ئه‌میری حه‌سه‌ن پوور‌و "کا" له "پووش" بژاردن
ئه‌میری حه‌سه‌ن پوور‌و "کا" له "پووش" بژاردن
موحسین جوامێر ( mohsinjwamir@hotmail.com)
له‌وه‌ڵامی ئه‌و په‌یامه‌ی کۆمه‌ڵێک نووسه‌رو ئه‌کادیمستی کورد، سه‌باره‌ت به قه‌یرانی فره‌زمانیی که مه‌ترسیی بوونی کورد به گه‌لانی جودای لێ ده‌که‌وێته‌وه، پێشکه‌ش به سه‌رانی کورد کراوه، هێژا د. ئه‌میر حه‌سه‌ن پوور به وتاری (کوردی وه‌ک زمانێکی جووت ستاندارد) له ڕۆژنامه‌ی ڕۆژنامه‌دا، وه‌ڵامی داونه‌ته‌وه‌و تێیدا به کوردان ڕاده‌گه‌یه‌نێت که شایه‌نی ئه‌وه نین تاکه زمانێک کۆیان بکاته‌وه. نێوبراو، هه‌ر له خاڵی یه‌که‌مه‌وه پێت ده‌ڵێت که (زمانی کوردی، وه‌ک زمانی هه‌رمه‌نی، نۆڕوێژیو ئه‌لبانی، زمانێکی جووت ستاندارده) و هێشتا باسی شیوه‌زاره‌کانی دیکه‌ی وه‌ک ههورامیو زازاکی ناکات، چونکه ـ به‌قه‌وڵی ئه‌وـ ئه‌وان ئه‌وه‌نده به‌رهه‌میان نییه. پاشان باسی ئه‌و هۆکارانه ده‌کا که وایان کردووه شێوه‌ی سۆرانی له‌م نێوه‌نده‌دا خۆی بهێنێته پێشه‌وه‌و به‌ده‌ر له شێوه‌کانی دیکه له بواری نووسین‌و بڵاوکردنه‌وه‌دا جێده‌ستی هه‌بێت. هه‌ڵبه‌ت دان به‌و واقیعه دانانێت که ئه‌م زمانهیهکگرتووه هێناویه‌ته کایه‌وه‌و بوو به هۆکاری مانه‌وه‌ی زمانی کورد تا ئێسته، واته ناخوازێ کاری داهاتووی زمانه‌وانی له کوردستاندا، درێژه‌پێده‌ری ئه‌وه بێ که هه‌بووه، به‌ڵکوو ده‌یه‌وێ له‌هجه‌ی دووه‌م ـ وه‌ک دهستپێکـ داچاندرێت، سه‌ر ده‌رکاو وه‌ک زمانێکی سه‌ربه‌خۆ سنگ بهێنێته پێشه‌وه، ئه‌وجا ئه‌م پرۆسه‌یه چه‌ند ئه‌م کورده وه‌ک میللهتو چه‌ندیش کوردستان وه‌ک خاکێکی یه‌کگرتووی کورد له‌پاش خۆی جێده‌هێڵێت، ئه‌وه به‌لای وی گرنگ نییه، چونکه (جیاوازیی زمان‌و له‌هجه وه‌ک نوقسان‌و دواکهوتووییو لێقه‌ومان چاوی لێ کراوه، ده‌کرێ وه‌ک دهوڵهمهندیو جوانی‌و هه‌ڵکه‌وتوویی دابندرێ. ئه‌و بۆچوونانه‌یش له بواری دوو جیهانبینیو دوو ئیدهلۆژیو دوو سیاسه‌تی لێکجیاواز سه‌ریان هه‌ڵێناوه، کیشه‌ی ماف‌و دیموکراسی له ناخی ئه‌و ناکۆکییه‌دا ماڵی کردووه) هه‌روه‌ک له دوا خاڵی وتاره‌که‌یدا هاتووه‌و سه‌باره‌ت به لاوازیی ته‌عبیره‌که، پیاو مه‌گه‌ر به‌عام لیی حاڵی بێت.. ئه‌وه‌ی گۆرین، ده‌ق ئه‌و تێزه‌مان وه‌بیر ده‌هێنێته‌وه که پێش ماوه‌یه‌ک کۆمه‌ڵێک مامۆستای کوردی دانیشتووی سوێد خستبوویانهته دووتوێی بیرخهرهوهیهکو بۆ حکوومه‌تی کوردستانیان هه‌ناردبوو، تێیدا ده‌ڵێن : «به‌ڵێ زاراوه‌ی (کرمانجیی ژووروو)، (کرمانجیی ژێری)، (زازاکی)، (هه‌ورامی)و (ئه‌وانیدیکه) قسه‌یان پێ بکرێ، پێیان بخوێنرێو بنووسرێت. کوردانی به زمانی ناوچه‌کان ده‌په‌یڤن، چاوله‌ڕێن له زانکۆکانی کوردستاندا، بهشگهلیان بۆ بکرێنه‌وه. زمانی زانکۆش به‌و زاراوه‌یه بێت که له‌و ناوچه‌یه‌دا سه‌رده‌سته.. ئێمه، ئه‌م مافه به مافێکی نهتهوهییو دێموکراسیی ده‌زانین، نه‌ک وه‌ک خه‌ته‌رێک له‌سه‌ر کوردبوونی خۆمان‌و ئه‌وانی دیکه‌ی به زاراوه‌ی دیکه ده‌خوێنن».
ئه‌گه‌ر مێژووی خه‌باتی هاوبه‌شی هه‌ر گه‌لێکی ڕاسته‌قینه بخوێنیته‌وه، ده‌بینیت ئاخره‌که‌ی ئه‌گه‌ر سه‌دان لههجهیش بن، ئه‌وه یه‌ک له‌هجه کراوه‌ته دایه‌گه‌وره‌و ڕه‌مزی هه‌مووان، به‌سوودوه‌رگرتن له هه‌موو له‌هجه‌یه‌ک، وه‌ک ئه‌لبانییه‌کان، به‌پێچه‌وانه‌ی فه‌رمووده‌ی حه‌سه‌ن پوور که ده‌ڵێ ئه‌لبانییه‌کان خودان زمانێکی جووت ستانداردن، وایش نییه. ئه‌لبانییه‌کان، له سه‌ره‌تای حه‌فتاکاندا بووه کێشه‌یان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئاخۆ شێوه‌زاری گێگی (که له‌هجه‌ی زۆربه‌یه)و تۆسکی (که له‌هجه‌ی کهمایهتییهو هاوکات زمانی کتێب‌و بڵاوکراوان بوو) ببێته زمانی ستاندارد، ئه‌نوه‌ر خۆجهی سه‌رۆککۆمار پاش ڕاوێژ به زمانزانان، بڕیاری دا تۆسکی ببێته زمانی هاوبه‌ش، ئه‌وجا بووه زمانی (کۆسۆفۆ)یش، له حاڵێکدا هه‌مان دیارده‌ی که‌مینه‌و زۆرینه له‌وێدا هه‌بوو و له‌زگ بوو که‌س له‌گه‌ڵ که‌سدا بڕ نه‌کات. به‌ڵام ئاخره‌که‌ی، ئه‌وان نه‌هاتن وه‌ک کوردان بیڕهتێنن، به‌وه‌ی هه‌ر که‌سێ ده‌بێ به زمانی دایکی بخوێنێت، به بیانووی مافی ئینسانی.
به‌خۆی ئه‌گه‌ر یه‌ک زمان به یه‌کمانه‌وه گرێ نه‌دا، ئه‌وسا دووریی سۆرانییه‌ک له بادینییه‌ک ـ بۆ نموونه ـ وه‌ک دووریی ئه‌میانه له عه‌ره‌بێک یان تورکێک، به‌پێچه‌وانه‌یشه‌وه، چونکه به‌هێزترین هۆکاری لهیهکبهستن که زمانی هاوبه‌شه، له ئارادا نامێنێت. هیچ به‌دووریش نازانرێ هه‌مان ململانێی نه‌ته‌وایه‌تی‌و شارستانیی له‌نێوان کورد‌و غهیرهکوردا هه‌بوو، ئه‌مجاره‌یان له‌نێوان سۆرانی‌و بادینیو ئهوانیدیکهیشدا دووپات ببێته‌وه، زوو یان دره‌نگ، بگره مسۆگه‌ره. بۆیه ده‌بێ بانگه‌وازی ئاوه‌ها، به مه‌ترسییه‌کی زۆر مه‌زن له‌قه‌ڵه‌م بدرێ، به‌ڵکوو له‌قاو بدرێت، به‌تایبه‌تی ئه‌وه‌ی پاشخانی فکریی کاک حه‌سه‌ن پوور بخوێنێته‌وه، ده‌زانێ ئاخر شت که نێوبراو بیری لێ بکاته‌وه، یه‌کێتیی کورد‌و کوردایه‌تییه. ئه‌وه به‌ختی کورده، ته‌نانه‌ت خێر له زانستی ڕۆڵه‌کانیشی نابینێت، ده‌نا بابایه‌کی تۆزێک مێژووخوێنو زمان‌ناس ده‌زانێ که ڕێکلام بۆ (جووت ستاندارد) واته‌ی (جووت نه‌ته‌وه) ده‌گه‌یه‌نێت، که ئه‌نجامه‌که‌ی لێکهه‌ڵوه‌شانێکی حه‌تمییه. وێڕای ئه‌وه له دنیادا زمانێک نییه بێ ده‌یان له‌هجه، وه‌لێ هیچ میلله‌تێکی ئاقڵو هۆشیار نادۆزیته‌وه بێت زمانان له له‌هجه‌کانی دابتاشێت، ماده‌م یه‌کێکیان له‌و نێوه‌دا ههراشو ته‌مام بووبێت، مه‌گه‌ر کورد.
ناوناوه سه‌یری که‌ناڵی ئاسمانیی (المغربیه) ده‌که‌م، له به‌شی ده‌نگوباس گه‌ڕێ که به زمانی په‌تییه، به‌ڵام هه‌ر که ده‌بێته به‌رنامه‌ی ڕۆشنبیری، کۆمهڵایهتیو هونه‌ری، مه‌گه‌ر به‌حاڵ پیاو له هێندێ مادده‌کان بگات، وه‌لێ که‌س ناڵێ پێویسته زمانی مه‌غریبی ببێته هه‌وێی ستاندارد.. ئه‌گه‌ر ئه‌و ته‌رحه‌ی کاک پوور له‌بار بایه‌و پێڕه‌وکردنی ڕه‌واو له به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لان بایه، ئه‌وا له‌هجه‌ی میسری هه‌موو تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی زمانی ستانداردی تێدایه، به‌ڵکوو له واقیعدا گره‌وی له زمانی په‌تیی عه‌ره‌بیش بردووه‌ته‌وه، بگره وڵاتانی عه‌ره‌ب به‌ئه‌ندازه‌ی ژماره‌یان بۆیان هه‌بوو ببن به زمانگه‌ل، ته‌نانه‌ت ده‌لوا یه‌ک ده‌وڵه‌تی عه‌ره‌ب ببێت به چه‌ندین زمان. به‌ڵام چ شتێک ڕێگه‌ی له‌م حاڵه‌ته گرتووه‌و نایه‌ڵێت نه‌ک ده‌یان زمان، بگره جووت ستانداردیش (وه‌ک پوور بۆ کوردانی داوا ده‌کات) په‌یدا ببێت.؟ به‌رژه‌وه‌ندیی به‌رزی میللی‌و هۆشیارییه که ـ به‌داخه‌وه ـ ئاغای حه‌سه‌ن پوور‌و چه‌ند که‌سێک خستوویانه‌ته ژێر پێیان و بۆیه‌ی عیلمیشیان لێ داوه. ئه‌وانه‌ی موتابه‌عه‌ی ئه‌و نووسین‌و توێژینه‌وانه‌ی به زمانانی دنیا له‌باره‌ی مه‌ترسییه‌کانی زمانی عامیو ڕه‌مه‌کی دهنووسرێنو ده‌کرێن، بکات، ئه‌وسا ده‌زانێ که میلله‌تان چه‌نده په‌رۆشی ئه‌وه‌ن ئه‌و (زمانی دایک)ه که له ماڵه‌وه قسه‌ی پێ ده‌کرێ، کارێکی نهرێنیو سه‌لبی له‌سه‌ر زمانی یه‌کگرتوویان که (زمانی دایه‌گه‌وره)ی هه‌مووانه، نه‌کات. باشترین نموونه زمانی سوێدی ـ یه که زێتر له سه‌د زمانی دایکی تێدا ههنهو له‌هجه‌کان هه‌موو جار بۆ یه‌کدی ئه‌وه‌نده ئاسان نین، که‌چی زۆر به‌جیددییه‌وه کار له‌گه‌ڵ زمانی پهتیو دایه‌گه‌وره ده‌کرێت، به‌تایبه‌تی له نووسین‌و ڕهسمییاتدا، بۆ پاراستنی له هێرشو شاڵاوی له‌هجه‌و بنلههجهکان، نایه‌ن وه‌کوو ئێمه بیکه‌ن به چایخانه‌ی لههجانو به نێوی زمانی دایک، که زۆرن، ههستو نیستیان نه‌هێڵن. به‌نده، جاری وا هه‌بووه له نووسیندا وشه‌یه‌کی عامیم به‌کار بردووه، وه‌لێ مامۆستا خه‌تێکی پیدا هێناوه‌و وشه‌ی په‌تیی له‌شوێندا نووسیوه.
پیاوێکی ئاقڵو ئه‌زمووندار ده‌ڵێ کورد له هونه‌ری (کڕووزانه‌وه) دا زۆر بێوێنه‌و عه‌گیده، جا ئه‌گه‌ر ئه‌م خه‌سڵه‌ته له‌نێو ده‌روونی کوردا ڕه‌گاژۆ بووبێت، به‌نده وا بزانم سیفه‌تی کرده‌ی (یخربون بیوتهم بأیدیهم ـ ماڵی خۆیان به‌ده‌ستی خۆیان کاوڵ ده‌که‌ن) یش له‌مێژه له ده‌روونیدا گه‌رای داناوه.. ئه‌گه‌رنا، ده‌با ئه‌م شێوه‌زاره‌ی تا ئێسته ناسنامه‌ی کوردی پاراستووه، هه‌ر ده‌ڵێی قه‌ده‌ر بۆی هه‌ڵبژاردووه، بکرایه‌ته تاجی سه‌ری هه‌موو کوردێک، هه‌ر له قه‌سری شیرینه‌وه بگره هه‌تاکوو دوورترین دێی باکوور‌و له‌وێشه‌وه تا قامشلوو؛ به‌تایبه‌تیش چونکه زمانی پایته‌ختێکه بڕوا ناکرێ تا سه‌دان ساڵی دیکه هاوشانی ههبێو یانه‌سیبێکی ئاوه‌ها بۆ پارچه‌یه‌کی دیکه‌ی کوردستان ده‌ربچێت، نه‌ک نموونه‌ی ئاوه‌ها بهێنرێته‌وه که یان ئه‌سڵی نییه یاخود شایه‌نی چاولێکردن نییه، هه‌روه‌ک به‌ڕێز ئه‌میری حه‌سه‌ن پوور ده‌یفه‌رمووێت، له جۆری ئه‌لبانیاو نۆڕوێژو له ئه‌نجامدا له‌بری ئه‌وه‌ی کوردان لێک کۆ وه‌کات؛ لێک به‌له‌سه بکاو خڕان لێک بڕه‌وێنێته‌وه، که ئاکامه‌که‌ی وه‌ک ڕه‌نجی ئه‌و که‌سه‌ی لێ دێ که (کا له پووش ده‌بژێرێت) له‌کاتێکدا مه‌حاڵه گێره‌و کێشه‌ی زمانی یه‌کگرتووی کوردی، به (بێچاره)و ده‌رمان شه‌قڵ بکرێت، یان زه‌وینه‌ی لێکۆڵینه‌وه‌ی ئاریشه‌که ئه‌وه‌نده به‌یار بێ که‌س باشاری ئه‌وه نه‌کا، بیکێڵێو ئهشتێکی لێ بڕوێنێت.
یه‌كشه‌مه ١١/٥/٢٠٠٨