، وپرێستیژی زۆر له‌وه‌ی دووهه‌میان زیاتره.) دوایه داوا له زانیاریده‌ره‌کان کرا به نیشانه کردن له سه‌ر خشته‌یه‌ک ژماره‌یه‌ک بنووسن و دیاریی بکه‌ن به ئاسایی ئه‌وان خۆیان کام ته‌له‌فوز ده‌کار ده‌که‌ن. به به‌راورد کردنی ئاکامه‌کانی ئه‌و تاقیکردنه‌وه‌یه که له ڕاستیدا وڵامه‌کانیان به ده‌م هاوپرسه‌کییه‌کاندا له‌سه‌ر ڕێکۆردر ئاسته کرابوون، هه‌لی ئه‌وه ڕه‌خسا جیاوازی نێوان ئه‌وه‌ی که زانیاریده‌ره‌کان پێیان وابوو ته‌له‌فوزیان کردووه و ئه‌وه‌ی که له‌ڕاستیدا کردبوویان ده‌رکه‌وێ. ئاکامه‌کان له ده‌ربڕینی ڤاوێلی ووشه‌ی وه‌ک tune، student ، music و هتد دا زۆر چاوڕاکێش بوون، و له خشته‌ی ژماره 7 دا نیشان دراون. زانیاریده‌ره‌کان به دووده‌سته دابه‌ش کران: ئه‌وانه‌ی که 50 له سه‌د یان زیاتر [j] یان به کار هێنابوو له قسه‌کانیاندا که له‌سه‌ر ڕێکۆرد ئاسته کرابوو به به‌کارهێنه‌ری درێژکه‌ره‌وه‌ی [j] داندران، و ئه‌وانه‌ش که که‌متر له 50 له‌سه‌دیان به‌کار هێنابوو، به به‌کارنه‌هێنه‌ر داندران. ئه‌و خشته‌یه نیشان ده‌دا زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی بۆخۆیان پێیان وابوو ووشه‌که‌یان چۆن ته‌له‌فوز کردووه وڵامه‌که‌یان ڕاست بوو: 84 له سه‌دی ئه‌وانه‌ی له قسه کانیان دا [j] درێژکراوه‌یان به کار نه‌هێنابوو، ڕایانگه‌یاند به‌کاریان نه‌هێناوه، و ته‌نێ 16 له سه‌د له‌وانه‌ی که به‌کاریان نه‌هێنابوو له ڕاستیدا ئیدیعایان کرد ئه‌وان شێوه‌ی زۆر به پرێستیژتریان به‌کارهێناوه، له کاتێکدا به‌کاریان نه‌هێنابوو. به‌ڵام سه‌رنج بده‌نه سه‌ر ئه‌وانه‌ی ده‌نگه‌که‌یان درێژ ده‌کرده‌وه. له کاتێکدا که 60 له سه‌دیان وڵامه‌که‌یان ڕاست بوو، له ڕاستیدا 40 له سه‌دیان ئیدیعایان کرد ئه‌وان ته‌له‌فوزی پله‌ی خواروو،نه‌به پرێستیژیی [ tu:n ] به کار هێنابوو، ته‌نانه‌ت وه‌ک ئه‌و جۆره‌ی کاسێتی ڕێکۆردره‌که‌ش ده‌ری خست گوتبوویان [tju:n ]. ده‌کرێ به‌و جۆره خه‌ڵکانه بڵێین ‘ گێڕه‌وه‌ره‌ی خراپ’ چونکوو ئه‌وان ئیدیعایان ده‌کرد شێوه‌ی که‌متر به پله‌وپایه‌یان که‌متر به‌کار هێناوه له کاتێک دا وانه‌بوو، و ده‌کرێ به 16 له سه‌ده‌که‌ی دیکه‌ش بڵێین ‘ گێڕه‌وه‌ره‌ی چاک’ چونکوو چاکی بۆچووبوون.
خشته 7. خۆ بڕیار دان له سه‌ر چلۆنایه‌تی ته‌له‌فوز کردنی tune له نارویچ
زانیاریده‌ره‌کان به %
ئه‌وانه‌ی گوتیان ده‌نگی ڤاوێله‌که‌یان درێژ کردووه‌ته‌وه 60
ئه‌وانه‌ی گوتیان ده‌نگی ڤاوێله‌که‌یان درێژ نه‌کردووه‌ته‌وه 40
ئه‌وانه‌ی که ده‌نگه‌که‌یان له ڕاستیدا درێژ کردبووه‌وه 16
ئه‌وانه‌ی که ده‌نگه‌که‌یان له ڕاستیدا درێژ نه‌کردبووه‌وه 84
جا ئێستا ئێمه ئه‌گه‌ر ئه‌و پنکتانه‌ی کۆ کرانه‌وه به پێی جینسی کۆمه‌ڵایه‌تی دابه‌ش بکه‌ین ،ئاکامه‌کانی زۆر شت ده‌رده‌خه‌ن. له نێو 40 له سه‌دی ‘ گێڕه‌وه‌ره‌ی خراپ’ دا نیوه‌یان پیاو و نیوه‌یان ژن بوون. به‌ڵام له نێو 16 له سه‌دی ‘گێڕه‌ره‌وه‌ی چاک’ دا، گشتیان ژن بوون. هه‌ژماره‌کانی ئه‌و تاقیکردنه‌وه‌یه به گشتی له خشته‌ی 8 دا دیاری کراون.
ئێمه ده‌توانین ببینین که زانیاریده‌ره پیاوه‌کان، به‌شێوه‌یه‌کی سه‌رنجڕاکێش زۆر له هاوتا ژنه‌کان وڵامه‌کانیان ڕاستتره. ژنه‌کان ، ده‌توانین بڵێین ، له زۆر نمووناندا، ده‌ڵێن که شێوه‌کانی چینی سه‌ره‌وه‌تریان به‌کار هێناوه بێ ئه‌وه‌ی ئه‌وه وابێ – له‌وانه‌یه ئه‌و جۆره وڵامدانه‌وه‌یه‌وه له به‌ر ئه‌وه بێ ئه‌وان ئاواتیان وابووه که ته‌له‌فوزیان وابێ یان وایان بیرکردووه‌ته‌وه که ده‌بێ ته‌له‌فوزیان وابێ، جا بۆیه، ڕێشی تێده‌چێ به ڕاستیش له‌و باوه‌ڕه دابووبن که ته‌له‌فوزیان ئی شێوه‌ی چینی سه‌ره‌وه‌یه. ئه‌و ئاخێوه‌رانه‌ی که ده‌ڵێن شێوه‌یه‌کی تایبه‌تی به‌کار ده‌هێنن و مه‌به‌ستیانه وابکه‌ن ئه‌و شێوه‌یه به‌لایانه‌وه په‌سندتره له‌وه‌ی که ئه‌وان به ئاسایی به‌کاری ده‌هێنن. ( وا وێده‌چی هیچ خۆ هه‌ڵخه‌ڵتاندنێکی وشیارانه له گۆرێ دانه‌بێ.)
له خواره‌وه‌تر هه‌ژماره‌کانی خشته‌ی 9 له به‌رچاو بگرن. ئه‌وه ئاکامی تاقیکردنه‌وه‌یه‌ک نیشان ده‌دا که ئاخێوه‌ران خۆیان هه‌ڵیانسه‌نگاندووه سه‌باره‌ت به ڤاوێلی ئه‌م ووشانه ear ، here ، idea له ئینگلیسیی نارویچ دا ( له نارویچ دوو شێوه‌ی سه‌ره‌کی ئه‌و ڤاوێله هه‌یه یه‌کیان ɪə] RP ]یه ئه‌وی دیکه‌یان [:ɛ ] یه، ڤاوێلی وشه‌ی care ، ear ، air ، here، hair وه‌ک یه‌ک وان.) ئه‌و خشته‌یه نیشان ده‌دا زۆربه‌ی ژنه‌کان گوتوویانه ئه‌وان شێوه‌ی RP ڤاوێله‌که به کار ده‌هێنن ، که له ڕاستیدا وا نییه، به‌ڵام نیوه‌ی پیاوه‌کانیش به‌پێچه‌وانه‌یان وڵام داوه‌ته‌وه. ئه‌وان گوتوویانه شێوه‌یه‌کی که‌متر به پله و پایه، و زۆرتر ئی چینی خواره‌وه‌تریان به‌کار هێناوه له‌وه‌ی که به ئاسایی به‌کاری ده‌هێنن. ئه‌وه‌ش به‌ڵگه‌یه‌کمان ده‌خاته به‌رده‌ست که ئاخێوه‌رانی پیاوله نارویچ ، به بێ ئه‌وه‌ی
خشته‌ی 8. خۆبڕیاردان له سه‌ر چلۆنایه‌تی ته‌له‌فوز کردنی tune له نارویچ
زانیاریده‌ره‌کان به %
ئه‌وانه‌ی له وڵامه‌که‌یان زیاد کردووه به گشتی 13
رێژه‌ی پیاوان 0
ڕێژه‌ی ژنان 29
ئه‌وانه‌ی له وڵامه‌که‌یان که‌م کردووه به گشتی 7
رێژه‌ی پیاوان 6
ڕێژه‌ی ژنان 7
وڵامی دروست به گشتی 80
ڕێژه‌ی پیاوان 94
ڕێژه‌ی ژنان 64
خویان هه‌ستی پێ بکه‌ن، شێوه‌کانی ناستاندارد و پله نزمی ئاخاوتنیان به‌لاوه په‌سندتره – له ڕاستیدا، ئه‌وه‌نده زۆره، که ئه‌وان ئیدیعا ده‌که‌ن ئه‌و شێوانه به‌کار ده‌هێنن یان ته‌نانه‌ت ده‌نگی خۆیان ئاوا ده‌بییێن که به‌کاریان ده‌هێنن ته‌نانه‌ت له کاتێکیش دا ئه‌وان ئاوا ناکه‌ن. وێده‌چێ، ژماره‌یه‌کی زۆر له ئاخێوه‌رانی پیاو، زیاتر بیر له‌وه بکه‌نه‌وه که پرێستیژێکی شاراوه به ده‌ست بخه‌ن تا ئه‌وه‌ی پله‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیان ده‌ست که‌وێ ( که زۆر به ئاسایی ئاوا دیاریی کراوه). له ڕوانگه‌ی پیاوی نارویچی یه‌وه ( و ڕه‌نگه ئێمه، بتوانین له سه‌ر پیاوی خه‌ڵکی جێگه‌ی دیکه‌ش بڵێین) شێوه‌ی قسه‌کردنی چینی کرێکار هه‌م به پله و هه‌م به پرێستیژه. له سه‌رێکی دیکه‌وه، پێچه‌وانه‌ی ئاشکرای ئه‌وه به‌و پنکتانه‌ی له بۆچوونی ژنه زانیاریده‌ره‌کانه‌وه له‌وباره‌یه‌وه ده‌رکه‌وتوون داده‌گیرێته‌وه، و نیشان ده‌دا ئه‌وان ( ئه‌وان تا 68 له‌سه‌د ‘گێڕه‌ره‌وه‌ی چاک’ نین له نموونه‌ی ڤاوێله‌کانی نێو ووشه‌گه‌لی له‌گوێن ear دا )، زۆریان به‌لاوه په‌سندتره فۆرمه‌کانی RP چینی نێوه‌ڕاست به‌کار بهێنن. ئه‌و جیاوازی بۆچوونانه له نێوان پیاوان و ژنان دا ئه‌وه شی ده‌کاته‌وه بۆچی ئه‌و جیاوازێتییه‌ی له مه‌ڕ جینسی کۆمه‌ڵایه‌تی له نموونه‌ی ng نارویچ و دوو هۆکاره له گۆڕانهاتووه‌کانی دیترۆیت ئه‌و شێوانه به‌خۆیانه‌وه ده‌گرن. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی کۆمه‌ڵ خه‌سڵه‌ته جیاوازه‌کان له نێو دوو جێنسی کۆمه‌ڵایه‌تی دا جیاواز هه‌ڵده‌سه‌نگێنێ، پرێستیژی شاراوه کارلێکه‌رییه‌کی زۆر به‌هێزتر وپته‌وتر له پیاوان ده‌کا، و ئه‌وکارلێکه‌رییه له سه‌ر ژنان پرێستیژی ‘ ئاسایی’ یه. ئاکامه‌که‌شی ئه‌وه‌یه که ئه‌گه‌ر چینی کۆمه‌ڵایه‌تی به جینسی کۆمه‌ڵایه‌تی ببه‌سترێته‌وه جیاوازێتی ڕاوێژ ده‌رده‌که‌وێ هه‌روه‌ک له سه‌ره‌وه دا وێنا کرا.
خشته‌ی 9. خۆ بڕیاردان له سه‌ر چلۆنایه‌تی ته‌له‌فوز کردنی ear له نارویچ
زانیاریده‌ره‌کان به %
ئه‌وانه‌ی له وڵامه‌که‌یان زیاد کردووه به گشتی 43
ڕێژه‌ی پیاوان 22
ڕێژه‌ی ژنان 68
ئه‌وانه‌ی له وڵامه‌کانیان که‌م کردووه به‌گشتی 33
رێژه‌ی پیاوان 50
ڕێژه‌ی ژنان 14
وڵامی دروست به گشتی 23
ڕێژه‌ی پیاوان 28
ڕێژه‌ی ژنان 18
له زمانی کۆواساتی، و به‌تایبه‌تی له زمانی چوکچی دا دیتمان ئاخاوتنی ژنان زۆر له ئی پیاوان خۆپارێزتره. گۆڕانی زمانی، که له لایه‌ن پیاوانه‌وه سه‌رکێشی ده‌کرا، و دوایه ژنانیش به شوێنیان‌دا چوون ، ئه‌گه‌ر چووبێتن. نموونه‌ی ئه‌وتۆ، دیاره به شێوه‌یه‌کی زۆر ئاڵۆز و پێچه‌ڵپێچتر، له‌نێو کۆمه‌ڵگه ڕۆژئاواییه‌کانیشدا ده‌بیندرێ: بۆ وێنه، کاتێک باس دێته سه‌ڕ گۆڕانه زمانییه‌کان که به‌ئاڕاسته‌ی دوورکه‌وتنه‌وه له ستانداردی پڕێستیژ دا ده‌چن ، وێده‌چێ ژنان زۆر له‌پیاوان خۆپارێزتر بن – بۆ نموونه له سازکردنی به‌ستی گه‌روویی glottal stop ی /t/ له زمانی ئینگلیسی دا. له‌و نموونانه‌ی دا که جۆره‌یه‌ک شێوه‌زاری پله به‌رز یان پێوه‌رێکی نه‌ته‌وه‌یی له گۆڕێ دایه، ئه‌و ده‌می گۆڕان به‌ره‌و ئاراسته‌ی ئه‌و نۆڕمه خۆی ده‌رده‌خا، که ئه‌وه‌ش زۆرجار، له‌لایه‌ن ژنانه‌وه سه‌رکێشی ده‌کرێ. بۆ وێنه، له Hillsboro له هیلسبۆرۆ، کالیفۆرنیای باکووری، وێده‌چێ ژنان پێشه‌نگی گۆڕانی نۆرمێکی کۆنتری پرێستیژ بن به‌ره‌و یه‌کی نوێتر. له کاتێکدا شێوه قسه‌کردنی خوێنده‌وارانه‌ی باشووری به‌وجۆره‌ی له ڕابردوو دا له هیلسبۆرۆ به پرێستیژ دا ده‌ندرا که‌متر ده‌نگی /r/ ی ده‌کار ده‌کرا، ئێستا به تایبه‌تی ژنان نۆرمێکی به‌ربڵاوی نه‌ته‌وه‌یی به‌پرێستیژ به‌کار ده‌هێنن که /r/ی نابه‌ر- له ڤۆکالی تێدایه له ووشه‌گه‌لی وه‌ک car و cart دا.
به‌ره‌وپێشچوونێکی ئه‌وتۆش له ناوچه‌ی لارڤیک له باشووری نۆڕوێژ ڕوویداوه، و ئێستا فۆرمه‌کانی نێو شاری به ناوچه‌کانی ده‌ره‌وی شار دا بڵاو بوونه‌ته‌وه و جێگه‌ی فۆرمه‌کانی پێشووی گوندیانه‌یان گرتووه‌ته‌وه. لێره‌ش دا ژنان سه‌رکێش و ڕێشانده‌رن. له نێو زۆر بنه‌ماڵاندا ده‌کرێ سێ قۆناخی جیاواز له یه‌کتری بکرێنه‌وه: بابان له ناوچه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی شاریدا زۆر خۆپارێزتر له کوڕه‌کانیانن ، و کۆڕه‌کانیش به نۆره‌ی خۆیان زۆر له دایکه‌کان و خوشکه‌کانیان خۆپارێزترن. بۆ نموونه، زۆر وێده‌چێ ژنان فۆرمی به‌پریستیژی شاری [mɛlk ] ‘شیر’ به‌کار بهێنن تا فۆرمی ته‌واو گوندیانه‌ی [mjlɽæk] و به گشتی وێده‌چێ وه‌جێک له پێش ئاخێوه‌رانی پیاو بن.
له نارویچ یش، هه‌ر ئه‌و جۆره نموونه‌یه سه‌ر هه‌ڵده‌هێنێ، له‌وێش ژنان پێشه‌نگی گۆڕانن به‌ره‌و ته‌له‌فوزکردنی به پرێستیژ. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش، له ئینگلیسی نارویچ دا ڕێزپه‌ڕێک هه‌یه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه گۆڕانیی زمانی نموونه‌ی ئاسایی جیاوازێتی جینسی کۆمه‌ڵایه‌تی شێواندووه. هۆکاره گۆڕێنه‌ره که له‌و نموونه نائاساییه‌دا ده‌نگی ڤاوێلی وشه‌گه‌لی وه‌ک top، hot ، dog ه. له نارویچ ئه‌و ده‌نگه ده‌کرێ وه‌کوو ڤاوێلێکی پشته‌وه‌ی خڕ ببیسترێ، وه‌ک له ته‌له‌فوزی RP دا ده‌رده‌که‌وێ [pɒt ] ، یان ڤاوێلێکی کراوه [ pɑt]. ئه‌م ڕه‌قه‌مانه‌ی خواره‌وه له سه‌دی به‌کارهێنانی فۆرمه‌کانی نا RP له لایه‌ن ئاخێوه‌رانی جیاوازه‌وه نیشان ده‌دا.
پیاوی سه‌ر به توێژی نێوه‌ڕاستی چینی نێوه‌ڕاست 1، پیاوی توێژی خواره‌وه‌ی چینی نێوه‌ڕاست 11، پیاوی توێژی سه‌ره‌وه‌ی چینی کرێکار 44، پیاوی توێژی نێوه‌ڕاستی چینی کرێکار 64، پیاوی توێژی خواره‌وه‌ی چینی کرێکار 80 .
ژنی سه‌ر به توێژی نێوه‌ڕاستی چێنی نێوه‌ڕاست 0 ، ژنی توێژی خواره‌وه‌ی چینی نێوه‌ڕاست 1، ژنی توێژی سه‌ره‌وه‌ی چینی کرێکار 68، ژنی توێژی نێوه‌ڕاستی چینی کرێکار 71، ژنی توێژی خواره‌وه‌ی چینی کرێکار 83.
بۆ ده‌سته‌کانی چینی نێوه‌ڕاست، هه‌ر وه‌ک مرۆ چاوڕێ ده‌کا، پنکتی پیاوان له ئی ژنان باڵاتره (واته ئه‌وان فۆرمه‌کانی نه- به پرێستیژ زیاتر به کار ده‌هێنن). له لایه‌کی دیکه‌وه، بۆ سێ ده‌سته‌ی چینی کرێکار، پنکه‌ته‌کان به‌رده‌وام به لای دیکه دا (‘ هه‌ڵه’) دا ده‌کشێ: له‌نێو ئه‌واندا پنکتی ژنه‌کان باڵاتره.ئێمه ده‌کرێ ئه‌وه ئاوا شی بکه‌ینه‌وه: ڤاوێلی سه‌ره‌وه له نارویچ ئێستا خه‌ریکه ده‌که‌وێته به‌ر گۆڕانی زمانی: ڤاوێله خڕه‌کانی جۆری ڕاوێژی RP له زیاد بوون دان، هه‌ر وه‌ک له‌خواره‌وه له سه‌دی به‌کارهێنانی ڤاوێلی خڕ له نێو ده‌سته جۆر به‌جۆره ته‌مه‌نییه‌کاندا نیشان ده‌دا.
ئه‌وانه‌ی ته‌مه‌نیان له نێوان 10 تا 29 ساڵان دایه 55% ، ئه‌وانه‌ی ته‌مه‌نیان له نێوان 30 – 49 ساڵان دایه 63% ، ئه‌وانه‌ی ته‌مه‌نیان له نێوان 50 – 69 ساڵان دایه 67 %، ئه‌وانه‌ی له سه‌ره‌وه‌ی 70 ساڵانن 93 %
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ئه‌و گۆڕانه به‌شێوه‌یه‌کی سه‌رنجڕاکێش و نائاسایی ڕوو ده‌دا، ڤاوێله خڕه نوێیه‌که له لایه‌ن ژنانی چینی نێوه‌ڕاسته‌وه له ڕاوێژی RPیه‌وه هێنراوه‌ته نێو ئینگلیسیی نارویچ، که شێوه‌کانی به پرێستیژیان به‌لاوه په‌سنده و بۆیه نزیکه‌ی 100 له سه‌دی ڤاوێله خڕه‌کان به‌کار ده‌هێنن. ئه‌وه، هه‌ر وه‌ها پیاوانی چینی کرێکاریش هێناویانه‌ته نێو له‌هجه‌که، بۆ لاسایی کردنه‌وه‌ی شێوه ئاخاوتنی چینی کرێکار له ناوچه‌ی له‌نده‌ن و مه‌ڵبه‌ندی دراوسێیان سافۆڵک. ئه‌و ڕاوێژانه‌ی چینی کرێکارکه [ɒ]ش به‌کار ده‌هێنن بۆ پیاوانی نارویچ مانایه‌کی سه‌ربه‌ستراوی ( پرێستیژی شاراوه) یان هه‌یه، هه‌ر بۆیه‌ش ئه‌وان زیاتر ڤاوێلی خڕ به‌کار ده‌هێنن و پنکه‌تاکانیان له ژنانی چینی کرێکار که‌متره.ئه‌مه،خۆی نموونه‌یه‌کی نائاسایی یه له پرێستیژی ئاشکرا و گونجان له گه‌ڵ پرێستیژی شاراوه و ئه‌و ده‌وره ده‌سه‌لمێنێ که جیاوازێتی جینسی کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌توانێ له گۆڕانی زمانی دا بیگێڕێ.
که‌وابوو، جیاوازێتی جینسی کۆمه‌ڵایه‌تی له زمان دا، ئه‌و کاته سه‌ر هه‌ڵده‌دا، هه‌ر وه‌ک ئێمه دیتمان، زمان، وه‌کوو دیارده‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی له نزیکه‌وه به بۆچوون و ڕوانگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه به‌سترابێته‌وه.پیاوان و ژنان له‌به‌ر ئه‌وه له باری کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه جیاوازن چونکوو کۆمه‌ڵ قالبی جیاوازی ده‌وری کۆمه‌ڵایه‌تییان بۆ داده‌نێ و چاوه‌ڕوانیی نموونه‌ی هه‌ڵسوکه‌وتی جیاوازیان لێ ده‌کا. زمان ته‌نێ ئینعیکاس و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و ڕاستییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌یه. له‌وه‌ش زیاتر، ئه‌گه‌ر ده‌وری کۆمه‌ڵایه‌تی پیاوان و ژنان گۆڕانی به‌سه‌ر دابێ، هه‌ر وه‌ک ئێستا له نێو زۆر کۆمه‌ڵان دا ئه‌و گۆڕانه به‌ڕێوه‌یه، که‌وابێ، ڕێی تێده‌چێ جیاوازی جینسی کۆمه‌ڵایه‌تی له زمان دا بگۆڕدرێ یان که‌میش بێته‌وه، و ئێمه له سه‌ره‌وه دا هێندێک به‌ڵگه‌مان دی که ده‌کرێ له دووی ئه‌و بۆچوونه بده‌ن. له‌وه‌ش زیاتر، ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ ئه‌و " قالبه‌ی کۆمه‌ڵ بۆ ژن و پیاوانی داناوه" بگۆڕدرێ، ئه‌و ده‌می ده‌بێ تا ڕاده‌یه‌ک له سه‌ر زمان جه‌خت بکرێته‌وه و هه‌وڵ بدرێ بۆ گۆڕینی. (له به‌ندی 10 دا هه‌موولایه‌نتر له‌و مژاره ده‌دوێین.)
بۆچوون و ڕوانگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی، به ڕوونی پێوه‌ندییه‌کی گرینگی به ناسێنه‌وه هه‌یه. ئێمه له به‌ندی پێشوو دا دیتمان که زمان ده‌توانێ ده‌ورێکی گرینگ بگێڕێ له نیشاندانی ناسێنه‌ی ئێتنیکی دا.ده‌بێ ئه‌وه‌ش بزانین نیشاندان و ده‌ربڕینی ناسێنه‌ی جێندر (جینسی کۆمه‌ڵایه‌تی)ش هه‌ر ئه‌وه‌نده گرینگه. ئاشکرایه جوێبوونی جێناوی که‌سی یه‌که‌می تاک به هیچجۆر پێویستییه‌کی ڕه‌ها نییه، هه‌ر بۆیه‌شه زۆربه‌ی زمانه‌کان ئه‌و جیاوازییه جێناوییه‌یان نییه. به‌ڵام ئه‌و جوێبوونانه، له‌و زمانانه‌ی دا که هه‌یانه ده‌ورێک ده‌گێڕن و ناسێنه‌ی ئاخێوه‌ر وه‌ک پیاو یان ژن نیشان ده‌ده‌ن و ڕای ده‌هێزێنن. هه‌ر ئاواش ده‌بێ له‌وه تێبگه‌ین هۆکاره گۆڕێنه‌ره‌کانی ووشه‌یی، ده‌نگسازی و ڕێزمانی، که له‌و به‌نده دا باسمان کردن، ده‌وریان هه‌یه.
سه‌رچاوه‌ی ئه‌م وه‌رگێڕانه، به‌ندی 4ی کتێبی:
Sercawey em wergérane, bendí 4-í kitébí: Sociolinguistics An introducton to language and society, Peter Trudgill, Penguin Books, Fourth editon 200, pp.61-80
(Mallperrí Ruwange)