وشه خوازتن و داتاشین
دوكتور ئه‌میری حه‌سه‌نپوور
وشه خوازتن و داتاشین
دوكتور ئه‌میری حه‌سه‌نپوور
كێشه‌ی په‌تی كردن پێویستی به لێكۆڵینه‌وه و لێكدانه‌وه‌ی به‌رین و قووڵه.(1) له‌و كتێبه‌ی له به‌ر ده‌ستی خوێنه‌ره‌وه دایه، چه‌ند لایه‌نێكی ئه‌و كێشه‌یه باس كراوه (بڕوانه لاپه‌ڕه‌ی: 15، 412 ، 431 ، 468). من پێم وایه ڕێبازی زه‌بیحی، سه‌باره‌ت به وشه‌ی خوازراو و داتاشراو ڕێبازێكی دروسته و یارمه‌تی ده‌دا به ستانداردكردن و ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی زمانی كوردی. زه‌بیحی وشه‌یێكی له زمانی بێگانه – چ زمانی نه‌ته‌وه زاڵ و زاڵمه‌كان (عه‌ڕه‌بی، فارسی، توركی) و چ زمانی تر – وه‌رگیرابێ و له نووسین و قسه‌كردن دا باو بووبێ وه‌ک وشه‌ی خوازراو تۆماری كردووه و وه‌ک به‌شێک له وشه‌گه‌لی زمانی كوردی داناوه. وشه‌ی داتاشراویش ئه‌گه‌ر باو بووبێ وه‌ک وشه‌ی كوردی چاو لێكردووه. بۆ وێنه:
ئابووریی – (تتـ.)، (نا.) – چاوه‌دێری ڕاگرتنی ڕێک و پێكی داهات و خه‌رجی ماڵ، ئیداره و ده‌وڵه‌ت. ئیقتیصاد. تێبـ – نازانم ئه‌م ووشه‌یه له كوێڕا هاتوه و چۆن داتاشراوه، به‌ڵام ئه‌وه‌نده بڵاو بۆته‌وه، به‌م مه‌عنایه جێگای خۆی كردۆته‌وه.
به‌ڵام زه‌بیحی به‌عزه دینامیسمێكی زمانی باش بۆ ڕوون نه‌بووبۆوه. زمان دیارده‌یێكی ئاڵۆز و هه‌میشه له گۆڕاندایه و ئه‌وانه‌ی كه بۆ ستانداردكردنی حه‌ول ده‌ده‌ن له گه‌ڵ دینامیسمی زمان دا تووشی ناكۆكی ده‌بن. بۆ وێنه زه‌بیحی ده‌نووسێ:
"داتاشینی ووشه‌ی تازه بۆ زمانێک به تایبه‌تی له‌م زمانه دا كه هه‌موو رۆژێ شتی تازه دێته گۆڕێ، كارێكی خراپ نییه هیچ به‌ڵكوو پێویستیشه، به‌ڵام به مه‌رجێ ده‌گه‌ڵ ده‌ستووری زمانی كوردیدا بگونجێ نه‌ک هه‌ركه‌س ده‌ستی قه‌ڵه‌می گرت هه‌ق داته خۆی و به ڕاست و چه‌پدا وه‌ک ئاشی كڕێوه ووشه دهرفرتێنێ، یا زاراوه‌ی زمانێكی تر وه‌رگێڕێته كوردی كه ئه‌میان هه‌ر ئێجگار ئیشێكی ناله‌باره."(2)
له گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌وه ڕاسته كه وشه‌ی داتاشراو ده‌بێ له گه‌ڵ ده‌ستووری زمانی كوردی دا بگونجێ، به‌ڵام ده‌ستووری زمان خۆی ژیانێكی دینامیكی هه‌یه و هه‌م له قسه‌كردن دا و هه‌م له نووسین و خوێندنه‌وه دا گشت كاتێ ده‌گۆڕێ و ده‌گۆڕدرێ. له‌و پرۆسه نه‌وه‌ستاوه دا، هه‌ڵه ده‌بێته ڕاست و ڕاست ده‌بێته هه‌ڵه. زه‌بیحی خۆی له ساڵانی 1942 – 44 دا، به هه‌ڵه، ناوێكی خاصی – به‌رواری (كه ناوی ناوچه بوو) – وه‌ک ناوی گشتی خوێنده‌وه و به مانای "به تاریخ"ی فارسی تێگه‌یشت و هه‌ر به‌و مانایه ده‌كاری هێنا (له گۆڤاری نیشتمان دا). هه‌ڵه‌ی زه‌بیحی (كه خۆشی تا ماوه‌یێكی زۆر نه‌یده‌زانی هه‌ڵه‌یه) له لایه‌ن ڕۆشنبیر و ڕۆژنامه و گۆڤار و ڕادیۆی كوردییه‌وه وه‌ک ڕاستیی وه‌رگیرا و به‌و مانایه‌ی كه زه‌بیحی له خه‌یاڵی خۆی دا خوڵقاندبووی ده‌كار هێندرا. ئێسته‌ش بیست ساڵ دوای ئه‌وه‌ی كه زه‌بیحی به ڕاشكاوی باسی ئه‌و هه‌ڵه‌ی كرد و خۆی ده‌ستی لێهه‌ڵگرت، ژیانی نوێی "به‌رواری" (به مانای "به تاریخ") درێژه‌ی هه‌یه.(3)
"هه‌ڵه و ڕاستی" هه‌م له قسه‌كردن دا و هه‌م له نووسین دا وه‌ک پێوانهیێک بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی زمان هاتۆته گۆڕێ، به‌ڵام ئه‌و كێشه‌یه له‌و كاته‌وه نووسین په‌یدا بووه ده‌ورێكی تایبه‌تی له زمان و كولتوور و سیاسه‌ت دا گێڕاوه. ئه‌و دیارده‌یه له زمانی ستاندارد دا بایه‌خێكی یه‌كجاری پێده‌درێ، ئه‌ویش زۆرتر به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه زمانی ستاندارد ده‌بێ دوان و لێكدوانی ئاخێوه‌رانی له‌هجه جیاوازه‌كان به هاسانی و ڕه‌وانی پێک بێنێ. له باری سیاسییه‌وه، زمانی ستاندارد ده‌بێ یه‌كگرتنی نه‌ته‌وه خێراتر به‌دی بێنێ و درێژه‌ی پێ‌بدا. به‌ڵام "هه‌ڵه" یان "ڕاست" پێوانه‌یه‌كی تاقانه و موتڵه‌قی نییه. پێوانه‌ی زه‌بیحی پێوانهیێک بوو كه زانستی زمان‌ناسی و پراتیكی زمان چێكردن (Language reform) پێی لێ داده‌گرێ: 1. هه‌ر وشه‌یێک له هه‌ر زمانێک وه‌رگیرابێ و باو بووبێ وشه‌یێكی خۆماڵی و كوردییه.
2. هه‌ر وشه‌یێک له چوارچێوه‌ی ڕێزمانی كوردی دا داتاشرابێ و باو بووبێ وشه‌یێكی ڕاست و "ڕه‌سه‌نه".
ئه‌و پێوانانه، پێوانه‌ی زمانین نه‌ک سیاسی. ئه‌وه‌ش ئاشكرایه كه هیچ ده‌ستتێوه‌ردانێكی زمان له سیاسه‌ت جوێ ناكرێته‌وه. پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه: كام سیاسه‌ت؟ له باری سیاسییه‌وه، بۆچوونی زه‌بیحی یارمه‌تی ده‌دا به بووژاندنه‌وه، ده‌وڵه‌مه‌ندكردن و ستانداردكردنی زمانی كوردی.
د. نه‌به‌ز، به پێچه‌وانه‌ی زه‌بیحی، له‌باتی پێوانه‌ی زمانیی وه‌دوای پێوانه‌ی ته‌واو سیاسی كه‌وتووه. ئه‌و پێی گرینگ نییه خه‌ڵک – خوێنده‌وار و نه‌خوێنده‌وار – چۆن زمانی كوردی ده‌كار دێنن، چۆن وشه ده‌خوازنه‌وه، چۆن جل و به‌رگی كوردی له‌به‌ر وشه‌ی خوازراو ده‌كه‌ن، یان شه‌و و ڕۆژ "ح"، " ق"، "ع"، "غ" وه‌ک ده‌نگی كوردی به‌سه‌ر زاریان دادێ. د. نه‌به‌ز و هاوبیرانی ته‌نیا یه‌ک په‌یمانه‌یان هه‌یه: كوردی بوون یان نه‌بوونی وشه و ده‌نگ و ئه‌لفوبێ. به‌ڵام هه‌ڵسه‌نگاندن و بڕیاردان سه‌باره‌ت به كوردی بوون خۆی پێویستی به پێوانه هه‌یه. پێوانهكهشیان، پێوانه‌یه‌كی ڕه‌گه‌زییه. مه‌رجی هه‌ره گرینگی كوردی بوون، لای ئه‌وان، عه‌ڕه‌ب (سامی) نه‌بوون و تورک (توورانی) نه‌بوونه. ئه‌وه‌ش وه‌نه‌بێ ته‌نیا له باری سیاسییه‌وه پڕ له مه‌ترسی بێ. زانستی زمان‌ناسی ده‌ڵێ هیچ پێوه‌ندییێک له نێوان ڕه‌گه‌ز و پێكهاته‌ی (Structure)ی زمان (پێكهاته‌ی گرامێر، مۆرفۆلۆژی، فۆنۆلۆژی) به‌دی ناكرێ. زۆربه‌ی گه‌لی كوردیش قه‌ت وه‌دوای ڕه‌گه‌ز (عرق، نژاد، race) نه‌كه‌وتووه و كێشه‌ی "ئاریایی" بوونی كورد و "سامی" بوونی عه‌ڕه‌ب و "توورانی" بوونی تورک له ساڵی 1910 به‌ولاوه له لایه‌ن ڕۆشنبیری كورد هاتووه‌ته گۆڕێ و ئه‌وه‌ش میراتی ڕه‌گه‌زپه‌رستیی ئوڕوپایییهكان بوو.
له باری سیاسییه‌وه، هه‌ڵسه‌نگاندنی زمان و ده‌ستتێوه‌ردانی به پێوانه‌ی ڕه‌گه‌زیی، شێوه‌یێكی خۆماڵیی كوشتنی زمانی كوردییه. زمانی كوردی له سه‌ده‌ی بیست دا، به تایبه‌تی له دوای شه‌ڕی جیهانی هه‌وه‌ڵ، به دوو شێوه‌ی سه‌ره‌كی سه‌ركوت كراوه – یه‌كیان، سیاسه‌تی زمانكوژیی (Linguicide) ده‌وڵه‌تی توركیه، ئێران، عێڕاق و سوریه و ئه‌ویتر، سیاسه‌تی ڕۆشنبیری ڕه‌گه‌زخواز یان ڕه‌گه‌زپه‌رستی كورده كه به شێوێكی ڕووت و ژه‌هراوی وه‌گیانی زمانی كوردی كه‌وتووه و خه‌ریكی قه‌تڵ و بڕی وشه و ده‌نگ و حه‌رفی زمانه‌كه‌مانه. له توركیه، دیوانی مه‌لای جزیری به خه‌تی لاتین بڵاو ده‌كه‌نه‌وه و هه‌رچی حه‌رفی "ع، ق، خ و ح"ی وه‌ده‌ستیان بكه‌وێ به مه‌یلی خۆیان سه‌ری هه‌ڵده‌قه‌نن یان حه‌رفی دی له جێگه‌ی داده‌نێن. له كوردستانی خواروو، وشه‌ی خوازراو له زمانی عه‌ڕه‌بی فڕێ ده‌ده‌ن و زمانه‌كه وه‌به‌ر لێشاوی وشه‌ی فارسی ده‌ده‌ن، ئه‌ویش به‌و خه‌یاڵه كه فارس "هاوڕه‌گه‌زی" كوردن و زمانی فارسی هاوڕهچهڵهكی زمانی كوردییه. ئی وایه به جارێكی شووی لێ هه‌ڵده‌كێشێ و نووسینه‌كه‌ی خۆی له خوێناوی له‌شی له‌ت و كوتكراوی زمانی كوردی دا نوقم ده‌كا: نووسه‌رێک له ڕۆژنامه‌ی "هه‌تاو" چاپی له‌نده‌ن ئاوای كردووه:
عێڕاق = ئیراک
ئه‌فریقا = ئه‌فریكا
عه‌ڕه‌ب = ئاره‌ب
شیعه = شیئه
مه‌سعوود = مه‌سئوود
عه‌بدوڕه‌حمان = ئهبدوڕههمان
عیفه‌ت قازی = ئیفهد قازی
قازی محه‌مه‌د = قازی مههمهد
حوسێن = هوسێن
ساواک = ساڤاک (4)
لێره‌دا ڕهگهزییكردنی زمانی كوردی گه‌یشتۆته ئه‌وپه‌ڕی خۆی. نووسه‌ر ئه‌وه‌نده قینی له زمانی عه‌ڕه‌بییه كه "و" و "ت"ش وه‌ک "ح، ع، ق" ڕه‌جم ده‌كا و ده‌یانكاته "ڤ" (ساڤاک) و "د" (ئیفهد).
ڕه‌گه‌زپه‌رستی هیچ سنوورێک ناناسێ و له سیاسه‌ت و زمان و ئابووری و گشت گۆڕه‌پانی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی دا ده‌سه‌ڵاتی ده‌وێ و بۆ گه‌یشتن به ده‌سه‌ڵاتدارێتی له كوشتار و خوێنڕشتن ناپرینگێته‌وه. گه‌لی كورد تووشی ڕه‌گه‌زپه‌رستیی تورک (كه‌مالیسم)، فارس (ئێرانیگه‌ری و پان ئێرانیسم)، عه‌ڕه‌ب (به‌عس و غه‌یری به‌عس) بووه، به‌ڵام كه‌سێكی بڕوای به ئازادی و دێموكڕاسی بێ چۆن ده‌توانێ ڕه‌گه‌زپه‌رستی و شۆڤێنیسمی تورک و فارس و عه‌ڕه‌ب به ڕه‌گه‌زپه‌رستیی كوردی – "ئاریایی" بوون و زه‌رده‌شتی بوون – وه‌ڵام بداته‌وه؟
وه‌نه‌بێ زه‌بیحی توانیبێتی ته‌واوی كێشه‌كانی زمانی كوردی چاره كردبێ یان ڕێگه‌ی چاره‌ی دیاری كردبێ. به‌ڵام ڕێبازی زمانی وی ڕێگه نادا به شه‌ڕی "خۆكوژیی" زمانی. ئه‌و ڕێبازه، به فڕێدانی شۆڤێنیسمی زمانی و ڕه‌گه‌زپه‌رستیی ئاریایی، زمانی كوردی پته‌و ده‌كا و یارمه‌تی ده‌دا بۆ ئه‌وه‌ی له به‌ره‌نگاربوونی شه‌ڕی زمانكوژیی چوار ده‌وڵه‌تاندا سه‌ر بكه‌وێ. وشهخوازتنهوه و وشه‌داتاشین دوو پرۆسه‌ی وشهڕۆنانن و وشه وه‌رگرتن له زمانی تر زیندووبوونی زمانی كوردی ڕاده‌گه‌یێنێ. هه‌ركه‌س، به هه‌ر بیانوویێک پرۆسه‌ی وشهدانانی زمانی كوردی دابمركێنێ ناتوانێ خزمه‌ت به‌و زمانه بكا.
كوردی له باری نفووسه‌وه (ژماره‌ی ئاخێوه‌ران) یه‌كێک له زمانه گه‌وره‌كانی دنیایه. له دنیا دا نزیكه‌ی 6600 زمان هه‌یه و زمانی كوردی 40 مین زمانی دنیایه و له باری چه‌ندێتی ئاخێوه‌ران له زۆر زمانی پێشكه‌وتووی وه‌ک دانماڕكی، هوله‌ندی، سویدی و فنلاندی له پێشتره. به‌ڵام زمانه‌كه‌مان له باری كولتوورییه‌وه له ئه‌و زمانانه وه‌دوا كه‌وتووه و ڕه‌نگه له داهاتوویێكی دووریش دا – ئه‌گه‌ر باری ئێسته نه‌گۆڕدرێ – نه‌گاته ڕاده‌ی سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌و ورده زمانه ده‌وڵه‌مه‌ندانه. گیروگرفتی زمانی كوردی زۆرن به‌ڵام ئه‌وانه كێشه‌ی زمانی كوردی نین:
1 – بنه‌چه‌كه‌ی زمانی كوردی (وه‌ک ئه‌وێستایی یان مادی بوونی كوردی)
2 – "ڕه‌سه‌نایه‌تی" ده‌نگ و حه‌رف و وشه
3 – لاتینی كردنی ئهلف و بێ
ئه‌وانه و زۆر كێشه‌ی تری له‌و چه‌شنه (به تایبه‌تی 1 و 2) ده‌ستكردی به‌رژه‌وه‌ندیی سیاسی و ئیدۆئۆلۆژی چه‌ند ڕۆشنبیرێكی په‌تیگه‌ری توند و تیژن كه له سه‌ر ئه‌و باسانه ده‌ڕۆن، گه‌وره‌ی ده‌كه‌نه‌وه و به ههڵاوبگری "نه‌ته‌وه‌په‌رستانه" و " كوردپه‌روه‌رانه" كێشه سه‌ره‌كییه‌كانی زمانی كوردی له تۆز و خۆڵی شه‌ڕی دۆنكیشۆتانهی كوردی و عه‌ڕه‌بی دا بزر ده‌كه‌ن.
كێشه‌ی سه‌ره‌كی زمانی كوردی ئه‌وه‌یه: نووسینی كتێبی ده‌رسیی زانستگایی و بڵاوكردنه‌وه‌ی گۆڤاری شیمی، ئه‌ستێره‌ناسی، مه‌نتیق، فه‌لسه‌فه، ئابووری، بیۆلۆژی و زانستی جۆراوجۆر به هه‌ردوو له‌هجه‌ی ستانداردی كورمانجی و سۆرانی؛ دانان و بڵاوكردنه‌وه‌ی فه‌رهه‌نگێكی تێروته‌سه‌لی زمانی كوردی؛ دانانی دائیرهتولمهعاریفێكی به پێزی كوردی به هه‌ردوو له‌هجه‌ی ستاندارد؛ تۆماركردن و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی زاره‌كی كوردی و ده‌ستنووسه چاپ نه‌كراوه‌كان؛ دانانی فه‌رهه‌نگی جۆراوجۆر – ئه‌ده‌بی، زانستی، منداڵان، وشه‌ی هاومانا و دژمانا و…؛ وه‌رگێڕانی به‌رهه‌مه گرینگه‌كانی كولتووری ڕۆژاوا و ڕۆژهه‌ڵات.
كێشه‌كانی تر گشتیان له به‌رامبه‌ر ئه‌و كێشه‌یه دا ههڵدهبزڕكێن. وه‌ده‌رنانی "ح"، "ع" و " ق" له نووسین دا كارێكی هاسانه به‌ڵام به‌رهه‌مهێنانی زانستی نوێ به زمانی كوردی ئه‌ركێكی یه‌كجار گرانه. سه‌ركه‌وتن له‌و خه‌باته دا پێویستی به بزووتنه‌وه‌یێكی ڕۆشنبیری و سیاسی به‌هێز هه‌یه، به‌ڵام مه‌رجێكی گرینگی ئه‌وه‌یه كه پهتیگهره توند و تیژه‌كان به‌ربینگی زمانی كوردی به‌ربده‌ن و پشووی زمانی كوردی – زمانی مه‌لای جزیری و مه‌لا مه‌حموودی بایه‌زیدی و نالی و قانیع و عه‌لی به‌رده‌شانی – نه‌بڕن.
پهڕاویزهكان:
(1): هه‌وه‌ڵ لێكۆڵینه‌وه‌ی زمانناسیانه‌ی بزووتنه‌وه‌ی پهتیكردن، تێزی دوكتۆرای جه‌ماڵ جه‌لال عه‌بدوڵڵا بوو كه له ساڵی 1980 پێشكه‌شی زانستگای یۆرک(ئینگلستان) كرا. لێكۆڵینهوهیێكی تر، تێزی دوكتۆرای جه‌عفه‌ر حه‌سه‌نپووره له زانستگای ئووپسالا:
Jamal Jalal Abdulla, Some Aspects of Purism Among Kurdish Speakers, Ph.D. dissertation, University of York, 1980
Jafar Hasanpoor, A Study of European and Persian Loanwords in Kurdish(Sorani), Ph.D. dissertation, Uppsala University, 1999
(2): بڕوانه لاپه‌ڕه‌ی 416
(3): بڕوانه لاپه‌ڕه‌ی 477 و هه‌روه‌ها قامووسی زمانی كوردی، ل. 61 – 62
(4): بڕوانه "هه‌تاو"، ژ 18 – 19، ل. 8 و 19؛ ژ 23، ل. 14 (ساڵی 1988)
سه‌رچاوه: ژیان و به‌سه‌رهاتی عه‌بدولڕه‌حمان زه‌بیحی(مامۆستا عوله‌ما)، عه‌لی كه‌ریمی، چاپی یه‌كه‌م 1999 ، بنكه‌ی چاپه‌مه‌نی زاگڕۆس، گوتنبێرگ، سوئێد – وتاری: "به‌ربینگی زمانی كوردی به‌ربده‌ن!"، نووسینی: د. ئه‌میری حه‌سه‌نپوور، لاپه‌ڕه 446 – ئه‌و نووسراوه‌یه‌ی سه‌ره‌وه به‌شێكه له‌و وتاره، له لاپه‌ڕه 453 ڕا تا لاپه‌ڕه 458
ئه‌م وتاره له وێبلاگی جه‌عفه‌ری حوسێن‌پوور (هێدی) بۆ زمان و فه‌رهه‌نگ و ئه‌ده‌بیاتی کوردی وه‌رگیراوه